به‌ره‌نگاریی ستراکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا
September 27, 2012
وتار و بیروڕا
بێگومان ئه‌و مێژووه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ش که ئه‌م کرده‌یه‌ی تیادا دروستده‌بێت (کرده‌ی ته‌قدیسکردن)، هه‌مان ئه‌و مێژووه‌یه که تاکه په‌رته‌وازه‌کان، تاکه سه‌رگه‌ردانه‌کان، تاکه بهرهڵاکراوهکانی نێو کۆڵانه‌کانی وجود، له نێو گرووپی پێکه‌وه گونجاو‌دا کۆده‌کاته‌وه. گرووپێکی به‌شه‌ری بۆئه‌وه‌ی ببێت به گرووپێکی گونجاوی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك کۆده‌نگیه‌کی ناوه‌کی له‌سه‌ر چه‌ند نۆرمێكی فراوانی هه‌ژمووندار بۆ خۆی دروستبکات. بۆنموونه نۆرمی وێناکردنی ژن، وێناکردنی هاریکاری، وێناکردنی گوێڕایه‌ڵی، وێناکردنی پێگه‌ی باوك یان براگه‌وره، وێناکردنی سه‌رۆکی خێڵ، وێناکردنی په‌یوه‌ندی به کار و قازانجه‌وه، تاد. به‌بێ کۆده‌نگی له‌سه‌ر سیسته‌می نۆرمه ناوه‌کیه‌کان، گرووپی گونجاو دروستنابێت. ئه‌وه‌ی واده‌کات که کۆمه‌ڵگه‌کانی پۆست مۆدێرنیتێ وه‌ك کۆمه‌ڵگه هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه کۆتایهاتنه به ئاماده‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م گرووپانه، بێگومان له ئاستێکی دیکه‌دا، چونکه ئه‌و گرووپانه‌ی که مۆدێرنیتێ دروستیان ده‌کات هه‌ڵگری هه‌مان سیسته‌می به‌های پێکه‌وه گونجاوی گرووپه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ترادیسیۆن نین.
ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت کلیکی له‌سه‌ر بکه‌ین کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه که له‌نێوان سنووره‌کانی مۆدێرنیتێ و ترادیسیۆندا تووشی جۆرێك له دڕان بووه. دڕانی به‌شێك له سنووره‌کانی ترادیسیۆن و دڕانی به‌شێکی دیکه له سنووره‌کانی مۆدێرنیتێ. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی شانۆی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و سه‌دان گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که له‌نێو مێژوویدا دروستبوون و هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی جیهانبینییەکی گونجاوی ئه‌خلاقی، ئاینی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌یاندا. نۆرمه باڵاکانی ئه‌م گرووپانه، هه‌ر له بادینانه‌وه بیگره تا ده‌گاته هه‌ورامان،هه‌مان ئه‌و نۆرمانه‌ن که شه‌رعیه‌ت و هێزو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ژموونیان له «ترادیسیۆن»ه‌وه وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌ش وایان لێده‌کات که تاڕادهیەکهی زۆر بتوانن له یه‌کتر تێبگه‌ن، وه‌ك یه‌ك بیربکه‌نه‌وه، له یه‌ك سیسته‌می ڕه‌وشتیدا ئاوێزان ببن، وه‌ك یه‌ك هه‌ست به خۆشی و ئازاره‌کان بکه‌ن، ته‌نانه‌ت چێژ وه‌رگرتن له خواردن، سێکس، گهشتکردندیشیان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌یه‌ك نزیک بێت.
بێگومان ده‌کرێت لێره‌دا ئێمه چه‌ندین نموونه بخه‌ینه به‌رده‌ست. هه‌ر له له‌دایکبوونی مناڵێکه‌وه و چۆنییەتی بانگدان به‌گوێیدا تا بیناکردنی پێوه‌ندیه‌کانی ئه‌م مناڵه له‌گه‌ڵ باوك، دایك، برا، خوشك، گه‌ڕه‌ك، مامۆستا، قوتابخانه، مزگه‌وت، دواتر حزب، زانکۆ، خێڵ، ژن، سه‌فه‌ر، خێزان دروستکردن، مناڵکردن، ئۆتۆمۆبیل و سه‌دان شتی دیکه‌دا، ده‌کرێت بخه‌ینه ژێر کۆنترۆڵی تاقیکردنهوەو پشکنینه‌وه، به‌ڵام له وتارێکی وادا نه‌جێگای ئه‌وه ده‌بێته‌وه، نه کاتی ئه‌وه‌شمان هه‌یه‌و ئومێده‌که‌م ئه‌م کاره له توێژینه‌وه‌یه‌کی درێژتردا بکه‌م.
ئه‌وه‌ی که‌له‌م سیسته‌مه فراوانه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خودی سیسته‌مه‌که‌و هه‌موو دهزگاکانییەوه(خێزان، قوتابخانه، زانکۆ، حزب، مزگه‌وت، که‌نیسه، گه‌ڕه‌ك، خزم، هاوڕێ، فه‌رمانگه) نه‌فره‌تی لێده‌کرێت و وه‌ك سه‌ره‌تانێك، دومه‌ڵێك، شتێکی پیس به لاشه‌ی پاکی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌خرێته سه‌ر شانۆ و له کۆبوونه‌وه‌کاندا پێناسه‌ده‌کرێت. وه‌ستانێکی خێرا له‌سه‌ر دیارده‌ی ژن کوشتن له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر چۆنییەتی ئیش‌کردنی پرۆسێسی به‌نه‌فره‌تکردنی هه‌ر مرۆڤێك که، به جۆرێك له جۆره‌کان، له ئاستێك له ئاسته‌کاندا له‌م سیسته‌مه بێته ده‌ره‌وه.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ، لە 7 مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان 235 ئافرەت سووتاون یان خۆیان سووتاندووە، كە بەوشێوەیە بووە: 106 ژن لە هەولێر، 43 دهۆك، 62 سلێمانی، 24 ژنیش لەگەرمیان. به‌پێی ڕیپۆرتاژێکی ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسی، له 1992 تا 2006، نزیکه‌ی 12 هه‌زار ئافره‌ت له کوردستانی عێراقدا کوژراون یان خۆیان کوشتووه.
هه‌روه‌ها ده‌توانین نموونه به کۆچی نه‌وه‌ی نوێی کورد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێنینه‌وه. به‌پێی ڕاپرسیه‌کی ئێمه که شه‌سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش که‌س وه‌ڵامیانداوه‌ته‌وه، چل و سێ له سه‌دی لاوانی کورد ئاره‌زوو ده‌که‌ن که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌جێبێڵن و له یه‌کێك له کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌کاندا بژین. چل و شه‌ش له سه‌دیان بێزاربوون له سیستمه‌ی دروستکردنی خێزان و به‌لایانه‌وه ئاساییه، بگره باشتره که له‌گه‌ڵ مه‌سیحیه‌ك، جوله‌که‌یه‌ك، بودیستێکدا ژیان دروستبکه‌ن. په‌نجا و شه‌ش له سه‌دیان پێیانوایه که ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه ئیسلام، ئایینه مێژووییه‌که‌یان، خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ك هه‌ر دیمۆکراسی به‌ڵکو عهلمانییەتیشدا بگونجێنێت.
