گشتاندن و رەهایی لە نووسیندا

گشتاندن و رەهایی لە نووسیندا
گشتاندن یان رەهایی کە بەعەرەبی پێی دەوترێت (تعمیم) و (مطلق) لە نووسیندا، یەکێکە لە دیاردە ناتەندروستەکانی ناو نووسەران، کە بۆ نموونە لە شوێنێک حاڵەتێکی نەرێنی دەدۆزینەوە و لەسەری دەنووسین، بەڵام ئەم حاڵەتە دەکەینە حاڵەتێكی گشتی و دەڵێین کە ئەمە لە هەموو شوێنێک هەیە، یان کەسێک هەڵوێستێکی نەشیاو دەنوێنێ، ئیتر بەجۆرێک لە جۆرەکان لە خیتابەکانماندا وەکو نووسەر و بە بێئومێدیەکی زۆرەوە دەڵێین هەمووان وان. رەنگە ئەم حاڵەتە لەناو نووسەراندا دەرهاویشە یان ئەنجامی زۆر دیاردە و حاڵەتی دیكەی ناو کۆمەڵگابن، یان هەندێ فاکتەری سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ژینگەیی (وەکو ژینگەی حزبی، فکری، دینی) رۆڵ لە دروستکردنیدا دەبینن. راست بڵێم زۆرجار منیش کەوتوومەتە ئەم هەڵەیەوە، بەڵام دواجار ئێستا گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە هەموو نووسەرەکان یان لە قۆناغێکی تەمەنی نووسینیان یان لە هەندێ قۆناغدا تووشی ئەو حاڵەتە دەبین، بەڵام گرنگ ئەوەیە خۆمان لەخۆماندا بیدۆزینەوە و جارێکی دیكە کاراکتەری نووسەریمان فۆرمولە بکەینەوە و بەچاوێکی قووڵتر لە رووداو دیاردە و مەسەلەکان بڕوانین.
سەرهەڵدانی دیاردەی گشتاندن لە نووسیندا زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ بنەما سایکۆلۆژی و فیکریەکەی نووسەر، یان دەگەڕێتەوە بۆ زۆر دووبارەبوونەوەی دیاردە نەرێنی (سلبی)یەکان لە دەوروبەرمانن. تێبینیم کردووە ئەو نووسەرانەی بەم نەفەسە قسەدەکەن، زۆر درێژدادڕی دەکەن لە نووسیندا، پێچ وپەنای زۆر دەهێننەوە و زیاترین وشە بەکاردەهێنن بە ئامانجی ئەوەی باری سەرنجی خۆیان بەسەر خوێنەردا بسەپێنن و بیخەنە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بە بیرۆکەکانی بکەن، لە کاتێکدا ئیشی نووسەر تەنها ئەوەیە بابەتێک باس بکات، بە کەمترین وشە و پوختترین دەستەواژە و ناوەرۆکی مەسەلەکە وەکو خۆی بەبێ رتووش بدات بەدەستەوە، ئیتر ئەوە ئیشی ئەو نییە کێ باوەڕ بە قسەکانی دەکات یان نا، چونکە بابەتەکە خۆی حوکم دەکات. لای هەندێ نووسەر وایە ئەو گشتاندن و درێژدادڕیە زۆرترین باری سەرنج لەدەوری بابەتەکە کۆدەکاتەوە، لەکاتێکدا باسکردنی حاڵەتێک بەبەڵگە و بەشێوەیەک نموونەیەکی راستەقینە و دەربڕینێکی راستگۆ و راستەوخۆ لە توانایدایە، بۆ نموونە پێشێلکارێک، تاوانبارێک یان کەسێک بەرێتە بەدەم دادوەر.
زۆرجار وتار دەخوێنمەوە کە بابەت و حاڵەتی زۆر گرنگیان وروژاندووە، ئەگەر بابەتیانە و بە دۆکومێنت و بە شێوەیەکی کاریگەرتر و بێلایەنتر بنووسرایە لەتوانایدا بووە حکومەتێک بڕووخێنێت، بەڵام لەبەر ئەو نەفەسی گشتاندن و رەهاییە زەقە و ئەو درێژدادڕیە وای کردووە کە بابەتەکە هیچ قیمەتێکی نەبێت و هیچ کاردانەوەیەکی لێنەکەوێتەوە. یان بۆ نموونە وتار دەخوێنمەوە کە تەنها مەبەست لێی تووڕەکردنی حزبێک، سیاسەتمەدارێک یان دەسەڵاتێکە، بۆیە دەبینیت هەموو قیمەتە فکری و رۆژنامەوانییەکەی لەدەستدەدات، لەکاتێکدا ئەگەر رۆژنامەوان یان نووسەر خۆی بە دکتۆر یان پشکنەری پۆلیس بزانێت، بەمەرجێک هەموو سۆز و عاتیفەی خۆی بخاتە ئەولاوە و مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکە یان رووداوەکە یان هەواڵەکە بە زانستیەوە بکات و تەنها بابەتیانە مەسەلەکە بوروژێنێت، بێگومان سەداکەی زۆر گەورەتر و کاریگەرتر دەبێت..
Top