(بەفرو فتبۆڵێن)
October 11, 2012
وتار و بیروڕا
گوتم : نەوەڵڵا، ئێمە تیپی فتبوڵێنانمان هەیەو ئەمانەوێ وەك ئەوانەی (جەزائیر)مان لێ بێت، ئیدی یەكەم كەس، سەری خۆمی (سفر) كرد، هێندەی نەبرد هەر هەموومان بە سەری لووسەوە گەڕاینەوە ماڵێ، ئەوسا مشووری كراسی كەسك و سپی (جەزائیر)مان خوارد، ژنێك ماڵی لای قوتابخانەكەمانەوە بوو، بۆی دورین هەر كە كراسەكانمان وەرگرتەوە، لەو شوێنەوە لەبەرمان كرد وا بزانم شەویش بەو سەرمایە، هەر دەمانویست پێوەی بخەوین، كە لە خۆم دەڕوانی، ئەوانمان وەبیر دەهاتەوە. هەرچەندە ئێمە، ئەو دەستە مێرد منداڵە، بەتایبەت كە بەیەكەوە دەگەڕاین، مایەی سەرنج راكێشانی خەڵكەكە بووین، ئیدی تانەو تەشەرەو توانجیان تێدەگرتین. ئەو دەمە وا باوبوو، كە قوتابیان دەچوونە سەیرانی بەهاران، رۆژی لەوەو پێش لە ترسی باران بارین، نەبادا سەیرانەكەیان لێ تێكدا، ناوی پەنجا كەچەڵیان دەنووسی و بە لقی درەختێكدا هەڵیاندەواسی، گوایە ئەو كەچەڵە لیستە بەفریادیان دێت و بەیانی سایەقەی ساماڵ دەبێت. بۆیە بە شۆخی و لاقرتێ پێ كردنەوە دەیانگوت : بەخوا یەكاو یەكن گەڕان و خۆماندووكردنی ناوێت، كەچەڵە لیستێكیان پێ پێكدێ. بەڵام چونكە خۆمان بەو یاریزانانە دەزانی، هیچ باكمان لێی نەبووە، ئەو بەفرو یارییە بووە وێردی سەر زاری هەمووان، بەتایبەت، مێرد منداڵان و گەنجان و سەرجەم وەرزشوانان. ئەوانە رۆژانێك بوون، بازیان بەسەر، بزربوون و سڕینەوەدا دابوو، رۆژانێ بوو، مامۆستا (یاسین حەمە ساڵح) نموونەی باڵای وەرزش بوو، بە شەهید كردنی لە حوزەیرانی (1963) ئەستێرە گەشەیەكی نازداری گەلەكەمان لە ئاسمانی وەرزشدا ئاوابوو. دەكرێ لەبیر بچێتەوە ؟ هەرگیز لەیاد ناكرێت و لەچوارچێوەی ئەو شتانەدایە كە ناسڕێنەوەو نەخشی هەتا هەتاین لە زەینی من و شارەكەمدا.
هەر لەو ساڵەدا تیپێكی فتبۆڵ لە گەڕەكەكەماندا دامەزرا، منیش بوومە ئەندامی ئەو تیپە ناوی تیپی بروسكە بوو، بەتەمەن لە هەموویان گچكەتر بووم، دوكانێكیان كردبووە بارەگا، دارو دیواریان كردبوو بەوێنەی رابەرانی (كۆمینێست)، لە چەندین وێنەی (ماركس) و (ئەنجلیس) و (لینین) و (ستالین) و (كاسترۆ)، هەتا (خرۆشوف)، منیش لە ماڵەوە وێنەیەكی نازداری (بارزانیی نەمر)مان هەبوو، كە لە (سۆڤیت) بەچاكەت و پانتۆڵەوە گرتبووی دەستی راستی لەسەر دڵی دانابوو، هونەرمەند (حەمە صالح دیلان) كە فەرمانبەر بوو لە گەنجینەو گەراجی (ئیدارە محەلی)، دراوسێمان بوو، دابووی بە كاك حاجی محەمەد سەرداری برام، منیش وێنەكەم هەڵگرت و بردم بۆ بارەگای تیپەكە، كورسییەكم راكێشا و چوومە سەری، وێنەكەم لەسەرووی هەمووانەوە داناو زۆر دڵم بەو كارەم خۆش بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانم نەدەكرد، ئەو سزایە بوو كە بۆ رۆژی دوایی دایانمێ، ئەویش دەركردنم بوو لە تیپەكە، ئەوە یەكەم سزا بوو لە ژیانم دا كە دابوویانم، سزا لەسەر خۆشەویستیی (بارزانی)، لەگەڵ ئەوەشدا هەستم بەوە كرد (كە هەم) و، ئەو خۆشەویستییەی مێرد منداڵی گەورەتر بوو منیشی گەورەتر كرد.. ئەو سزایەش چووە ئەلبوومی زەینەوە، كە هەرگیز ناسڕێتەوە ...