لە عێراقی مالكی و حزبی دەعوەدا چی تازە دەگوزەرێت؟
October 11, 2012
وتار و بیروڕا
كاتێك بە وردی سەیری پەرەسەندنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لە عێراقدا دەكەین، وێرای پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە ئاشكرا تابلۆیەكی بەرجەستەكراوی سیاسەتی حزبی دەعوەو نوری مالكیمان بۆ دەردەكەوێت،بەم شێوەیە:
1- پەرەسەندنی سیاسەتی تایفی و ململانێ و زێدەبوونی كردەوەی تیرۆریستی و كوشتن بەناوی سیاسەت كە لە 4 ی مانگی ئەیلولدا بە شێوەیەكی یەكجار ترسناك عێراقی گرتەوە كاتێك زیاتر لە 94 شەهید و سەدان برینداری لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی عێراق لێكەوتەوە،ئەمەش بە ئاشكرا گوزارشت لەوە دەكات كە ئاسایش و هێمنی و سەقامگیری لەو وڵاتە مەحاڵەو دەزگاكانی ئەمنی توانای كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكەیان نەماوەو ئەو حكومەتە بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی ئەوەی نییە پارێزگاری لە ژیان وسەرو ماڵی هاووڵاتیان بكات.
2- زەوتكردنی ئازادییەكانی گشتی و سەرپێچی كردنی ئاشكرای بەندەكانی دەستووری عێراق و رێكەوتنامەی مافەكانی مرۆڤ، لێرەشدا ئەوەندە بەسە كە ئاماژە بدەین بەو هێڕشە دڕندانەی بەردەوام دەكرێنەسەر رێكخراوەو یانەو دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و تۆقاندنی كارمەندان و لێدان و سووكایەتی پێكردنیان و تێكشكاندنی كەلوپەلەكانیان بە ناو و فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان .
3- زێدەبوونی گەندەڵیی دارایی و ژمارەی مشەخۆرەكانی ملیاردێرو ملیۆنێری دۆلار،دیارە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە لە دەوروپشتی سەرۆك وەزیران و فەرمانگەكانی سەر بەئەون و سوودمەندی بەرژەوەندییەكانن.
4- بەردەوام بوونی بێكاریی ئاشكرا و بێكاریی داپۆشراو ئەگەر بە پێی داتاو ئامارەكانی دەزگا فەرمییەكانیش بێت، ئەوا بێكاریی ئاشكرا رێژەكەی لە 15%ی ئەو هێزە زیاترە كە توانای كاركردنی هەیە،بەڵام لە راستیدا رێژەكە زۆر لەوە زیاترە.
5- بەردەوام كەمیی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە تایبەتیش كارەبا و پەرەسەندنی كێشەی كەمیی ئاو لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا
6- زێدەبوونی كاریگەریی سیاسیی كلتووری نابەجێی مالكی و حزبەكەی و رەنگدانەوەی لە هەڵسوكەوتی نالەباری كۆمەڵایەتی بەرامبەر رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەوڵدانی بەردەوام بۆ خەفەكردنی رۆڵی رۆشنبیر و دیموكراسیخوازان لە ژیانی رۆشنبیریی گشتی لە عێراق و زێدەخەرجیی لە پارەو سامانی گەنجینەی دەوڵەت لە رێكخستنی رێوڕەسمی سازكردنی سەردانی ساڵانەی ملیۆن شیعە كە دەبێتەهۆی كەوتنەوەی رووداوی دڵتەزێن كە لەو وەرزەدا بە دەیان كەس دەبنە قوربانی كردەوەی تیرۆیستی .
7- ئارەزوویەكی لەرادەبەدەری سەرۆك وەزیران لە كۆنترۆڵكردنی دامەزراوە سەربەخۆكان لەوانە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردەكان و بانكی ناوەندی و هەوڵدان بۆ ئەوەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی حزبەكەی و مەرامەسیاسییەكان بەكاریان بهێنێت، ئەمە وێرای كۆنترۆڵكردنی تەواوی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆو رۆشنبیری.
8- زێدەبوونی كاریگەریی ئێران لەسەر سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی عێراق و پەرەسەندنی رۆڵی خامینەئی و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر حزبی دەعوە و خودی نوری مالكی.
9- هەڵوێستی ناعەقڵانی و نامرۆیی سەرۆكی حكومەتی عێراق و پشتیوانیكردن لە رژێمی سوریا هاوشێوەی حكومەتی ئێران كە یارمەتی مانەوەی رژێمەكە دەدات.
ئەوەی بارودۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە نەبوونی ئاڕاستەو بۆچوونێكی روونە لای حكومەتی عێراق تایبەت بە دانانی نەخشەیەكی تایبەت بە سیاسەتی عاقڵانەی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە پێناو دەربازبوون لەو قەیرانە سەختە ئابووریەی كە عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت. ئەمڕۆش گەلی عێراق سەرلەنوێ رووبەڕووی دكتاتۆرییەتێكی تازە دەبێتەوە،هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە گوایە دەستووری عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران رێگرن لەبەردەم پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەو دیكتاتۆریەتەو كۆنترۆلكردنی دەوڵەت و كۆمەڵگە.
