وانەیەك لە پەرلەمانتارە ئەوروپییەكانەوە

وانەیەك لە پەرلەمانتارە ئەوروپییەكانەوە
زیاتر لە 10ساڵ بەر لەئێستا هاری فان بۆملی پەرلەمانتارم ناسیوە، هەتا ئێستا بۆ یەک چرکە لە گوتار و هەڵوێستەکانیدا هەستم نەکردوە کە ئەو پیاوە ئیش بۆ حزبەکەی دەکات. ئەوەندەی لە خەمی پرسە هەستەوەر و چارەنوسسازەکانی میللەتەکەیدا بووە
ئەگەر دۆزی میللەتەکەت بە دۆزێکی جیهانی و کەونی نەزانیت، هەرگیز نابیتە میللەتێکی خاوەن پێگەیەکی سیاسی بەهێز لەناوەندە سیاسیە جیهانیەکاندا. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا کە سوودیان لەهەموو ئەزموونێکی گەورە و بچووکی مێژووی خۆیان بینیوە، کە کەسێک خۆی کاندید دەکات بۆ پەرلەمان، چیدی خۆی بە خزمەتکاری حزبەکەی نازانێت، هەرگیز نەفەسی حزبایەتی لە هەڵوێستەکانیدا لەناو هۆڵی پەرلەمان رەنگ ناداتەوە، مەگەر لەمەڕ کێشەیەکی نیشتیمان و ئەمنی.
لە کوردستانی ئێمە هێندەی پەرلەمانتارەکان حساب بۆ ئاڕاستەی حزبی خۆیان و رازیکردنی سەرکردایەتی حزبەکانیان دەکەن حساب بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان ناکەن کە بەدەنگی ئەوان چوونەتە ناو پەرلەمانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوانیش و ئێمەش دەزانین هەر لەپێش ئەوەی دەنگدەر بڕواتە بەر سندووقی دەنگدان لەناو حزبەکاندا بڕاوەتەوە کێ چوەتە پەرلەمانەوە و کێ نەچووە.
لە ئەوروپا کەسێک ئەندامی حزبێک بێت یان نا، دەبێت بە پرۆسەیەکی یاسایی بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و خاڵی پەیوەندیداری ناو دەستوور داواکاری بەرزبکاتەوە بۆ حزبەکەی بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکات بۆ ناو پەرلەمان، حزبەکەشی هێند پشتگیری لێدەکات بەپێی شایستەیی و لێهاتوویی هەتا ئەو کاتەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکات، ئیتر هەمووی دەدرێتە دەستی جەماوەر و سندوقی دەنگدان یەکلایی بکاتەوە.
زیاتر لە 10ساڵ بەر لەئێستا هاری فان بۆملی پەرلەمانتارم ناسیوە، هەتا ئێستا بۆ یەک چرکە لە گوتار و هەڵوێستەکانیدا هەستم نەکردوە کە ئەو پیاوە ئیش بۆ حزبەکەی دەکات. ئەوەندەی لە خەمی پرسە هەستەوەر و چارەنوسسازەکانی میللەتەکەیدا بووە، لە خەمی رازیکردنی حزبەکەیدا نەبووە. ئاخر لە پەرلەمانە ئەوروپییەكاندا ئەندام پەرلەمان بۆی هەیە رای تاکەکەسی خۆی هەبێت ئەگەر دژ بە رای حزبەکەشی بێت، بەمەرجێک لەبەرژەوەندیی میللەتەكەیدا بێت و ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی پارێزراو بێت.
لە هاری فان بۆمم پرسی: بۆچی دەتەوێت کوردەکانی نیشتەجێی هۆڵەندا دەنگت بۆ بدەن؟ لەوەڵامدا گوتی: لەبەر ئەوەی من هەر لەسەرەتای کاری حزبی و ئەزموونی پەرلەمانیمەوە هەمیشە ئیشم بۆ دۆزی میللەتە چەوساوەکان کردوە بەبێ جیاوازی. منیش دەزانم هەر ئێمە پێویستیمان بە کۆمەک و یارمەتی وڵاتە ئەورپییەکانە، چونکە ئەوان ئێستا خاوەنی پێگەی بڕیاردەر و کاریگەرییان هەیە لەسەر ستراتیژ و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەوە دوای ئەوەی لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا سیاسەتی ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی خۆیان تۆکمە راگرتوە و بە پلەی یەکەم ئیش بۆ ناو وڵاتەکەی خۆیان دەکەن.
بەڵام لە کوردستانی ئێمەدا وەکوو هیچ پێگەیەکی پێگە و کاریگەرییەكمان نییە لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی، هیچی واشمان نەکردووە بۆ رێکخستن و پتەوکردنی یەک ریزی ماڵی کورد. ئەوەتا هەموو ساڵێک لە بۆنە دڵتەزێنەکاندا دیسانەوە حزبەکان ئەگەر ژێرەوژێریش بێت دەکەونەوە تانە و تەشەر لەیەکتر و بە بۆنە بەبێ بۆنە بە ئاشکرا نەفەسی دژایەتی و یەکنەبوون و ناکۆکی هەست پێدەکرێت.
کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە پرسیاریان لێدەکردم ئەگەر لە کوردستان بووبایت دەنگت بەکێ دەدا، هەرگیز نەمدەزانی وەڵام بدەمەوە، هەمان شتیش بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە هەردووکیان بە لیستی کراوەش بوون. بەڵام ئەگەر لێم بپرسن لە هەڵبژاردنەکانی ژووری دووی پەرلەمانی هۆڵەندا دەنگ بەکێ دەدەیت؟ بەبێ یەک و دوو وەڵام دەدەمەوە، چونکە دەزانم کێ چی بۆ وڵاتەکە کردووە، مەسەلەکە بۆ ئێمەی کۆچکردوو و میوانی ئەم وڵاتانە تەنیا لەوەدا ناوەستێت کێ خزمەتی دۆزی کوردی کردووە، چونکە زۆر کەس کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی حزبەکانی وڵاتەکەیان و کاندیدەکانیانەوە نییە، ساویلکانە دەڵێن کێ ئیشی بۆ دۆزی میللەتی کورد کردووە. بەڵکوو لێرە وەکوو هاووڵاتیەک دەبێت ئەرکی هاووڵاتیبوونی خۆت جێبەجێ بکەیت، دەبێت بزانیت کێ خزمەتی ئەو وڵاتەی کردوە کە تۆ تێیدا دەژیت، چونکە بەشێکیت لەو کۆمەڵگایە و بەیاسا رێگەت پێدراوە دەنگ بدەیت.
دوانزەی سێپتەمبەر کە دەچم و مافی خۆم وەکوو دەنگدەر بەکاردەهێنم دەزانم بۆچی دەچم و بۆکێ دەنگ دەدەم، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر کاتێک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت ئەگەر بۆم هەبێت دەنگ بدەم هەرگیز نازانم دەنگ بە کێ بدەم.
Top