مەزەندەو ڕاستییەكان لەبارەی سووریاوە

مەزەندەو ڕاستییەكان لەبارەی سووریاوە
ڕۆژئاوا لەبەر دوو هۆ دوودڵن لە گۆڕینی خێرایی ڕژێمەكە. یەكەمیان لەبەر ئەوەی نایانەوێت ڕابكێشرێنە ململانێی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا( یان لە جیهانی ئیسلامیدا) كە ململانێیەكی كۆتایی نەهاتووە، دووەمیان، ئەوان نایانەوێت ببنە بەشێك لەو ململانێی دەسەڵاتەی لەسوریادا دەكرێت لەسەر ئاستی جیهان، ئەویش لەگەڵ هێزە گەورە ڕكابەرەكانی دیكەی وەك چین و ڕوسیا. ئەم فاكتەرانە دەرفەتەكانی بەردەوامبوونی حكومەتی دیمەشق بۆ ماوەیەكی درێژتر زیاتر دەكەن.
زۆرێك لە شرۆڤەوانانی توركیا قەناعەتێكی تەواویان هەبوو لەسەر ئەوەی كە سوپای سووریا لە ماوەیەكی كورتدا چۆك دادەدات، ئەویش بەهۆی ئەو جیابوونەوانەی لە سوپادا ڕوویاندەداو بەهۆی سروشتی تایەفەگەری بونیادی فەرماندەیی ناو سوپاوە. هەروەها لەبەر ئەوەی دوو لەسەر سێی خەڵكی سووریا سوننە بوون و ئەو شرۆڤەكردنانە پێشبینیان دەكرد، ئەم خەڵكانە بەرهەڵستی « ڕژێمی كەمینە» بكەن. ئێستاش پێشبینی دەكەن ئەو ماوەیە درێژەبكێشێت. بەلای منەوە سوپای سووریا لەوە خۆڕاگرتربوو كە من پێشبینیم دەكرد، هەر بۆیە ئیدارەی توركیا دەستی كرد بە گلەیی كردن لەوەی تەنیا هاوكاری نەكراوە لە گرتنەئەستۆی كێشەی پەنابەران و دوچاری دژواری بۆتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕەخنانەی لە ناوەوە لێی دەگیرێت لە بەرامبەر پابەندبوونی پەرۆشانەی لە ئاست ئۆپۆزسیۆنی سووریاییدا.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆڕاگڕی سوپای سووریا بریتییە لە سروشتی هێزەكانی موعارەزە( «كەلەلایەن هەندێ كەسەوە بە موعارەزەیەكی ئوسوڵی و جیهادی ناودەبردرێن» ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی پێشێلكاری زەقی مافەكانی مرۆڤ كە هاوشانە بە پێشێلكاریەكانی حكومەت) كە هەڵدەستن بە تۆقاندنی خەڵكانێك كە پشتیوانیان لە ڕژێمەكەی ئەسەد دەكرد، ئەو پشتیوانیكردنەش لەبەر ئەوە بوو كە ڕژێمەكە سروشتێكی عەلمانی هەیە و لەسایەیدا ئیمتیازی ئابووری بەدەستدەهێنن. ئەم گروپانە پاڵپشتیكردنی ئەسەد گرێدەدەنەوە بە مانەوە و بەردەوامبوونیانەوە.
ئەوە ئاشكرایە كە یەكەكانی سوپای سووریا پڕتفاقترن و باشتر ڕاهێنراون بە بەراورد بە سەربازە ڕێكنەخراوەكاوەكانی سوپای سووریای ئازاد. هەندێ لە شیكەرەوەكان باوەڕیان وایە ئەگەر یەكەكانی سوپا سەركەوتووبن لە پاراستنی یەكگرتوویی خۆیاندا، ئەوا دەتوانن بەرهەڵستی ئۆپۆزسیۆن بكەن یاخود بەسەریاندا سەربكەون. بە ڕەچاوكردنی ئەو ڕاستییەی كە ئێران، ڕوسیا و چین ئامادەی هاوكاری كردنیانن، ئەوا ئەم ئەگەرە گفتوگۆیەكی جیددی لەسەر دەكرێت لە ناوەندە جیاوازەكاندا. هۆكارێكی دیكەی ئەوەی جیابوونەوە تاكەكەسییەكان نەبوونە جیابوونەوەیەكی بە كۆمەڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئۆرگانە موحتەریفە باش ڕاهێنراوو دیسپلینكراوەكان لەگەڵ ئەو سەربازانەدان كە لەو گرووپە كۆمەڵایەتییانەوە هاتوون كە چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی حكومەتەوە گرێ دەدەن.
