لەنێوان چەمكی چاكسازی و چەمكی نیشتمانپەروەری لای ئێمە و ئەوانیتر

لەنێوان چەمكی چاكسازی و چەمكی نیشتمانپەروەری لای ئێمە و ئەوانیتر
نیشتمان بەمانای ئەو جێگایەی ئادەمیزادی تیا لەدایك ئەبێت، لەوێشەوە وشە و چەمكی نیشتمانپەروەری هاتووە، كەبەپێی زۆر لەئاڕاستە و میتۆدە فیكریەكان خوێندنەوە و لێكدانەوەی بۆكراوە. هەیە چەمكی نیشتمانپەروەری وەكو عەقیدە یان باوەڕێك پێناسەدەكات كە جۆرێك لەدژایەتیكردنی ئەوانیتری لەخۆیدا هەڵگرتووە، هەیە ئەو چەمكە زیاتر بەلایەنی سۆزداری و خۆشەویستی وڵاتەوە ئەبەستێتەوە. لەهەموو ئەمانەش جۆرێك لەپێناسە ئەبینرێتەوە كە مەبەستیەتی چەمكی نیشتمانپەروەری بەوەلاء و پیرۆزڕاگرتنی نیشتمان و بەدیوێكیدا بوغز و ڕكبەرایەتی ئەویتر كە دژی بێت، هەتا ئاستی خۆبەكوشتدا لەپێناوی بستێكی نیشتماندا. بەڵام ئەگەر وردیكەیتەوە نیشتمانپەروەری لەزۆر شتی ورددا ئەبینینەوە.
لەراپۆرتە هەواڵێكی ڕۆژنامەی (میترۆ)ی ڕۆژانەی هۆڵەندی ڕۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2011دا هاتووە گوایا لەبەرانبەر ڕەزامەندی شارەوانی شاری زووتەرمیری لەسەر داواكاری ڕێكخراوی سەنتەری ئیسلامی (ICZ) Stichting Islamitisch Centrum لەو شارە بۆ دروستكردنی مزگەوتێك، لەناو دانیشتوانی ئەو گەڕەكەی كە نیازوایە مزگەوتەكەی تیا دروستكرێت نیگەرانی و ناڕەزاییەكی زۆر دروستبووە. بەهانەیان بۆ نیگەرانیەكەیان لەئاست دروستكردنی مزگەوتەكە پێوەندی بەهیچ مەسەلەیەكی پێوەندیار بەدین و سیاسەتەوە نییە، چونكە بنەمای نیشتمانپەوەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان لای هۆڵەندیەكان چیدی ڕەهەندی سیاسی پێوە بەدی ناكرێت، هێندەی دڵسۆزی بۆ هەموو بستێكی خاكی ئەو وڵاتە و خزمەتكردن و جوانكردن و پاكڕاگرتنی و پاراستنی سیستەمە ئابووریەكەی و ئەو كەشوهەوایە لەئازادی ڕادەربڕین و فرەییەی كە فەخر و شانازی پێوەدەكەن.
ئەوان لەنامەیەكیاندا بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەوەیان ڕوونكردۆتەوە كەوا لەهەمان شەقامدا كە بەنیازن مزگەوتەكە بینابكەن، هۆڵێكی دانسی (شهود یەهوا) (Jehovah’s Witnesses)ی لێیە. بەشێوازێكی شارستانی 1200 ئیمزایان كۆكردۆتەوە كە هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو مزگەوتە لەترسی ناكۆكی و كێشە لەداهاتوودا نابێت بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەر كۆنفلیكتێك بگرن لەداهاتوودا لەنێوان موسڵمانەكان و هەوادارانی شهود یەهوا دروست ببێت، بۆ ئەوان گرنگ نییە كێ و لەكوێ بارەگای دەبێت، گرنگ ئەوەیە یەكەم سیمای شار ناشرین نەبێت، دووەم بوونی ئەو شتە زیان بەكەس نەگەیەنێت، سێهەم بوونی هەر شتێك لەگەڵ شتێكی تردا لەهەمان شوێندا هیچ كۆنفلیكتێكی لەهیچ جۆرێك دروست نەبێت.
بەیانیەكی زۆر زوو بوو كە لەگەڵ باوكی تەمەن سەروو حەفتا ساڵمدا لەوێستگەی پاسەكەی نزیك ماڵەكەمان لەیەكێك لەشارەكانی ئەڵمانیا وەستابووین، ئەودەمی باوكم دەستی برد و دەسڕێكی لەگیرفانی دەرهێنا تەڕی چاوی بسڕێت و دوو پارچە دەسڕ بەدەستیەوە هات و یەكێكیان لەدەستی كەوتە سەر زەوی، پێش ئەوەی فریاكەوم دەسڕەكە لەسەر ئەرز هەڵگرمەوە، كچێكی تەمەن كەمتر لەهەژدە ساڵ چووە بەردەم باوكم و داوای لێكرد دەسڕەكە لەسەر ئەرزەكە هەڵگرێتەوە، باوكیشم وتی: نەمزانی لێم كەوتووە، منیش هاتمە وەڵام و گوتم بەڵام من هەڵم ئەگرتەوە، ئەو پیاوە دەبینی بەتەمەنە نەیزانی دەسڕەكە لەدەستی كەوتووە، كچەكە بەداوای لێبوردنەوە گوتی: بەڵام من وافێربووم، ئەمە وڵاتی هەموومانە و دەبێت پاكوتەمیز ڕایگرین. هەر ئەو دەقیقەیە ئەو ڕۆژەم وەبیرهاتەوە وەختێ بەباخێكی زۆر جواندا لەگەڵ مێردەكەم و كوڕەكەم كە ئەوسا تەمەنی هەشت ساڵان بوو پیاسەمان دەكرد، گەیشتینە بەر درەختێكی گوێز، كوڕەكەم دەستی برد ویستی لەسەر زەوی گوێزێك هەڵگرێتەوە، منیش لەدەستیم وەرگرت و فڕێمدا و لەگەڵ مێردەكەم ویستمان لقی درەختەكە ڕاوەشێنین و گوێزی بۆ لێبكەینەوە، ئەو كاتە ژن و پیاوێكی زۆر بەتەمەن لێمان هاتنە پێشەوە، ژنەكە ڕووی پرسیاری لێكردم و وتی: ئەو درەختە ئێوە چاندووتانە؟ سەیرم لەپرسیارەكەی هات، وتم: نەخێر، گوتی ئەی بەچ مافێك گوێزی لێدەكەیتەوە؟ ئەو درەختە بۆ جوانی و بۆ هەمووان لێرە چێنراوە، ئەگەر تۆ ئامادەبیت بەری درەختێك كە لەشوێنێكی گشتیدا ڕوێنراوە هەروا لێكەیتەوە و بەخۆتی ڕەواببینیت، ئەگەر بوویتە دەسەڵاتدار بەری ڕەنجی خەڵكی ماندووش بەخۆت ڕەوا دەبینیت و گەندەڵی بڵاودەبێتەوە. ئەگەرچی ئەم دوو چیرۆكە سادە و ساكارن، بەڵام من پەندێكی گەورەم بۆ ژیانم لێوەرگرتن، پەندەكە ئەوەیە نیشتمانپەروەری ئەوەنییە تەنیا شەڕبكەین و خاك بسەنین و لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشین، بەڵكو نیشتمانپەروەری پرۆسەیەكی درێژخایەنە، شۆڕشكردن و شەهیدبوون تەنیا قۆناغێكە، هەمووشی لەوێدا كۆتایی نایەت، بەڵكو لەوێوە دەستپێدەكات كە دەسەڵاتمان گرتەدەست ئینجا چۆن ئەو ڕۆحی نیشتمانپەروەریە جارێكی تر وەبەربهێنینەوە بەخزمەتكردنی نیشتمان، كە یەكەمین هەنگاوی بەهوشیاربوونەوە و هوشیاركردنەوە دەستپێدەكات.
ئەگەر بەجادەو بانەكانی شارەكانی هۆڵەندادا بگەڕێیت، زۆربەی جار دیمەنێك كە زۆر دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە كەسانێك كە دەسڕێك، پارچە كاغەزێك یان قووتووی كۆلایەكی فڕێدراو هەڵدەگرنەوە و دەیخەنە ناو نزیكترین زبڵدانی سەر جادەكانەوە، ئەگەر زبڵدانیش نەبوو لەگەڵ خۆیان دەیبەن هەتا زبڵدانێكیان بەرچاو دەكەوێت و فڕێی دەدەن، هەرنەبوو دەیبنەوە ماڵەوە دەیخەنە ناو زبڵدانی ماڵەوە. ئەمە سادەترین ماناكانی نیشتمانپەروەریە. هەروەك هیچ جیاوازیەك لەنێوان بەرپرسێك و هاووڵاتیەكی سادەدا نییە، ئەوەی خەڵكی سادە ئەیكەن، بەرپرسەكەش ئەیكات، بۆی هەیە بەرپرسێك دەست بەرێت دەسڕێك یان كاغەزێك لەسەر جادە هەڵگرێتەوە بیبات لەزبڵدانی ماڵی خۆیان هەڵیگرێت، بەڵام داخوا چەند بەرپرسی حزبی و حكومی ئێمە ئەوەندە لەخۆبوردوانە نیشتمانەكەی خۆش ئەوێت. بگرە ئەگەر بەگەڕەك داگیریشی نەكردبێت، بەسوپا خەڵكی گرتوە دەوروبەری بۆ پاكەنەوە.
ئەگەر تاكەكانی ناو كۆمەڵگە هێندە هوشیاربنەوە كە بەپیس و پۆخڵی سەرجادەكان و كارە نابەجێكانی ڕێگاوبانەكان ڕازینەبن، هەرگیز گەندەڵی بەو چەشنەی ئێستای ناو كۆمەڵگە و دەسەڵاتی حكومی ئێستای كوردستان پەرەسەندوو نابێت، چونكە ئەو تاكە كە ڕازی نییە جادە و بانەكان پیس بن، ڕازیش نابن بەبەرپرسێكی گەندەڵ لەڕیزی حكومەتدا بەری ڕەنجی خەڵكی نەدار و ماندوو و نەگبەت بخوات.
دواجار بەباوەڕی سادەو ساكاری خۆم، نیشتمانپەروەری هێندەی پرۆسەیەكی درێژخایەن و پەرەسەندووە، هێندە قۆناغێك نییە گیری تیابخۆین و تەنیا بەخوێندنەوەكەی جاران لەچەمكی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیمان بۆ نیشتمان و بەپیرۆزڕاگرتنی وڵات نیشان بدەین.
هەتا ئێرە تێگەشتنی تاكی كورد بۆ چەمكی نیشتمانپەروەری هێند پەرەی نەسەندووە، بەمانای ئەوەی ئەوەندەی تاكی كورد ئامادەیە لەپێناو بستێك لەخاكەكەی خۆی بدات بەكوشت، لانیكەم بە پلە یەك پەرەی نەسەندووە بۆ خزمەت. مەبەست لەمە ئەوەیە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانكاریەی كە لەدەوروبەرمان ڕوودەدات، ئەبێت تێڕوانینمان بۆ زۆر چەمك گۆڕانكاریان بەسەردابێت، بەمانای ئەوەی ئێمە وەكو هاونیشتمانی و نیشتمانپەروەر خزمەتكاری ئەو وڵاتەبین، هەروەك ڕازی نەبین دەسەڵاتێك بەڕێوەی بەرێت كە تەنیا بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك بێت نەك بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی هاووڵاتیەكان، چونكە ناكرێت هاونیشتمانیش دڵی بەوڵاتەكەی بسووتێت و دەنگی بداتە حزبێك و ئامادەش بێت خۆی بۆ بەكوشت بدات، بەڵام ئەو حزبە كە دەسەڵات وەردەگرێت ئیتر بچێتە سەرووی هاووڵاتیەوە و هەر بەبیردۆزە كۆنەكە لەهاووڵاتی بڕوانێت و خۆی باڵا و هاووڵاتی ژێردەستە.
لەكۆتاییدا ئەو بەرپرسەی ئامادەنەبێت دەسڕێك لەسەر جادە هەڵگرێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری پاكردنەوەی وڵاتەكەی بكات، هەرگیز توانای ئەوەی نییە ئیدیعای گۆڕین بكات و بەڵكو بە هەموو گەندەڵیەك خەنیە.
ئەگەر تاكەكانی ناو كۆمەڵگە هێندە هوشیاربنەوە كە بەپیس و پۆخڵی سەرجادەكان و كارە نابەجێكانی ڕێگاوبانەكان ڕازینەبن، هەرگیز گەندەڵی بەو چەشنەی ئێستای ناو كۆمەڵگە و دەسەڵاتی حكومی ئێستای كوردستان پەرەسەندوو نابێت
Top