مافی سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوێ به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت
November 15, 2012
وتار و بیروڕا
ئیدی ئه‌م دۆخه ناجێگیره، له‌رووی ده‌روونی و سیاسیه‌وه ئێمه‌ی خستۆته به‌رده‌م دووڕیانێک: یا تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یه‌کی شێلگیر به‌ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی(به‌ڵام به‌کامه مه‌رج و فۆرم)؟ یا جیابوونه‌وه‌و خۆ ئاماده‌کردن بۆ سیناریۆ مه‌ترسیداره‌کانی. دیاره ئیختیاری یه‌که‌م، به‌رده‌وام له گوتاری سیاسی کوردا، رێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاوو واقیعی بووه، به‌ڵام ده‌ستکه‌وتی ئه‌وتۆشی لێنه‌که‌وتۆته‌وه. وه‌لێ ئیختیاری دووه‌میش، له رووی چه‌مکی زانستییه‌وه به‌هێز نییه‌و گومان ره‌وێنیش نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێره‌دا به‌ڕاشکاوی قسه‌ی له‌سه‌ر ناکرێ پرسی "سه‌ربه‌خۆییه" وه‌ک رێگه چاره‌یه‌کی تر.
له‌کاتێکدا زۆرێ له سیاسیه‌کان به کورد‌و ئێراقی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌کیشه‌وه "مافی سه‌ربه‌خۆیی" له روانگه‌ی "مافی جیابوونه‌وه"وه لێکده‌داته‌وه، که‌چی دوو چه‌مک و ته‌قه‌لای جیاوازن. چونکی بنه‌مای تێوریی و واقیعیان یه‌ک نییه. راسته بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێ له‌نێو قه‌واره‌ی ئێراقدا بێینه‌ده‌رو ماڵ جیاکه‌ینه‌وه، وه‌لێ سه‌ربه‌خۆیی دۆخێکه له جیابوونه‌وه‌ش گه‌وره‌ترو گشتگیرتره. واته تێپه‌ڕاندنی گوتارێکی کاتی و کاردانه‌وه‌یه‌کی سیاسی و ده‌روونییه. جگه‌له‌وه‌ی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه رانه‌گه‌یاندراونه، ماڵجیایمان کردووه، هه‌مووش ئه‌م راستییه ده‌زانن، به‌ڵام به‌رگه‌ی ئه‌نجام و داهاتووه‌که‌ی ناگرن.
لێره‌دا من داکۆکی له"سه‌ربه‌خۆیی" ده‌که‌م، چونکی وه‌ک مافێکی ده‌ستووریی و گه‌ردوونیی ده‌بینم. هاوکات به‌چاره‌سه‌رو دابینکردنی داهاتووشی ده‌زانم. له‌کاتێکدا جیابوونه‌وه کارتێکی سیاسی "مه‌وداکورته" به‌هه‌میشه‌یی ئامانجه‌کانمان ناپێکێ. له‌م سۆنگه‌وه، بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌م، جه‌خت له په‌یوه‌ندیی نێوان "سه‌ربه‌خۆیی" و چه‌مکی"ئازادی" ده‌که‌مه‌وه. پێموایه ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ده‌رباره‌ی ئازادی وتراوه، به‌مانایه‌کی تایبه‌ت(زۆرجار به‌رته‌سک) باسکراوه، نه‌ک به‌مانای "رزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی".
سه‌ربه‌خۆی وه‌ک ئازادی پۆزه‌تیڤ
له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی‌دا دوو جۆر چه‌مک و تێگه‌یشتن له‌ئازادیی هه‌یه: ئازادی نه‌گێتیڤ، ئازادی پۆزه‌تیڤ. ئازادی نه‌گێتیف: رزگاربوونی مرۆڤه له کۆتوبه‌نده‌کانی به‌رده‌م جوڵه‌و بیرکردنه‌وه‌ی. ئازادی پۆزه‌تیڤ، هه‌نگاو‌ێکی باڵاتر‌و پێشکه‌وتووتره، هه‌ر رزگاربوون نییه له رێگرو کۆسپه‌کان، به‌ڵکو مرۆڤ له‌ناخ و بوونیدا به‌بێ رێگرو کۆتوبه‌ند ئیراده‌ی ئازادێتی خۆی پراکتیزه بکات. به‌واتایه‌کیتر؛ مافێكی ئۆنتۆلۆجی- وجودی- یه که به‌هۆیه‌وه مرۆڤ به‌بێ ترس، بێ فشار مافی ئیختیارکردنی چاره‌نوس و داهاتووی خۆی هه‌بێ. به‌ده‌ربڕینێکیتر؛ بۆ نموونه هه‌رێم ئه‌وه‌نده ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆبێ له دیاریکردنی چاره‌نوسییدا که مانه‌وه‌ی یا جیابوونه‌وه‌ی له ئێراق وه‌ک یه‌ک بێ فشاربێ. واته له هیچ حاڵه‌تیکدا زۆر‌و کۆسپی ناچارکه‌ر نه‌بێ که ئاخۆ کامیان هه‌ڵبژێرێ. ئه‌گه‌ر ویستمان له‌و قه‌واره‌یه‌دا بمێنینه‌وه، ده‌بێ بڕیاره‌که‌مان به‌تۆبزی و ناچاره‌کی نه‌بێ. بڕیاری جیابوونه‌وه‌ش نابێ زاده‌ی ناچاریی به‌هۆی سته‌م و زۆره‌وه، یا هێرش و وێرانکارییه‌وه نه‌بێ. به‌ڵکو سه‌ربه‌خۆییه‌ک که ته‌نها به‌دیهاتنی زاتیه‌تی کورد، وه‌ک مرۆڤ و گه‌ل و کولتور بگه‌یه‌نێ له فۆرمێکدا که "ده‌وڵه‌تسازییه".
که‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه مافی جیابوونه‌وه به‌مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه گرێبده‌ینه‌وه، ده‌بێ به‌هانه‌و پاساو نه‌دۆزیه‌نه‌وه بۆ ئه‌و کرده سیاسییه، چونکی ئه‌وه بریاری ئیراده‌یه‌که، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی که چه‌وساوه‌یه‌ن، یا ده‌ترسیین (ئه‌گه‌رچی به‌فیعلی ترس و زۆرداری سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌تی فراوانخواز‌ی رژێمه یه‌ک به‌دوایه‌که‌کانی ئێراقه بووه). نه‌خێر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وه‌ێ ئامانجێکی وجودیی له دۆخی سه‌ربه‌خۆبوونماندا به‌دیبهێنین که سه‌روه‌ریی نیشتمان، ئه‌قڵ و هزرو گه‌ل و کولتور و زمان و ناسنامه‌مان ده‌گرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر چاودێرێکیش بپرسێ: بۆ کورد له ئێستادا ده‌یه‌و‌ێ جیابێته‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی؟ من ده‌ڵێم ئێمه ته‌نها به‌نیازو مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه هه‌نگاو ده‌نێین. ته‌نها له‌پێناو رزگاری و سه‌ربه‌خۆییدا، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی نیگه‌ران و گرفتمان هه‌یه له‌سه‌ر پرسیی "نه‌وت" یا که‌رکوک و هه‌ر خاڵێ که هێشتاش کێشه‌و گرفتی له‌سه‌ره. به‌مانایه‌کی دیکه؛ پاڵنه‌رو هۆکاری دروست ویستی سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ک باوه‌ڕو به‌شێ له به‌رکه‌ماڵبوونی شوناسی ئێمه‌یه، نه‌ک به‌هانه دۆزینه‌وه بۆ داواکانمان. ئه‌گه‌ر داواکانمان ره‌وان، مافن، نابێ پاساودۆزی له‌رێی به‌هانه‌و په‌ڵپگرتنه‌وه بکه‌ینه میکانیزم سیاسه‌ت.
نه‌خێر، ئێمه وه‌ک گه‌ل، نیشتمانێکی به‌ریین ده‌رۆزیی ناکه‌ین. ده‌ست پان ناکه‌ینه‌وه له هێزگه‌لێ که مافی چاره‌نوسمان بۆ پێناسه‌کات و پێمان بڵێ ئه‌وه‌نده مافتان هه‌یه. داواکانی ئێمه هێنده‌ی له‌ره‌وایه‌تی مافه‌کانمانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌نده به‌باوه‌ڕبوون به‌خۆمان. ئیتر ئێمه که ئێستا له‌قۆناخی بنیاتنانداین، نه‌ک قۆناخی به‌رگری ساڵانی هه‌فتاو هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌کانیش. ئه‌وکات ئاراسته‌ی سیاسه‌ت، گوتاری سه‌رکردایه‌تی بریتيی بوو له سه‌لماندنی مافی ئێمه له جوغزێکدا. که‌واته چاره‌نوسازی؛ بریتییه له‌وه‌ی ئێمه به‌ده‌ست و ویستی خۆمان، پێناسه‌ی ماف و بوون و خواسته‌کانمان بکه‌ین، وه‌لێ به له‌به‌رچاوگرتنی نه‌وه‌ی داهاتووش. ئیدی بنیاتنان چه‌مک و خواستێک نییه که له‌نێو چه‌مکگه‌لی پێکه‌وه‌بوون یا جیابوونه‌وه‌دا پێناسه بکرێ، به‌ڵکو ده‌فری راسته‌قینه‌ی سه‌ربه‌خۆییه.
ریفراندۆم وه‌ک ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی
کێشه‌ی هاوشێوه‌ی کورد له ده‌وڵه‌ته دیموکراسی و دیکتاتۆرییه‌کانیشدا ده‌بینرێ. هه‌ر وڵاته‌ش به‌جۆرێ چاره‌ی کردووه، بۆ نموونه "که‌نه‌دا" به مۆدیلی "دیموکراسی فره ئیتنیکی" یافره کولتوری (فره‌زمان) ساڵانی هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌کان ساڵانی تاریکی خۆی تێپه‌ڕاند، کاتى فه‌ره‌نسی زمانه‌کان وه‌ک هاووڵاتی پله دوو مامه‌ڵه‌یان ده‌کرا. سیاسه‌تی فره کولتوری، سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمایه‌تی و زمان وایکرد کێشه‌که زۆر کاڵبێته‌وه، که‌چی له ریفراندۆمی ساڵی (1995) ده‌نگده‌رانی کیوبیک که نزیکه‌ی (7) ملیۆن کاتۆلیک به‌رامبه‌ر(18%) دانیشتوانی ئینگلیززمان ده‌بوون، ئه‌وه‌نده‌یان نه‌مابوو سه‌ربه‌خۆبن! جگه له‌وه‌ی تا ساڵی (2006) یش وه‌ک هه‌ر هه‌رێمێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کیوبیکدا ده‌کرا، به‌ڵام له‌و ساته‌وه له‌ژێر چارته‌ری (UN) دا مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی (national self-determination) پێبه‌خشراوه. واته، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز (به‌مانای زۆر‌ینه‌ی دانیشتوان له ناوچه‌یه‌کی دیاریکراودا، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندێتی "زمان، کولتور‌و نه‌ریت"ه) هه‌ژمارکراوه. بۆیه له‌به‌ڵێنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کاندا "مافی بڕیاری چاره‌نوس"یان پارێزراوه. حکومه‌تی که‌نه‌دیش ناتوانێ رێگربێ، ئه‌گه‌ر به ریفراندۆم داوای سه‌ربه‌خۆییکه‌ن. چونکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆی هه‌یه فشار بخاته سه‌ر حکومه‌تی که‌نه‌دا. ئه‌گه‌رچی تائێستاش "حزبی کیوبیک خوازان" داوای سه‌ربه‌خۆیی سه‌رتاسه‌ریان نه‌کردووه، به‌ڵام مافی سه‌ربه‌خۆی ته‌واویان هه‌یه. بێگومان چاودێران پێيانوایه سه‌ربه‌خۆیی کیبویک مه‌سه‌له‌یه‌کی دووره، بۆیه هه‌ر له‌و دۆخه‌ی ئێستادا ده‌مێنێته‌وه. وه‌لێ ئه‌مه له روانگه‌ی خه‌ڵکی کیوبیک خۆیه‌وه نییه. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکه‌که‌ی ناچه‌وسێنرێنه‌وه، له‌ژێر فشاردانین، مافی خۆیانه داوای سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن.
که‌واته بۆ سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ؟ بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویست و خواستێکی کولتوری و زمانه‌وانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. بێگومان هه‌مان حاڵ به‌ئێراق \ کوردستان به‌رواورد ناکرێ، وه‌لێ گریمان ئێراقێکی دیموکراسیش بێ، هێشتا نابێ سارد‌و که‌مته‌رخه‌مبین له به‌دیهێنانی خواست و ئاواته‌کانمان. ئه‌گه‌ر وه‌ک هاووڵاتیه‌کی یه‌کسانیش له‌ده‌ستوردا مافمان هه‌بێ، هه‌قی خۆمانه هه‌ربه‌وه‌نده رازی نه‌بین!
که‌واته مافی سه‌ربه‌خۆیی له‌جیابوونه‌وه‌دایه، وه‌ک ئیختیارێکی زاتی، نه‌ک ناچاره‌کی و به‌تۆبزى. ناچارکردن به‌جیابوونه‌وه وه‌ک پێکه‌وه‌ژیانێکی به‌تۆبزيه. ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان ده‌بێ داکۆکی و پێداگیری لێبکات سه‌ربه‌خۆییه. ئیراده‌یه‌کی گشتییه که سه‌رپشک و بڕیارده‌ره، نه‌ک ناچاریی مانه‌وه یا جیابوونه‌وه‌یه، له‌کاتێکدا ئیختیاری پێکه‌وه‌ژیان له‌م قه‌واره‌یه‌دا نه‌مسۆگه‌ره نه‌شانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش باگرانییه‌ک بووه بۆ خه‌ڵکی کوردستان و سیاسیه‌کانمان که به‌رده‌وام پاکانه‌کاری بکه‌ن که "جیاخواز" نیین! له‌کاتێکدا پرسی گه‌لی کوردستان له‌جیابوونه‌وه گه‌وره‌تره، گه‌لی کوردستان که‌مینه‌یه‌کی زمانه‌وانی یا نه‌ژادی(ئیتنیکی) نییه که ناچار بکری پێکه‌وه‌بژی یا جیابێته‌وه. به‌ڵکو نیشتمان و گه‌لێکه که ده‌یه‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی له سه‌ربه‌خۆیی و خاوه‌ندارێتی خۆیدا به‌رجه‌سته بکات.