بێگومان هه‌مووئه‌م داتایانه ئێمه ده‌به‌ن به‌ره‌و پرسیارێکی زۆر گرنگ. ئایا ستراکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، که له‌نێو مێژوویه‌کی هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌خلاقی، ئاینی و کەلتوریدا خۆیان بیناکردووه، توانایی ئه‌وه‌یان تێدایه که گۆڕانکاری به‌سه‌ر خۆیاندا بێنن و نه‌وه‌ی نوێی کوردی ده‌سته‌مۆ بکه‌ن ؟
ئه‌م پرسیاره کاتێك مانای هه‌یه که ئێمه تێبگه‌ین له‌وه‌ی که له‌ژێر کارایی گۆڕانکاریه ستراکتۆراڵه ناوخۆیی، ناوچه‌یی و جیهانییەکاندا و له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کاندا، نه‌وه‌ی نوێی کوردیش که‌وتوته ژێر کارایی به‌هێزه‌وه و له‌ڕێگای پراکتیکی ژیانی هه‌موو ڕۆژێکیهوه، مه‌ودا له‌نێوان خۆی و گرووپه گونجاوه هه‌ژموونداره مێژووییه‌کاندا دروستده‌کات. ئه‌م مه‌ودا دروستکردنه هه‌ندێكجار له شێوه‌ی «مقاوه‌مه‌ت/ڕێزیستانس/به‌ره‌نگاری»دا خۆیمان پێده‌ناسێنێت. به‌ره‌نگاری له‌پێناوی ئازادی بیرکردنه‌وه‌دا، له‌پێناوی ئازادی نووسیندا، له‌پێناوی ئازادی خێزان دروستکردندا، له‌پێناوی ئازادی ئاینگۆڕیندا، حزب گۆڕیندا. هه‌ندێك جاری دیکه له شێوه‌ی «هه‌ڵهاتن»دا خۆیمان پێده‌ناسێنێت. هه‌ڵهاتن له نیشتمان، هه‌ڵهاتن له خێزان، هه‌ڵهاتن له ستراکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان و گرتنه‌به‌ری ڕێگای مه‌نفایه‌کی هه‌میشه‌یی و له‌هه‌ندێك هه‌لومه‌رجیشدا هه‌ڵهاتن خاوه‌نه‌که‌ی ده‌بات به‌ره‌و کۆتایی هێنان به کوردبون و تێکه‌ڵبوونی سه‌د له سه‌دی به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زۆر تراژیدیتره مۆدێلی سێیه‌می مه‌ودا دروست کردنه که بریتیه له خۆکوشتن، خۆسڕینهوهی فیزیکی له‌به‌رامبه‌ر زه‌بروزه‌نگی بێسنووری ئه‌و گرووپانه‌دا که تائێستاش به‌ڕێوبه‌ری ڕاسته‌وخۆی کۆی ئه‌و ده‌زگایانه‌ن که سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دروستی کردون. خۆکوشتن کرده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزه، کرده‌ی بێ‌ئومێد بوون له هه‌ر ئاسۆیه‌کی گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی، بێ‌ئومێد بوون له کاڵبوونه‌وه‌ی چوارچێوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بیناکراو له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگی مێژوویی ئه‌و گرووپانه‌ی که شه‌رعیه‌تی دابه‌شکردنی نه‌فره‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیان پاوان کردووه.
ئایا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیاردانه : دیارده‌کانی به‌ره‌نگاری، هه‌ڵهاتن و خۆکوژی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، به گۆشت و ئێسقانییەوه، پێی ناوه‌ته نێو ڕووبه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مافی مرۆڤ، کۆمه‌ڵگه‌ی تاك، کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاده‌وه؟ بێگومان نه‌خێر. به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیاردانه، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تا ئێستاش ستراکتۆره مێژووییه «هۆلیستهکانی» کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندان و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی هه‌ر بهریهککهوتنێکن له‌گه‌ڵ مۆدێله‌کانی به‌ره‌نگاریدا. ئایا له‌کۆتایدا ئه‌م ململانێیه دهدهۆڕێنن یان به‌سه‌ر که‌وتوویی لێدێنه ده‌ره‌وه ؟ بۆئه‌مه‌یان ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌و مێژووه بکه‌ین که داهاتوو بۆمان ده‌نووسێته‌وه.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس