سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و ستراتیژیەتی پارسەنگدانەوە لەلایەن واشنتۆنەوە

سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و ستراتیژیەتی پارسەنگدانەوە لەلایەن واشنتۆنەوە
((ڕەنگە واشنتۆن تەفزیڵی ئەوە بكات كە عێراق یەكگرتوو بێت و بەشێوەیەكی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵام هاوكاری نەكردنی حكومەتەكەی مالیكی وا لە سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریكا كردووە، دووبارە بیر لە مەسەلەكان بكەنەوە. پێدەچێت بەرپرسەكانی ئیدارەكە سەرقاڵی دانانی»پلانی B» بن، كە تێیدا پێوەندییە سیاسی و ئەمنیەكان لەگەڵ هەولێردا گرنگترو بەرچاوتربن بە بەراورد بە ڕابردوو. ڕەنگە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی یەكەم هەنگاوی سەرەكی بووبێت لەو پرۆسەیەدا. ))
پرۆفیسۆر تید گەلن كارپێنتەر
سەردانەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای نیساندا بۆ ئەمەریكا چەند لایەنێكی شاردراوە بەڵام گرنگی هەبوو.
یەكێك لە لایەنە بەرچاوەكانی بریتی بوو لە كۆبوونەوە باڵاكانی لە واشنتۆن. سەرۆك بارزانی تەنیا لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمەریكا جۆزێف بایدن و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ولیەم بێرنز دانیشتنی ئەنجام نەدا، بەڵكو لەگەڵ وەزیری دەرەوەشدا هیلاری كلینتۆن كۆبۆوەو تەنانەت سەرۆك ئۆباماش كاتی خۆی تەرخان كرد بۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵیدا.
ئەوە تا ڕاددەیەك لەسیاسەتی ئەمریكادا شتێكی باو نیە كە كەسایەتیەكی سیاسی، تەنانەت كەسایەتیەكی دیاریش بێت، ئەگەر سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆ نەبێت و ئەو هەموو كاتەی بۆ تەرخان بكرێت لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوە. تەنانەت شتێكی ناباوترە كە لەگەڵ جێگری سەرۆكدا دابنیشێت. هەروەها بە ڕاستی شتێكی نائاساییە كە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە یان سەرۆكدا ئەنجام بدەیت، چ جای ئەوەی بارزانی لەگەڵ هەردووكیاندا كۆبۆەوە.
مامەڵەكردنی بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا هەروەك ئەوەی سەرۆكێكی گرنگی دەوڵەت بێت، ئاماژەیە بەوەی واشنتۆن زۆر ناڕازییە لە بەرەوپێشچوونەكانی عێراق و ناوچەكە و دەوروبەری. هێشتا سیاسەتی ڕەسمی ئەمەریكا بریتیە لە پشتیوانیكردنی عێراقێكی یەكگرتوو كە حكومەتێكی مەركەزی بەهێزی هەبێت لە بەغدا، كە بەرپرسەكانی ئیدارەی ئۆباما هانی بارزانیاندا كە « دووبارە گفتوگۆ» لەگەڵ بەغدا بكاتەوە. بەڵام ڕەفتارەكانی دیكەی ئیدارەكە لە ماوەی سەردانەكەیدا ئاماژەن بە گرتنەبەری ستراتیژیەتی»پارسەنگدانەوە».
ئەوە نهێنی نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا كە واشنتۆن بە شێوەیەكی ڕوو لە زیاد باوەڕو متمانەی بە سەرۆك وەزیران نوری ئەل مالیكی كز دەبێت. نەك تەنیا نیگەرانن لە مەیلە تاكڕەوییە هەڵكشاوەكەی حكومەتی مالیكی، بەڵكو بەرپرسانی ئەمەریكاش تا ئەندازەیەكی زۆر نیگەرانن لە پێوەندییە گەرم و گوڕەكانی ئەو حكومەتە لەگەڵ تاراندا. بەرهەڵستی ئاشكرای بەغدا بۆ سەپاندنی سزای سەختتر بەسەر ئێرانداو لێدوانی بێ پێچ و پەنای وەزیری دەرەوەی عێراق كە بەرهەڵستی پشتیوانی دەرەكی دەكەن بۆ هێزەكانی موعاڕەزەی سووری كە لە هەوڵی ڕوخاندنی ڕژێمە هاوپەیمانەكەی ئێران، ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد دەدەن، نائومێدیەكی تاڵ بوو بۆ ئیدارەكەی ئۆباما.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بەرەوپێشچوونانە، ڕێ و ڕەسمی ڕاخستنی فەرشی سوور بۆ سەرۆك بارزانی خزمەتی بە دوو ئامانج كرد. یەكەمیان: ئەو پەیامەی بە بەغدا گەیاند كە جگە لە بەردەوامی بۆ حكومەتەكەی مالیكی ئەمەریكا ڕێگاچارەی دیكەی لەبەردەمدایە. دووەم: ئەو پەیامەی بە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە ئیدارەی ئۆباما نەك هەر تەنیا ئامادەیە بەڵكو پەرۆشیشە بۆ فراوانكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ هەولێردا-تەنانەت ئەگەر هەندێ لەو هاوكاریانەش لەسەر حسابی بەغدا بن.
پێدەچێت چەند هۆكارێك هەبن بۆ ئاوڕدانەوەی ڕوو لە زیادی واشنتۆن لە هەرێمی كوردستان. یەكێك لەو هۆكارانە بۆ ماوەیەكی زۆرە لە ئارادایە. لە ماوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە دوای داگیركارییەكەی ساڵی 2003ەوە، دانیشتووانی كوردستان لایەنێك بوون كە بەردەوام و پەرۆشانە پشتیوان بوون بۆ ئەمەریكا. هۆكارەكانی دیكە تا ڕاددەیەك نوێن. بەرپرسە حكومی و بازرگانیەكانی ئەمەریكا بەردەوام ئەوە لەبەرچاو دەگرن كە كوردستانی عێراق دەرفەتگەلێكی سەرنجڕاكێش بۆ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان دەڕەخسێنێت. ئەوە گرنگ بوو كە دەستپێكردنی كارەكانی ئەنجومەنی كاری ئەمەریكی-كوردستانی هاوكات بوو لەگەڵ سەردانەكەی بارزانیدا. لە ڕاستیدا، لە یەكەم كاری ئەم ئەنجومەنەدا ئەو وتارێكی پوخت و سەرەكی خوێندەوە. هێشتا ئیدارەی ئۆباما دەستەو یەخەیە لەگەڵ خراپترین سستبوونی ئابووری لە ئەمەریكا لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵدا، ئەو پەرۆشە هەلی نوێی ئابووری لە دەرەوە بدۆزێتەوە. كوردستانی عێراقیش یەكێكە لە ناوچە سەرنجڕاكێشەكانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.
بەڵام ئەوە تەنیا ئابووری نییە كە بایەخی سەرلەنوێی واشنتۆن بۆ هەرێمی كوردستان ڕوون دەكاتەوە. بەرژەوەندیی و نیگەرانیە ئەمنیەكانیش قورسایی تەواویان هەیە لەم مەسەلەیەدا. ڕەنگە ئەوە ڕێككەوت نەبووبێت كە دوو هەفتە دوای سەردانەكەی بارزانی، جەنەراڵ جەمیس جۆنز، ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك ئۆباما، بووە یەكەم سەرۆكی ئەنجومەنی كاری ئەمەریكاو كوردستانی.
ڕەنگە واشنتۆن تەفزیڵی ئەوە بكات كە عێراق یەكگرتوو بێت و بەشێوەیەكی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵام هاوكاری نەكردنی حكومەتەكەی مالیكی وا لە سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریكا دەكات دووبارە بیر لە مەسەلەكان بكەنەوە. پێدەچێت بەرپرسەكانی ئیدارەكە سەرقاڵی دانانی»پلانی B» بن، كە تێیدا پێوەندییە سیاسی و ئەمنیەكان لەگەڵ هەولێردا گرنگترو بەرچاوتربن بە بەراورد بە ڕابردوو. ڕەنگە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی یەكەم هەنگاوی سەرەكی بووبێت لەو پرۆسەیەدا.
Top