ئابووریناسان لەدۆڵێك و...حكومەتی عێراقیش لە دۆڵێكی دیكە

ئابووریناسان لەدۆڵێك و...حكومەتی عێراقیش لە دۆڵێكی دیكە
ئابووریناسانی عێراق بەجیاوازیی ئاست وبوارەكانیانەوە كەوتوونەتە نێو مشتومڕیێكی سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی عێراقەوە، هەروەها گفتوگۆكردن لەسەر سیاسەتی دارایی و دراو كە بۆ ئەم جۆرە سیاسەتە پێویستە، هەتا ئەگەر لە میتۆدی ئایدیۆلۆژی و نموونەی ئابووری وناوەرۆكی سیاسەتە ئابوورییەكان جیاوازییان هەبێت، كە هەر تیمێك یان تاكێك لەگرووپە ئابوورییەكان لەناوەوە دەرەوەی وڵات بیگرێتەئەستۆو بانگەشەی بۆ بكات. بێگومان ئەم مشتومڕە تا ئێستا جۆرێك لە جووڵەو گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی بەخۆوە بینیوە،وێرای جیاوازی لەدیدو بۆچوون سەبارەت بە واقیع و ئاییندەی ئابووریی عیراق و گۆشەنیگاو بەرژەوەندیی كۆمەڵایەتی كە نووسەری ئابووری پشتی پێ دەبەستێت، یانیش بەو پاشخانە سیاسییەی كە هەیەتی.
نموونەی زیندووی ئەم مشتومڕەش لە تۆڕی ئابووریناسانی عیراقدا بەرچاودەكەوێت كە تا ئێستا چەندین بابەت و گقتوگۆی لەم شێوەیەی تێدا خراوەتەڕوو لەلایەن نووسەرانی ناوداری ئابووری ئەوانەی كە ئەزموونێكی دەوڵەمەندیان لە بواری ئابووریدا هەیە، ئەو گوتارانەی بڵاوكرانەوە هەموویان دووپاتی دەكەنەوە كە بایەخێكی گەورە لەلایەن ئابووریناسانی عیراقەوە لە ئارادایە چ لەلایەن بەشداربووانی ئابووریناس یان ئەوانەی لەدەرەوەی ئەم بازنە بچووكە، كە بەش بەحاڵی خۆیان گرنگی بە چارەنووسی ئابووریی عیراق وگەشەی ئابووری وكۆمەڵایەتیی وڵات دەدەن، لە پاڵ لاكردنەوە لە شێوازەكانی وەبەرهێنان و بەكارهێنانی كەرستەی سەرەتایی و سامانی نیشتمانی بۆ بەرژەوەندیی كۆمەڵگەو چۆنییەتی هەمەجۆركردن ودەوڵەمەندكردنی داهاتی نەتەوەیی و شێوازی دابەشكردنی و ئینجا بەكارهێنانەوەی جارێكی دیكە.
بەڵام ئایا حكومەت سوود لەو جۆرە گفتوگۆیانە دەبینێت؟بە دەربڕینێكی وردتر ئایا بۆ نەخشەدانانی سیاسەتی ئابووریی خۆی لەمە سوودمەند دەبێت؟
هەموو ئەو زانیارییانەی لەژێر دەستماندان ئاماژە بە چەند راستییەكی بنەڕەتی دەكەن لەقۆناغی ئێستادا:
1- هەموولایەنە سیاسییەكان بەشدار لە پرۆسەی سیاسی وحكومەتی ئێستاو پێشووی عیراق بێجگە لە حزبی شیوعی عیراق كە بەیەك وەزیریش بەشداری لەم حكومەتەدا نەكرد هەروەك لەحكومەتی پێشووشدا، هەروەها حزبی نیشتمانی دیموكراتی، ئەو لایەنانە ململانێیەكی توند دەكەن لەسەر دەسەڵات و داهات و هەژموون لە كۆمەڵگەدا، هیچ گوێ بە كاروباری ئابووری و گەشەپێدان نادەن، خەمی حكومەت تەنیا بریتییە لە زیادكردنی سامان و داهات لە رێی دەرهێنان وهەناردەكردنی نەوتی خاوەوە و دوور لە بەكارهێنانی لەپرۆسەی گەشەپێدانی نیشتمانی جگە لە سوودوەرگرتن بۆ كڕینی دەنگی خەڵك.
