ئێزیدییەكان..نموونەی كۆمەڵگای چینایەتی
September 6, 2012
وتار و بیروڕا
هەرچەندە ئێزیدییەكان زۆر نهێنیپارێزن و ئایینەكەیان لە جۆری ئایینە هەناوییەكانە و تەنیا لە دڵەوە بنەما و داب و سرووشەكانی دەگوازنەوە، وەلێ بە (شكاندنی بەربەستەكانی حەرامكردن و ترس)(2)، لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ لە لاوە رۆشنبیرەكانیان بەشێك لەو نهێنییانەیان بڵاوكردەوە* و دەرگایەكی نوێیان لەبەردەم توێژینەوەی زانستی و لێكۆڵینەوەی مەیدانی كردەوە. بەم كارەشیان خزمەتێكی گەورەی زانست و زانیاریان كرد و بەشێكی زۆریان لەو بەدگومانییەش رەواندەوە كە دژیان هەڵبەستراون.
بونیادی كۆمەڵایەتیی ئێزیدییەكان لەسەر بنەمای (هۆزی عەشایەریی ـ ئایینیی، لە شێخ و پیر و شوێنكەوتوو)(3) دروست بووە و «ئەنجوومەنی رووحانی» باڵاترین دەسەڵاتە لەناو ئەو سستمەدا.
سستمی كۆمەڵایەتی زاڵ پیاوسالاریی توند و تۆكمەیە. هەموو شوێنگە و دەسەڵات و ئەركە ئایینییەكان و گشت پایە و پلەكانی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی رووحانی بۆ پیاوان قۆرخن و بەهیچ كلۆجێ جێی ژنیان تێدا نابێتەوە.
بونیادی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پلەبەندیی ئایینیی ـ چینایەتی دامەزراوە. بەواتایەكی دیكە هەر پلەیەكی ئایینی خۆی لەخۆیدا پلەیە و شوێنگەیەكی كۆمەڵایەتیشە و چینێكی كۆمەڵایەتی لە رووی دەسەڵات و ئەرك و جیاوكەوە دروستكردووە.
دابەشبوونی چینایەتی لەناو ئیزیدییەكاندا تا رادەیەكی زۆر لە پلەبەندی عەشیرەتی كوردان دەچێ، بەتایبەتی لەوەدا كە (پلەی شێخ و شوێنگرەوەكانی لە پلەكانی میر و ئاغا و ئەوانەی دەوریان دەچێ)(4) .
ئەم پلەبەندییە لە شێوەی هەرەمدا رێكخراوە و پلە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان، لە لووتكەی ئەو هەرەمەوە تا بنكەكەی دابەشكراوە. ئەم سستمە لە لایەن (دوو شێخ، یەكێكیان دونیایی و ئەوی دیكە رووحانی)(5) بەڕێوە دەبرێت.
كۆمەڵگای ئیزیدی كۆمەڵگایەكی چینایەتییە لەسەر بنەمای دەسەڵات و ئەركی ئایینیی چینە كۆمەڵایەتییەكان پلەبەند كراون. ئەركە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان تێیدا لە نێوانی پلە روحی و دونیاییەكانیدا دابەش كراون. هیچ پلەیەكیش، چ لە دەسەڵاتدا، چ لە ئەرك و بەرپرسیارێتیدا سنووری پلەیەكی دیكە نابڕێت. پلەو پایە ئایینییەكان، لەگەڵ ئەوانیشدا پلە و پایەی چینی كۆمەڵایەتیش كنێتییە و بە میرات لە باوكانەوە دەمێنێتەوە بۆ كوڕانیان، نە دەگۆڕدرێن، نە هەموار دەكرێن، نە جێگرەوەیان هەیە. هەر ئەوەن كە هەبوون، هەر ئەوەش دەمێنن كە هەن.
(میری میران) لە لووتكەی ئەم دابەشبوونە هەرەمییەدایە، كاروباری كۆمەڵایەتی و ئایینی كۆمەڵەی ئیزیدییەكانی لە ئەستۆیە و تا رادەیەك (دەسەڵاتی رەهای هەیە)(6) . لە دوای ئەو ئەم پلانە دێن:
1- (بابا شێخ)، بەرزترین پلەی رووحییە ئەركی تایبەتمەندی ئەو جێبەجێ كردنی ئەركە ئایینییە باڵاكانە و پێویستە لە رووی رەچەڵەكەوە لە نەوەكانی شێخ فخرەدین بێت**.
