لەپەراوێزی توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی:خوێندنەوەیەكی سایكۆسۆسیۆلۆژی بۆ دیاردەی توندوتیژی
September 13, 2012
وتار و بیروڕا
تاوان و باری كۆمەڵایەتی و خێڵایەتی لە كوردستاندا
ئاشكرایە پێكهاتەی خێڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستان لە ڕابردوو و تاڕادەیەك لە ئێستاشدا چەندین دەرهاویشتەی نەرێنی لەسەر ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانی دروستكردووە، تاك بەپشتیوانی خێڵ هەرگیز سڵی لە ئەنجامدانی كردەی توندوتیژی یاخود تاوان نەكردۆتەوە، چونكە بەپێی پرۆسەی گۆشكردنی كۆمەڵایەتییانەی خێڵ و هۆزەكان هەمیشە خێڵ پارێزەر و پشتیوانی تاكەكانی بووە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانیش لە عێراق و لە كوردستان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هەمیشە هەموو جۆرە پشتیوانییەكی خێڵیان كردووە، بەمهۆیەوە هەمیشە دەسەڵاتی خێڵ لەسەروو دەسەڵاتی یاساوە بووە، هەربۆیە زۆرێك لەو توندوتیژیانەی لە ڕابردووی دوور و نزیكدا ئەنجامدراون، بەتایبەتی كوشتنی ئافرەتان هەمیشە ڕەگێكی خێڵەكیانەیان هەبووە.
تاوان و ڕەوشی سیاسی كوردستان
ئەگەر بەوردی لە جۆرەكانی تاوان و تایبەتتر تاوانی كوشتن لە كوردستاندا بڕوانین، بۆمان دەردەكەوێت كە زۆرینەی حاڵەتەكانی كوشتن لە كوردستاندا بریتی بوو لە تەسفیە كردنی جەستەییانەی نەیاری لایەنە سیاسییەكان، لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا لایەنە سیاسییەكان پەنایان بۆ كوشتنی نەیار و كەسە هەڵكەوتوو و كاریگەرەكانی لایەنەكانی تر بردووە، ئەگەر وردتریش لەو لەو ڕەفتارانە بكۆڵینەوە ئەوا زۆربەیان دەكەونە خانەی تیرۆرەوە. شاری سلێمانیش بەو پێودانگەی لەمێژووی نزیكی خۆیدا هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسیە كوردستانییەكان بووە بۆیە ئەم ڕەوشە سیاسییانە كاریگەری هەبووە لەسەر زۆری ڕێژەی توندوتیژییەكان و تاوانەكانی كوشتن تیایدا.
تاوان و باری دەروونی
وەك ئاشكرایە تاكی كوردی لەم ڕۆژگارەی ئێستادا زیاتر لە هەموو سەردەمێكی تر لەژێر كاریگەری فشارە دەروونییە جۆراوجۆرەكاندا دەژی، خەڵك لەم سەردەمەدا ماندووە لەڕووی دەروونییەوە، دابینكردنی بژێوی سەختترە لەهەموو كاتێكی تر، بەمهۆیەوە مرۆڤەكان زیاتر كار دەكەن، جەستەیان زیاتر ماندوو دەبێت، كەمتر دەخەون، كەمتر دەحەوێنەوە، كێبەركێی مادیانە باڵی بەسەر ڕەفتار و بیركردنەوەی زۆرێك لە خەڵكی ئەم سەردەمە كێشاوە، كێشەی كۆمەڵایەتی لەسەر مادە و زەوی و موڵك زیادی كردووە، بەها كۆمەڵایەتییەكان كاڵبوونەتەوە، كێشەی خێزانی زۆر زیادی كردووە، ناپاكیی هاوسەری و هەڵوەشاندنەوەی خێزانی لە پەرەسەندندایە، خراپ مامەڵەكردن و كەڵك وەرگرتن لە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان ژیانی بەشێكی بەرچاوی لە تاكەكانی كۆمەڵگە شێواندووە، ڕێژەی نەخۆشییە سایكۆسۆماتی و دەروونییەكان زۆر زیادی كردووە، شارەكان قەرەباڵغن و جمەیان دێت، ئۆتۆمبێلێكی زۆر خزاوەتەوە ناو شارەكان، ژینگەی كوردستان پیس بووە. تێكڕا ئەو هەلومەرجە نەرێنییانە كاریگەری خراپی لەسەر باری دەروونی تاكی كوردی دروستكردووە لەم ڕۆژگارەدا، بەجۆرێك تاك بەئاسانی هاوسەنگی خۆی لەدەست دەدات، ئامادەیی بۆ هەڵچوون و پەرچەكرداری توند لەئاستێكی بەرزدایە.
تاوان و میدیا
بەشێكی بەرچاو لە كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان و گۆڤار و ڕۆژنامە كوردیەكان بەدوو ئاڕاستە كاریگەری نەرێنییان لەسەر زیادبوونی توندوتیژی و تاوان كردووە، ئاڕاستەی یەكەم پیشاندانی فیلمی توندوتیژییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو، ئاڕاستەی دووەم مامەڵە كردنێكی نادروست لە ڕوماڵكردنی هەواڵەكانی توندوتیژیدا، بۆ نموونە گواستنەوەی وێنە و دیمەنی تاوانەكان و چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەكان و هەندێجار دەرخستنی تاوانباران وەك پاڵەوان و گرنگیپێدانی زۆر بە هەواڵەكانی توندوتیژی و كردنی ئەو هەواڵانە بە هەواڵی یەكەم و مانشێت. ئەم مامەڵە نادروستانە بمانەوێت یان نەمانەوێت كاریگەری نەرێنی لەسەر بیركردنەوە و ڕەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە دروستدەكات، بۆ نموونە بەر لەماوەیەك لە شاری كەركوك تاوانی سەربڕینی خێزانێك ئەنجامدرا، ڕاگەیاندنی كوردی هێندە ئەم هەواڵەی خستەڕوو هێندەی نەبرد لە سلێمانی هەمان سیناریۆ دووبارە كرایەوە.
تاوان و دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ
بەداخەوە هەتاكو ئێستا دامودەزگاكانی پۆلیس لە كوردستان نەبۆتە جێی بایەخی حكومەتی هەرێم، لەڕووی پێداویستییەكانی لێكۆڵینەوە و تەكنۆلۆژیای سەردەم زۆر دواكەوتووە، ژمارەی بنكە و كەرتەكانی پۆلیس بەبەراورد بە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان زۆر كەمن، شارەزایی و كارامەیی كارمەندانی ئەو دەزگایانە تاڕادەیەك كلاسیكییە و وەك پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بینای بنكە و كەرتەكانی پۆلیس هەرگیز لەگەڵ ئەرك و پەیامی ئەو هێزانەدا یەكناگرێتەوە، بەجۆرێك خەڵكی لەچاوی پۆلیسەوە لە یاسا دەڕوانێت، كە دەبینێت دەزگاكانی پۆلیس لە ئاستی پێداویستییەكانی ئەم سەردەمەدا نییە بەو چاوەش لە سەنگی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری دەڕوانێت.
تاوان و وەرزی ساڵ
زۆرێك لە توێژینەوە زانستییەكان سەلماندوویانە كە هەمیشە ڕێژەی تاوان و توندوتیژییەكان لە وەرزەكانی گەرمادا ڕوو لە هەڵكشان دەكات، وەرزی هاوینی كوردستان بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو پلەی گەرما تێیدا بەرز دەبێتەوە، بۆیە زۆربەی توندوتیژییەكان و تاوانەكانی كوشتن لە كوردستانیش دەكەونە ئەم وەرزەوە.