لایەنی بەهێزی سوپای سووریا بریتییە لە هێزە چەكدارەكان و تۆپخانەكەی. كە لەسەر شەڕكردن لەبەرامبەر دەستدرێژیكردنی ئیسرائیلدا ڕاهێنانیان پێكراوەو پڕچەككراون، لەگەڵ هێزە پڕتفاقەكان و پاڵپشتی تۆپخانە كە توانای لێدانی ئامانجەكانی ڕكابەران و دەورەدانیان هەیە، ئەویش بە پاڵپشتی هێزی پیادە كە لەلایەن گاردی كۆماری و میلیشیا دڵسۆزەكانەوە بۆیان دابین دەكرێت. بە داخەوە، هیچ یەكێك لەلایەنە پێكناكۆكەكان بایەخ و نیگەرانیان نییە لە ئاست ئەو خەڵكەدا كە لەشەڕەكەدا تیادەچن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە قوربانییە مەدەنیەكان «زیانی لاوەكین».
لەبەر ئەوەی ڕژێمی سووریا پێویستی بە هێزی پیادەی زیاترە، ئەوا بانگهێشتی هێزە یەدەگەكانی كرد و دەستی كرد بە ڕێكخستنی چەكدارە ڕێكنەخراوە نوێیەكان. هەروەها سوپای سووریا ئەو میلیشیایانە بەكاردەهێنێت كە پشتیوانی لە حكومەت دەكەن كە پێیان دەوترێت» شەبیحە» كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هەندێ لە دڕندانەترین تاوانەكانی شەڕ. ڕەوتی ئەم شەڕە ناوخۆییە ئاماژە بەو ڕاستییە دەكات كە شەڕەكە بەردەوام دەبێت تەنانەت دوای كەوتنی ڕژێمەكەی ئەسەدیش. بە زۆری «شەبیحە»كان سەر بە پێكهاتەی عەلەوی حكومڕانەكانن كە دەووترێت لە (عەلەویەكان) سەدا 12ی دانیشتووانی وڵاتەكە پێكدەهێنن.
سەرەڕای ئەو ڕاستییەی حكومەتی ئێستای سووریا حكومەتێكی دڕندانەیەو هیچ سنوورێك ناناسێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤدا ئەوا كاتی كەوتنی ئەم ڕژێمە، درەنگ یان زوو بەهۆی پشتیوانی بەردەوامی عەلەویەكان، غەیرەموسڵمانەكان، ئاوێتەبوونی سوننەكان و دوورەپەڕێزیی كوردەكانەوە درێژدەبێتەوە. واتە ئەم پشتیوانییە گرنگە كە هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە تەمەنی دەسەڵاتی ناوەندی ئێستا درێژ دەكاتەوە. لەوەش زیاتر ڕۆژئاوا (ئەمەریكا و ئەوروپا و ئیسرائیل لەلایەك) لەبەر دوو هۆ دوودڵن لە گۆڕینی خێرایی ڕژێمەكە. یەكەمیان لەبەر ئەوەی نایانەوێت ڕابكێشرێنە ململانێی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا( یان لە جیهانی ئیسلامیدا) كە ململانێیەكی كۆتایی نەهاتووە، بە چەشنی ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستاندا دەبینرێت. دووەمیان، ئەوان نایانەوێت ببنە بەشێك لەو ململانێی دەسەڵاتەی لەسووریادا دەكرێت لەسەر ئاستی جیهان، ئەویش لەگەڵ هێزە گەورە ڕكابەرەكانی دیكەی وەك چین و ڕوسیا. ئەم فاكتەرانە دەرفەتەكانی بەردەوامبوونی حكومەتی دیمەشق بۆ ماوەیەكی درێژتر زیاتر دەكەن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕاستییە سادەیەی كە ئەم حكومەتە لە گەڕەكەكانی دەرەوەی دیمەشق و لە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەكەدا، لە حەلەب شەڕ لەگەڵ خەڵكەكەی خۆیدا دەكات، ئەوا ئەمە بۆتەهۆی ئەوەی زیانێكی گەورە بكات. چونكە لەدەستدانی هەر یەكێك لەم شارانە جاڕدانی لەدەستدانی رژێمەكەی ئەسەدە. زیانێكی دیكە بریتی دەبێت لەوەی ئەم شارانە ببنە زۆنگاوێك ئەگەر هاتوو كۆنتڕۆڵكردنەوەیان مەحاڵ بوو. بڕینی ئاو لە شاری حەلەب هەنگاوێكە بەرەو دابڕینی یەكجارەكی حكومەت لە خەڵكەكەی.
* ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی فاتح لە توركیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر دۆزی كورد و یەكێكە لەنووسەرە دیارەكانی توركیا
Top