دەوڵەتی کوردستان “یۆتۆپیای دەوڵەت” نەک “دەوڵەتێکی یۆتۆپی” هەنگاوێک بەرەو تێوریزەکردن

دەوڵەتی کوردستان  “یۆتۆپیای دەوڵەت” نەک “دەوڵەتێکی یۆتۆپی” هەنگاوێک بەرەو تێوریزەکردن
لێرەو لەچەند تەوەری داهاتوودا، زەرورەتی «دەوڵەت» لە چەند ڕوویەکەوه دەبێتە پرسی توێژینەوەم‌‌‌. ئەمەش نەک لەبەرئەوەی ئەمڕۆ بۆتە مۆدەبابەتێک لە نووسین و هەڵوێست نواندندا، بەڵکو لەڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تێوریزەکردنی «نەتەوه»و «دەوڵەت» وەک قەوارەیەکی نیشتمانی بەندە بە مەسەلەی شوناس و ناسنامەوە. ئامانجیش لەمە داکۆکیکردنە لەپرسی «دەوڵەتی کوردستانی» وەک یۆتۆپیایەکی واقیعی کە لەسەر بنەمایەکی فەلسەفی جێگیربکرێ. لەئەڵقەی دووەمیدا دێمە سەر باسکردنی پاساو و ڕێخۆشکەریەکانی دەوڵەت کە چ زەرورەتێکی هەیە لەدروستبوونێکی ڕاستەقینەو هاوکات لەئاستی بیرکردنەوەشدا. دواتر باس لەدروستبوونی دەوڵەت وەک «ڕوودانێکی سیاسی» لەبەر ڕۆشنایی فەیلەسوفی فەڕەنسی «ئالان بادیۆ» دەکەم. پێموایە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە بۆخۆی ڕووداوێکە کە هزر لەپێش پرۆسەیەکی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیەوە کاراو دەستبەکارە، ئەمەش دەبێتە ‌ئەڵقەی سێهەم.
لەئەڵقەی چوارەمیشدا باس لەهەنگاوێکی ڕاستەقینەی‌ «بەرەو دەوڵەت: پرۆژەی سەرەکی هەرێمی کوردستان» دەکەم لەڕێی ڕێخۆشکەرە واقعیەکانیەوە. پاشان دێمە سەر باسکردنی ‌دەوڵەت لەچەند ڕوانگەیەکی تەواو جیاوازەوە کەئەویش ئابووریە. لەکۆتاییدا باس لەدوای قۆناغی دەوڵەت دەکەم‌ کەپێویستی بە پاڵپشتی هزری و ڕۆحییە تا ببێتە دنەو هاندان لەڕێی ئەوەی کە بە «ئایینی مەدەنی» یا «ئایینی دەوڵەت» ناودەبەم‌. هاوکات باس لەقەیرانی یۆتۆپیای کوردی دەکەم و دەگەڕێمەوە بۆ ئەو هۆکارانەی کە هزریی «یۆتۆپیی کوردی»یان لاوازکردووەو پاشان سەرەتاکانی هزری یۆتۆپیی کوردی تاوتوێدەکەم.
هەڵبەت لەفەلسەفەی سیاسی- کۆمەڵایەتی دا «هزری یۆتۆپیایی» بەکۆڵەکەیەکی گۆڕانی سەرتاسەریی دادەنرێ. لەبەر‌ئەوە باسکردنی پاشخانی هزری یۆتۆپیی چ وەک چەمک و چ وەک پرۆژەیەکی کولتوری و سیاسی پێویستە. بۆیە دەمەوێ سەرەتا چەمکی «یۆتۆپیای دەوڵەت» لە «دەوڵەتی یۆتۆپی» لێکاڵابکەمەوە، بەڵام دەشبێ تێگەیشتنێکی دروستمان بۆ «یۆتۆپیا» هەبێ.
