کێشەکە هەمووی خۆشەویستيیە هۆشیاری ئافرەت و خۆڕزگاركردن لە موڵكدارێتی تایبەت
December 6, 2012
وتار و بیروڕا
ئەگەر هەر لە خۆشەویستيی نیشتیمانەوە بیگرین، ئێمە میللەتێکی لەتوپەت و داگیرکراوین، هەمیشە توانیومانە خۆشەویستیمان بۆ خاک و نیشتمان بە بڕی ئەو خوێنەی رژاوەتە سەر خاکەکە بپێوین، تەنانەت نەتەوە داگیرکەرەکانیش سەرکەوتن و بردنەوە و داگیرکاریيەکانیان بە بڕی خوێن پێواوە. هەر لەدوای راپەڕینیشەوە ئەوەی رێگری سەرەکيیە لە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتيی سەرتاسەری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو ململانێ حزبی و سیاسيیانەی کە لە کوردستاندا هەن و ئەویش کە دیسانەوە لە زۆر قۆناخیاندا بە خوێن کۆتایی هاتووە.
ئیستاشی لەگەڵدا بێت پۆشینی ژن لەمەنزووری دینەوە پەیوەندییەکی دانەبڕاوی لەگەڵ توندوتیژی و زۆرەملێ و زەبروزەنگ بوە، ئەگەر بڕێکی کەمی لەو ژنانەی لێدەرکەین کە بە قەناعەتی خۆیان لەچک و جبە لەبەردەکەن، بەمەرجێ کە بەناو دەقەکانی قورئانیشدا قووڵدەبیتەوە هیچ ئاماژەیەک بۆ حیجاب و داپۆشینی ژن نابینینەوە بەو شێوەیە لەم سەردەمەدا بانگەشەی بۆ دەکرێت، هەتا دەگاتە مەسەلەی شەرەف کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەمیشە رەدیفی کوشتن و لەناوبردن بووە، ئەوەی بیردۆزەکەی ئیریک فرۆم پشتڕاست دەکاتەوە کە خۆشەویستی خستۆتە ژێر خانەی موڵکداری و بەکاربردنەوە، ئەوەیە ئەگەر پیاوێک لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە خۆشەویستیش ژنێکی هەڵبژاردبێت و بووبێتە هاوسەری، دواجار وەکو پارچەیەک لە موڵکەکانی خۆی لێێ دەڕوانێت و کە دواجار تەنیا ئەو بۆی هەیە مافی بەکارهێنانی هەیە، بۆیە کە کچەکە ئەگەر پاکیزە نەبوو نایەوێت و رازی نییە کەس پێش خۆی دەستی بۆ بردبێت، هەر بەهەمان پرەنسیپیش کەسوکاری حوکمی کوشتنی بەسەردا دەدەن چونکە لە سیستەم و قانونی عەشیرەت لایداوە و ئەمانەتێکی کۆمەڵگای نەپاراستوە کە پێی دەڵێن (شەرەف).
ئەو جیاوازییە فسیۆلۆژیەی نێوان ژن و پیاو هێندەی دەبێت ببێتە سەرچاوەی لێک نزیکبوونەوەیان بووەتە مایەی ململانێ و لەیەکتری دوورخستوونەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پیاو هەمیشە خۆی بە باڵاتر و بەهێزتر و دەسەڵاتدارتر دەبینێت و دواجار مافی بڕیاردان و بەڕێوەبردن و حوکمکردن و لێپرسینەوە و دادگاییکردن دەبێت هەر لای ئەوەوە بێت. لەکاتێکدا ئەگەر بە پێوەرە سادەکانی خۆشەویستی ئەمانە بپێوین، دەبینین دوو کەس یەکتر هەڵدەبژێرن لەژێر یەک بنمیچدا بژین هیچ مانایەک بۆ هیچ جیاوازییەکی فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی نامێنێتەوە، ئەوەی کە دەبێت رەنگبداتەوە لە رێگەی ئەو خۆشەویستییەوە کە باسی دەکەین یەکتر تەواوکردن و یەکتر پڕکردنەوەیە، نەک جۆرێکی دیكە لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوە.
