بارودۆخی ئێستای عێراق و ئاماژەكردنی بارزانی بە سەربەخۆیی
July 9, 2012
وتار و بیروڕا
لەبەرامبەر چەند بەڵێنێكی ناڕۆشندا بەپشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لەپرسی كەركوك و داهاتەكانی نەوتدا، كوردەكان ڕۆڵێكی گەورەیان بینی لەپشتیوانیكردنی نوری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكومەتە نوێیەكەی لەكۆتایی ساڵی 2010دا. لەو كۆنگرەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر سازیدا بۆ پشتیوانیكردن لەپێكەوەگرێدانی هاوپەیمانێتیە نوێیەكەی مالیكی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند هەرێمی كوردستانی عێراق مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات. بەزۆری ئەم مافە سەربەخۆیی لەخۆدەگرێت، ئەگەرچی بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ جۆرە خۆبەڕێوەبردنێك بەچەشنی ئەوەی كوردەكان لەئێستادا مومارەسەی دەكەن.
دوا بەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن مالیكیەوە و لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەكۆتایی ساڵی 2011دا، پێوەندیەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی چوون. خۆدزینەوە هەبوو لەچارەسەركردنی كێشە هەمیشەییەكانی پەیوەست بە كەركوك و دابەشكردنی داهاتی نەوت. سەرەڕای ئەوەش، مالیكی نەیتوانی ژمارەی وەزیرەكانی كابینە نوێیەكەی تەواو بكات، لەبەر ئەوە بەرپرسارێتی چەند وەزارەتێكی گرنگی گرتەئەستۆی خۆی كە ئەمەش سەرێكێشا بۆ سەرهەڵدانی دیكتاتۆرێكی تازە دەركەوتوو. دواتر لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 2012دا، مالیكی فەرمانی دەستگیركردنی، تاریق ئەلهاشمی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراقی دەركرد، كە ئەمە بەرزترین پۆست بوو بەدەست سوننەكانەوە لەحكومەتەكەیدا كە شیعەكان باڵادەستن تێیدا، تۆمەتەكەش ئەوەبوو سەركردایەتی دەست و تاقمی تیرۆریستی كردووە. هاشمی تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە و هەڵات بۆ هەرێمی كوردستان كە داڵدەدرا و پارێزگاری لێكرا. سیناتۆر جۆن مەككین كە پاڵێوراوی شكستخواردوی كۆماریەكان بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری لەبەرامبەر باراك ئۆبامادا لەساڵی 2008دا، سەرنجی ئەم گرژی و ناكۆكیە هەڵكشاوانەی دا و ڕایگەیاند «بارودۆخی عێراق بەرەو لێكهەڵوەشانەوە دەچێت.....كە لەكۆتاییدا بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ دروستبوونی سێ دەوڵەت. ئەگەرچی ڕەنگە جۆزێف بایدنی جێگری سەرۆك ئۆباما خۆشحاڵ نەبێت ئەمەی بەبیر بهێنرێتەوە، بەڵام چارەسەرەكەی مەككین كە دروستبوونی سێ دەوڵەت لەخۆدەگرێت هاوشێوەیی ئەو چارەسەرەیە كە پێشتر بایدن پشتیوانی لێدەكردن.
لەچەند چالاكیەكی چڕ و پڕدا، بارزانی گەشتی بۆ هەریەكە لەئەمریكا، توركیا و ئەوروپا كرد، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئاشكرا و كراوە ئەنجام بدات. ئەو قسانەی لەتوركیا كردینی شایستەی باسكردنن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چۆن پێوەندیەكانی هەردوولا-توركیا و هەرێمی كوردستان- لەم چەند ساڵە ڕابردودا بەشێوەیەكی دراماتیكی بەرەوپێشچوون. لەئێستادا توركیا پشتیوانی هەرێمی كوردستان دەكات لەناكۆكیەكەیدا لەگەڵ بەغدا. تەنانەت سەرۆك وەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، مالیكی بەخۆشكردنی ئاگری ناكۆكی لەگەڵ كوردەكاندا تۆمەتباركرد، لەكاتێكدا مالیكی ئیدانەی توركیای كرد لەبەر ئەوەی «بەئاشكرا دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆیی عێراقدا دەكات.» مانگی دواتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتە نوێیەكەی هەرێمی كوردستان و، بەهەمان شێوە گەشتێكی بۆ توركیا كرد و كۆبوونەوەیەكی ئاست بڵندی لەگەڵ توركەكاندا ئەنجامدا.
