رێگره‌کانی به‌رده‌م ده‌وڵه‌تسازی
September 13, 2012
وتار و بیروڕا
رێگری یه‌که‌م: سستی ویستی سازکردن
پێموایه یه‌كێ له‌و رێگرانه‌ی که‌ده‌بنه خاوکردنه‌وه‌ی ووره‌و بووێری هه‌م له بیرکردنه‌وه‌دا، هه‌م له‌هه‌نگاونان به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ، نه‌بوونی «ویست»ی کارکردن و بیرکردنه‌وه‌یه له ده‌وڵه‌تسازی وه‌ک پرۆژه‌یه‌ک. جگه‌له‌وه‌ی پرسی ده‌وڵه‌ت وه‌ک «خه‌ون»یش کزبوو، تا ئه‌و ڕاده‌ی له «هیوا»یه‌کی گشتی و چاره‌سازه‌وه بۆ گرفت و کێشه درێژخایه‌نه‌کان په‌کی که‌وت. زۆرجار کزبوونی بووێری و وره‌و ویستی بیرکردنه‌وه له‌گه‌ڵ کارکردن بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێزی روانین و کار. واته خۆقایمکردن له‌پێگه‌یه‌کی هزریدا که بتوانین به‌رگری له‌خۆمان بکه‌ین و له‌خۆمان رابینین بڵێین ئیتر کاتی ده‌وڵه‌تسازيیه‌و ئه‌رکی خۆمانه کاری بۆ بکه‌ین.
یه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانی قۆناغی پاش راپه‌ڕین، تێك‌شكان و داهێزرانی ویست و هیواكانه له‌ئیراده‌ی سیاسی و ویستی گشتی و تاکه‌که‌سیدا. به‌ڕای من به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆری چاوه‌ڕوانییه‌كان، به‌تایبه‌ت چاوه‌ڕوانيی تاکی کورد له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی زۆر زیاتره له‌وه‌ی که ره‌وشه‌که هه‌ڵیده‌گرێ. هه‌روه‌ها ده‌شگه‌ڕێته‌وه بۆ راگوزه‌ریی بارودۆخه که‌جۆریک له ناسه‌قامگیری كولتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه. جگه‌له‌وه‌ی ناجێگیریی ئابووری ژیان و بژێوی ئاڵۆزکردووه. ئه‌مانه‌و سه‌ره‌ڕای زاڵبوونی هزری «قه‌ده‌رییه‌ت» که‌جۆری له‌بێ به‌رنامه‌یی و بێ پلانی له‌به‌ڕێوه‌بردن و بریاری سیاسی و ئیداری دا جێخستووه.
دیاره چه‌ندان دیارده‌ی ديكه يش هه‌ن كه زۆربه‌مان دركی پێده‌كه‌ین و ده‌کرێ وه‌ک له‌مپه‌ر له‌به‌رچاوبگیرێت. به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان نابنه هۆکاری سه‌ره‌کی، چونکی «هۆکار» ده‌بێ بابه‌تی بێ. واته هه‌لومه‌رجی بابه‌تی کێشه‌که خۆی بێ، تاقسه‌ی له‌سه‌ربکرێ و ره‌تبکرێته‌وه له‌ڕووی تێوری و له‌زه‌مینه‌ی واقیعیدا. له‌کاتێکدا ئه‌م ره‌وشه ده‌روونییه، به‌نده به‌هه‌لومه‌رجێکی ناجێگیره‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ده‌نا بۆخویان بوونێکی هه‌قیقیان نییه.
