رێخۆشكهرهكانی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت:فاكت و پاڵنه‌ره‌كان
July 19, 2012
وتار و بیروڕا
بزاڤی سیاسی کو‌رد به‌زۆربه‌ی ره‌نگه‌کانیه‌وه «هه‌میشه» له‌به‌رده‌م پرسی ده‌وڵه‌تدا له‌نێوان بانگه‌شه‌و پاشه‌کشه‌دابووه. به‌رده‌وام له دۆخی به‌رخۆدان و به‌رهه‌ڵستکاری و بره‌ودان به‌گیانی خۆپارێزیدا، په‌نای بۆ دروشمی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت بردووه. له‌کاتی دانوستان و چوونه‌سه‌رمێزی گفتوگۆ‌و رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ نه‌یارو دوژمنانی داگیرکه‌رو هێزه‌جیهانیه‌کاندا، هه‌ستی به‌هه‌ڵه‌و هه‌ڵه‌شه‌یی کردووه، پێی وابووه هه‌ڵگرتنی دروشمی وه‌ها «گه‌و‌ره» ناواقیعیه!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سایکۆلۆجیای سه‌رکردایه‌تی کو‌رد خۆی به‌گشتی. به‌شێکیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆکورتبینی و که‌م توێژینه‌وه له‌رۆڵی ده‌وڵه‌ت وه‌ک زه‌روره‌تێکی نیشتمانی و رێگه‌چاره‌یه‌کی پێویست. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی بزافه‌که به‌گشتی له ئاستی داواکانی خۆیدا نه‌بووه‌و ئه‌و دروشمانه‌ی که به‌رزی کردۆته‌وه دواتر خراپ به‌سه‌ریدا شکاونه‌ته‌وه، بۆیه پێشی وابووه پرسی ده‌وڵه‌ت، پرسێکی»زوو» و پێشوه‌خته! له‌لایه‌کی دیکه‌وه فشاری ده‌وڵه‌تان به‌تۆبز یا پشتگیرینه‌کردن له‌داواکانی کو‌رد، یا به‌هۆی ناله‌باری هه‌لومه‌رجی ناوچه‌که‌ش، هۆکارگه‌لێکیتربوون.
ئیدی ئه‌مه مێژوویه‌ک که‌شرۆڤه‌ی زۆر جیاواز‌و دژبه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرێ، وه‌لێ له‌ئێستا به‌دواوه، کاتییه‌تی بیر له جۆره تێڕوانینێکی تر بکه‌ینه‌وه‌و باسی رێخۆشکه‌ریه‌کانی ده‌وڵه‌ت بکه‌ین و خۆمان له پاساویی نالۆجیکی دووربخه‌ینه‌وه که‌هه‌میشه پشتسارکردنه‌وه‌و کوشتنی ویستی کوردایه‌تی به‌رهه‌مده‌هێنێ. هاوکات باسه‌کانمان له‌مقۆمقۆی ئه‌بێ و نابێ ده‌وڵه‌ت رزگاربکه‌ین. چونکی له‌ئاستی فه‌لسه‌فیی و هزریدا، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مک و بۆچوونه‌کان وه‌ک فاکتێک ده‌کرێ. به‌تایبه‌ت چه‌مک و پرسی ده‌وڵه‌تیش به‌ده‌رنییه له‌مه.
که‌واته لێره‌وه بۆ تێگه‌یشتن له‌زه‌روره‌تی ده‌وڵه‌ت، ده‌توانین له‌چه‌ند ره‌هه‌ندی جیاوازه‌وه بایه‌خی بنیاتنانی بزانین. ئه‌مه‌ش کاتێ ده‌بێ که ئه‌و رێخۆشکه‌رییه زاتی و بابه‌تیانه‌ی زه‌مینەسازی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن، له‌سه‌ر ئاستی هزری بکه‌ینه پاساوێکی سیاسی گونجاو ره‌وا بۆ دروستبوونێکی واقیعی ده‌وڵه‌ت. بۆیه به‌چه‌ند خاڵێک باسیان لێده‌که‌م.
یه‌که‌م: رێخۆشكه‌رییه بابه‌تیه‌کان که‌ئه‌و هۆکارو پاڵنه‌ره بابه‌تیانه‌ن که زه‌مینه‌یه‌کی واقیعییان هه‌یه‌و لۆجیکی سیاسی په‌سه‌ندیان ده‌کات:
1- له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی، ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌رێكی گونجاوی ململانێی نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ناوچه‌که‌دا. کورد‌و گه‌لانی کوردستان له‌پێناو گه‌یشتن به‌مافه‌کانیان ملناده‌ن بۆ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌ست، که‌چی له به‌رامبه‌ردا مافه‌کانی به‌یه‌کسانی نه‌سه‌لمێنراوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆکاری سه‌ره‌کی شه‌ڕوشۆڕ. به‌مانایه‌کیتر، ده‌وڵه‌ت رێگه‌چاره‌یه نه‌ک گرفت. هاوکات له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ده‌ره‌کی، هاوپه‌یمانێتی سیاسی و ئابوری به‌پێی نه‌ریتی دیپلۆماسی ده‌ڕوات به‌ڕێوه که ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌ڕێی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بێ.
