بۆ ئەوەی كەمتر گوێبیستی ڕستەی «حوشتر بە كونی دەرزیدا دەكەن» بین

بۆ ئەوەی كەمتر گوێبیستی ڕستەی «حوشتر بە كونی دەرزیدا دەكەن» بین
كەم نین ئەو جارانەی كە گوێبیستی ئەو ڕستەیە دەبین كە دەڵێت : «گەر بیانەوێ حوشتر بە كونی دەرزیدا دەكەن» كاتێك بە زەقی كارێكی دژ بە یاساو رێنماییەكان ئەنجام دەدرێت. ئەنجامدانی ئەم جۆرە كارانە، كە باون لە كۆمەڵگاكەماندا، هۆكارەكانیان زۆرە كە باسكردنیان ئامانجی ئەم وتارە نییە. وەك هەنگاوێك بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە كارانە، واتە بۆ ئەوەی «چیتر حوشتر بە كونی دەرزیدا نەكرێت» بە باشی دەزانین «سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران» بە نووسراوێك ئاگاداری هەموو فەرمانبەرانی دامودەزگا فەرمییەكان بكات كە ئەركی سەر شانیانە ئاگاداری بەرپرسەكانی سەرووی خۆیان بكەنەوە، گەر داوایان لێكرا كارێك ئەنجام بدەن دژ بە یاسا و رێنماییەكان بێت،بەراشكاوانە پێیان بڵێن كە جێبەجێكردنی ئەو داواكاریە دژ بە یاساو رێنماییەكانەپێویستە لە نووسراوەكەدا ئاماژە بكرێت كە «گەر فەرمانبەران ئەم ئەركەی سەرشانیان ئەنجام نەدەن، واتە گەر ئاگاداری بەرپرسەكانی سەرووی خۆیان نەكردەوە كە ئەو داواكارییە دژ بە یاساو رێنماییەكانە، بەرپرس دەبن بەرامبەر بە یاسا».
داواكارییەكی لەم جۆرە لە فەرمانبەران شتێكی نوێ نییە، بەڵكو نەریتێكی یاساییە كە دەمێكە لە بیركراوەو كاری پێناكرێت . ئێمە ناڵێین بە ئەنجامدانی ئەم كارە هەموو سەرپێچیەكان بنبڕ دەكرێت و»چیتر حوشتر بە كونی دەرزیدا ناكرێت «بەڵام بێگومانین لەوەی كە دەبێتە هەنگاوێكی بە سوود و گرنگ بۆ كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و ئەنجامدانی كارەكان لە فەرمانگەكاندا بە شێوەیەكی یاسایی و باشتر چونكە :
1 – زۆرن ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانەی كە ئارەزوومەندن كارەكانیان بە پێی یاساو رێنماییەكان ئەنجام بدەن بەڵام ناچار دەكرێن، لە لایەن سەرووی خۆیانەوە كە سەرپێچی بكەن. دەركردن و گشتاندنی نووسراوێكی لەم شێوەیە دەبێتە پشتگیری بۆ ئەو فەرمانبەرانە بۆ ئەوەی سەرپێچی نەكەن و كارەكانیان بە پێی یاساو رێنماییەكان ئەنجام بدەن.
2 – وەنەبیت هەموو فەرمانبەرانی باڵادەست ئارەزوومەندبن كە سەرپێچی یاسا و رێنماییەكان بكەن، بەڵام هەندێك جار لە ژێر فشاری پێوەندییە كۆمەڵایتییەكاندا، كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بەهێزن، ئەم جۆرە كارانە ئەنجام دەدەن، بۆیە دەركردن و گشتاندنی نووسراوێكی لەم شێوەیە فشاری كۆمەڵایەتی لەسەر ئەوانیش كەمدەكاتەوە .
3 – كەم نین ئەو لێپرسراوانەی كە سنووری دەسەڵاتی خویان نازانن و پێیان وایە كە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهان لە فەرمانگەكانیاندا، بۆیە دەركردن و گشتاندنی نووسراوێكی لەم شێوەیە و جێبەجێكردنی لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەبێتە ئامڕازیكی فێركردن بۆ ئەو لێپرسراوانە و ئاگاداریان دەكاتەوە كە «پێویستە بە پێی یاساو رێنماییەكان كارەكانیان ئەنجام بدەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە فەرمانەكانیان جێبەجێ ناكرێت».
4 - دەركردن و گشتاندنی نووسراوێكی لەو شێوەیەی كە باسمان كرد دەبێتە نامەیەكی روون بۆ ئەوانەی كە بە بەرنامە سەرپێچی یاسا و رێنماییەكان دەكەن و ناچاریان دەكات كە سڵ بكەنەوە لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە كارانە ئەگینا بە پێچەوانەوە دوای ئاگادار كردنەوەیان لە لایەن فەرمانبەرانی فەرمانگاكانیانەوە، بەرپرسیارەتیان لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە كارانە زیاتر دەبێت .
5 – سوودێكی گرنگی دەركردن و گشتاندنی نووسراوێكی لەم شێوەیە و جێبەجێكردنی لەلایەن فەرمانبەرانەوە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە تاكەكانی كۆمەڵگا فێری وتنی وشەی «نا»، «نەخێر»و «ناكرێت» دەكات، كاتێك كە راست بن و مافیان لە گەڵدا بێت، بە ڕووی بەرپرسەكانیان كە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگا.
بۆ بەدیهێنانی ئامانجی ئاڕاستەكردنی نووسراوێكی لەم شێوەیە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كە بریتیە لە «كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان لە فەرمانگاكاندا» و سەرخستنی پرۆژەكە پێویستە رێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر بۆ پاراستن و بەرگریكردن لەو فەرمانبەرانەی كە وشەی « نا»، «نەخێر» و «ناكرێت» بە گوێی بەرپرسەكانیاندا ئەدەن كاتێك دەیانەوێت، بزانن یان نا، سەرپێچی یاسا و رێنماییەكان دەكەن .
لە كۆتایدا دەڵێین ئەزموونی تاكە كەسیمان لەم بوارەدا سەركەوتوو بووەو هیچ كاتێك بەرپرسەكانی سەرووی خۆمان، دوای ئاگاداركردنەوەیان لە جۆری سەرپێچیەكان و نەگونجانی فەرمانەكانیان لەگەڵ یاسا و رێنماییەكان، جەختیان لە جێبەجێكردنی فەرمانەكانیان نەكردوە، كە ئەمەیش جێگای سوپاس و دڵخۆشیە .
بە هیوای كەمتر گوێمان لە ڕستەی «گەر بیانەوێ حوشتر بە كونی دەرزیدا دەكەن» بێت .
Top