2- حكومەتی عیراق ستراتیژییەتێكی گەشەپێدانی نییە بۆ ماوەیەكی دوور، دیدێكی واقیعبینانەو بابەتیانەی بۆ ئەم گەشەپێدانە نییە،حكومەتێكە بیر لە ئابووری وگەشەپێدان ناكاتەوە،تەنیا گرنگی بە ئابووریی سوودوەرگرتن و قازانج دەدات.
3- حكومەتی عیراق تەنیا بیری لای دۆستەكان و ئیش و كارەكانی خۆیەتی،پێویستیی بە شارەزایانی ئابووری و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و زانیارییە ئابوورییەكان نییە!
4- ئەگەر هەندێ ئابووریناسی بە توانا و دڵسۆز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت هەبن بە مەبەستی بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری كار بكەن،ئەوا سەرۆكی حكومەت یەكسەر هەوڵ دەدات دووریان بخاتەوە چونكە بە پێی ویست و خواستی ئەو كارناكەن، هەروەك بەم دواییە لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندیی دكتۆر سنان محەمەد رەزا ئەلشبیبی روویدا،ئەو تەنیا بەشەرمەزارییەوە لەسەركاری لانەدا بەڵكو یاداشتێكی دەستگیركردنیشی بۆ دەركرد تا نەگەڕێتەوە وڵات، لە كاتێكدا كە پارێزگاری بانكەكە لە دەرەوەی عیراق لە كۆنگرەی ئابووری بەشدار بوو كە لە ژاپۆن بەسترا.
ئەم راستییە تاڵەیە كە سنوورێكی جیاكەرەوەیە لە نێوان ئابووریناسانی دڵسۆز و حكومەتێكی ناهۆشیار بە ئەركەكانی بەرامبەر بە گەل، هەر ئەوەشە ئابووری وا لێكردووە بە هۆی بوونی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی سامانی وڵات زیانێكی گەورەی دارایی بەدوای خۆیدا بهێنێت،بەڵام دەرئەنجامی ئەو لێكدابڕانە هزری و پراكتیكییەی نێوان ئابووریناسان و حكومەتی عیراق لە چیدایە؟ زانراوە كە داهاتی دەستكەوتوو لە ئابووریی دەرهێنانی نەوتی عیراق دزەدەكاتە ناو ئابووریی سەرمایەداری جیهانی و بازاڕی سامانی دەوڵەتان، ئەمەش لە سێ رێگەوە:
1- لە رێی بازرگانیی دەرەوە كە زۆربەی كەرەستەكانی بەكاربردنی خێراو هەمیشەیی دەگرێتەوە، لەجیاتی ئەوەی بەشێكی بۆ پرۆسەی گەشەپێدان و وەبەرهێنان تەرخان بكەن هەروەها بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریی نیشتمانی و زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان بە تایبەتیش لە هەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵدا.
2- لەرێی پارەو سامانی دزەكراو لەبودجەی دەوڵەتەوە بۆ كەرتی تایبەت و بە چەندین شێواز ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی توانای كۆكردنەوەی سامانی كەرتی تایبەت و ئابووریی نیشتمانی.
3- لەڕێی زۆر شێوازی دیكەی دارایی وەكو پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی پارە لەبازاڕەكان یان هەڕاجكردنی پارە وبەرتیل وبەرتیلكاری لەمۆركردنی گرێبەستدا.
ئەو عیراقەی كە خوازیاربوو لە ئابوورییەكی سەنترالی دەست دەسەڵاتێكی سەنترالی فاشی و ستەمكارەوە بەرەو ئابوورییەكی ئازاد هەنگاوبنێت،كە پێداویستی و تواناكانی ئەم گواستنەوەیەی تێدا نییە نە لەسەر ئاستی كەرتی دەوڵەت نە لەسەر ئاستی كەرتی تایبەت. لەلایەنی زانستییەوە دەكرێ دەرئەنجامەكان ئاشكرا بكرێن لەواقیعی ئەم قۆناغەی ئابووریدا:
1- بەردەوام نەبوونی ستراتیژییەتێكی گەشەپێدان و ئابووری و كۆمەڵایەتی، دواتر ئەو زیانە گەورەیەی بەر ئابووری و كۆمەڵگە دەكەوێت، زیان گەیاندن بە كات و توانا بۆ گەیشتن بەكاروانی گەشەپێدانی زۆربەی وڵاتانی جیهان.
2- بەردەوامبوونی دیاردە بنەڕەتییەكان كە ئابووری عیراق جیادەكاتەوە بەوەی كە ئابوورییەكی نەوتی وقازانجهێنە.
3- بەردەوام پشتبەستن بە هاوردەكردن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ئابووریی نیشتمانی و بەفیڕۆدانی سامانێكی زۆر كە دەكرا بەشێكی گرنگی بۆ بەرژەوەندیی گەشەپێدان و وەبەرهێناندا خەرج بكرایە.
4- لەبەرئەوە بەردەوام پشت بە سامانی نەوت دەبەسترێت لە بەرهەمهێنان و بەكاربردنی داهاتی نەتەوەیی لەجیاتی هەمەجۆركردن و دەوڵەمەندكردنی سامانی نیشتمانی یان داهاتی نەتەوەیی.
5-ئەمەش بەواتای دوورخستنەوەی ئابووریی نیشتمانی لە پیشەسازیی مۆدێرن وتازەكردنەوەی كشتوكاڵ و بەردەوام هاوردەكردن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ.
6- هەر ئەمەش بە واتای بوونی بێكارییەكی زۆر وئاشكرا و كەڵەكەبوونی بێكاری داپۆشراو لە دەزگا مەدەنی و سەربازییەكان كە دەرئەنجامی نێگەتیڤیان لێدەكەوێتەوە.
7- هەرچەندە تێكڕایی پشكی تاك لەداهاتی نەتەوەیی زیادی كردووە لەبەر زێدەبوونی داهاتەكانی نەوت لە ئەنجامی هەناردەكردنی بڕێكی زۆری نەوتی خاو، بەڵام ئەم دابەشبوونەی داهات لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگە نایەكسان و نادادپەروەرانەیە، لەبەر نەبوونی دەستەبەریی كۆمەڵایەتی لە حاڵەتەكانی بێكاری و پەككەوتن ونەخۆشیدا..تاد.
8- بەڵام لەمەش مەترسیدارتر ئەو هەموو سامان و داهاتە زۆرەیە كە ئابووریی قازانج كۆنترۆلی كردووەو وا لە بەرپرسان دەكات زیاتر هەژموون ودەسەڵاتی تاكەكەسی خۆیان بسەپێنن و بڕیارەكان لەدەست خۆیاندا بمێنێتەوە و سامانەكە پەخشان و تەخشان بكەن.
گفتۆكردنی نێوان ئابووریناسان بەتەنیا بەس نییە سەبارەت بەو بابەتانەی تایبەتن بە لایەنی تەكنیكی باڵا كەتوێژەكانی گەل دركی پێ ناكەن،بەڵكو ئێمە پێویستیمان بە دووگوتاری ئاشكرا و ڕوون هەیە، گوتارێك بۆ گفتوگۆی نێوان ئابووریناسان و مشتومڕ لەسەر كێشەتیۆری وپراكتیكییەكان وگوتارەكەی دیكەش بۆ جەماوەر تاكو هۆشیاربێت، ئەمەش مانای ئەوەنییە كە ئەو دوو گوتارە لێكدی جودا بكرێنەوە، بەڵكو دەبێ پێكەوەبن، ئەمەش زۆر گرنگە تاكو گوتاری زانستیی ئابووری بەشدار بێت لەبەرزكردنەوەی ئاستی خوێنەرێكی سادە كە حەزبكات زانیاری و شارەزایی ئابوووریی خۆی پەرەپێبدات.
بەڕاستی ئەمە ئەركێكی قورسە بەڵام پێویست و هەستیاریشە و دەبێ پێی قایل بین، چونكە بەبێ ئەو دەوستەوەستان دەبین لەقایلكردنی حكومەت تاكو گوێ لە بۆچوونی ئابووریناسان بگرێت، دواتر راو بۆچوونەكانی ئەم ئابووریناسانە بۆ جەماوەر ڕوون بكاتەوە، ئا بەم شێوەیە ئابووری دەتوانێت ئەركی پیشەیی و نیشتمانیی خۆی لەیەك كاتدا بەجێ بگەیەنێت.
Top