لەوەش زیاتر، بارزانی لایەنی توركیای گرت لە بەرهەڵستیكردنی ڕژێمی ئەسەد لەسوریا كە دووچاری تەنگ و چەڵەمە بۆتەوە. لەلایەكی دیكەوە مالیكی، بەردەوام بوو لەپاڵپشتیكردنی ئەسەد. لەنێوان ئەم دوو هەڵوێستە ناكۆك بەیەكەدا، كوردە دابەشبووەكانی سوریا بەسەر پەتێكی هەستیاردا هەنگاویان هەڵدەگرت. هەرچۆنێك بێت، پشت ئەستوور بەم پاڵپشتیەی توركیا، ڕەنگە هەرێمی كوردستان جەسارەتی ئەوە بكات لەعێراق جیاببێتەوە كە بەرەو پارچە پارچە بوون دەچێت.
لەهەولێر، بارزانی ڕایگەیاند ڕەنگە بەغدا فڕۆكەی (ئێف 16 و 18) بەكار بهێنێت، كە بڕیارە لەئەمریكای بكڕێت، بۆئەوەی دووبارە كوردەكان بخاتەوە ژێر ڕكێفی خۆی. هەر بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد ئەگەر تاوەكو مانگی ئەیلوول مالیكی ڕازی نەبێت بەڕێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ ڕكابەرە سیاسیەكانیدا «ئەوا كوردەكان بیر لەجیابوونەوە لەبەغدا دەكەنەوە.» هەروەها سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاند «قەیرانێكی سیاسی زۆر مەترسیدار بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە،» ئەگەر ئەم چەقبەستووییە نەشكێنرێت «ئەوا ڕەنگە دەنگدەرانی كوردستان لەمیانەی ڕاپرسیەكدا دەنگ بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆبوون لەعێراق بدەن.»
سەرەڕای ئەم هەڕەشەیەی بارزانی، زۆرێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەمە لەڕاستیدا مانۆڕێكە بۆئەوەی پێگەی خۆی لەعێراقی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەهێز بكات. سەربەخۆبوونی پێشوەختەی كوردستان، كە بەو شێوەیە لێی دەڕوانرێت دەبێتەهۆی تێكشكاندنی عێراق، نەك تەنیا لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵكو لەلایەن دەوڵەتە دراوسێكانی هەرێمی كوردستانیشەوە دژایەتی دەكرێت. لەوەش زیاتر، هەرێمی كوردستان لەعێراقی فیدراڵدا مومارەسەی هەموو ئیمتیازەكانی سەربەخۆیی دەكات، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و گرفتانە ببێتەوە كە لەجاڕدانی سەربەخۆیی دەكەونەوە. باشترە بەو شێوەیە لەكوردەكان بڕوانرێت كە ئەوپەڕی توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی یەكێتی عێراق. چونكە ئەگەر كوردەكان ئەوپەڕی توانای خۆیان بخەنەگەڕ و ئەم كۆششانە شكست بهێنێت و عێراقیش دابەش بێت، ئەوكاتە بەو شێوەیە لە هەل و مەرجەكە دەڕوانرێت كە كوردەكان ناچاربوون جاڕی سەربەخۆیی بدەن و پاساوی خۆیان دەبێت. لەوەش زیاتر، كوردەكان ڕێگاچارەی دیكەیان لەبەردەمدایە لەدژی مالیكی بەكاری بهێنن، وەك پشتیوانیكردن لەسەندنەوەی متمانە لەمالیكی لەپەرلەمانی عێراقدا. ئەگەرچی سەرۆك كۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی بەرهەڵستی پرۆسەی سەندنەوەی متمانەی كرد، بەڵام سەبرو پەنابردن بۆ رێگەچارەی دیپلۆماتی پشوودرێژ باشترین رێگەچارەیە.