سەلەفیەت لەسەردەمێكدا كە پێویستی بەنۆژەن كردنەوەی ئاینە
November 8, 2012
وتار و بیروڕا
دەركەوتنی كتوپڕی رەوتی سەلەفی وەك هێزێكی سیاسی، بەتایبەتی لە میسرو هەروەها لە تونس، مایەی سەرسوڕمانی رۆژئاوایە. تەنانەت لەڕۆژهەڵاتیش دیدێكی روون بۆ ئەم دیاردەیە نییە. لەبەرئەنجامی كۆتاییدا ئەمە بەو ئاكامەمان دەگەیەنێ كە ئەم دیاردەیە وەك دیاردەیەكی تەمومژاوی خۆی دەنوێنێ و بەشێوەی جیاواز لێكدانەوەی بۆ دەكرێ. ساڵی پار، پرۆفیسۆر جۆن سپۆزیتۆ، كە شارەزایی 40 ساڵی لە كاروباری جیهانی ئیسلام هەیەو ئێستا سەرۆكی ئەكادیمیای ئەمریكایی ئاینەكانە، لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە رۆژنامەی ئەهرامی میسری بڵاوكرایەوە، بەئەستەمی زانی بتوانێ پێناسەیەك بۆ رەوتی سەلەفی بدۆزێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، سەلەفیەتی بەسەر سێ جۆردا دابەش كرد كەبریتین لە سەلەفیەتی ناسیاسی و سەلەفیەتی سیاسی و سەلەفیەتی جیهادی.
لە ئیسلامدا سەلەفیەت بزوتنەوەیەكی نامۆ نییە، بەڵام مێژووی پەیدابوونی روون نییە. زۆرتر پێدەچێ بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەردەمی ئەمەوییەكاندا پەیدا بووبێ و وردتریش پێدەچێ لە سەروبەندی نەمانی یەكەم نەوەی ئیسلام كە تاكەكانی لەمێژوودا بەسەحابە ناسراون، پەیدابووبێ. ئەو پەیوەندییە تایبەتەی كە بزوتنەوەی سەلەفی بەنەوەی یەكەمی ئیسلامەوە هەیەتی، كڕۆكی بزووتنەوەكە پێكدێنێ. لەسەردەمی عەباسییەكاندا بزووتنەوەكە چوارچێوەیەكی گشتیی بۆ بیروباوەڕەكانی پێكهێنا، بەڵام نەیتوانی تێڕوانینێكی رۆشن بۆ هەموو مەسەلەكان گەڵاڵە بكات، هەروەك نەشیتوانی سەركردایەتییەكی یەكگرتوو پێك بێنێ. زۆربەی كات وەك بزووتنەوەیەكی ئاینی- كۆمەڵایەتی هەڵسوكەوتی كردو هیچ رۆڵێكی سیاسیی گەورەی نەنواندو لە جیهانبینییەكی داخراودا ژیا.
پەیوەندیی سەلەفیەت بەسیاسەتەوە روون نییە. بەڵام ئەوەی كە بەباشی تێبینی دەكرێ ئەوەیە كە توانیویەتی لە هەلومەرجی تایبەتدا كار بكاتە سەر رای گشتی و كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی هەبێ. پەیوەندیی بزووتنەوەكە لەگەڵ دەوڵەتدا بەهەڵبەزو دابەزدا تێپەڕیوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، ئەم بزووتنەوەیە توانیویەتی كارێكی وا بكا كە گەیشتن بە دەسەڵات یەكێ لە ئامانجەكانی نەبێ. بزووتنەوەی سەلەفی ئەوەندەی كە كاریگەیی لەسەر كۆمەڵگا هەبووە، ئەوەندە كاریگەریی لەسەر دەوڵەت نەبووە. لەسەر دەستی بزووتنەوەی سۆفیگەری و چوار مەزهەبە سەرەكییەكەی سوننە بزووتنەوەیەكی نەریتپارێزی سەلەفیی وا داهات كەنوێنەرایەتیی رەوتی ئەرتۆدۆكسیی ئیسلامی كردو زۆرتر سەرقاڵ بوو بەڕێكخستنی كاروباری ئاینیی موسڵمانان.
ئەو بنەمایەی كە بزووتنەوەی سەلەفی لەو سەردەمەدا دایناوە، تا ئەمڕۆ زیندووە. بزوتنەوەی سەلەفی بانگەشەی بۆ ئەوە كردووە كە تاكە سەردەمی خاوێنی مێژوو، سەردەمی پێغەمبەرەو كۆمەڵگای نموونەییش كە لە بێگەردی و پاكیزەییدا هیچ كۆمەڵگایەك شان لەشانی نادا، كۆمەڵگای سەردەمی پێغەمبەرو هاوەڵەكانێتی. لەو سۆنگەیەوە، بزوتنەوەی سەلەفی لەو كاتەوەو تائێستا، هەر رووی لەرابردووەو هەمیشە رابردووی لە ئێستا پێ باشتر بووەو باوەڕی تەواوی بەوە هەبووە كە ڕابردوو هاوتای باوەڕی راستەقینەیە. لەم بیروباوەڕەوە نۆڕینە نەریتپارێزەكانی سەرچاوە دەگرن تا ئەو رادەیەی كە نەریتپارێزییەكە ئەوەندە لە كۆنەپەرستی نزیك دەبێتەوە كە دەرفەتێكی زۆر بۆ لێك جیاكردنەوەی نەریتپارێزی و كۆنەپەرستی نامێنێ.
مێژووی سەلەفیەت، تەنانەت لەو بارودۆخەش كە تێیدا رۆڵێكی نیشتمانیی دژ بەداگیركردنی بیانی و دەسەڵاتی بیانی گێڕاوە، مێژوویەكی بە پێی پێویست پۆزەتیڤ نییە، چونكە لەو بارودۆخەدا هیچ ناوەڕۆكێكی كۆمەڵایەتیی بەتێكۆشان لە دژی داگیركەران نەداوە. لە مۆدێلی میسر، دەردەكەوێ كە بزووتنەوەی سەلەفی لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە لەپەراوێزی رووداوەكاندا بووە. بەرامبەر بەوەی كە كەیفی بەدەوڵەت و سیاسەتی دەسەڵاتداران نەهاتووەو پشتگیریی زوڵم و زۆری نەكردووە، كە ئەمە خاڵێكە بەچاكە بۆی دەژمێردرێ، دژی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی وەستاوەتەوەو هەموو روخسارەكانی شارستانیەت و پێشكەوتنی ئابوریی رەت كردۆتەوە. بەڵام سەرەڕای رەخنەی لەدەوڵەت، بەبەردەوامی خۆی لەڕووبەڕووبوونەوە دزیوەتەوەو زۆرتر جەختی كردۆتە سەر بێئومێدكردنی شەقام لە ئەگەری ئایندەیەكی گەش. لەكاتێكدا بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، كە لە میسر خۆی لە گروپی ئیخوان موسلمیندا دەبینێتەوە، رووبەڕووی دەوڵەت بۆتەوەو لەم سۆنگەیەوە تووشی گێچەڵ و دەردەسەری بووە، بزووتنەوەی سەلەفی خۆی لەڕووبەڕووبونەوەی دەوڵەت دوورە پەرێز راگرت بوو و بەردەوام بووە لەسەر كاركردن بەخشكەیی و بەبێ خۆتێوەگلاندن لە هیچ هەڵسورانێكی گشتیی ئاشكرادا.
دەشێ سەلەفییەكان لە میسرو هەروەها لە تونس، گێچەڵی گەورە بنێتەوە، چونكە دووركەوتنەوەی ئەم بزووتنەوەیە لە پڕاگماتیزم و سڕینەوەی هەموو سنوورێك لە نێوان كۆمەڵگاو دەوڵەت، كۆپییەكی زۆر خراپی ئیسلام پێشكەش دەكا كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ هیچ شتێكی مۆدێرن پەسند بكا، بەتایبەتی كە ئەم بزووتنەوەیە لە ناوەڕۆكدا لە كۆپییەكی پەرەپێنەدراوی ئیسلام شتێكی تر نییە.