راگەیاندن و پاراستنی یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردستان
October 26, 2012
وتار و بیروڕا
لەم سەردەمەی بەشووشەبوونیی گۆی زەویی و ئاشكرابوونی كەلەبەرو كووچەو توونێڵەكانی جیهان و، بەزەحمەت پاراستنی نهێنییەكاندا، راستە ئێمە وەك لایەنە كوردستانییەكان پێویستە بێدەنگ نەبین لەئاست گرفت و كەموكوڕییەكانی نێو ماڵی خۆماندا، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستترە ئەوەیە كە نابێت ئەم شەڕی راگەیاندنە بەبەرچاوی دوژمنانەوە بكەین، بەڵكو پێویستە گشت گرفت و شەڕو ناكۆكی و كەموكوڕییەكانی خۆمان بخەینە سەر مێزی گفتوگۆ لە نێو ماڵی خۆمانداو، دواتریش دەرئەنجام و چارەسەرەكان بۆ دەرەوە رابگەیەنین.
ئێستاش كە سەردەمی زۆر بوونی هۆكارە جیاجیاكانی راگەیاندنەو، لەسایەی بوونی زیاد لە هۆكارێك و، زیاد لە كەسێك بۆ گوزارشت كردن لەڕای دەوڵەتێك، هەرێمێك، حزبێك، رێكخراوێك، كۆمپانیایەك، كارێكی باشە كە حزبە كوردستانییەكان راگەیاندنە فەرمییەكانی خۆیان بناسێنن و، ئەو دوای كەناڵەكانی دیكەشیان بەڕای تایبەتی خاوەنەكانیان بناسێنن.
راستە میدیا لەڕیزبەندیدا چوارەمە لەدوای دەسەڵاتەكانی یاسادانان و راپەڕاندن و قەزا، بەڵام لە كۆمەڵگەی هاوشێوەی ئێمەو دەوروبەرماندا زۆر جار دەبێتە یەكەم و، لەتواناشیدا دەبێت ئەو سێ دەسەڵاتەكە تووشی زۆر كێشەی گەورە بكات.
بۆیە زۆر گرنگە لەپێناوی راگەیاندنێكی خاوەن ماف و ئەركناسداو، لەپێناوی بەڕێكردنی ئەم قۆناغە هەستیارەشدا، ئاماژە بەچەند خاڵێك بدەین كە راگەیاندنی حزبەكان دەتوانن رەچاویان بكەن، لەوانە:
یەكەم: مامەڵەكردنێكی هەستیارانەو بەرپرسیارانە لە بارەی هەستیاریی كێشەكان و ئاڵۆزیی پەیوەندییە نێو خۆیی و دەرەكییەكاندا.
دووەم: رەچاوكردنی باری دەروونیی تاك و كۆمەڵگەو سایكۆلۆژیای پێكهاتە و نەتەوەكان و خاوەن ئایین و ئاینزاكان و، پێشبینیی كردن و زانینی قەبارەو جۆری كاردانەوەیان .
سێیەم: هەوڵدان بۆ خۆ دوورگرتن لە هەندێك ڕاپۆرتی نا ڕەسمی و نووسین ء لێدوانی هەندێك سیاسەتمەدارو لێكۆڵەری سیاسیی جیهانی، كە هەریەكەو بە ئاراستەیەكی دیاریكراوی گونجاودا لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی خۆیاندا دەینووسن، گوایە بۆ بەرژەوەندیی ئێمە قسە دەكەن، كەچی لە راستیدا دەیانەوێت شەڕی خۆیان بە ئێمە بكەن .
چوارەم: لەپێناوی پاراستنی راستگۆییدا، كە گەورەترین سەرمایەی راگەیاندنە، خۆ دوورگرتن زۆر پێویستە لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵەو گومڕاكار كە پێش هەر لایەكی دیكە زیان بە راستگۆیی میدیا خۆی دەگەیەنێت .
پێنجەم: هەوڵدان بۆ كاركردن و پابەندبوون بەیاسای رۆژنامەگەریی و یاساكانی ڕێكخستنی كاری ڕاگەیاندنء پەخشی كەناڵء هۆكارەكانی دیكەی راگەیاندن.
شەشەم: كاركردن لەسەر بازنە گەورەكانی ئینتیماو چەمكەكانی هاونیشتمانییء هاوڵاتێتیء دەربازبوون لە لەخۆ خزاندنە نێو بازنە تەسكەكانی جیاكاریی و خۆ جیاكرنەوە لەواقیع.
حەوتەم: هەوڵدان بۆ پەیڕەو كردنی سیاسەتی نەفەسی درێژو بەردەوام لە هەماهەنگییء هاریكاریی و وازهێنان لە پەرەپێدان بە كەلتوری ترسء گومان لە بەرامبەر.
هەشتەم: هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانی رابووردوو، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بەڕووی ئەمڕۆداو كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و كرانەوە بەسەر ئاییندەیەكدا كە چارەنووسی هەمووانی پێوە گرێدراوە .
نۆیەم: زانینی ئەو راستییەی كە هەندێك نووسینء وێنەو كاریكاتێر زیانی كوشندە لە پەیوەندییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان دەدەن و، هەندێك هەواڵی كۆمەڵایەتی و ئاینییش بۆی هەیە شیرازەی كۆمەڵگە بشێوێنێت تا ماوەیەكی درێژ خایەن .
دەیەم: لەپێناوی هەموو ئەمانەو زۆری دیكەشدا، وا باشە راگەیاندنی حزبە كوردستانییەكان لەنێوان خۆیاندا كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ یاداشتنامەیەكی لەیەكگەیشتن ئەنجام بدەن، چونكە ئەزموونی لای خۆمان سەلماندی كە هۆی سەرەكیی شەڕی گەرم و ساردی نێوان زۆرێك لە لایەنەكان، خراپ حاڵیبوونە لەڕۆڵی راگەیاندن و، خراپ بەكارهێنانی هۆكارەكانی ڕاگەیاندن بووە .