ژن لە فەلسەفە پیاوانەکەدا

ژن لە فەلسەفە پیاوانەکەدا
«ڕه‌نگه‌ زمان له‌ سه‌ره‌تادا بێلایه‌ن بووبێت، به‌ڵام له‌ سایه‌ی بابسالاریدا هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری پیاودا بووه‌. لای بابسالار، ژن که‌ ده‌ست ده‌کات به‌ نووسین، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی چی ده‌ڵێت، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، بێ خواستنی مۆڵه‌ت، پێی نابێته‌ نێو پاوانی پیاوه‌وه‌، ئاخر نووسین شتێکه‌ تایبه‌ت به‌ پیاو، ئه‌وه‌ هه‌ر پیاوه‌ ده‌نووسێت، ده‌خوێنێته‌وه‌، لێکدانه‌وه‌ بۆ ده‌ق ده‌کات و له‌ پرۆسه‌ی نووسیندا، پیاو خۆی به‌رهه‌مهێن و به‌کاربه‌ریشه‌، ژن له‌ په‌راوێزی کرده‌ی نووسینیشدا هه‌بوونی نییه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که‌یه‌. له‌ کن بابسالار، ژن جه‌سته‌یه‌کی گه‌رم ونه‌رمی بۆنخۆشه‌ و هیچی تر، بابسالار که‌یفی به‌و ژنانه‌ نایه‌ت، وه‌ک ئینسانێکی بوێر به‌ گژ زوڵمدا ده‌چنه‌وه‌، حه‌زی له‌و ژنانه‌ نییه‌ به‌ ئومێدی گۆڕینی واقیعی سته‌مکار، ده‌ست ده‌ده‌نه‌ خامه‌، شه‌یدای ئه‌و ژنانه‌یه‌ که‌ ته‌نیا دوو قه‌ڵه‌م ده‌ناسن، قه‌ڵه‌می لێو و قه‌ڵه‌می چاو». ئەمەم لەسەر پەڕە ئەلەکترۆنیە تایبەتەکەی نوسەر و رەخنەگر حەمەسەعید حەسەن وەرگرتوە.. بابەتێکی گەلێ گرنگ بەڵام پڕ لەژانە بۆ خوێنەرێکی ژن و بەتایبەت بۆ ژنێکی نووسەر. ئەم جەدەلەی هەتا ئیستاش هەر درێژەی هەیە و ژن لەدووتوێیدا هەر ئەو بوونەوەرە لاواز و بێئیرادەکراو و بەڕێوەبراو (موسەیەر)یە کە پیاو دەیەوێت بیبینێت، ئەو ژنەی بەردەوام لای زۆربەی رۆشنبیر و رەخنەگرەکانمان جێگەی بەزەیی و سۆز و پێناسەکردنەوەیە لە تێکستێکدا کە تەرخان دەبێت بۆ وێناندنی ژن بە بوونەوەرێکی لەدەسەڵاتخراو و مافزەوتکراو، ئەو بوونەوەرەی ئەگەر بنووسێت تەنها گوزارشت لەخودی ژنێتی مافخوراو و مەغبوونی و مەزڵوومیەتی خۆی دەکات و هیچی تر نا.
ئاخر بۆخۆشی وایە هەندێجار کە هەندێ تێکستی ئیرۆتیکی هەندێ شاعیری ناوداری پیاوم بەرچاودەکەوێت ئەو وێنەیەم روونتر پیشان دەدات، رۆشنتر وەکوو ئاوێنە دیوی ناوەوەی پیاوم بۆدەخاتەڕوو، وەختە نەفرەت لەژنێتی خۆم دەکەم کە دەبینم ئەکەم ئەو شاعیرە ژن لە هزری خۆیدا چۆن دەبینێت، پارچەیەک لە جەستەیەکی رووت و قووت و هیچی تر نا.. نمونەی شیعرێکی قوبادی جەلیزادە کە ژن تەنها جەستەیەکی رووت دەبینێت و هیچی ترنا سەرەتا دەڵێت: که‌ رووت ده‌بیته‌وه‌،/ به‌للوعه‌ ئاوی ده‌هێته‌وه‌/ ئاو ، ئاو ده‌ڕێژێت.. هەتا دەگاتە: گۆی مه‌مکت،/ دوو مۆریله‌ی داگیرساون/ حه‌مام لێوڕێژه‌ له‌ ورووژان/ هه‌ڵم خۆی نووساندوه‌ به‌ سمتی په‌نجه‌ره‌وه‌... تاد
ئەگەر ئەمە وێنەی ژن بێت لە هۆش و ناهۆشی شاعیرێکدا، باوەڕمەکەن وێنەکە لای سیاسیەک زۆر جوانتر بێت.. لەسەر هەموو ئاستەکان ئەوە هەر پیاوە سەرگوزشتەی هەموو سەروەریەکانی بەناوەوە نراوە، ناوی هەموو ڤێستیڤاڵ و بۆنە و یاد و خەڵاتەکانی بەناوەوە کراوە، خوێندنگا و جادە و بانەکانیان بەناوەوەیە، تەنانەت هەر پیاوە مێژوو ئەنووسێتەوە و ژن گێلانە شانازیشی پێوەداکات و لەبەریداکات و ئیمتیحانیشی تیادەدات. ئاخر ئیبداع و داهێنان لەوڵاتی ئێمەدا هێشتا پیاوانەیە، هێشتا کچێکی نەبوە شانازی پێوە بکات، سیاسەت و ئابووری و ستراتیژی وڵات هەر رەگەزی پیاوانەیە، تەنانەت کورسیەکانی سەرۆکی وڵات و جێگرەکەی و سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هێشتا پیاوانەیە، لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی هێشتا ژن بە قانونی رێژە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە پیاو زۆرینەیە، ئیدی ژن کەمینەکەیە. سەیرییش لەوەدایە لەوڵاتی ئێمەدا زۆرینەکە لە زگی کەمینەکەوە کەوتۆتەخوارێ.
