گۆڕانی پێوەندییەكانی نێوان ئیسلامیی پرەگماتی و ئیسلامیی سەلەفی
October 4, 2012
وتار و بیروڕا
بۆ ئیسلامییە پرەگماتیكییەكان، گەیشتن بەدەسەڵات لەوڵاتانی بەهاری عەرەب دەرفەتێكە بۆ سەلماندنی شایستەیی و توانایان لەحوكمڕانیدا، بەڵام سەلەفییەكان لەم گۆشەنیگایەوە سەیری مەسەلەكە ناكەن و پێیان وایە گەیشتنی ئیسلامییەكان بەدەسەڵات دەرفەتێكە بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەی بەموسڵمانكردنەوەی كۆمەڵ و خۆراپسكاندن لەكاریگەرییەكانی شارستانێتی رۆژئاواو چڕكردنەوەی خەبات لەدژی ئەمریكا.
ئیسلامییە پرەگماتییەكان، بەتایبەتی گرووپی ئیخوان موسلمین لەمیسرو بزووتنەوەی نەهزە لەتونس، نكوڵی لەوە ناكەن كە لەرووی ئایدیۆلۆژییەوە خۆیان و سەلەفەییەكان لەیەك سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام ئەوان لەسەلەفییەكان زۆرتر بەتەنگ ئەوەوەن كە مەرجە پێویستەكانی سەرخستنی ئەزمونی حوكمڕانیی ئیسلامی فەراهەم بكەن و زۆرتر باوەڕیان بەوەیە كە گەیشتن بەدەسەڵات پێش هەر شتێك لێپرسراوێتییەكی گەورەیەو پێویستی بەسەقامگیرییە.
ئەگەرچی ئیسلامییە پرەگماتییەكان و سەلەفییەكان یەكدەنگن لەسەر سەرزەنشت كردنی فلیمەكەی دژ بەئیسلام و دەربڕینی ناڕەزایی، بەڵام رووداوی وەك هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەكان و دروست كردنی پشێوی لەوڵات و رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشدا، بۆ پرەگماتییەكان مایەی بەختەوەری نییە چونكە هەم كاریگەریی خراپ لەسەر رەوشی ئابوریی وڵاتەكانیان بەجێ دێڵێت و هەم رەوشی ئاسایشی ناوخۆ دەشڵەژێنێت. ئیسلامییە پڕەگماتییەكان پەی بەوەش دەبەن كە ورووژاندنی هەستی ئاینی لەدژی رۆژئاوا، سەلەفییەكان وەك پاڵەوانی شەقام نیشان دەدات و رق نەك هەر دژ بەڕۆژئاوا دروست دەكات، بەڵكو هەروەها دژ بەو ئیسلامییانەش كە بەهەڵبژاردن گەیشتوون بەدەسەڵات. لەناوەڕاستی ئەیلولدا ئیخوانەكانی میسر وازیان لەسازكردنی خۆپیشاندان لەدژی فلیمەكە هێناو بڕیاریان دا تەنیا بەشێوەیەكی رەمزی بەشداری لەناڕەزایی دەربڕینەكانی مەیدانی تەحریر بكەن. خیرەت شاتر جێگری رابەری گشتیی ئیخوان هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكای بە ((ناڕەوا)) داناو لەبرووسكەیەكدا بۆ رۆژنامەی ((نیویۆرك تایمس))وتی: ناكرێ لێپرسراوێتیی ئەم فلیمە بخرێتە ئەستۆی حكومەت و گەلی ئەمریكاوە.
شێواویی رەوشی ئاسایش لەبەرژەوەندیی ئیسلامییە پرەگماتیكییەكاندا نییە چونكە كاریگەریی خراپ لەسەر ئابووری بەجێ دێڵێت. بەڵام سەلەفییەكان گوێ نادەنە ئەم مەسەلەیە. هیچ كام لەمیسرو تونس وڵاتی نەوتی نین و لەهەردووكیاندا گەشتوگوزار بەشێكی گرنگی داهات دابین دەكات. ئەمە بەم مانایە دێت كە لێرە بەدواوە، رادەی وەبەرهێنان لەم دوو وڵاتە بەرەو كزی دەچێت و داهاتی گەشتوگوزاریش دادەبەزێت. سەلەفییەكان لەبنەڕەتدا دژی گەشتوگوزارن وەك بوارێكی دابینكەری داهات و پێیان وایە گەشتوگوزار بەبێ لادان لەبنەما ئاینییەكان نابێت. لەتونس هێرشی سەلەفییەكان بۆ سەر ئوتێلێكی گەشتیاری لە سیدی بووزید رەنگە سەرەتای هەوڵدان بێت بۆ وێرانكردنی گەشتیاری. سەلەفییەكان حزبی نەهزە بە كەمتەرخەم دەزانن و وای دادەنێن كە ئەم حزبە پێداویستییەكانی گێڕانەوەی ئیسلامگەرایی دابین نەكردووە. لەم سۆنگەیەوە سەلەفییەكان تائێستا پەلاماری چەندین بارەگای حزبی نەهزەیان لەچەند شارێكی تونس داوەو سوتاندوویانە. سەرۆكی بزووتنەوەی نەهزە راشد غەننوشی بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە كە سەلەفییەكان ((مایەی هەڕەشەن نەك هەر بۆ سەر نەهزە بەڵكو بۆ سەر ئازادییە گشتییەكان و ئاسایشی وڵاتیش)). لەمیسر هەموو خۆپیشاندانە توندوتیژەكان و ئۆپەراسیۆنەكانی هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەكان دەستی حزبی ئەسالەو حزبی نوریان تێدایە كە دوو حزبی سەلەفین.
ئەگەر ئەم رەوتە لەسەر ئەم هەنگاوانەی ئێستا بەردەوام بێت، رەنگە لێك نزیكبونەوەیەكی زۆرتر لەنێوان سەلەفییەكان و رێكخراوی قاعیدە دروست ببێت، بەتایبەتی كە خەریكە پرەنسیپە تیۆرییەكانی هەردوولا بەرامبەر بە ئیسلامییە پرەگماتییەكان و رۆژئاوا دەبێت بەیەك. لەهەلومەرجی ئێستادا، قاعیدەو سەلەفییەكان لەقازانجیاندا نییە ئەزمونی ئیخوان لە میسرو ئەزمونی نەهزە لە تونس سەركەوتن بەدەست بێنن. ئەمەش هانیان دەدات تەنگ بەم دوو ئەزمونە هەڵچنن و كێشەیان بۆ دروست بكەن. ئەمە نیشانی دەدات كە سەلەفیەت وەك رەوتێكی خاوەن ستراكتۆرێكی ئایدیۆلۆژیی پشت ئەستوور بەتوندوتیژیی سوننەگەرایی، لەگەڵ هیچ رەوت و بۆچوونێكی دیكەدا ناژێت. ئەمەش تەنیا یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە كە قۆناغی ململانێی نێوان ئیسلامیی پرەگماتی و ئیسلامیی سەلەفی دەستی پێكردەوەو ئەم ململانێیەش بەدڵنیاییەوە ململانێیەكی سەخت و توندوتیژ دەبێت.