دیارە بەڵگەكان ئەوە دەسەلمێنن كە بەردەوام بوونی ئەم حكومەتەو سەرۆكەكەی لەو سیاسەتەیان خەریككردنی لایەنە سیاسییەكانە بەوەرگرتنی دەستكەوتی سیاسی و دارایی تاكو لەئاست ئەم لاسارییە بێدەنگ بن، بۆیە لەم روانگەیەوە هەندێ كەس لە شان وشەوكەتی سەرۆكوەزیران بەرزدەكەنەوە ئەوانەیش خۆیان لە سێ نموونە بەرجەستەدەكەن:
نموونەی یەكەم: تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەكان كە پێچەوانەی بەندەكانی دەستوور و بڕیاری دادگای فیدرالییە ئەویش بە دزینی دەنگی هاووڵاتی دەنگدەر بۆ بەرژەوەندیی هێزە براوەكان.
نموونەی دووەم: بێدەنگیی تەواو دەربارەی هێڕشی دەسەڵاتدارو سەركردەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆسەر رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و یانە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكان و داخستنیان و پەلاماردانی ئەندامەكانیان.
نموونەی سێیەم: بێهەڵوێستیی حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە دەرنەكردنی یاسای حزبەكان و دەست بەسەرداگرتنی زۆربەی دەزگاو دامەزراوە سەربەخۆكان لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە. لە كاتێكدا كەئەمڕۆ رووبەڕووی ئەم تەنگژەیە دەبینەوە، بەڵام تەنگژە گەورەكە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە چەندین دیاردەی نێگەتیڤ هێشتا درێژەیان هەیە كە واپێویست دەكات كاری چڕوپڕ لەلایەن هێزو لایەنە دیموكراسییەكانەوە ئەنجام بدرێت بۆ گۆڕینی ئەم حاڵەتە، لێرەشدا گلەیی دەكەم لە:
1- بوونی حاڵەتێكی پشتگوێخستن لەلایەن تاكەكانی كۆمەڵگەوە بەرامبەر بەو رووداوانەی لە وڵاتدا لە ئارادان،بە تایبەتیش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، لەبەرئەوەی سەرۆك وەزیران و حزبە ئیسلامییە سیاسییەكان میللەتیان بە ململانێی تایفی و سەردانی ملیۆنی و پشووی بەردەوام خەریك كردووە.
2- چاوپۆشینێكی كردەیی هەندێك حزبی سیاسی كە لە حوكمدا بەشدارن جا بەهۆی دەستكەوتی تایبەت بێت یاخود لەبەر سازشكردن بێت لەگەڵ حزبی یەكەمی فەرمانڕەوا(حزبی دەعوە) ومالكی،ئەوان ئەو حزبە وا پیشاندەدەن كە نوێنەری شیعەیەو هاوپەیمانی شیعە= كوردە.
3- لاوازیی چالاكی وبزاڤی رۆشنبیران لە عێراقدا دژی ئەو سیاسەتانەی سیستەمی فەرمانڕەوا پیادەیان دەكات.
4- بێدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو رووداوانەی عێراقیان گرتۆتەوە لە رووی زەوتكردنی ئازادییەگشتییەكان، بەتایبەتیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
ئەوبانگەوازەی نووسینگەی راپەڕاندنی هێزەكانی رەوتی دیموكراسی عێراقی دەریكرد بە ئاشكرا ئاماژە بۆ چەند زێدەڕۆییەك لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەكات كە وڵاتی گرتۆتەوە تێیدا داوای یەكخستنی ڕیزەكان دەكات، هێزەكانی رەوتی دیموكراسی چەندین بەڵگەی لەژێر دەستدایە سەبارە بە زێدەڕۆییەكانی مالكی كاتێك سوێندی خواردووە كە:
رێز لە دەستووری عێراق و مافی مرۆڤ بگرێت و دەسەڵاتەكان لە یەكدی جودا بكاتەوەو دژی ستەم و زۆرداری بوەستێتەوەو بەرهەڵستیی هەوڵی گەڕاندنەوەی رژێمی پێشوو بكات لە زەوتكردنی ماف وئازادییە گشتییەكان،هەروەها رەتكردنەوەی تایفیی سیاسی و پیادەكردنی پرەنسیبەكانی دەوڵەتی یاسا،بنبڕكردنی تیرۆرو هێزە تیرۆریستەكان،بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی وگەندەڵان،بەكارهێنانی سامانی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگە، نەك بۆ ئەوانەی پشكی شێر بۆ خۆیان دەبەن ومیللەت برسی دەكەن.بۆیە بێدەنگبوون لەئاست ئەو ستەم ونادادپەروەرییەی لە عێراق دەگوزەرێت، بەرپرسیارییەتێكی گەورەیە لە پێناو دابین كردنی ئازادییە گشتییەكان و پاراستنی تاكەكان و دەستوری عێراق.