ئه‌زموونی حوکمڕانی کوردیی وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ ده‌وڵه‌تسازی
October 26, 2012
وتار و بیروڕا
ئه‌گه‌رچی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه له پرسی ده‌وڵه‌تسازی، به‌ڵام به‌دیوێكیشدا ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ی به‌نده. پێوەندییه‌که‌ش له پرسیارێکی گرنگه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێ: ئاخۆ كێ توانای فه‌رمانڕه‌وایی و مافی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌یه؟ هه‌ربۆیه پرسی ده‌سه‌ڵات له دووده‌یه‌ی رابردوودا له‌هه‌رێمی کوردستان دا بووه ئامانجێکی سیاسیی و مایه‌ی مشتومڕی حزبایه‌تی ئاڵۆز. له‌به‌رئه‌وه قه‌یرانی ململانێی حزبایه‌تی که له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست وه‌ستاو دروستبوو، به‌دیوێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دابه‌شبوونێكی ناوه‌كی له‌پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌تدا. دواجار ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌کی باڵای نیشتمانی و ده‌زگایه‌کی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی که ناوی ده‌وڵه‌ته که‌بتوانێت له‌سه‌روو قۆزاخه‌ی حزبه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا بکات. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مایه‌ی هه‌ڵوەسته‌کردن و به‌دواچوونه، ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه له‌مێژووی نزیکی کورددا که ده‌کرێ ببێته پاشخانێکی گرنگ له‌حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تسازییدا.
مێژوویه‌ک و چه‌ند ئه‌زموونێک
زۆرجار گوته‌یه‌کمان به‌رگوێ ده‌که‌و‌ێ: ئێمه بێ ئه‌زموونین له مێژووی فه‌رمانڕه‌وایی خۆماندا. واته پێشیینه‌یه‌کمان نییه له چۆنیه‌تی کاروباری حوکمڕانیدا. به‌ڵام ده‌بێ بپرسیین: ئایا راسته ئێمه‌ی کو‌رد ئه‌زموونی پێشترمان نه‌بووه له‌حوکمڕانیدا؟ ئایا ئه‌وه‌ی دووده‌یه له‌حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان دا، شتێکی نوێیه به به‌راورد به‌مێژووی نزیک و دوورمان؟ ئه‌گه‌ر نا، چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک که جۆره حوکمڕانییه‌ک پیاده‌کراوه، ده‌شێ ناوی بنێین ئه‌زموونی حوکم؟ بۆیه ده‌شبێ بپرسین «ئه‌زموون» چییه تابڵێین تازه‌یه یا نا؟
له‌راستیدا دیارده‌ی حوکمڕانی کوردی شتێکی نوێ نییه، تا پێی بنازین یا بیکه‌ینه به‌هانه‌و پاساو بۆ که‌موکوڕییه‌کانی ئێستامان. بۆیه ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه سه‌یربکه‌ین، ده‌بینین ئێمه ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تمان نییه به‌مانا دیاریکراوه‌که‌ی، که ئه‌مه جێی گومان نییه. به‌ڵام پێشینه‌ی ده‌وڵه‌تداری واته خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێین له‌زه‌مه‌نی میرنشینه‌کانه‌وه. هه‌ر له میرنشینی مه‌روانی، ئه‌رده‌ڵان، بابان، سۆران و بدلیس ه‌وه، ئه‌زموونێکی که‌ڵه‌که‌بووی چه‌ند سه‌ده‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی له‌ئارادا‌یه. هه‌ڵبه‌ت یه‌کێک له‌و کتێبه نایابانه‌ی که باس له پێکهاته‌ی حوکمڕانی کوردی ده‌کات، کوردناسی ڕووسی «ڤاسیلیه‌ڤا» له کتێبی (کوردستانی خوارووی رۆژهه‌ڵات؛ و. د. ره‌شاد میران).