2- له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، ده‌وڵه‌ت واته چڕبوونه‌وه‌ی هێزو ده‌سه‌ڵات له دامه‌زراوه‌یه‌کدا که خاوه‌نی هه‌رێمێکی دیاریکراوه. کۆمه‌ڵناس «ماکس ڤێبه‌ر» پێی و‌ایه ده‌وڵه‌ت واته «مۆنۆپۆلی» له پراکتیزه‌کردنی گوشاری فیزیکی له‌ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایش‌دا بۆنموونه. دیاره ئه‌مه رێگه‌یه‌که که حکومه‌ت بتوانێ به‌سه‌ر ململانێ و شه‌ڕی ناوخۆییشدا زاڵبێ.
3- بیرۆکه‌ی دەوڵه‌ت ده‌بێته (پارادایمێك) نموونه‌یه‌کی تر له‌خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كوردانی پارچه‌كانیتر که ئه‌وانیش هه‌نگاوی زێتر بنێن له‌به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان.
4- شكستی حكومه‌ته یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئێراق له‌ده‌سته‌به‌رکردنی مافی گه‌لی کوردستان له‌چێوه‌ی ده‌و‌ڵه‌تێكی ده‌ستوریی دیموکراسییدا. ئیدی دیموکراسی خه‌یاڵێکی به‌تاڵ و کوردیش هه‌میشه قوربانییه.
5- زاڵبوونی شۆڤێنی عه‌ره‌بگه‌ری و مه‌زهه‌بی و كه‌ر‌ناخستنی كه‌مینه و نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ڕووی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌وه.
6- ده‌وڵه‌ت وه‌ک گه‌شه‌کردنێکی باڵای ئه‌قڵ. ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئه‌مبار یا گه‌نجینه‌یه‌که له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون و داناییه‌وه سه‌رڕێژده‌بێ. به‌مانایه‌كیتر، چه‌نده ده‌وڵه‌ت به‌ر‌ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی مێژووییه، هێنده‌شی خۆی پرۆسه‌یه‌کی ئه‌قڵانییه كه‌خۆی له‌رێکخستنی ئابوری و سیاسی و سیستمێكی كارگێڕی و ماڵدارییدا ده‌رده‌خات. ئیدی هه‌بوونی دامه‌زراوه‌یه‌کی وه‌ک ده‌وڵه‌ت، نیشانه‌ی پێگه‌یشتوویی هزرییه.
7- دواجار پرسی ده‌وڵه‌ت، ده‌رخستنی توانای فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه. چونکی به‌دیوێكی تردا له پرسیارێکی گرنگه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێ که ئاخۆ: كێ فه‌رمانڕه‌واو مافی حوكمڕانی ده‌بێ و به‌کام سیستم؟ وه‌ڵامی‌ئه‌مه‌ش توانا‌و کارامه‌یی ده‌سه‌پێنێ و رزگارمانده‌کات له‌وه‌ی حزب بببێته‌ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تیش ئامراز‌ی ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نێ بێ. که‌واته ده‌بێته سنوورێک بۆ دابه‌شبوونی ناوه‌كی دابنرێت و یه‌ک کایه ببێته سه‌ر‌چا‌وه‌ی هه‌ژموونه‌کان که‌ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌ته.
دووه‌م: رێخۆشكه‌رییه زا‌تییه‌کان(خۆییه‌کان) ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ن که له‌روانگه‌ی گه‌لی کوردستان خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ:
1- ده‌وڵه‌ت خه‌ونێكی دێرینی هه‌موو کوردێکه هه‌میشه له‌پشت جووڵه‌و هه‌وڵه‌کانیه‌وه زیندووبووه. بۆیه کاتی خۆیه‌تی ببێته راستی و بێته‌دی.
2- هاوکات مافێكی ره‌واو مرۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌ته که پێچه‌وانه‌ی هیچ یاسایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی نییه.
3- وه‌ك پێداویستیه‌ك له پێکهێنانی ناسنامه‌و شوناس و ئینتمای هاوبه‌ش. دواجار رزگارکردنی شوناسی گشتی له په‌رتبوون و گرێی ده‌روونی که‌له که‌سێتی گه‌لێکی بێده‌وڵه‌ت دا له منداڵێکی بێ باوك ده‌چێ.
