دوو دیمەن..!

دوو دیمەن..!
یادەوەرییەكان گەڕاندمیانەوە بۆ (21) بیست و یەك ساڵ لەمەوبەر، بۆ چەند رۆژێك دوای رزگاركردنی شاری هەولێر و پێش رزگاركردنی شاری كەركوك، كاتێك لەگەڵ دۆستێكی دێرین دیمەنێكی یەكجار دڵخۆشكەرمان لە شەقامی دەوری قەڵای هەولێر بە چاوی خۆمان دی. سەرتان نایەشێنم دیمەنەكە بریتی بوو لە (2) دوو كامیۆنی گەورە كە پڕبوون لە پێشمەرگە وجەنگاوەری ئامادە باش و چەك لە سەر شان بۆ رزگاركردنی شاری كەركوك بە ڕێ دەكەوتن. لەوكاتەدا دۆستەكەم رووی دەمی لێكردم و لێیپرسیم:تۆ بڵێیت بتوانن كەركوك رزگاركەن ؟. خێرا و بێ بیركردنەوە وەڵامم دایەوە وتم: بێگومان. ئەمجارەیان لێیپرسیم : بۆ ئەوەندە دڵنیاو گەشبینیت ؟. لە وەڵامدا پەنجەم بۆ دیمەنەكەی بەردەممان ڕاكێشا، كە چۆن (2) دوو لاوی ئەم شارە بەردەم هەر (2) دوو كامیۆنەكەیان گرتبوو رێگەیان پێ نەئەدان بكەونە رێ تا ئەمانیش سوار نەكەن، بەڵام كامیونەكەیان پڕ بوون و جێگای كەسی تری تیادا نەئەبووەوە و هیچ پێشمەرگەوجەنگاوەرێكی ناو كامیونەكانیش ئامادە نەبوون كە شوێنی خۆیان بۆ(2) دوو لاوەكە چۆڵ بكەن. بۆیە بە دۆستەكەمم وت : «دڵنیام چونكە هیچ هێزیك نییە بتوانێت خۆی راگرێت لە بەردەم پێشمەرگە و جەنگاوەرێكدا كە خاوەنی ئەو بڕوا پۆڵاییە و ورە بەرزە بێت» ئەمەیان دیمەنی یەكەم بوو كە بە چاوی خۆم بینیم پێش (21) بیست و یەك ساڵ لەمەوبەر لە شاری هەولێر.
هەرچی تایبەتە بە دیمەنی دووەم، كە دیمەنێكی یەكجار ناشیرین و بێزراو و قێزەون بوو، ئێوارەی سێشەمە، رێكەوتی (8) ی هەشتی ئەم مانگە، لە رێگای كەناڵە ئاسمانیەكانەوە چەند جارێك بینیم و بریتی بوو لە: «پەلاماردانی پەرلەمانی كوردستان، كە بەرهەمی خوێنی جەنگاوەرەكان و پێشمەرگەكانی دیمەنی یەكەم و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی نەتەوەكەمانەو هێمای پیرۆزییەتی گەلەكەمانە.لەو دیمەنەدا دیم كە چۆن خەڵكانێك، بە دارو ئاسن و بەرد، بە ڕق و قینێكی زۆرو كەم وێنەوە هەوڵی تێكدان و كاولكردنی پەرلەمان دەدەن. ئەم كۆمەڵە خەڵكە كە ئاسان نییە ناسنامەیان بۆ بدۆزیتەوە بڕوا ناكەم جگە لە دژایەتی كردنی ئەم گەلە ستەمدیدە، هیچ شتێكی تر كۆی كردبنەوە».
بینینی دیمەنی دووەم هاوكات بوو لەگەڵ بینینی دیمەنی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و جێگرە دوژمن بە كوردەكەی، بۆ شاری «كەركوك. هەر لەو شارەشەوە سەرۆك وەزیرانی عیراق بانگەوازی نكۆڵیكردنی لە كوردستانیەتی ئەو شارە دێرینەی كورد ڕاگەیاند.
لە بارودۆخێكی ئاوادا چەندین پرسیاری جۆراوجۆر بە بیردا دێت كە جێگای خۆیەتی ئاماژە بە هەندێكیان بكەین و بپرسین:
• - ئایا ئەكتەرەكانی دیمەنی دووەم هەمان خەڵكی ئەم شارەو ئەم هەرێمە نین وەك ئەكتەرەكانی دیمەنی یەكەم ؟
• - ئایا ئەكتەرەكانی دیمەنی دووەم نامۆن بەم گەلەو رۆڵەو و خزم و كەسوكاری ئەكتەرەكانی دیمەنی یەكەم نین؟
• - دەكرێت پەنجەی تاوان بۆ ئەكتەرەكانی دیمەنی دووەم درێژ بكەین؟
• - ئایا ئەكتەرەكانی دیمەنی دووەم سەربازی شەترنج وخەڵكانێكی هەڵخەلەتێنراو و ساویلكەن یان خەڵكانێكی هۆشیارن و بە پێی پرۆگرامێكی دیاریكراو كار دەكەن؟
• - گەر ئەكتەرەكانی دیمەنی دووەم خەڵكانێكی ساویلكە و هەڵخەلەتێنراوبن ئەو لایەنانە كێن كە لە پشتیانەوەن و تەفرەیان داون؟
• - لە بارودۆخێكی وەك دیمەنی دووەم چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەرچین؟
لە كاتی بینینی دیمەنێكی وادا ئەمانە وچەندین پرسیاری تر بە بیردا دێ، بەڵام گرنگترین پرسیار، كە پێویستی بە وەڵامی یەكلاكەرەوە هەیە بریتیە لە:
ئەو هۆكارانە چین كە دوای(21) بیست و یەك ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی دیمەنی یەكەمی گۆڕی بۆ دیمەنی دووەم ؟
بە بۆچوونی ئێمە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنیان خۆی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبینێتەوە، بە مەرجێك وەڵامێك بێت زانستیانەو راشكاوانە هۆكارەكان دەستنیشان بكات و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزیتەوە.
Top