ئه‌م کوردناسه میرنیشینه‌کان به ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک (mini state) داده‌نێت، چونکه میرنشینێکی (semi independent) نیمچه‌سه‌ربه‌خۆن (ڤاسیلیه‌ڤا: 129). واته خاوه‌نی –ستاتۆس- پێه‌گه‌ی خۆیان بوون و به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن «بابی عالی» ده‌رباری سوڵتانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کداکراوه. زۆرجار هه‌ندێ له‌میره‌کان که‌به«میری سنوور» ناسرابوون به‌شدارییان لە جه‌نگی سه‌فه‌وی و عوسمانی داکردووه. هه‌ربۆیه له سه‌رده‌می چه‌ر‌خی نۆزده‌دا به‌میرنشینی «بابان» یان دەووت: « کو‌رد حکومه‌تی»(ه.س). ئه‌مەش به‌ڕێکه‌وت نییه، چونکی «عه‌بدولره‌حمان پاشای بابان» رۆژگارێک پێشنیارکرابوو ببێته «والی به‌غدا» به‌ڵام خۆی ئه‌م داوایه‌ی ره‌تکردۆته‌وه (ڤاسیلیڤا: 74). هه‌روه‌ها له وه‌قفنامه‌که‌ی «عه‌بدولرحمن پاشای بابان»دا بۆ مه‌لای «جه‌لی کۆیی» که‌باس له‌ناوچه‌کانی بنده‌ستی ده‌کات وه‌ک فه‌رمانره‌وایه‌ک، به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویه له‌سه‌ر شکۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی (مه‌سعود محه‌مه‌د:حاجی قادر- ب1: 260).
ئیدی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی بابان یا ئه‌رده‌ڵان که‌به‌سه‌ر زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا ده‌یڕوانی، ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی نه‌بوو له‌ناوچه‌یه‌کی سنوورداردا، به‌تایبه‌ت خاوه‌نی له‌شکرو سکه‌ی پاره‌و ستراتیژیه‌تی پاوانخوازی و فراوانخوازیی بووه. بۆیه وه‌ک یه‌که‌یه‌کی جوگرافی و سیاسی و ئابوری خاوه‌نی جۆره سیستمێك بوو له به‌ڕێوه‌بردندا ئه‌گه‌رچی به‌پێوه‌ری ئێستا سه‌ره‌تاییش بێ. که‌واته ئه‌زموونی حوکمڕانی درێژده‌بێته‌وه بۆ چه‌ندیین سه‌ده، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وتێکی راگوزەر نه‌بووه له‌مێژووی سیاسی کوردا. به‌ڵام بۆ لێی بێئاگاین؟ بۆئه‌و پاشخانه نه‌بۆته نه‌ریتی به‌ڕێوه‌بردن و په‌روه‌رده‌کردنی که‌سی شیاو‌و لێهاتوو له بواره‌که‌دا؟ به‌ڕای من چه‌ند فاکته‌رێک هه‌ن:
1- نه‌بوونی هزری دامه‌زراوه‌یی‌و پووکانه‌وه‌ی شێوه‌ی به‌رێوه‌بردن پاش رووخان و لاوازبوونی میرنشینه‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ قۆناغی پاش رێکخراوه‌یی.
2- پێنه‌گه‌یشتنی چینی خوێنده‌وار و ئه‌وتۆکرات که کاروباری به‌رێوه‌بردن له پاش سه‌رهه‌ڵدانی دامه‌زرا‌وه‌کان دا بکاته نه‌ریتێکی سیستماتیکی کارگێڕیی.
3- مۆدێرنه‌زه‌یشن، به‌هاتنی ده‌وڵه‌تی مۆدیرنی ئێراق، ئێران و تورکیا گورزێ له چینی ده‌سه‌ڵاتدارو دامه‌زراوه نه‌ریتییه‌کان درا. ئه‌و نوێکارییه له‌به‌ڕێوه‌بردندا نه‌یتوانی ببێته جێگره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌ویی میرنشینه‌کان و کۆتایهاتنی نه‌ریتی کاربه‌ڕێوه‌بردنی پێشتر.
