هەقە حكومەت بڕیاری خۆی بدات

هەقە حكومەت بڕیاری خۆی بدات
قانوونی ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنەكان و دەسەڵاتەكانیانە، ئەوا تا ئەو دەمەی هەمواردەكرێتەوەو لەنێوان فراكسیۆنەكاندا تەوافووق یان نیمچە تەوافووقی لەسەر دەكرێ، بەركارە، واتە دەبێ كاری پێ بكرێ. بەو مانایە هیچ بۆشاییەكی قانوونیی، یان پاساوێك نییە بۆ بەدواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و تەنانەت پەكیش لەسەر بودجەی تەرخانكراو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنە نەكەوتووە...پێموایە كۆمیسیۆن-یش ئەگەر پێی بكرێ هەڵبژاردن لە تەواوی عێراقدا بەڕێوەببات، ئەوا بێگومان لە هەرێمی كوردستاندا، كە تەناهی تێدا جێگیرە، ئاسانتر ئەوەی بۆ دەكرێ.. لە سۆنگەی ئەمەوە، هەقە حكوومەت هیچی تر چاوەڕێی ئەوە نەكات كە داخوا قانوونی ژمارە 3 چی لێدێتەوە و بڕیاری خۆی بدات..
حكوومەتی عێراق رۆژی 25ی نیسانی 2013ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاریكردووە. هەر لە ئێستاشەوە، حزب و قەوارە سیاسییەكان كەوتوونەتە خۆ و خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە دەكەن. هەڵبەت رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری نەكراوە. وەك دەزانرێ هەڵبژاردنی 2009ی ئەنجوومەنەكان، لە كەركووك و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەكرا و ئەوا بۆ 8 ساڵ دەچێ هەڵبژاردنیان بۆ ئەو ئەنجوومەنانە تێدا نەكراوە....
ئەوەی جێگەی پەسندە، لایەنە سیاسییەكان، بە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاخافتنەكانیاندا ئەوە دەخوێنرێتەوە كە بەوە گەیشتبن بە یەكەوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا، بچنە ململانێی هەڵبژاردنەوە.. لایەنەكانی كورد رایانگەیاندووە كە ئەوان پێیان باشە هاوكات لە كەركووك-یش، تەبای پارێزگاكانی دیكەی عێراق، لە سایەی هەمان قانوون و سیستەمی كارپێكراودا هەڵبژاردن بكرێتەوەو دوا نەخرێ...ئەو خۆئامادەكردنە، لە كاتێكدایە كە پرۆسەی سیاسی و نێوانی لایەنەكان لە عێراقدا گرژی تێكەوتووەو هەنگاوێكی جیددیش بۆ راستكردنەوەو هێنانەوەی پڕۆسەكە بۆ سەر خەتی دیالۆگ و خوێندنەوەی بەرژەوەندیی یەكتر، هەڵنەهێنراوەتەوەو هەندێ لایەنەكان چاویان لە گۆڕانكارییەكان و لە دەرەوەی خۆیانە، هەندە چاویان لە ناوخۆ و بەیەكەوە سازان نییە...بەڵام ئەو هەڵبژاردنە، بۆ حزب و قەوارە سیاسییەكانی ئێستەی عێراق زۆر گرنگەو هەر یەكەیان لە قەوارەو سەنگ و دەنگی خۆی دەگات و بێ شك لەگەڵیدا گۆڕانكاریی بەسەر هاوكێشە ناوخۆییەكاندا دێ.
هاوكات لەم رۆژانەدا، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمیان هێنایەوە بەرباس و بەرپرسیارەتیی دواكەوتنەكەیان خستە ئەستۆی پارتی و یەكێتی-یەوە. نكوڵی ناكرێ كە هەڵبژاردنەكە دواكەوتووە. لێ وەك دەزانرێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 7/9/2012ی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دەستنیشانكردبوو، لێ ستافی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، وردتر بەرێزان فەرەج حەیدەری و سەردار عەبدولكەریم، لە سەرەتای هاویندا، لە كۆبوونەوەیەكدا كە نوێنەری فراكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان ئامادەی ببوون، بە راشكاوانە رایانگەیاند كۆمیسیۆن ماوەی قانوونیی خۆی تەواو كردووە و لە بەر هەندێ گرفت و كێشەی تەكنیكی، پێیان ناكرێ، سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنە لە كوردستاندا بكەن و ئەو ئەركە بۆ ستافی دوای ئەوان جێ دەمێنێ.
ئێستاش كە ستافی نوێی كۆمیسیۆن دەست بەكار بووە، ئەوە ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە رۆژێك دیاری بكات بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی لە عێراقدا. چونكە لە رووی قانوونییەوە هیچ گرفت و بەربەستێك لەبەردەم ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەدا نییە. قانوونی ژمارە 4ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەمواركراوەتەوە و سیستەمی نیمچە كراوە پەسندكراوەو لەگەڵ سیستەمی پێرەولێكراوی عێراقیش رێكە. هەرچی قانوونی ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنەكان و دەسەڵاتەكانیانە، ئەوا تا ئەو دەمەی هەمواردەكرێتەوەو لەنێوان فراكسیۆنەكاندا تەوافووق یان نیمچە تەوافووقی لەسەر دەكرێ، بەركارە، واتە دەبێ كاری پێ بكرێ. بەو مانایە هیچ بۆشاییەكی قانوونیی، یان پاساوێك نییە بۆ بەدواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و تەنانەت پەكیش لەسەر بودجەی تەرخانكراو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنە نەكەوتووە...پێموایە كۆمیسیۆن-یش ئەگەر پێی بكرێ هەڵبژاردن لە تەواوی عێراقدا بەڕێوەببات، ئەوا بێگومان لە هەرێمی كوردستاندا، كە تەناهی تێدا جێگیرە، ئاسانتر ئەوەی بۆ دەكرێ.. لە سۆنگەی ئەمەوە، هەقە حكوومەت هیچی تر چاوەڕێی ئەوە نەكات كە داخوا قانوونی ژمارە 3 چی لێدێتەوە و بڕیاری خۆی بدات..
Top