4- وه‌ك په‌رژین و قه‌ڵایه‌ک له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كییدا، چونکی هه‌موو قه‌واره‌یه‌كی فه‌رمیی، مافی یاسایی داكۆكیکردنی له‌سه‌روه‌ری خۆی هه‌یه. به‌ئه‌زموون، ده‌وڵه‌تی ئێراق داكۆكی له‌سنووره‌كان نه‌كردووه، له‌به‌ر‌امبه‌ر له‌شكركێشی و هێڕشی هه‌رێمی، چونكی کردوویه‌ته پاساوێ که هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێ.
5- وه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی ئابووری، چونکی به‌رژوه‌ندی ئابوری وابه‌سته‌یه به‌سه‌ربه‌خۆیی له‌میانه‌ی ده‌وڵه‌تدا، واته پشتبه‌ستن به‌ئابوری خۆیی، رزگاربوونی ئابوریش ده‌گه‌یه‌نێ. وه‌کچۆن به‌رژوه‌ندی له‌بوونی ده‌وڵه‌تدایه، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌وڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئابوری گه‌وره‌یه. به‌تایبه‌ت کاتێ به‌ر‌ژه‌وه‌ندییه ئابوریه‌کان هێنده گه‌وره‌ده‌بن، بێ ده‌وڵه‌ت ئه‌سته‌مه سیستمی دارایی، بودجه‌و بانک هه‌ڵسوڕێ. بۆیه ده‌وڵه‌ت كه‌سێتیه‌کی ده‌ستورییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کا‌نی.
6- رێگه‌یه‌که که‌داهات و سامانی نیشتمانی قۆرخنه‌كرێ و سه‌رچاوه ئابوریه‌کان به‌یه‌کسانی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی له‌سه‌روو حزبایه‌تی و ناوچه‌گه‌ریه‌وه دابه‌شکرێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌وڵه‌ت له‌هه‌ندێ پێناسه‌دا واته: ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌وا که‌بتوانێ باج بسه‌پێنێ و وه‌رگرێ. ئیدی ده‌وڵه‌ت واته باجگر.
7- دواجار .
ئه‌نجام
که‌واته پاساوو رێخۆشکه‌ریه‌کانی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت هێنده بابه‌تی و پشتڕاستکردنه‌وه‌ی لۆجیکی له‌پشته، زۆرتر له‌مانه‌ش هه‌ڵده‌گرێ. که‌چی جێی سه‌رنجه، هێنده‌ی کو‌رد خۆی پاساوی بۆ سه‌رنه‌که‌وتنی بیرۆکه‌ی ده‌وڵه‌ت هێناوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌نده دوژمنانی دژایه‌تیان نه‌کردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی کو‌رد خۆی هه‌ڵگری پرۆژه‌که نه‌بووه، جگه‌له سۆز‌و هه‌ستی کاتی. به‌ده‌ربڕینێکی تر، هێنده کورده داوا‌و خواستی ده‌وڵه‌تی به‌ناواقیعی داناوه یا کردویه‌ته دروشمێکی بریسکه‌دار، هیچ هێزێکی نێوده‌وڵه‌تی دژایه‌تی پرۆژه‌یه‌کی وه‌های نه‌کردووه به‌گه‌رمی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ویستێکی گشتی گه‌لی کوردستانی له‌پشته‌وه‌بووبێ. چونکی ده‌وڵه‌ت واته دامه‌زراوه‌یه‌ک که‌هه‌م رۆڵی رێکخه‌ر و یه‌کخه‌ر و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شه.
ئه‌وه‌شی زێتر مایه‌ی پرسیاره هه‌ندێ حزب که‌بانگه‌شه‌ی کوردستانی مه‌زنی ده‌کرد، پاش چه‌ندیین شه‌ڕی خوێناوی پاشگه‌زبووه له‌و خواسته. له‌کاتێکدا ده‌یه‌ها فاکته‌ر و پاڵنه‌ر هه‌ن که‌ده‌بنه رێخۆشکه‌رێکی راسته‌قینه به پێکهێنانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته. لێره‌وه قسه‌کردن له‌سه‌ر پرسی ده‌وڵه‌ت له راگه‌یاندن و ناوه‌نده جیهانیه‌کاندا، شکاندی ته‌وقی ترس و شه‌رمه. هاوکات ده‌رهێنانیه‌ت‌ی له پرسێکی نامۆ و نه‌گونجاوه بۆ خواستێکی ره‌وا و ویستی گه‌لێکی بوێر!
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر