سزا لە سەر بارزانی نەمر و میدالی بارزانی نەمر

سزا لە سەر بارزانی نەمر و میدالی بارزانی نەمر
بۆ یەكەمین جار و بەری 54 ساڵ یەكەم سزا لە ژیانمدا لەسەر خۆشەویستی بارزانی نەمر بوو،لە(گـوڵان) باسم كردووە
ئەوا پاش پتر لە نیو سەدە خەڵاتی بارزانی كرام
لە وشەی رێزلێناندا چەشنەها ئاواز سەر هەڵدەدات و تافە تافی واتا جوانەكانەو، مرۆڤ هەست بەو قەدر گرانییە دەكات، كە لابەری گشت ماندووبوونەكانی رۆژانی تەمەنە، ئەو ساڵەهایەی هونەرمەند قوربانی هونەرەكەی كردووە، بۆیە سەرلەنوێ هەست بە جمانی خوێنی شادەمارەكانی دەكات و، لەگەڵ بڕوا بەخشینێكی پتەو بەخۆی، هەستێكی لێوان لێو بە هەبوونی، كە ئەوە گوڕ و وزەی كاركردنە، ئاهێكی بەختەوەرییەو، هەر چۆن هەستی ئەو ئەڤیندارو سەوداسەرەی، هەڵگەڕان و هەڵكشانی دوند و ترۆپكە هەرە باڵاكان، ئەژنۆی پۆڵایین و گڕی سەركەوتنی لە سینە دەنێ و سەر دەكەوێ و هەر سەردەكەوێ، كاتێ دەگاتە ئاسمانی باڵای خۆزگەكەی و ئاواتی بەرز هەڵگەڕانەكەی دەستەوملانی ئەو ئۆخەیە دەبێ كە لە خرۆشی گوشادیدا كێش بەلاوە دەنرێ و گیان پەپولەئاسا دەشنێ و، ئارەزوو دەبێتە ئارەزووی ئەو باڵندە بەرزەفڕانەی، هەتا باڵاتر بفڕن فراوانتر دەبینن.
رێزلێنان ئەو سوورە گوڵەیە سەرەتای نەوبەهار دەنوێنێ و نوقڵانە هات و فەڕ و سەرلەنوێ نووسینەوە تەمەنە، ئەو سوورەگوڵە، گوڵاڵە رەنگە نە دەژاكێ و نە سیس دەبێ و نەگوڵا و بۆی لێ دەبڕێ و سات لە دوای سات، بگرە ساڵ لە دوای ساڵ، هەتا خۆر بە داگیرساوی رۆژباش لە گەردوون دەكات، ئەو هەر سەرتۆپی گوڵشەنی ئیرەمە، بەتایبەت ئەو گوڵە ئازیزەی لە بەرۆكی دابێ، هەستم كرد ئەوە تەنها بەسەر سینەی منەوە نییە، لە ئاسۆی گوڵڕەنگم روانی، خودایە سەرانسەری هونەرمەندانی بەرزە تواناو، ئەوانەی شوێن پەنجەی زێڕینیان بە ناوچەوانی بەرزی سەردەمەكانی گەلەكەمەوە، دەدرەوشێتەوە و بریسك و باقیان لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە، ئاوی چاوان دەبات و لە هەمان كاتدا چاوانی پێ دەڕێژن و گەلاوێژو سورمە سوما دەبن، هەر بە تەنها ئەحمەد سالارەكەی شانۆڤانەكە نییە، بەڵكو بۆ هەمووانە، هەر چۆن خۆر و باران و هەوای سازگاری كوردستانەكەم بۆ هەمووانە.
دەبێ بڵێم هەندێ سات و ئان لە ژیانی مرۆڤدا هەن وەك نەخشی سەرسنگن سڕاندنەوەیان بە بەرەوە نییە، ئەو ساتانەی مرۆڤ لە هەر پلیكەی تەمەنێكدا بێ، دەیخاتەوە سەر گوڕی گەنجێتی و هەڵچوونی ئارەزووەكانی جەوانی، زەین روون و بیر تیژ، جەستە گورج و گۆڵ و، سەر بێ خەمەو، هەتا چاوان بڕبكات لالەزار و نێرگزەجاڕە و هەڵاڵانی گەشبینیە، عەرد و ئاسمان پێ دەكەنن...
بەو ساتە دەگوترێ، سەرتۆپی تەمەن، ساتی جۆش و خرۆشی و، پەلكە زێڕینە لە گەردن نانە.
هەتا ئەو چركەیەی بەڕێز بەڕێوەبەری پرۆتۆكۆل پەیوەست بەندی میدالەكەی لەسەر سینەم دانا بۆ سازدانی پیادا هەڵواسین، لەنێوان لێشاوێ سەرپا پرسیاردا، دەرگای زانینی بۆنەكەم بۆ واڵا بوو. هێندەی نەبرد بە دیداری سەرۆكی هێژام، شادبووم، لە روخسار و تێڕوانینیدا پەرۆشی و رێز و خۆشەویستیم وەرگرت، لە باری تەندروستی پرسیم و بەروویەكی خۆش و لەبزێكی لە هەنگوین شیرینتر، دڵی خۆش كردم كە سوپاس بۆ پەروەردگار هەر گەنجم، منیش لەوەرامدا گوتم: ئەو دڵەی لێوان لێوی خۆشەویستی بارزانی نەمر و رێبازە كوردایەتییەكەی بێ، جێگای پیرێتی تیادا نابێـتەوە، پاشان بەڕێزیان سەبارەت بە باری رۆشنبیری و چالاكییە هونەرییەكانی ئەم ماوەیەمی لێ پرسیم، منیش هەر چۆن باس، باسی لەیلاكەمبێ، بینم گرت بە باسەكەوە، ئیدی ئەوەی هەیە و نییە، ئەوەی نیازە و ئەوەی ئەنجاممان داوە، ئەمەش لە سای ئەو كەشەی خوڵقاندیان، هەستم كرد، هەتا چ رادەیەك بە تەنگ باری رۆشنبیرییەوە و، چەندەش خەمخۆرییەتی، جگە لەوەی هەستم بە شكۆمەندی ئەو دەرفەتە زێڕینەی تەمەن دەكرد، وامدەزانی لەگەڵ دەستەیەك لە هونەرمەندان و رۆشنبیران، باسمان باسی برەو بایەخدان و هێز بەخشینە بە گیانی رۆشنبیریی.
بەڵێ لەو كورتە دیدارەدا، كە بە پێوەری كاتژمێر كورتە، بەڵام بە گەوهەرەكاتدا، ماوەیەكی ئەوتۆیە كە كاتی ئەو كاتەیە، كە پێوەری كات لە پاشكۆ و پەراوێزیەوەیە، ئەوسا میدالی بارزانی نەمر، كە بەرزترین میدالی رێزلێنانە، كردی بەسەر سنگمەوە، زانینم چ ئەرك و سپاردەیەكی مەزنم لە ئەستۆ نراوە، بەر لە گشتیان، كۆششم بۆ بەردەوامی و هەوڵم بۆ پتر ئەفراندنبێ و، برەودان بە گیانی شۆڕشگێڕی، ئەو شۆڕشەی، گەر لە گشت شت و شوێنێكا كۆتایی پێ بێ، ئەوا لە هونەردا، لە بری خامۆش بوون، سات لە دوای سات زیاتر تین دەستێنێ، بەتایبەت شانۆ، كە هەتا ناتەواوی هەبێ، ئەو دەكەوێتە هەڵپەی هاوتاكردنەوە و، مادەمەكی پەرەسەندن و گۆڕانیش لەسەر گشت ركێفەكانی ژیان، پەیوەست بە ئاواتەكانی مرۆڤە، ئەویش چوون و خۆزگە و ئاوات هەرگیز خامۆش نابێ و دانامركێتەوە، كەواتە رێزلێنان، ئەركی پەیامە پیرۆزەكەی شانۆی پێ پیرۆزتر و مەزنتركردم.. سوپاس بۆ ئەو چەپكە هەست و ئەو دەسكە ئەركەی، هەبوونم و شۆڕشی پێكەوە دەستەملان كردم. سوپاسی هەڤاڵی هێژا و سەرۆكەكەم. لەدوایین رستەشدا دەبێ ئەوە بڵێم بۆ یەكەمین جار و بەری 54 ساڵ یەكەم سزا لە ژیانمدا لەسەر خۆشەویستی بارزانی نەمر بوو، لە(گــــوڵان) باسم كردووە، ئەوا پاش پتر لە نیو سەدە خەڵاتی بارزانی كرام.
هەولێری پایتەختی كوردستان
27/8/2012
Top