بۆیه ئه‌وه‌ی که دووچاری كاری سیاسی و حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتدانی كوردی بووه، ونبوونی هێزی وزه‌به‌خش و هیوابه‌خشه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه به‌هۆی ئه‌دای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه که‌م تازۆر بێ هیوا ده‌بین له‌ژیانی خۆمان، ئه‌وه‌نده‌ی تریش هیوا و ئومێدمان وشكده‌كات، چونكی سیاسه‌تێكه بێ ڕۆح و به‌مجۆره‌ی ئێستا تروسكایی باشبوون و متمانه نابه‌خشێت به‌هاوڵاتیانی كوردستان. له‌به‌رئه‌وه داهێزرانی رۆحی و ده‌روونی به‌دیوێکدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاوه‌ڕ‌وانی ناواقیعی له‌ده‌وڵەتى کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ی و داتاشینی وێنه‌یه‌کی نموونەیى واقیع به‌زێن که ئه‌رکی بیرکردنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌رۆڵی ده‌وڵه‌ت قورس و گران کردووه.
رێگری دووه‌م: نه‌مانی یۆتۆپیان ئازادی و سه‌ربه‌خۆی
یه‌كێك له‌و «نه‌خۆشییه» هرزیانه‌ی رۆچۆته هۆشیاريی گشتی و بیری سیاسی كورده‌وه، به‌تایبه‌ت له باشوری كوردستان، داڕمانی یۆتۆپیای ده‌وڵه‌تی كوردیيه له‌دوای راپه‌ڕین. راپه‌رین چه‌نده هه‌ڵكشان بوو له‌ناوبانگی كێشه‌ی كورد له‌جیهانداو رێژه‌ی ئازادی له‌ناوخۆدا، ئه‌وه‌نده‌ش كوردی به‌ره‌و ڕووی داوا‌و تواناكانی خۆی كرده‌وه‌و خستیه به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه كه زۆریك به«ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی« كوردی ناوده‌به‌ن.
ئیدی گەرچى راپەرین دەستکەوت بوو بۆ زۆرینەى خه‌ڵکى کوردستان و به‌پێکهاته سیاسی و ئیتنیکی و ئاینیه‌کانه‌وه، بەڵام بەدیوێکدا دەستخەڕۆکردنى هزرو خواسته گه‌وره‌کانی وه‌ک سه‌ربه‌خۆیی له‌فۆرمی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تدا بوو، به‌تایبه‌ت کاتێک خواسته‌کانمان له‌سنوری ده‌وڵه‌تێکی ناجۆری وه‌ک عێراق بڕی نه‌کرد. کاتێ واقیعى ئێمە لەژێردەستیەوە گۆڕڕا بەئازادبوون لەدەسەڵاتى رژێمێ، ئێمەش وا مامەڵەمان لەگەڵ کێشەو پرسەکاندا کرد کە ئيدى هه‌موو ته‌واوبوون و رزگاربووین! به‌ده‌ربڕینێکی دى؛ وەک ئەوەى خاوەنى هەموو شتەکان بین! هاوکات بەوجۆرە بیری خۆمان راهێنا که رەخنە لەناتەواوییە ده‌ستکرده‌کانی نه‌که‌ینه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین داهێزرانی یۆتۆپیای هزریی لەدوو روانگەوە بناسینه‌وه:
• داتەپینى هزرو بیرۆکەى دەوڵەتى سەربەخۆ له بڕیار‌و بیرکردنه‌وه‌کاندا.
• داهێزرانى بیرى گۆڕانکاری و ئازادى لەسەر ئاستى کۆمەڵ و تاکەکەسى.
هه‌ڵبه‌ت كه ده‌ڵیم یۆتۆپیا، مه‌به‌ستم لێی خه‌ونی خه‌یاڵی نییه، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی ئه‌لته‌رناتیڤ و داهاتووخواز به‌به‌رنامه‌وه. هاوکات بیری یۆتۆپی به‌رامبه‌ر ئه‌و هزره وونبوو و چه‌قیوه له بازنه‌ی واقیعێکی ملكه‌چکه‌ره‌دا که گه‌مه‌ی رۆژانه‌ی ژیان و گوزه‌ران تاساندوویه‌تی و ئاسۆکانی داهاتووی له‌بیرکردووه.
