ئەلجەماعە؛لەپان - ئیسلامیزمەوە بۆتۆتالیتاریزم

ئەلجەماعە؛لەپان - ئیسلامیزمەوە بۆتۆتالیتاریزم
زۆرکەس پێیان وابوو بەهاری عەرەبی گۆڕدرا بۆ بەهاری ئیسلامی و ئیدی ئیسلامییەکان بەری ڕاپەڕینە عەرەبییەکان دەخۆن، تائێستاش ئەم گریمانەیە بەهێزە و ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆربەی کۆمەڵگا عەرەبییەکان ئەو ئاماژەیە دەدەن.
بەڵام لەسایەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەو چەند ڕۆژانەی دواییدا لە میسر هاتنە پێشەوە ئەوە پیشان دەدات کە ڕێگای گرتنە دەستی جڵەوی ڕەهای دەسەڵات پڕیەتی لە داڵ و مین و تەڵە و مەترسیی گەورە. ئایا ئیشکالیەتەکە لەکوێی پرۆسێسی دەسەڵاتدایە؟ دەکرێت بپرسین دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە میسر لەبەردەم دووڕیانێکی داخراودایە؟ لەسایەی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی شەقامەکانی میسر، ئایا زەمەنی ئەو ئایدیایە بەسەرچوو کە ئیسلام وەکو ئایین و ئیسلامییەکان وەکو هێزێکی سیاسی بخرێنە یەك تای تەرازوو؟ کاتی ئەوە هاتووە بگوترێت یەکەم دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە گەورەترین وڵاتی عەرەبی شکستی خوارد؟
بەر لەهەموو شتێك دروشمی ئیخوان «ئیسلام چارەسەرە» کە بۆ هەڵبژاردنەکان گۆڕییان بۆ «خێرمان بۆ میسر پێیە» ڕوبەڕووی ئیشکالیەتێکی گەورە دەبێتەوە، چونکە کۆمەڵگای هاوچەرخ، کە خاوەنی کۆمەڵێك کاراکتەری ئاڵۆز و سەختە، پێویستی بە بنەمای دەوڵەتداری مۆدێرن و پتەو هەیە بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانی بوەستێت، نەك قسەی سۆزدار و بریقەدار و مۆبیلیزەکردنی دین بۆ ئامانجە سیاسییەکان. ئەوەی پێوەندی بەو کێڵگەیەوە هەیە دەتوانین لە چوارچێوەی تیۆری «ململانێی کۆمەڵایەتی»دا خوێندنەوەی بۆ بکەین، کە پێی وایە کۆمەڵگا مەیدانێکە بۆ ململانێی هێز و پێکهاتە و گروپەکان و لەپێناو باوەڕەکانیاندا دەجەنگن، بەهۆی ناجوری و دژبەیەكبوونی بەرژەوەندییەکان و گرەو و نۆرم و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان. بەپێچەوانەی تیۆری فەنکشناڵ، کە باوەڕی بەو ململانێیە هەیە، بەڵام لەحاڵەتی لاسەنگبوونی بنەماکانی پرسی بەیەکەوە ژیان «سۆلیداریتی» و کورتهێنانی پرسی دامەزراوە قانوونییەکانی دەوڵەت و توانای ئینتەگرێیشن یا ئیندیماجی پێکهاتەکانەوە. هەڵبەت تیۆرییەکان ڕەهەندی قوڵ و لێکدانەوەی زۆر جیاوازیان بۆ پرسی ململانێ کردووە، ئەمەش بەڵگەی ئەو ئاڵۆزیەیە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگاکان بەگشتی پێیدا تێپەڕ دەبن، یەکێکیش لە هۆکارەکان زۆربوونی دانیشتووان و لەئاکامیشدا زۆربوونی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و وێڕای هەڵکشانی داخوازی و بەرژەوەندییەکان.
زەمەنی سەرەتای ئیسلام، کۆمەڵگا تا سەر ئێسقان سادە بوو، ڕێژەی دانیشتووان لە مەدینە و مەککەدا زۆر کەم بووە تا ئەو ئاستەی هەموو خەڵك یەکتریان ناسیوە، داخوازی و بەرژەوەندییەکانیش بەهەمان شێوە سادە بوون. ئەوە چ جای ئەوەی کە بوونیادی کۆمەڵگا بوونیادێکی خێڵەکی ڕووت بووە، دیارترین دیاردەکانی ئەو کۆمیونیـتـێـیانە کۆیلەداری و ئاژەڵداری بووە و سروشتی خەڵکەکە بەڕێژەیەکی ڕەها نەخوێندەواربوون و بەتەواوەتی پێچەوانەی کۆمەڵگا مۆدێرن و هاوچەرخەکان بوون. ڕوانین لە کێشە و ئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەسەر هەمان پێوەر و بنەما مێژووییەکان، بێجگە لە دیلبوون و گڕخواردن لە کۆڵانە تەنگ و تارەکانی مێژوو و حۆلبوون بەو دەقانەی کە لە زەمەنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی مێژووییانەیان بۆ دەکرێت، ئەستەمە بتوانرێت گشتگیر بکرێن و لەوچوارچێوەیەدا جۆش بدرێن،لە بەردەوامبوونی ئەو ئەگەرەدا بێجگە لە پەراوێزبوون لە پانتاییەکانی ژیاری و شارستانییەتیی ئەمڕۆدا، ئەستەمە شتێکی دی لێ سەوز بێت.
لەو پێودانگەشەوە، ئیسلامییەکان نەك هەر گیرۆدەی وەها واقیعێکی مێژوویی سادە و تاسەر ئێسقان نەخوێندەوارن، بەڵکو گیرۆدەی ئەو دەسەڵاتە مێژووییانەشن کە ئەمەویەکان و عەبباسیەکان و دواتریش تورکە عوسمانییەکان پێڕەویان لێکردووە، ئەویش ژیاندنەوەی سیستمێك؛ ئەگەر لەژێر ناوی خەلیفایەتی و هەمان ستراکچەری ئەو دەسەڵاتەی کە موسڵمانانی عەرەب لەمێژووی خۆیاندا هەیانبوو، ئەوا دامەزراندنی سیستمێك لەناوەڕۆکەکەیدا هاوشێوەی سیستمەکانی ئەو مێژووە و لە دیوی دەرەوەشیدا سیستمێكی باوکسالاری و ئیمامداری تۆتالیتێر، لەو جۆرەی کە مورسی دەیەوێت هەموو دەسەڵاتەکانی لەخۆیدا کۆبکاتەوە. ڕاستە کە لەئێستادا وەکو دروشم وازیان لە گەڕاندنەوەی خیلافەت هێناوە، هەرچەندە لەسات و کاتی هەڵبژاردنەکانداو لە چەند ناوەندێكدا چەمکی خیلافەتیان بەکار دەهێنا، بەڵام چەمکی ئیمام لای ئەوان تا ئێستا یەکێکە لە چەمکە زیندووەکان و مورشیدەکانیان هەر بە ئیمام بانگ دەکەن، بۆیە ئەوان وەکو ئیمام لە سەرۆکی تازەی وڵات دەڕوانن، دیارە لەڕووی شەرعیشەوە لادان لە پەیامەکانی ئیمام لادانە لە پەیامەکانی خودا. ئەم جۆرە وتارە ئایدیۆلۆژیەش لە ئێستادا زۆر بە زەقی لەناو ئیسلامییەکاندا ئیش دەکات وبەشێکە لە جۆشدانی توندوتیژیی شەقامی میسریش.
لەلایەکی دیکەوە، لەسەر هەمان ئەو بەرنامەیەی کە بزووتنەوەی ئیخوان باوەڕی پێی هەیە، سەرۆکی میسر سەرەتا بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا کرد، لە پرسی لیژنەی تەئسیسی جارێك لەژێر فشاری دەزگاکانی دەوڵەت و جەماوەر پاشگەز بووەوە، بەڵام دواتر هەنگاوی وردتری هاویشت بەئامانجی کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە کەسێتیی خۆیدا و دەستگرتنی ئیخوان بەسەر هەموو جوومگەکانی دەوڵەتدا، سەرەتا هێزی سەربازی پەراوێز کرد، پاشان پاکتاوکردن چەندین مەیدانی جیاوازی گرتنەوە، لەوانەش هەوڵدان بۆ پەکخستنی دەزگای ڕاگەیاندن و وەدەرنانی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و هێنانی هەندێكی دی لەشوێنیان، پاشان نۆرەی دەزگاکانی داد و قەزا و ئینجا پەروەردە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەوڵ بدات هەموو دەسەڵاتەکان لەخۆیدا کۆبکاتەوە، کە تەنانەت حوسنی موبارەکیش ئەو دەسەڵاتانەی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بە خاوەنی هەموو میسر دەزانی، ئەی ئەگەر ئەو دەسەڵاتانەی هەبووایە دەبوایە چ وڵاتێکی پڕ لە ترس و تۆقاندنی دابمەزراندبایە!!
لە دوتوێی ئەو ڕووداوانەدا، دەسەڵاتی ئێستای ئیخوان لە میسر، لەگەڵ ئەوەی کە دەزانن ئەوان چاوی هەموو دنیایان لەسەرە، خەڵكێکی زۆر، تەنانەت لە کوردستانیش گرەویان لەسەر فرەیی و دادوەری و نەرمونیانی دەسەڵاتی ئیخوان دەکرد، بەڵام لەماوەی کەمتر لە شەش مانگدا، بەدەستی خۆیان خۆیان خزاندە پانتاییەك کە کەس حەسوودیان پێ نەبات. پانتاییەك کە نەك هەر ناوەندە سیاسیەکان، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگای میسری خستۆتە بەر دووڕیانێکی مەترسیدار و لە چەند ڕۆژێکدا ئابووریی میسر چەندین ملیار جونەی زیانی پێ گەیشتووە. ئەم دابەزینەی جەماوەرێكی زۆری میسر بۆ شەقامەکان، بەڵگەی ئەوەیە کە خەڵك ئەوانە تەنها وەکو حزبێكی سیاسی پان – ئایدیۆلۆژی تەماشا دەکەن نەك وەکو ئەوەی کە خۆیان بە «ئەلجەماعە» و نوێنەری خوا لەسەر زەوی دەبینن. ئەلجەماعە، بەمانای ئەو حەدیسەی کە دەڵێت «علیکم بالجماعة، فمن شذ شذ فی النار» واتە «دەست بە جەماعەتەوە بگرن و هەرکەسێكیش لێی لابدات ئەوا بەرەو ئاگر دەڕوات». ئەم جۆرە پان - ئیسلامیزمە وای کردووە هەر لە ئێستاوە خۆیان بخزێننە ناو دووڕیانێكی تەسك و ترسناك و لەبەردەم کۆمەڵێك ئەگەری کراوەدا میسرییەکان ژیان بەسەر ببەن.
Top