ئاخر هەر پیاوە مشتومڕە سیاسیەکان دەکات و تاوتوێی بڕیار و یاساکان دەکات و هەر ئەویش واژووی دەکات و دەریدەکات، بەو یاسایانەشەوە کە لەبەرژەوەندی ژنیشدابێت. هەر پیاوە یاساکانی باری کەسی نووسیوەتەوە و دەستووری داناوە و پێشتریش شەریعەتی هێناوە و لێکدانەوەشی بۆکردوە. هەر پیاوە لە وڵاتێکی وەکوو وڵاتی ئێمەدا هەموو قانوونەکان بۆ ژیان دادەڕێژێت و ژن لە پەراوێزێکدا یان لە سێبەردا قایلبوون و سەردانەواندنی لەسەرە..
زۆر سەرسام دەبم کە ببینم پیاوێک بکوژانە داکۆکی لە ژن دەکات، بەڵام زۆر بەدحاڵ دەبم کە بیردەکەمەوە ئەمە بنەمایەکی سایکۆلۆژی ئەستووری لە بونیادی کەلتووری و ئەخلاقی و فەرهەنگی و پەروەردەییماندا هەیە، کە پیاو ئاوا هەمیشە باڵادەست لەهەموو شتێکدا، شەرەفی لاوانەوە و پاڕانەوە و پیاهەڵدان و وێناندنی ژنیشی بەرکەوتوە، هەتا ئەو سنوورەی کە ئیتر ژن خەنیە بەو هەموو وێناندنە پیاوانانە کە هەمیشە ژن بەناوی بەزەیی و لێکۆڵینەوە پیاوانانەکانەوە ئەو بوونەوەرە لاواز و بێئیرادەکراو و مافخوراو و شایستەی بەزەییەیە کە پیاو حەزدەکات بیبینێت، ژنێک سەرچاوەی لەزەت وئیسراحەت و ماڵداری و وەچەخستنەوە و توندوتۆڵی خێزان، ئیتر چ پێویستدەکات هیچ پیاوێک نمونەی ژنێکی بەهرەمەند و داهێنەر لەهەر بوارێکی تردا بێت ناوبەرێت، وەک حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: « وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، بێ خواستنی مۆڵه‌ت، پێی نابێته‌ نێو پاوانی پیاوه‌».
دەبینیت چەند یان شاعیرێک کە لەسێبەری حزبێکدا دانیشتوە سەدان شیعری زەرد و سووری بۆ ژن نووسیوە، دەیەوێت هەموو ڤێستیڤاڵەکان لەسەر شەرەفی ئامادەبوونی ئەو بێت لە ریزی پێشەوە لەتەک سیاسیەکاندا، بەڵام هێشتا لێم نەبیستوە ناوی ژنێکی بەهرەمەندی کردبێت و ئامادەبووبێت ژنێک لەپێشەوە بێت و ناوی بەقەد ناوی ئەو گەورەکرێت، ئاخر ژن لای ئەو جۆرە رۆشنبیرانە تەنها دیکۆرە، تەنها جەستەیەکە و سەرچاوەی ئیلهامی شیعرە وەکوو بۆدی و قاوغ، بەڵام هەرگیز چاویان بەژنێک هەڵنایەت شانبەشانی خۆیان داهێنان بکات..
دەگەڕێمەوە سەر ئەو پیاوانەی داکۆکی لەژن دەکەن، هەمیشە گوتوومە زۆر بەگومانم لەوانە و بەسڵەوە گوتارەکانیان دەخوێنمەوە، چونکە هیچی لەو پیاوە رۆشنبیرە داکۆکیکارانە ژنەکانی ناو خێزانەکانیان کەس دەموچاویانی نەبینیوە و هەرگیز لەتەکیاندا ناچنە دەرەوە، بەتایبەت بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە رۆشنبیریەکان، بەڵام ئامادەن رۆژانە لەگەڵ ژنێکی تردا لە کافێتاریاکان قاوەبخۆنەوە و باسی دۆزەخی ژیانیان بۆ بکەن و گوایا ژنەکەی لێی تێناگات و ژیانی لێ تاڵکردوە..
هەر لەچوارچێوەی فەلسەفەی ئەو داکۆکیکردنە، بەدیوێکی تردا زۆر وتنەوەی شتێک ئەوەندەی تری ئەیچەسپێنێت، بەچەند وشەیەکی تر پیاوەکان کە دەنووسن و بەردەوام ئەوە دووبارەدەکەنەوە کە ژن لاواز و داماو و مافخوراو و چەوساوە و قوربانی دەستی پیاوە، ئەمە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەوەندەی تر ئەچەسپێت.. هەروەک هاوڕێیەکم وتی: هەر ئەو پیاوانەی داکۆکی لەژن دەکەن کلیلی ماڵ ئەبێت لە گیرفانی ئەواندابێت، بەشەو کۆنترۆڵی تەلەفزیۆن ئەبێت بەدەستیانەوە بێت، کە ژن و پیاو پێکەوە بڕۆنە دەرەوە هەمیشە ئەبێت پیاوەکە سەیارە لێخوڕێت...
Top