رێگری سێیه‌م: په‌رتبوونی ئینتمای نیشتمانی
له‌زۆر رووه‌وه هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم له‌دۆخێکی سه‌یردایه، ئه‌وا ده‌توانم بڵێم له‌دۆخێکی پۆستمۆدێرندایه، دۆخێک که ئاسته‌کان و کواڵێتی شته‌کان یه‌کسان بووه به‌یه‌کدى و بێئه‌وه‌ی پێوه‌رێکی راسته‌قینه‌ی جیاکه‌ره‌وه هه‌بێ، له‌پاڵ یه‌کتریدا به‌جیاوازیه‌وه ماوه‌ته‌وه. واته پێوه‌ره بریارده‌ره‌کان کارناکه‌ن کاتێ که‌هه‌موو شتێ ده‌کرێ هه‌بێ و ببێ، بێئه‌وه‌ی ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێ. جگه له‌وه‌ی «شوناس» وه‌ک رایه‌ڵ و په‌یوه‌ستکه‌رێك، پاڵنه‌رێک نییه بۆ گرێدانه‌وه‌ی تاک و کۆمه‌ڵ به‌پاشخانێکه‌وه که هه‌یه یا ده‌بێ کاری بۆ بکرێت. به‌ڵکو، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئینتمای گشتی و بچووکبوونه‌وه‌و داخزانی بۆ «ورده‌ئینتما»کان. به‌ده‌ربرێنکی دى، کورتبوونه‌وه‌ی ئیتنمای گشتی و نیشتمانی بۆ حزب، یا ناوچه‌و به‌رژه‌و‌ه‌نديی تاکه‌که‌سی.
دیاره تێنه‌گه‌یشتن له‌ئه‌رک و رۆڵی حکومه‌ت له‌نێو ده‌وڵه‌تدا، هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ونکردنی ئه‌و ئینتما گشتی‌و نیشتمانییه. ئه‌مڕۆ روانینێک هه‌یه بۆ چییه‌تی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت که بووه‌ته هۆکارێکی ساردکه‌ره‌وه‌و رێگر له‌به‌رده‌م گه‌ڵاڵه‌بوونی ئینتما بۆ ده‌وڵه‌تی نیشتمانی. حکومه‌ت ئه‌رکی کورت بۆته‌وه بۆ پێدانی کاره‌با، زه‌و‌ی، دامه‌زراندن و کار‌و ده‌رماڵه‌ی هاوسه‌رگیری هتد... له‌کاتێکدا دیوه‌گرنگه‌که‌ی کاری حکومه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تسازی ونه. خزمه‌تگوزاریيه سه‌ره‌کی و سه‌ره‌تاییه‌کان به‌ته‌نيا ئه‌رکی یه‌که‌م و کۆتایی حکومه‌ت نییه، به‌ڵکو ده‌بێ له‌ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌رکه نیشتمانی و چاره‌نسسازه‌کانیش چاوه‌ڕوانکه‌ین، هه‌ر له به‌دیهێنانی که‌سێتيی مه‌عنه‌و‌ی و کولتوری و شارستانیيه‌وه تا دروستکردنی ئینتمایه‌کی گشتيی نیشتمان بۆ ئێمه‌یه‌ک.
لێره‌وه ده‌کرێ بڵێین پرسی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت ئه‌و ره‌هه‌نده رۆحییه‌ی كه به بڕوای من دروستكردنی متمانه و به‌خشینی هیوایه به‌هاوڵاتیان، هاوكات پاراستن و داكۆكیكردنه له ژیان و ماڵ و داهاتوویان به‌ردی بناغه‌ی بێ له‌سیاسه‌ته‌کانیدا. جگه له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستێکی هزری، یۆتۆپیایه‌ک هه‌بێ تا ئه‌و رێگرو کۆسپه زاتیانه‌ی چاره‌سه‌ربکات ببێته زه‌مینه‌ی خۆشکردنی ئیتنمایه‌کی گشتی نیشتمانی و ده‌ربازکردن له‌و په‌رتبوونه‌ی ماڵی کوردی تێیدا گیریخواردووه.
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر