قەیرانی رافع عیساوی و پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكانی

قەیرانی رافع عیساوی و پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكانی
سەرهەڵدانی قەیرانی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی وەزیری دارایی عیراق رافع عیساوی و دەستگیركردنی چەند پاسەوانێكی، ئاماژەیەكی روونە بۆ شێواویی سیاسەتی حكومەتی نوری مالیكی. هەموو شیكردنەوەكان بەو سەرەنجامە دەگەن كە حكومەتی مالیكی لە حكومەتی دروست كردنی قەیران بەولاوە شتێكی تر نییەو لەوەتەی مالیكی هاتۆتە سەر كار، ئەوەندەی كەسەرقاڵی دروست كردنی قەیران بووە، ئەوەندە سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكان نەبووە.
بەڵام، سەرەڕای ئەمە، مالیكی تائێستا توانیویەتی سێ سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێ. یەكەمیان سەركەوتنێتی لەڕادەست نەكردنی دوو وەزارەتەكەی بەرگری و ناوخۆو رێ گرتن لەدانانی دوو وەزیر بۆ ئەم دوو وەزارەتە گرنگە. دووەمیان دەربازبوونێتی لەشەڕی سەندنەوەی متمانەو سێیەمیان دەرهێنانی تارق هاشمییە لە هاوكێشە سیاسییەكان. سەربار، نەخۆش كەوتنی سەرۆك تالەبانیش لە هەندێ روەووە بۆ مالیكی دەرفەتێكە بۆ تەنگ هەڵچنین بە كوردو قۆستنەوەی مەسەلەكە بۆ بەدەستهێنانی هەندێ دەستكەوت.
ئەگەرچی جموجوڵی ئێستای سوننەكان دژ بە سیاسەتەكانی مالیكی هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی «راپەڕین» یان «بەهارێكی سوننی»، بەڵام فراوانبوونی جوگرافیای خۆپیشاندان و پەڕینەوەی لەفەللوجەو رومادییەوە بۆ سامەراو تكریت و موسڵ بایەخێكی تایبەتی هەیە. سەرەڕای هەموو شتێك، خامۆشیی شەقامی سوننی لەكاتی قەیرانی هاشمی و وروژانی لە قەیرانی عیساویدا، ناكرێ لەو گۆشە نیگایەوە سەیر بكرێ كە عیساوی لە هاشمی زۆرتر كاریگەریی لەسەر شەقامی سوننی هەیە. هۆی خامۆشیی ئەنبار لەكاتی قەیرانی هاشمی و وروژانی لە قەیرانی عیساوی، زۆرتر پەیوەندیی بەڕیشە خێڵەكییەكانی عیساوییەوە هەیەو لەم روانگەیەوە مەسەلەكە هێشتا، بەقەد ئەوەی كە پێویستە، دووراییەكی گشتیی وەرنەگرتووە.
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێك، ئەمە یەكەم جارە شەقامی سوننی لە موسڵ و تكریت و رومادی، بەرامبەر بە مالیكی یەكگرتوو بێ. بۆ مالیكی، جموجوڵی ئەمجارەی شەقامی سوننی مایەی هەڕەشەیە، بەتایبەتی لە ئەنبار، چونكە بڕینی رێگای نێودەوڵەتیی بەغدا- عەممان، كە نیوەی زیاتری بە ئەنباردا تێدەپەڕێ، كاریگەریی گەورە لەسەر بازرگانیی دەرەكیی عیراق بەجێ دێڵێ و زیانێكی گەورەی پێ دەگەیەنێ. بەردەوامبوونی بڕینی ئەم رێگایە، دەشێ تەگەرە لە زیاتر لە 50%ی هاوردەی عیراق بدا، بەتایبەتی كە پاش كزبوونی هاوردن لەڕێی توركیاوەو وەستانی هاوردن لەڕێی سوریاوە، ئوردون بۆ عیراق گرنگییەكی لەڕادەبەری پەیداكردووە.
سەرەڕای بەرزكردنەوەی دروشمی «روخاندنی حكومەتی مالیكی» هێشتا هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كە سوننەكان پەشیمان نابنەوەو ساتوسەودا لەسەر ئەم دروشمە ناكەن، بەتایبەتی كە دروشمەكە زۆرتر لە خۆپیشاندانەكاندا بەرز كراوەتەوە، نەك لەچوارچێوەیەكی بەرنامەیەكی سیاسیی راگەیەنراودا.
كێشەی سەرەكیی جموجوڵی جاران و ئەمجارەی سوننە لەوە دایە كە سوننەكان تا ئێستا ستراتیجێكی روونیان نییە. دوودڵیی سوننەكان لە ڕاگەیاندنی هەرێمی فیدراڵ، زۆر كارتی پێ لەدەست داون و لە بەرامبەر بەغدادا بەلاوازی بەجێی هێشتوون. بەكار نەهێنانی كارتی هەرێمی فیدرال فاكتەرێكی گرنگی هێز لە سوننە دادەماڵێ و دەسەڵاتێكی زۆر بۆ بەغدا دەهێڵێتەوە كە بەهۆیەوە بەغدا دەتوانێ ویستی خۆی بەسەر سوننەدا بسەپێنێ.
رەنگە قەیرانی عیساوی هاندەرێك بێ بۆ سوننە بۆ وروژاندنەوەی پڕۆژەی پێكهێنانی هەرێمی فیدرال. لە سەلاحەدیین كە هەوڵێكی هەڵپەسێردراوی پێكهێنانی هەرێمی فیدرالی بەخۆیەوە دیوە، قەیرانی عیساوی بۆتە مایەی زیندوكردنەوەی پڕۆژەكە. پەرلەمانتار متەششەر سامەرائی لە گۆشەی بودجەوە بۆ مەسەلەكە دەچێ و پێی وایە ئەگەر سەلاحەددین هەرێم بوایە، بودجەكەی دەگەیشتە بڕی 4 تریلیۆن و 147ملیار دینارو «ئەم بڕە پارەیە دەتوانێ پێداویستییەكانی پارێزگاكە، دوور لە حكومەتی ناوەند، دابین بكات». بەهەمان پێودانگ پەرلەمانتار جەمال گەیلانی دەڵێ «دروست كردنی هەرێم چاكترین رێگەچارەیە بۆ هەموو گرفتە هەڵپەسێردراوەكان». ئەمە بەم مانایە نییە كە قەیرانی عیساوی گوڕو تینێكی تازەی بە پڕۆژەی هەرێمە فیدرالەكان داوە بەڵام، لانی كەم، بۆتە مایەی زیندوكردنەوەی گفتوگۆ سەبارەت بەم پڕۆژەیە. بەڵام ئەگەر قەیرانەكە بووە هاندەرێك بۆ سوننە بۆ هەنگاونان بەرەو هەرێمی فیدرال وەك بژاردەیەكی ستراتیجی، ئەوا پەیوەندیی نێوان بەغداو سوننە گۆڕانێكی بنەڕەتی بە قازانجی سوننەدا بەخۆیەوە دەبینێ. ئەگەر نا، پەیوەندییەكە وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
Top