2- (پێش ئیمام)، لە نەوەكانی شێخ حەسەنن***.
3- (پیر)
4- (كوچەك) تایبەتمەندن بە رێكخستنی هەندێ كاروباری ئایینەوە، وەكوو رۆژووگرتن و رۆژووشكاندن. ئەمانە تا ئەوپەڕی سنووری توانای مرۆیی پابەندن بە پەرستن و عیبادەتەوە. لەمەیاندا زۆر بە سۆفی و كەهەنان دەچن.
5- (قەوال). حیكایەتخوان و زمان پاراو و گەڕۆكن و هەڵگری حەوت سنجوقەكەن**** و لە رێی ژەنین و سروود چڕینەوە، كار لە دەروونی شوێنكەوتووان دەكەن.
6- (مجێور) كەسانی مەزاری پیرۆزن.
ئەم پلەبەندییە بۆتە سستمێكی چینایەتی لەلای ئێزیدییەكان و كۆمەڵێك جیاوكی بۆ چینە باڵاكان مەیسەر كردووە، لەلایەكەوە (سەرۆكە رووحییەكان دەسەڵاتیان لە سەرۆكە دونیاییەكان زیاترە)(7) . لەلایەكی تریشەوە ئەم پلەبەندییە پشكدارە لە دروستكردنی (سستمێكی كۆمەڵایەتی داخراوی پیرۆز)(8)، كە رێ لە هەر بزاوتێكی هەڵكشاو یان داكشاوی كەسەكان و كۆمەڵەكان دەگرێ و ناهێڵێ لە پلەیەكی ئایینیی ـ كۆمەڵایەتییەوە هەڵكشێن بەرەو پلەیەكی سەرووتر، هەروەكوو چۆن ناهێڵێ لە پلەیەكیشەوە بێنە خوارێ بۆ پلەیەكی دیكە.
شوێنگەی ئایینیی- كۆمەڵایەتی كنێتییە، واتە بۆماوەییە و هەر كەسێك لە چ چینێكی كۆمەڵایەتیدا و لە هەركام لەو پلە ئایینییانەی ناو هەرەمی دابەشبوونی پلەكاندا لەدایك ببێ هەر ئەو پلەیە وەردەگرێ و تا مردنیش هەر لەوێدا دەمێنێتەوە.
سستمی پلەبەندی ئایینیی ـ كۆمەڵایەتی ئێزیدییەكان پشكدارە لە دروستبوونی دابەشبوونی دەسەڵات و ئەرك و جیاوكەكاندا و هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا ناكرێ و نابێ بكرێ. تەنانەت كەسێك لە چینەكانی خوارەوەی هەرمەكەدا خودان بڕوانامەی بەرزی زانستی و توانا و لێهاتوویی پیشەیی بێ یان رێز و تەقدیری كۆمەڵایەتی و پۆستی باڵای سیاسی یان حكومی یان پەرلەمانی هەبێ، لە ناو ئێزیدییەكان خۆیاندا و بەپێی ئەو پلەبەندییە چینایەتییەی هەیانە، ئەو كەسە هەر ئەوە دەبێ كە هەیە و هەبووە و بەرز نابێتەوە بۆ سەرووتر لە چینەكەی خۆی. كەسێكیش لەبەرامبەر ئەودا كە خودان هیچ بڕوانامە یان شارەزایی و لێهاتوویی پیشەییە نییە، هیچ پۆستێكی سیاسی یان رەسمی نییە، بەڵام لە چینە باڵاكانە لە هەرەمی دابەشبوون و پلەبەندی ئایینی ـ كۆمەڵایەتیدا، ئەوا هەر ئەوە دەبێ كە هەیە و هەرگیز دانابەزێ بۆ چینێكی خوارتر.
سستمی چینایەتی ئایینیی ـ كۆمەڵایەتی رێ نادات كەسی یەكەم بەو هەموو خەسڵەتە گرنگانەیشیەوە ببزوێ و هەڵكشێ بۆ سەرووتر لەو شوێنگە ئایینی ـ كۆمەڵایەتییەی تێیدا لەدایك بووە. هەروەها رێگەیش نادات كەسی دووەم دابەزێ بۆ پلەیەكی ئایینی كەمتر و چینێكی كۆمەڵایەتی نزمتر لەوەی تێیدا لەدایك بووە.
سستمی چینایەتی ئایینیی ـ كۆمەڵایەتی ئێزیدییەكان كاریگەرییەكانی دابەزیوە بۆ ئاستی رێكخستنی سستمی خێزان و ژیانی هاوسەرێتی. لێرەشدا بە جۆرێك رەنگی داوەتەوە كە دەقاودەق نموونەیەكی دیكەی داخرانی خودی سستمەكەیە. هاوسەرێتی لای ئێزیدییەكان، نەریت و پرۆسەیەكی بەتەواوی داخراوە. نە ژن لە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی دیكە دەهێنن، نە كچیان بەوان بەشوو دەدەن. لەمبارەیەوە سستمی «شەرعەت»ـیان هەیە كە یەكەم رێسایە لە سێ رێساكەی حەرامكراوان و هاوسەرێتی لەگەڵ موسڵمانان و غەیری ئەواندا حەرام دەكات. لەلایەكی تریشەوە هاوسەرێتی لەناو خودی خۆشیاندا بەپێی دابەشبوونی چینایەتی پرۆسەیەكی چینایەتی داخراوە. ئێزیدییەكان بەپێی دابەشبوونی چینایەتی زەواج دەكەن و شەش كۆمەڵەی لێك جیای زەواجیان هەیە. لەمبارەیەوە سستمی «تەریقەت» هەیە كە دووەم رێسایە لە سێ رێساكەی حەرامكراوان و هاوسەرێتی كەسێكی ئێزیدی، چ كوڕ، چ كچ، لەگەڵ نەوەكانی شێخەكەی یان پیرەكەی یان پەروەردەكارەكەی حەرام دەكات*****.
لەسەر بنەمای ئەم سستمی هاوسەرێتییە، دكتور خەلیل جندی لە هەمان كتێبیدا كە وەكوو سەرچاوە ئاماژەم پێكردووە، دەڵێت: لەلای ئێزیدییەكان هاوسەرێتی سستمێكی هەرەمی ئالۆزە و لە شەش كۆمەڵەی هاوسەرێتی ناوخۆیی پێكدێت كە هەر كۆمەڵەیەك تەنیا لەناوخۆی خۆیدا زەواج دەكات، ئەوانیش بریتین لە كۆمەڵەكانی: (ئادانی، شەمسانی، قاتانی، كۆمەڵەی پیر مەممان، كۆمەڵەی پیرەكانی دیكە، شوێنكەوتووان). هەر كەسێ لەم رێوشوێنانە دەرچێ و سەرپێچی بكات، بۆ هەتاهەتایە لە كۆمەڵەی ئێزیدییان دەردەكرێ و هیچ جارێكی دیكەیش وەرناگیرێتەوە.
پەراوێز و سەرچاوەكان
1- عبود، زهير كاظم، الأيزيدية، حقائق وخفايا وأساطير، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، بيروت، ط1، 2005.ص24
2- جندي، خليل، الأيزيدية والإمتحان الصعب، دار آراس، ط1،أربيل، 2008.ص65
* ئەو هەوڵانە بە دامەزراندن و كردنەوەی سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش گەیشتە ئاستێكی بەرز و رێكخراو. ئەم سەنتەرە بە پشتگیری و هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 12/5/1993 هاتە كردنەوە. گۆڤاری لالش دەردەكات كە تێیدا لەپاڵ وتار و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە ئێزییەكان و ئایینی ئێزیدی، دەقە ئایینییەكانیش بڵاودەكاتەوە. ئەم سەنتەرە ئەرشیفێكی دەوڵەمەندییان لە سەرچاوە و بەڵگەنامە و دیكیۆمەنت هەیە لەبارەی ئایین و سرووش و دابونەریتەكانی ئێزیدییانەوە.
تەنانەت بە قەولی «دكتور جمال رشید ئەحمەد» هەردوو كتێبی «جلوە» و «مصحفی رەش» كە دوو دەقی پیرۆزی ئێزیدییەكانن و بە زمانی كوردی نووسراون و بنەماكانی ئەم ئایینەیان تێدایە، پێشتر تەنیا بە زارەكی دەگێڕدرانەوە و نەوە دوای نەوە بۆیان دەمانەوە، بیستن و لەبەركردنیان بۆ غەیرە دین حەرام بوو. لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە بە هەوڵی هەندێ لە رۆشنبیرانی ئێزیدی نووسراونەتەوە و وەكوو كتێب چاپكراون.
3- جندي، خلیل، هەمان سەرچاوە، ل 75
4- نيكيتين، باسيلي، الكرد، نقله من الفرنسية وعلق عليه: الدكتور نوري الطالباني، دار سيبيريز للطباعة والنشر، ط1، دهوك 2008.ص 329
5- أحمد، جمال رشيد، ظهور الكورد في التأريخ، دار آراس ،ج2، ط2، أربيل، 2005. ص893
6- الخيون، رشيد، الأديان و المذاهب بالعراق، منشورات الجمل،ط1، دون الإشارة إلى منشأ الدار، 2003.ص70
** شێخ فەخرەدین، وەكوو ئەوەی لە «مصحفی رەش»ـدا هاتووە، «مەلەك تورائیل»ـە كە خودا لە رۆژی شەممەدا خەلقی كردووە. بە قەولی «زهێر كازم عەبود»یش لەو كتێبەیدا كە پێشتر وەكوو سەرچاوە بەكارمان هێناوە و ئاماژەمان پێكردووە، یەكێكە لە كوڕەكانی «شێخ شەمس» و پلەپایەیەكی گەورەی لە دەروونی ئێزیدییەكاندا هەیە.
*** شێخ حەسەن، وەكوو ئەوەی لە «مصحفی رەش»ـدا هاتووە، «مەلەك دردائیل»ـە كە خودا لە رۆژی دووشەممەدا خەلقی كردووە.
**** حەوت سنجوقەكە، پێ دەچێ ئاماژە و سیمبول بن بۆ ئەو حەوت فریشتە «مەلەك»ـە كە لە مصحەفی رەشدا باسیان كراوە كە خودا بۆ هاوكاریكردنی خۆی لە بەڕێوەبردنی گەردووندا، خەلقی كردوون. ئەوانیش ئەم مەلەكانەن كە هەر یەكەیان بەم ریزبەندییە لە رۆژانی یەك هەفتەدا خەلق كراون : رۆژی یەكشەممە، مەلەك ئیزرائیلی خەلق كرد كە مەلەك تاووسە و گەورەی هەموو فریشتەكانە. رۆژی دووشەممە، مەلەك دردائیلی خەلق كرد كە شێخ حەسەنە. رۆژی سێشەممە، مەلەك ئیسرافیلی خەلق كرد كە شێخ شەمسە. رۆژی چوارشەممە، مەلەك میكائیلی خەلق كرد كە شێخ ئەبو بەكرە. رۆژی پێنجشەممە، مەلەك جبرائیلی خەلق كرد كە شێخ سجادینە. رۆژی هەینی، مەلەك شمنائیلی خەلق كرد كە شێخ ناصرالدینە. رۆژی شەممە مەلەك تورائیلی خەلق كرد كە شێخ فخرەدینە.
هەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەیش بكرێ كە ئایینی ئێزیدی بڕوای بە تەناسوخ هەیە بۆیە لەگەڵ ناو هێنانی هەر فریشتەیەكدا ناوی یەكێك لە شێخەكانیشیان هاتووە.
7- نيكيتين، باسيلي، سەرچاوەی پێشوو، ل 329
8- عبود، زهير كاظم، سەرچاوەی پێشوو، ل 40
***** بەپێی دابونەریتەكانی ئایینی ئێزیدی و ئەو سستمە كۆمەڵایەتییەی هەیەتی بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هەر كەسێكی ئێزیدی شێخێك و پیرێك و پەروەردەكارێك و مامۆستایەك و برایەك یان خوشكێكی ئەو دنیای لەم دنیا هەیە. پیاو نابێ ژن لە كچانی شێخەكەی و پیرەكەی و مامۆستاكەی و پەروەردەكارەكەی بهێنێت و نابێ خوشكی ئەو دنیای مارە بكات. هەروەها كچیش نابێ شوو بكات بە كوڕانی شێخەكەی و پیرەكەی و مامۆستاكەی و پەروەردەكارەكەی، هەروەها نابێ شوو بكات بە برای ئەو دنیای.