قەیرانی رۆشنبیری

قەیرانی رۆشنبیری
رەنگە زۆر زەحمەت بێت بەکەسێک بڵێیت «تۆ رۆشنبیر نیت»، وەلێ زۆر ئاسانە لەخۆت بپرسیت ئایا خۆت رۆشنبیری یان نا»، ئەگەرچی لای ئێمە تایتلی «رۆشنبیر» یەکێکە لە تایتلە بەناوبانگەکانی ئەخرێتە بەردەم ناوی هەموو کەسێک کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا لە هیچ زمانێکی تردا شتی وا بەدی ناکرێت. بۆ نمونە عەرەب ناڵێ: المثقف (فڵان) یان ئینگلیز ناڵێن: (some one) cultured یان educated . ئەمە هەر لای ئێمە هەیە، ئەشێ ئەمە رەگوڕیشەیەکی سایکۆلۆژی هەبێت، کە مرۆڤ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوروبەری بەگومان بێت لەوەی رۆشنبیرە یان نا، کە ئەمەش بنەمایەکی ناجێگیری هەیە لە کەسایەتی مرۆڤەکاندا، ئەمجۆرەش لەگومانکردن لە خود و لەوانەی دەوروبەر جۆرێک لە ناجێگیری لە واقیعی رۆشنبیری لەناو کۆمەڵگادا دروستکردوە، کە لە حاڵەتی باوەڕبەخۆنەبوونەوە سەرهەڵدەدات. هەر بۆ نموونە ژنانی خۆرهەڵات زیاتر ماکیاج بەکاردێنن، لەبەر ئەوەی هەندێکیان باوەڕیان بەخۆیان و کەسایەتی خۆیان نییە و بەوجۆرە سەرنجی دەوروبەر بۆلای خۆیان رادەکێشن. بەو شێوەیەش ئەوانەی بڕوانامەیان نییە جاران هەندێ کەس ئەچوون وێنەیەکیان بە جلوبەرگی دەرچوونی فەرمی زانکۆوە ئەگرت و لە هۆڵی ماڵەکەیان هەڵیان دەواسی. بەڵام ئیستا لەسایەی زۆربوونی زانکۆکانی لەسەر بنەمای بازرگانی و پارە پەیداکردن دروستبوون، هاوشێوەی ئەوانە بڕوانامەکە ئەکڕن و لەجیاتی فۆتۆکە لە هۆڵی ماڵەکەیان هەڵی ئەواسن.
یەکێک لە دیاردەکانی ناجێگیری واقیعی رۆشنبیریمان زۆربوونی زانکۆ کراوە و باوەڕپێنەکراوەکانە، کە بە پارە بڕوانامە ئەفرۆشنەوە، یان باشتر وایە بڵێم دیاردەی رووکردنی خەڵک لەو زانکۆیانە و کڕینی بڕوانامەکان یەکێکی ترە لە دەرهاویشتەکانی ناجێگیری کەسایەتی تاک لە کۆمەڵگادا و باوەڕنەبوونی بەخود. باوەڕی وایە بۆ ئەوەی پێی بڵێن (رۆشنبیر) ئەبێت بڕوانامەیەکی هەبێت، کە نەشیتوانی بێت بیهێنێت بە ئاسانی ئەیکڕێت.
هەندێک دەڵێن ناجێگیری واقیعی سیاسی و نەبوونی رەقابە و بەدواداچوونە وای کردووە ئەم دیاردەیە بەو شێوەیە تەشەنەی کردووە، هەندێک دەڵێن: نزمبوونەوەی ئاستی ویست و ئارەزووی خوێندنی جیددی و نەبوونی ئارەزوو یان توانا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە وای کردووە تاکەکان روو لەمجۆرە رێگایە بکەن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان بکەنەوە لە بوارەکانی کۆمەڵگا. هەڵبەتە نەبوونی یاسای شیاو کە کاری زانکۆ ئەهلیەکان رێکبخات فاکتەرێکی گەورەیە. فاکتەری لەویش گەورەتر و ترسناکتر بوونی دەسەڵاتێکی حزبی لەپشت ئەو زانکۆیەوە، کە ئەو زانکۆیە لەچاوی یاسا و لەهەموو لێپرسینەوەیەک بەدوور ئەگرێت.