تێگەیشتنی دروست لە یۆتۆپیا
پێشەکی دەبێ ئەو بۆچوونە هەڵەیە لای خوێنەر بڕەوێنینەوە کە لێرەدا چەمکی «یۆتۆپیا» بەمانا باوەکەی نییە کە هاوواتای «خەیاڵ» و «ئەفسان»ـەیە. لەبەرئەوە‌ دەبێ «یۆتیۆپیای واقیع»ی لە ناواقیعی جیابکەینەوە. لێرەدا مەبەست لە»یۆتۆپیا» پرۆژەیەکی نوێ و ئەلتەرناتیڤە، نەک خەیاڵخۆشی. بۆیە دەکرێ بڵێین یۆتۆپیای دەوڵەت واتە ئەو هزر و ئەندێشەیەی لەڕەنگڕشتنی دەوڵەتدا پێشمەرج و ڕۆڵی کۆڵەکەیەکی فەلسەیی دەبینێ. ئەمەش تەواو جیاوازە کە ئێمە بێین لەڕێی دەوڵەتێکەوە ئایدولۆجیایەک یا بیروباوەڕێک بکەینە یۆتۆپیای دەوڵەتەکە خۆی! ئیدی جێی خۆیەتی بپرسین بۆ یۆتۆپیا و لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
بنەمای بیر و هزری یۆتۆپی
بۆچی مرۆڤ پەنا دەباتەبەر «یۆتپیا» بەگشتی؟ پاشان بۆچی دەوڵەتی کوردستانی وەک یۆتۆپیایەک؟ هەڵبەت سنوورداریی واقیع یا «بوون» وەک چوارچێوەیەک تەنگ یەکەم هۆکارە‌. بەواتایەکیتر، «بوون»(بەگشتی یا سنوورێکی جوگرافی وڵاتێک) ئەو جوخزە سنووردارکەرەی هزر و تواناو هیواکانی مرۆڤە کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم وەدیهێنانی خەون و ئایدیاکانی مرۆڤدا. بۆیە مرۆڤ لەبووندا دەیەوێ بەرەو جێگەیەک بڕوات تا هیواو ئاوات و خەونەکانی بهێنێتەدی. بۆیە مرۆڤی یۆتۆپیە و لەو پێناوەشدا بەردەوام لەو واقیعە سنووردارەی تێدادەژی ڕۆیشتووە. بەمانایەکیتر، کاتێ ئێمە دەڵێین ناتوانین لەچێوەی «ئێراق» یا هەر دەوڵەتێکی تردا بژیین، بەمانای ئەوەی ئێمە لەڕووی هزریشەوە ناتوانین لەو قەوارە زۆرەملێیانەدا وەک خۆشمان بیربکەینەوەو وەک ئەوەی کە بمانەوێ ئازادبین. هاوکات سنوورداری ئەو شوێنە جوگرافیەی کە هەمیشە ناوچەکانی ئێمە دەخاتە پەراوێزەوە، بۆخۆی کێشەیەکی تریشە.
مێژووی چەمک و ئایدیای یۆتۆپی
بیری یۆتۆپیانیسم(utopianism) واتە یۆتۆپیاگەریی، مەبەست لەکۆمەڵگەیە‌کی‌ ئەلتەرناتیڤە بۆ مرۆڤ. لەمێژووی هزردا «تۆماس مۆر» یەکێکە لەو هزرمەندە یۆتۆپیستانەی کە بەسەلیقەوە توانی لە کتێبی یۆتۆپیا (1516) دا بەخەیاڵێکی بەپیتەوە دوور دەست لەواقیعی ستەمکارەوە وێنای کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و یەکسان بکات. دیارە خوازیاری کۆمەڵگەیەکی نموونەیی بوو لە»شوێنکی تر»‌ بەمەرجێ کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەسەر بنەمای سیستمێکی یەکسان و بەشدارەکی بێ. واتە هاوبەشی تێدا فەراهەمبێ و جۆرە «بەهەشتێک» بێ بۆ مرۆڤی دیلی واقیع. بێگومان دیدگەی مۆر لەژێر کارتێکردنی بیری ئایینی کاتۆلیکیشدا بووە. ئیدی کۆمەڵگەی ئەندێشەیی ئەو کۆمەڵگەیە بەدیدی مۆر کە بە»شوێنی چاک» ناودەبات کە ئەویش هاوواتای وشەی (eutopia) یه.
شایانی باسە لە»ئەفلاتوون»ـەوە تا «مۆر» زاراوەی یۆتۆپیا گوزارشبووە لەدیدو جیهانبینییەکی مۆراڵیانە کە هەم ڕەخنەو هەم ڕەتکردنەوەی ئەو بەها و نۆرمانەیە کە کۆمەڵگە لەسەری بنیات نراون. بۆیە «جیهانی ئایدیا»ی، نموونەیی خەونی مرۆڤە. ڕەخنەو گازاندەی مرۆڤ لەهەژموونی ئەوەی کە «هەیه»‌، هۆکارێکە بۆ ڕەتکردنەوەی خراپی گوزەران و ژیانێک کە لەئاستی خواست و هیواو بەها بەرزەکانی مرۆڤدانییە. کەواتە نەسازان و هەڵنەکردن لەتەک واقیعێکدا کەهیچ نیهادی ئەوتۆی پێنییە بۆ مرۆڤ، بۆخۆی هزرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتورییە. هەربۆیە ئێمە دەتوانین لەو گۆشەنیگاوە بڕوانینە دروستبوونی دەوڵەت وەک یۆتۆپیایەکی پێویست، بەتایبەت دەوڵەتی نەتەوەیی و «سۆشیالیستی» ئەو شوێنگەلەن کە بەهۆیەوە مرۆڤ دەخوازێ بگاتە ئەو دۆخەی کە لەخولیاو هزریدا هەوڵی بۆداوە و لەسەر زەمینی واقیع بەدیدەهێنێ‌.
دەوڵەتی یۆتۆپی
دەوڵەت یا «شارەدەوڵەت-polis» لەڕوانگەی ئەفڵاتونەوە بەپێی یۆتۆپیایەک دەڕوات بەڕێوە کە ڕابەرایەتیکردنی فەیلەسوفە. ئەو ڕەنگڕێژی کۆمەڵگەیەکە کە هەڵگری بنەماو ڕەهەندە یۆتۆپیاییەکەی بێ کە لەراستییدا ئەلتەرناتیڤی کۆمەڵگە- دەوڵەتی هەڵوەشاوەو داهێزراوی دیموکراسی ئەسینایە. کەواتە گەر فەلسەفە لەبەرەبەیاندا دیدگایەکی بۆ دەوڵەتێکی هەبووبێ، لەبەرئەوەی دەخوازێ جیهانێکی لەبارتر و شیاوتر بهێنێتە بوون. وەلێ مەرجیش نییە ئەو جیهانە خوازراوە کتومت دروست بکرێت، بەڵکو مەبەست لەئەگەری ئەو جیهانە نموونەییە وەک میۆدێلێ لەبیرکردنەوەدا کە مرۆڤ ئەتوانێ تا ئەوپەڕی توانای هزری خۆی بیر لەدەوڵەتێکی نموونەیی بکاتەوە.
کەواتە دەکرێ یۆتۆپیا فەلسەفەیەک بێ کە بیر لەئەگەر و ڕەهەندەکان بکاتەوە، چونکی فەلسەفە بەمانایەکیش ئامادەبوونە لەناشوێندا. واتە لەمەوداو ڕووبەرێک کە بیرکردنەوەیە. کەواتە فەلسەفەی بیرکردنەوە ئەوەیە کە بیر لەجیهانێکیتر بکاتەوە. ئەگەر لەڕووی میتافیزیکیەوە سەیری مەسەلەکە بکەین، دەبینین بوونناسی- ئۆنۆتۆلجیا- ڕەتدانەوەو نەفیکردنەوەی ئەوەی کە هەیە. ئەگەر لەڕووی بیردۆزی سیاسیشەوە سەیری بکەین، دەبینین کە دیدی»ریاڵیزمی سیاسی» ڕەتدانەوەی واقیع و سیستمەکانی ئێستەیە بەپێشکەشکردنی ئەلتەرناتیڤ.
کوردستان لەخەیاڵەوە بۆ یۆتۆپیایەکی واقیعی
بەزۆری قسەکردن لەسەر «دەوڵەت»ی کوردی لەدوو‌ هەڵوێست تێنەپەڕیوە: یەکەم تەنها چارەسەر و فریادرەس لەبەرگی هەست و سۆزێکی جۆشخواردودا. دووەم: ڕەتکردنەوە منجەمجێکی سیاسی تاڕادەی ‌شەرم له ‌درکاندنی ڕەوایی خواستی دەوڵەت لای دۆست و دوژمن! لەهەردوو حاڵەتەکەدا کاردانەوەی دەروونی پێش دیدێکی سیستماتیک قوڵ دەکەوێ. کەواتە دامەزراندنی دەوڵەت دەبێ لە قاڵبی دروشمی تاکتیکی بێتە دەرەوەو ببێتە بەرنامەیەکی سیاسی هەمەگیر. بۆ ئەمەش خەیاڵ بەهەموو دەوڵەمەندیەکەیەوە بەس نییە.
بۆیە ئەگەرچی بەهیچ شێوەیەک «دەوڵەتی کوردستانی» خەیاڵ و خەونێکی شاعیرانە نییە، بەڵام بەئەندێشەی شاعیرا‌نەو و هەست و سۆزی کاتیش ناچەسپێ. دەوڵەت بەخەیاڵی شاعیرانەوە‌ پێکنایەت، بەڵکو دەبێ فەلسەفەیەک هەبێ‌ لەپشت بیرکردنەوە‌‌ لە زەرورەتی دەوڵەتەکە‌‌. ئیدی دەوڵەت یۆتۆپیایەکە بەلانی کەمەوە وەک هێزێکی ئەقڵانی و دەروونی ئاڕاستەی پلان و نەخشەسازی دەکات. واتە هێزێکە لەبیرکردنەوەیەکی یۆتۆپی دا کە ئامانجێکی ڕەوای لەخۆگرتووەو هەوڵدەدات ببێتە واقیع، نەک واقیع بکاتە خەیاڵ! کەواتە دەوڵەتی نەتەوەیی(بەمانا گشتگیر و فراوانەکەی) بۆخۆی تەقەللا و گەڕانێکە بۆ وەدیهێنانی ئەگەرێکی تر، جۆرێکی باشتر بۆ ژیان و مانی ئێمە لەئێستاو داهاتوودا!‌
Top