زۆر سەختە لێکدانەوە بۆ بەکەمزانینی ژن و بەکۆیلەزانینی لەلایەن پیاوەوە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بکەین، چونکە هێشتا بنەما کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان و نۆرم و بەهاکان وەکو خۆیان ماونەتەوە و هێشتا ژن لە قاڵبی موڵک دەرنەچووە، کە ئەمەش دەگاتەوە بە حەقیقەتی ئەوەی کە پیاو خاوەنی هەموو موڵکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حوکمداريیە لە کۆمەڵگادا و ژن لە خوار خۆیەوە دەبینێت و لە چاوی ئەودا (ژن) بەشێکە لەو موڵکانەی کە دەسەڵاتداریان بەسەردا مومارەسە دەکات، ئەمەشە کە شادەماری کۆمەڵایەتيی کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی سیستماتیز کردووە و کۆنترۆڵی پەيوەنديیە کۆمەڵایەتیيەکانیشی کردوە. بە مانایەکی ديكە پیاو هێشتا ژن وەکو کائینێکی بەکارهێن سەیر دەکات، نەک وەکو کائینێکی بەرهەمهێن، وەکو کائینێکی ملکەچ بۆ بڕیارەکانی پیاو، نەک وەکو کائینێکی خاوەن کەسایەتی و بڕیاردەر و ئیشکەر و بیناکەر، لێرەوە بۆیە ئێریک فرۆم چەمکی خۆشەویستی لەژێر خانەی موڵکداری و بەکارهێنان پۆلینکردووە، هەڵبەتە ئەوەی حاڵەتی خۆشەویستی لەنێوان دوو رەگەزەکەدا دروستدەکات ئەو لێکنەچوون و جیاوازیەیە لەنێوانیاندا، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی بیرۆکە و بیردۆزی موڵکداری لەلای پیاو چەمکی خۆشەویستی هەمیشە دیارنییە و رۆڵ ناگێڕێت، ئەگەر لە روویەکی دیكەوە مەسەلەکە لێکبدەینەوە، بە وردبوونەوە لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای ئێمە کە بە یەکێک لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان پێناسە دەکرێت بەهۆی ئەو قەیرانەی کە هەلومەرجی ژنی تێدایە، دەبینین چەمکی خۆشەویستی بوونی نییە، دەبینین کە کەسێک دەمرێت ئینجا باسی خۆشەویستییمان بۆ دەکەین، کە کەسێکی ناودار دەمرێت ئینجا باخێک، قوتابخانەیەک یان دایەنگایەکی دەکەین بەناوەوە، ئینجا ئەگەر بێینە سەر ژنەکان، دەبینین هێشتا هیچ جێگەیەک یان دەزگایەک بەناوی ژنێکەوە نانرێت، کە دەشمرێت ئەو رێزەی لێ نانرێت کە لە پیاوێک دەنرێت کە دەمرێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە چەمکی خۆشەویستی بوونی نییە.
لەسەر ئاستی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکان، دەبینین زۆربەی نەنک و دایکەکانمان مانەوەیان لەگەڵ هاوسەرێکدا پاڵنەرەکەی خۆشەویستی نەبوە بە هێندی ئەوەندی کۆیلەیی و پێویستی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی مان و ژیان بووە، زۆرجار وتراوە (پیاو لە کوێ بوو دەبێت ژنەکەی لەوێ بێت) ئەمەیە مانای کۆیلایەتی و پاشکۆییە، جگەلەمە هەمیشە ژن لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و بڕیاردان دوورخراوەتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە پێویستی بە پیاوێک بێت بیژیێنێت، نەک لەبەر ئەوەی پیاوێکی خۆشویستبێت. تەنانەت زۆربەی نەنک و دایکەکانمان پێش ئیستا کە منداڵی زۆریان بوە هیچی بە هۆی خۆشەویستیان نەبووە بۆ پیاوەکە یان بۆ هەبوونی منداڵ و وەچە، بەڵام لەبەر ئەوەی پیاوەکە وا پەروەردە بووە کە ژنێک بهێنێت وەکو مەکینەیەک منداڵ بخاتەوە و خزمەتی مێرد و منداڵ بکات، زۆربەی دایکەکان وتوویانە منداڵەکان دەبنە پشت و پەنام، یان کە کچی زۆریان بووە، گوتراوە تەعزێکەی گەرمتر دەبێت، یان ئەو ژنەی سەری لە ئاست شەقی پیاودا بەرزنەکردۆتەوە بە ژنێکی زۆر بەشەرەف پێناسەکراوە... هتد... ئەی نابینین ئێستا لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی زۆرێک لە ژنان رێژەی منداڵبوون کەمتریش بۆتەوە ، ئەوەش سەرچاوەکەی لەوەوە سەرهەڵدەگرێت کە هەمیشە لە دڵەڕاوکێیەکدا دەژی کە ئەو پیاوە ئەو وەکو کائینێکی بەرهەمهێن و بڕیاردەر سەیر نەکات و، هاوکات رێژەی تەڵاقیش زیادی کردووە؟ چونکە ئیستا ژن درک بەوە دەکات کە ئیتر هیچی لە پیاو کەمتر نییە و ئەگەر خۆشەویستی نەبێت دەبێت بتوانێت خۆی خۆی بژیێنێت و خۆی بەڕێوە بەرێت. ئەی بۆچی ئێستا ژن زیاتر دەچنە بواری ئیشکردنەوە؟ چونکە دەبێت ژن خاوەن سەرچاوەی دارایی خۆی بێت، بۆ ئەوەی کە خۆشەویستی مرد و لە پیاوەکە جیابۆوە لە قاڵبی موڵکێتی و کۆیلەیی رزگاریبێت و بتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەندەی فەخر بە کچێکەوە دەکەن کە کوڕانە هەڵسوکەوت بکات و پەیوەندی بە پیاوانەوە خراپ بێت، فەخر بە ژنێکەوە ناکەن بتوانێت هاوڕێیەتی رەگەزی بەرامبەر بکات وەکو ئینسان، ئەوەندەی فەخر بە کچێکەوە دەکەن کە ئەگەر بە قەیرەییش شووبکات، هەتا ئەو رۆژەی هیچ پیاوێکی نەناسیبێت و رووی بە هیچ پیاوێک نەدابێت، ئەوەندە لە خەمی باری دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو کچەدا نین کە دەگاتە تەمەنێکی دیاریکراو و وەکو پێویستییەکی فسیۆلۆژی پێویستی بەوەیە رەگەزی بەرامبەری بناسێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە عەقڵ بڕیار بدات و، دواجاریش کە شوو دەکات نازانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو رەگەزەدا بکات کە لەگەڵی دەژی، چونکە هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەوە پەروەردە نەکراوە خۆشیبوێت، هەر لە قۆناخی سەرەتاییەوە قوتابخانەکان جیاواز، شوێنی حەوانە و کافیتێریاکان و...هتد لەیەک جیاواز، ئیتر هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی تەندروست لەنێوان ئەو دوو رەگەزەدا بوونی نییە.
زۆربەی زۆری فەیلەسوفەکان لەخەمی ئەوەدابوون (خۆشەویستی) بکەنە (دینی دونیا) بۆ ئەوەی ئەنجام کۆمەڵگایەکی تەندروست دروست ببێت. خۆشەویستی بەمانای تەواوکردن و دەربازبوون لە پرەنسیپی موڵکییەت و کۆیلایەتی و دابەشکردنی ئیش و سەروەت و سامان کۆمەڵگا لەنێوان هەردوو رەگەزدا و، بەشداریکردنی ژن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا.
بۆیە قەناعەتی تەواوم ئەوەیە خۆشەویستی چارەسەری هەموو کێشەکانی ژن لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دەکات و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەهێنێتەوە مایە و رێکیدەخاتەوە، ئاخر هەر بە خۆشەویستی تۆ دەتوانیت ژنێک ئاسوودە بکەیت و رێگری نەکەیت لە کۆیلایەتی رزگاری بێت و نەوەیەکی ئازادت بۆ بهێنێتە دنیاوە، لێرەشدا بەختەوەری دەبێتە ئەو چەمکە کە پیاو لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەرگیز بۆ ژن بیریان لێنەکردۆتەوە، هەروەک دەسەڵات و بەڕێوەبردنیان بۆخۆیان ویستوە، بەهەمان شێوەش ئەگەر پەیوەندییەکیان بە ژنێکەوە هەبێت تەنیا بۆ خۆشی خۆیان بووە، نەک بۆ ژن، چونکە لەسەر ئەوە پەروەردە بووە کە لە خێزانەکاندا ئەوەندەی گرنگی بە رەگەزی کوڕ دراوە، هیچ بایەخێک بە رەگەزی کچ نەدراوە..