دواجار جێکردنەوەی زۆرێک لە هەڵگرانی ئەو جۆرە بڕوانامە درۆیانە لەناو حزبەکان و دانانیان لەپۆست و پایە حکوومیەکانیش وایکردووە خەڵک روو لە کڕینی بڕوانامە درۆکان بکات بۆ ئەوەی جێگا و پێگەیەکی حزبی و حکوومی دەستکەوێت و بێبەش نەبێت لەو ئیمتیازات و دەسکەوتانەی کە دەستی دەکەوێت.
جۆرێکی تر لە مجۆرە رۆشنبیرانە کە لەم سەردەمی قەیرانی رۆشنبیریەدا سەریانهەڵداوە، لەوانەی تایتلی (رۆشنبیر) دەخەنە پێش ناویان لە تەلەفزیۆنەکاندا لەو جۆرەن کە هەر پرسیارێکت لێکردن و کەوتنە وەڵامدانەوە ئیتر وەستانەوەیان نییە، بین ئەخۆنەوە ئەسڵەن لەبەر ئەوە نا شتێک ئەڵێن، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆشیان نازانن چی ئەڵێن و چۆن کۆتایی پێ بهێنن. ڤۆلتێر جوان بەمجۆرە بەناو رۆشنبیرانە دەڵێ: نهێنی ئەوەی کە تۆ کەسێکی بێزارکەری ئەوەیە لەهەموو شتێکا شتێک ئەڵێیت. «گلاسۆش لەبەرانبەردا ئەڵێ: چەپڵە تەنها رێگەیەکە بۆ ئەوەی کەسێک کە زۆر ئەڵێت بێدەنگ بکەین بەبێ ئەوەی تووڕەیکەین»، ئەمجۆرەی گلاسکۆ باسیان دەکات لەناو سیاسیەکاندا زۆرن.
فاکتەرێکی تری ترسناک کە ئەو واقیعە رۆشنبیریەی هێندەی تر ناجێگیر و شڵەژاو کردووە: کڕینی قەڵەمەکانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمەش هەر لەزووەوە و لە زۆر لە ئەزموونی زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات هەیە. هەندێ لەخاوەن قەڵەمەکان دوور ئەگرن و ناکەونە بۆسەکەوە، ئەمجۆرە لەلایەن ئەوانی ترەوە بەبێ مەوقیف تۆمەتبار ئەکرێن، هەندێک کە دەکەونە بۆسەکەوە، هەر ژێرەوژوور پڕوپاگەندەی خۆفرۆشی دەخەنە پاڵ. هەڵبەتە کە دەسەڵاتێک قەڵەمێک دەکڕێت، هەموو پێداویستیەکانی کڕینی قەڵەمی بۆ دابین دەکات و چاولەبەری دەکات. هەر لەپاڵ ئەمجۆرە لەقەڵەمفرۆشانە گروپێکی تر هەن کە نە رۆشنبیرن نە نووسەر، بەڵام دەبن یان دەکرێنە نووسەر و قەڵەم دەفرۆشن بۆ خاتری ئەو ئیمتیازات و پارە و پوولەی دەسەڵات دەیخاتە بەردەم نوسەر و رۆشنبیر. هەمان شت لەگەڵ رۆشنبیرەکانی کایە رۆشنبیریەکانی تر، وەکو پزیشک و مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی سەندیکاکان و چالاکوانەکان ... هتد.
کێشەکە ئێستا لەوەدا نییە کێ بەخۆی ئەڵێت (رۆشنبیر)، کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە کە بیری لێدەکەینەوە، کێشەکە لەوەدایە لەم سەردەمی هاتوهاواری دیموکراسیەت و کرانەوەی جیهان و تەکنەلۆژیایەدا دەسەڵاتێک هەبێت سوودمەندییت لەمجۆرە دیاردانە و لێی بێدەنگ دەبێت و هەندێجار بەیاسای دەکات. دەسەڵاتێک سوودمەندبێت لە گەمژەکردنی خەڵک و جەهالەتیاندا و رێگەی خۆشکردبێت بۆ سەرهەڵدانی ئەوجۆرە دیاردانە لەناو بواری رۆشنبیریدا.
هیچ شتێکیش ئەو واقیعە چاک ناکات ئەگەر ویستێکی راستەقینە و ئیرادەیەکی سیاسی راستگۆ نەبێت، ئەوەش لەوڵاتی ئێمەدا هێشتا بەدیناکرێت.
Top