ئاماژەكانی بودجەی كوردستان

ئاماژەكانی بودجەی كوردستان
هێشتا پرۆژە یاسای بودجەی خەمڵێنراوی 2012، لە پەرلەمانی كوردستاندا، گفتوگۆی لەسەر دەكرێ و ڕەنگە لەم حەفتەیەدا بێتە پەسندكردن. فراكسیۆنی كوردستانی بە پشتیوانیی هاوپەیمانەكانی بۆ تەرجەمەكردنی بەرنامەكانی خۆی بۆ سەر ئەرزی واقیع، ساڵانە دیفاع لە چاكسازی و خزمەتگوزاریی زۆرتر و بیناكردنەوەی ژێرخانی كوردستان دەكا و بە گوێرەی داهاتی بەردەست، هەوڵی جێگیركردنی پێشنیازەكانی خۆی دەدات بەو ئاراستەیەی كە بودجە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و بوژانەوەی بازاڕ و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی تاكی كوردستان و پەرەپێدانی بەردەوامدا بێت.
ئەمساڵ فراكسیۆنی كوردستانی لە هەوڵی ئەوە دایە بڕی 600000 دینار وەك بەخشین بەو خانەنشینانە بدرێ كە مووچەكانیان لە 400000 دینار كەمترە و بڕی 480000 دیناریش بۆ فەرمانبەرانی پلە 9 و 10، لەپاڵ زیادكردنی سولفەی خانووبەرە لە 20 ملیۆنەوە بۆ 25 ملیۆن دینار بۆ گوندەكان، ئەوە سەرەڕای بەردەوامبوون لە هەڵمەتی دروستكردنی قوتابخانەی هاوچەرخ، تواناسازی، هاوكاریكردنی ئەو قەزاو ناحییانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕاگوێزرابوون و چۆڵكرابوون، یان ئەو ئاوارانەی لە ئێران و توركیاوە دەگەڕێنەوە وڵات.
هەروا بڕیار وایە ئەمساڵ 17000 فەرمانبەری دیكە دابمەزرێ و بەمەش میلاكی وەزیفی لە هەرێمی كوردستاندا دەگاتە 667849 فەرمانبەر. ئا ئاوا بەشێكی تری گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دادەمەزرێن و كاریان بۆ پەیدا دەبێ و ڕێژەی بێكاری كەم دەبێتەوە. لە دەرەوەی میلاكیش، ژمارەی ئەو كەسانەی كە مووچە، دەرماڵەو هاوكاری وەردەگرن بریتییە لە 612863 كەس. لەنێو ئەم ژمارەیەی دوایی، 88800 وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان، 277850 خانەنشینی مەدەنی و عەسكەری، 2305 زیندانی سیاسی، 126652 كەس بیمەی بێكاری و هاوكاریی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، 115176 قوتابی و 847 كەس ڕێزلێنان و 1233 موختار، مووچە یان دەرماڵە یان هاوكاری و كۆمەك وەردەگرن.
كۆی ئەو دوو ژمارەیەی سەرەوە (میلاكی وەزیفی و دەرەوەی میلاك) دەكاتە 1،280،712 كەس. هەر هەموو ئەوانە بەیەكەوە 7،352،164 حەفت تریلیۆن و سێ سەد و پەنجاو دوو ملیارو سەد و شەست و چوار ملیۆن دیناریان لە بودجەی ئەمساڵ بۆ دانراوە. ئەم مەبلەغە پارەیە كە ڕێژەكەی لە كۆی بودجەی گشتی دەكاتە 48.22% و لە بودجەی كارپێكردن دەكاتە 68.41%. ئەم پارەیە لە ((تەعویزاتی فەرمانبەران، لە سوودە كۆمەڵایەتییەكان و لە تێچووەكانی تر)) دابین دەكرێ. ڕاستە ئەوە بەهەندێ پێوەر ڕێژەیەكی زۆرە و تەنانەت ئابووریزانان بە خەتی سوور و نیشانەیەكی نیگەتیڤی دەزانن بە بودجەی كوردستانەوە، لێ من پێموایە، لایەنێكی پۆزەتیڤ و چاكیشی هەیە، كە ئەم مەبلەغە زۆرە، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خەڵكەوە و جۆرێكە لە دابەشكردنەوەی داهاتی نیشتمانی و بەشە هەرە زۆری ئەو پارەیە لە بازاڕی كوردستاندا خەرج دەكرێ، بازاڕی لە بواری جیا-جیادا پێ گەرم و بە هەڕمێن دەبێ و پێ دەبوژێتەوە و ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئاستی بژێو و گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوانی كوردستان دادەنێت.
بێ لەوە، حكومەت لە زۆری بواری تردا، ساڵانە لە ڕێگەی كۆمەك پێكردن، پێدانی سولفەو قەرزو قۆڵەوە، هاوكاری چەند توێژێكی تری دانیشتوان دەكات. هەر بۆ ڕاستیی ئەم قسەیە، بەپێی داتای ڕەسمی، لە هەردوو ساڵی 2010 و 2011دا، حكومەت پێشینەی خانووبەرەی داوەتە (84127) كەس لە كوردستان. بۆ ئەمساڵیش (21239) مامەڵەی سولفەی خانووبەرە تا 31/5/2012 ئامادەن و چاوەڕوانی پەسندكردنی بودجە دەكەن. ئەمەش تا ڕادەیەكی باش بەشداریی لە كەمكردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون دەكات. هەروا 167191 كەس (بە كچ و كوڕەوە) تا كۆتایی ساڵی 2011 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە و سوودمەندبوون. ئەوە سەرەڕای كە ساڵانە 25 ملیار دینار وەك قەرز بەو گەنجانە دەدرێ كە بۆ خۆیان پرۆژەی بچووك دەكەنەوە، ئەوە بێ لە قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و ئەوانی تر كە دیسان ڕاستەوخۆ دەكەونە دەست خەڵكەوەو لە بودجە دابین دەكرێ. لەتەك ئەمانەدا، حاڵی حازر 3160 پرۆژەی حكومی هەن كە بە قسەی وەزیری پلاندانان زێتر لە 2500 پرۆژەیان لە بواری جێبەجێكردندان و بۆ ئەمساڵیش، 495 پرۆژەی تر پێشنیازكراوە. كە بەسەر یەكەوە 30%ی بودجەی گشتییان بۆ تەرخانكراوە و بێگومان بە جێبەجێبوونی ئەو پرۆژانە، كوردستان دەچێتە قۆناخێكی ترەوە كە چەندین پرۆژەی ستراتیجی و گرنگیان تێدایە و لەسەر ئێمەی پەرلەمەنتاران پێویستە لە نزیكەوە و بەگوێرەی ئیختیصاصی لیژنەكانمان، بەدواداچوونیان بۆ بكەین.. بۆ ئەمەش پێویست دەكات، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهەت بكەونە كارو هاوكارمان بن بۆ وردبینی و باشبوونی ئەدای حكومەت لە بەڕێوەبردندا...
لە سەرێكی ترەوە، حكومەتی كوردستان، كۆمەكی سەنتەر و دەزگای ڕۆشنبیری، سەندیكا، ڕێكخراوە، كۆمەڵەو یەكێتی، یانە و یانەی وەرزشی و تیپی هونەری و لیژنەی ئۆڵۆمپی و پارا ئۆڵۆمپی دەكات كە بەسەریەكەوە ژمارەیان دەگاتە (742) و لەمساڵدا (115) ملیار دیناریان بۆ دانراوە كە بە هەزاران كەس كاریان تێدا دەكەن. دیارە ئەوەش بەشدارییەكی بەرچاوی حكومەتە لە هاریكاریكردنی دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو بوارەكاندا كە خۆی لە خۆیدا نیشانەیەكی پۆزەتیڤی هەر كۆمەڵگەیەكی ئەكتیڤ و دیموكراتە.
ئەوە لە كاتێكدایە، كە لە 2007-ەوە، لە بەشە بودجەی كوردستان، ڕێژەی 17% بۆ خەرجییەكانی سیادی دەگێڕدرێتەوە بێ ئەوەی لە بودجەی عێراق مووچەو دەرماڵەی پێشمەرگە بدرێ بەو پێیەی بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.
دیسان لە بودجەی حاكیمەش كە خۆی لە چەند بڕگەیەكی وەك (خۆراك، داودەرمان، سووتەمەنی، كارەبا....) دەبینێتەوەو بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە بەشە بودجەی كوردستان دەبڕدرێ، یان ئەوەتا هەر لە بنەڕەتدا بەشی كوردستانی لێ نانێردرێ یان بە نیوەچڵی و پچڕ-پچڕیەوە دەگات. ئەوەش ناهەقی و زوڵمێكی گەورەیە لە خەڵكی كوردستان دەكرێ و لەنێوان 6-8 ملیار دۆلار دەكات.. گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بودجەی كوردستان، زۆر گرفتی كوردستان چارەسەر دەكات و ئەركی هەموو لایەنێكە بە دەسەڵات و موعارەزەوە، كە بەیەكەوە بچنە ناو ئەو شەڕە ئابوورییەوە كە حكومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی دەكات، كە بێشك ڕەهەندو دووراییەكی سیاسیشی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، دەكرێ لە دوو ڕێگاوە هەرێمی كوردستان، داوای ئەو هەقەی خۆی بكاتەوە: یەكەمیان، ڕێگەی وتووێژی سیاسی، ئینجا چ لە ڕێگەی نوێنەرەكانییەوە بێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، یان ڕاستەوخۆ لەنێوان بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بەتایبەتی كە ئێستا قەیرانێكی گەورەی سیاسی عێراقی گرتۆتەوەو هەقە ئەو خاڵە بكرێ بە خاڵێكی وتووێژ لە هەر سازان و ڕێككەوتن و دووبارە تەرتیبكردنەوەدا. ئەگەر ئەمەیان دادی نەدا و هیچ سوودێكی نەبوو، هەقە بیر لەوە بكرێتەوە كە ئەو كێشە ببردرێتە بەردەم (دادگەی باڵای فیدراڵی).
پۆزش:
لەژمارەی پێشووداو لە ژێر وێنەی بەڕێز (ئاسۆ كەریم) بە هەڵە ناوی نووسەرێكی دیكە دانرابوو، بۆیە داوای لێبووردن لە بەڕێزی دەكەین.
Top