4- دواجار ئه‌م دامه‌زراوه نوێیا‌نه‌ش نه‌بوونه کولتورێك پێشکه‌و‌توو، به‌ڵکو له‌ژێر هه‌ژموونی کولتوری پێش مۆدێرندا داته‌پین و تا ئێستاش که دامه‌زراوه‌ی مۆدێرن به‌جه‌سته هه‌یه، به‌ڵام هزری نامۆدیرن کاری تێدا ده‌کات!
5- گواستنه‌وه ته‌ختی ده‌سه‌ڵات له خانه‌دان و پیاوماقووڵ و پێگه‌ی ده‌سته‌بژێریی بنه‌ماڵه ناسر‌اوه‌کانی کوردی شاره‌کانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی شار.
6- نه‌نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونی حوکم و کێشه‌کان له‌لایه‌ن میرو فه‌رمانڕ‌ه‌واکانه‌وه، مه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانی «بدلیس»ی یا»ما شه‌ره‌فخانم» و هه‌ندێکی که‌م نه‌بێ تا گرفت و نهێنییه‌کانی ئه‌و میرنشینانه بخه‌نه‌مێژوو‌ی نووسراوه‌وه.
ئه‌نجام:
بێگومان ئه‌زموونی حوکمڕانی جۆراوجۆرمان هه‌یه له‌مێژوو‌دا، به‌ڵام کێشه‌که ئه‌وه‌یه که ئێمه له‌و مێژووه دابڕاو‌ین. نه‌ریتی به‌ڕێوه‌بردن نوێ نییه، به‌ڵکو نه‌مانتوانیوه شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی بگوێزینه‌وه بۆ ئێستامان و ئه‌و زانینه ئه‌زموونییه که‌ڵه‌که‌بووه له مردن رزگارکه‌ین. که‌واته خاوه‌نی ئه‌زموونین، به‌ڵام دابڕاو‌ین له‌خودی ئه‌زموو‌نەکه. بۆیه ئه‌و گوته‌ی «ئێمه ئه‌زموونی حوکممان نییه»، نه‌ک هه‌ر بێئاگایه له‌مێژوو، به‌ڵکو ده‌یه‌و‌ێ به‌ناوی «ئه‌زموونی نوێ»وه وه‌ک قارچکێ له‌نێو بیابانێکدا هه‌ڵتۆقێ!
بۆیه ئه‌وه‌ی ریشه‌ی خۆی نه‌ناسێ، هه‌ڵه‌ی مه‌زنیش ده‌کات. جگه‌له‌وه‌ی ئه‌و گوته‌زایه باس له لێنه‌هاتوویی خۆی ده‌کات. پێموایه لافی تازه‌یی حوکمڕانی، به‌رهه‌مهێنانی گوتارێکه - دیسکۆرسێکه- که‌خۆی بێ بنه‌چه‌و پاشخان ده‌کاته موعجیزه‌یه‌ک، به‌ڵام له‌سیاسه‌تدا ئه‌وه‌نییه. مێژوو به‌پاشخانی ئه‌زموونێک و مه‌عریفه‌یهك ده‌مانگه‌یه‌نێته ئامانج. که‌واته ئه‌و گوته‌یه که‌باس له‌بێئه‌زموونی ده‌کات، خۆپه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌قیقی نییه به‌ڵکو ملپه‌ڕاندنی خۆیه‌تی، له‌بەر‌ئه‌وه‌ی:
- خۆبچووک کردنه‌وه‌یه
- پاساوه بۆ هه‌ڵه‌کان که هێشتا نه‌بوونه‌ته مایه‌ی لێوه‌رگر‌تن.
- خۆدزینه‌وه‌یه له‌به‌رپرسیاریه‌تیی.
- بیرنه‌کردنه‌وه‌یه له‌داهاتوو و چاره‌نووسی ئه‌زموونکارییه‌که.
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر