نەفرەت لە «داواكارییە ناڕەواكان»
May 14, 2012
وتار و بیروڕا
هەرچی تایبەتە بە «داواكارییە ناڕەواكان» كە بابەتی ئەم وتارەیە، بە بۆچوونی ئێمە، بریتین لە هەموو ئەو داواكاریانەی كە:
- بەشێك نین لە مافەكان، واتە داوای شتێك دەكرێت كە مافی داواكار نییە.
- دژ بە یاساو ڕێنماییە كارپێكراوەكانە، واتە داوای هەڵاوێردی دەكەن لە یاساو ڕێنماییەكان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەكان.
- رەچاوی بارودۆخی دابینكردنیان نەكراوە، واتە رەچاوی تواناوكاتی گونجاو بۆ دابینكردنیان نەكراوە.
ئەم «داواكارییە ناڕەوا» یانە لە كۆمەڵگای ئێمەدا زۆرن و زێدەڕۆیی ناكەین گەر بڵێین: ئەوەندەی گوێبیستی«داواكاری ناڕەوا» دەبین ئەوەندە گوێمان لەداواكارییە رەواكان نابێت.
جێگای خۆیەتی پرسیار بكەین :
- كێن ئەوانەی ئەم جۆرە داواكاریانەیان هەیە ؟
- ئەو هۆكارانە چین كە هانی خەڵكانێك دەدەن داوای «داواكاری ناڕەوا» بكەن ؟.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێین :
خاوەنی ئەم جۆرە داواكاریانە لە هەموو شوێنێكی ئەم كوردستانەو لە نێو هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگاكەماندا بوونیان هەیەو بەدی دەكرێن واتە تایبەت نین بە ناوچەیەك یان چین و توێژێكی دیاریكراو.
هەرچی تایبەتە بەو هۆكارانەی كە هانی خەڵكانێك دەدات داوای «داواكاری ناڕەوا» بكەن بریتین لە:
- لاوازی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و بیركردنەوە تەنیا لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان و لە بیركردنی بەرژەوەندییە گشتییەكان .
- دابەش نەكردنی پلەو پایەو سامان بە شێوەیەكی دادپەروەرانەو بە پشتبەستن بە لێهاتوویی تاكەكان، كە لەلایەك دەبێتە مایەی هەست بەستەم كردن لای زۆرینەی خەڵك و لە لایەكی تر، بە پشت بەستن بە پرەنسیپی، «بۆ ئەوان رەوایە ببنە خاوەن ماف و جیاوكێك كە شایستەی نین بۆ بۆ من نا» داوای داواكاری ناڕەوا دەكرێت .
- وەڵامدانەوەی پۆزیتیڤی( ئەرێنی) «داواكارییە ناڕەواكان» لە زۆر كات و باردا لەبەر هەر هۆكارێك بێت .
- پەیڕەونەكردنی پرەنسیپی سزادانی ئەوانەی كە لە كاتی داواكارییە ناڕەواكاندا زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەكان دەگەیەنن .
داواكارییە ناڕەواكان دیاردەیەكی قێزەون و زیان بەخشن بە كۆمەڵگاو نیشتمان بە شێوەیەك كە دەكرێت بڵێین : چەند وەڵامدانەوەی ئەرێنی داواكارییە رەواكان و دابینكردنیان كارێكی بە سوودە و لە بەرژەوەندی كۆمەڵگا و نیشتماندایە و هەنگاوێكی گرنگی دابینكردنی «دادپەروەری»یە لە كۆمەڵگادا، كە ئامانجێكی سەرەكی پرۆسەی چاكسازییە، هەندەو بگرە زیاتریش پشتگیری كردن لە داواكارییە ناڕەواكان، بە هەر پاساوێك بێت، زیان بە كۆمەڵگا دەگەیەنێت .
ئەوەی جێگای سەرنج و سەرسوڕمانە كەم نین ئەو میدیایانەی لە بری ئەوەی ئەم دیاردە قێزەون و زیان بەخشە ڕیسوا و مەحكوم بكەن،یان بە لایەنی كەم پشت گوێی بخەن و بایەخی پێ نەدەن، دەیكەنە بابەتی سەرەكی كارەكانیان و رووی كامێراكانیان لە داواكەرانی داواكارییە ناڕەواكان دەكەن و دەبنە پارێزەرانیان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرگرییان لێ دەكەن. ئەو میدیایانە بەم كارەیان،بیانەوێت یان نا، دەبنە هۆكارێك بۆ هاندانی خەڵك بۆ داواكردنی داواكاری ناڕەوا واتە دەبنە رێگر لەبەردەم دابینكردنی«دادپەروەری» لە كۆمەڵگادا .
چۆن ناتوانین پرۆسەی «چاكسازی» ئەنجام بدەین بێ ئەوەی وەڵامی ئەرێنیمان هەبێت بۆ «داواكارییە رەواكان» ی جەماوەری خەڵك بە هەمان شێوە پرۆسەی «چاكسازی» سەركەوتنی خوازراو بەدەست ناهێنێت بێ رووبەڕوبوونەوەی داواكارییە ناڕەواكان و وەرگرتنی هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرامبەریان. هەرچی تایبەتە بە دیاریكردنی كاتی وەرگرتنی هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرامبەر داواكارییە ناڕەواكان ئێمە لەو بڕوایەداین كاتی رووبەڕوبوونەوە هاتووە ئەمڕۆ پێش سبەینێ چاكترە .
نموونەكانی داواكارییە ناڕەواكان لە كۆمەڵگای ئێمەدا زۆرن و جیاكردنەوەیان لە داواكارییە رەواكان كارێكی گران نییە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی لە میدیاكاندا كار دەكەن، بۆیە داواكارین لەوان و لە لایەنەكانی تر هەموو توانایان تەرخان بكەن بۆ پشـــــتگیری كــــردن لەداواكارییە رەواكان و نەفرەت كردن لە داواكارییە ناڕەواكان.