ڕوانینێك بۆ بارودۆخی عیراق دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا
April 1, 2012
وتار و بیروڕا
ئەو بەڵگانەی لە ناو كۆمەڵە دەرئەنجامێكدا لە پێش چاومدان بەرەو دەرئەنجامێكی بنەڕەتی ڕامدەكێشن، كە مەبەستم لێی ئەوەیە بڵێم: ئەمریكا لە ڕووخاندنی رژێمێكی فاشستیدا سەركەوتنێكی وەدەست هانی، ئەوەش دەسكەوتێكی مەزن بوو بۆ گەلی عیراق، بەڵام لە وەدیهێنانی كۆمەڵێك مەسەلەی بنچینەیی تردا، نەیتوانیوە ئامانج بپێكێت كە لەم خاڵانەدا كورتیان دەكەمەوە:
1ــ وەدینەهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە عیراقدا، تەنانەت لە پاش دەرچوونی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا لە عیراقدا ئەم ئاشتییە وەدینەهاتووە..
2ــ نەوەستاندنی تیرۆری خوێناوی لە وڵاتەكەدا كە لەلایەن هێزە فەندەمیتالیستە ئیسلامییە عارەبیەكانی ناوخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێت.
3ـ رانەگرتنی ململانێی نێوان هێزو پارتە سیاسییە تائیفیەكان، واتە پارت و هێزە شیعیی و سووننە مەزهەبیەكان كە خۆیان پابەند كردووە بە بەرنامەی تایەفەگەرییەوەو جیاكاری دەكەن لە نێوان ئایین و مەزهەبەكانداو سیاسەتێكی وا پیادە دەكەن كە یەكبوونی نیشتمانی پەرت و بڵاو دەكەنەوە لە یەكتری..
4ــ بەشداری نەكردن لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان كە بە هۆی سیاسەتە نادروستەكانی دیكتاتۆری پێشوو لەوانەش سیاسەتی تەعریب بوو كە بە زۆری زۆرداری سەپێنرا بەسەر ناوچە كوردنشینەكان و، بەمەش گرفتێكی زۆری تائێستاش لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتۆتەوە..
5ــ بەشداری نەكردن لە چارەسەری كەمی یان نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو ناوچانەی هێزی هاوپەیمانان خاپووریان كردووە لە كاتی جەنگیاندا دژ بە ڕژێمی عیراقی..
6ــ رانەگرتنی دەستێوەردانی دەرەكی بۆ ناو كاروباری عیراق بە تایبەتیش لە لایەن ئێران و سعوودیە و هەندێك لە وڵاتانی كەنداوەوە.
ئاماژە بەوەش دەدەم كە گەلی كورد بە تەنیا و تەنیا بە هۆی ئاكامەكانی جەنگی سێیەمی كەنداو رزگاری نەبووە لە رژێمێكی رەفتار فاشیست كە جینۆسایدو پرۆسەی ئەنفالی لە دژیان ئەنجام داوە، بەڵكو ئەو گەلە ستەمدیدەیە لە ساڵی 2005 بە ڕۆشنایی بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان توانییان فیدرالیەت لە دەستووری عیراقیدا بجەسپێنن چونكە لە 1992 وە هەوڵیان بۆ چەسپاندنی دەدا، بەهۆی ئەو بەربەست و گرفتە زۆرانەوە كە عیراق تێیدا دەژییا ئەم وڵاتە دوچاری قەیرانێكی بونیادیی و بەردەوامیی درێژ بۆتەوە، وێڕای هەندێك جیاوازی ڕێژەیی لە نێوان دوێنێ و ئێستادا كە ئەمانە هۆكارەكانێتی:
1ــ سروشتی پێوەندییەكانی بەرهەمهێنانی باویی ناو وڵات كە بە هۆی پاشكەوتنی بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵگە لە ڕووی فكرو پیادەكردنەوە ئەنجامی باشی وەدی نەهانیوە.
2ــ لاوازی هۆشیاری تاك و كۆ كە لە رەفتارەكانی ئەندامانی كۆمەڵگەدا خۆیان دیتوەتەوە بە تایبەتی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی رابردووی دوای رووخانی رژێمدا، ئەوەش درێژەی هەموو ئەو گرفتانە بووە كە بۆ عیراق بەجێماون لە ژێر سایەی دیكتاتۆریەتدا..
3ـ سیاسەتە ستەمكاریی و نادیموكراتیەكەی كە حكومەتەكانی پێشوو لە عیراقدا پیادەیان كردووە، كاری كردۆتە سەر ئەو بارودۆخەی ئێستاو ئەم دۆخە نەشازو نادیموكراتیەتەی بەرهەم هانیوەتەوە كە عیراقی گەیاندۆتە ئاستێكی نامەدەنی.
4ــ میتۆدی تایەفەگەرییانە كە هێزە زاڵدەستەكانی سیاسی فەرمانڕەوا لە قۆناغی ئێستادا سەپاندویانە جۆرێك لە پۆلین بەندی و دابەشكاری تایەفەگەری لە حوكم كردنی وڵاتەكەدا خستۆتەوە، كە بەهۆیەوە ململانێی سیاسی و كۆمەڵایەتی لێ كەوتۆتەوە.
5ــ هەژاری و بێكاری و دەردو نەخۆشی لە رێژەیەكی زۆری خەڵكی عیراق ئاڵاوە، هەروەها كەلێنی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان لە بەرین بوونی زیاتردایە هەمان شت لە نێوان فەرمانڕەوایان و فەرمانپێكراواندا .
6ـ ئەو ئاكامە ناهەموارانەی كە بەهۆی داگیركارییەوە لە ژیانی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتی كەوتونەتەوە، وێڕای دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەكی لە ناو كاروباری عیراقیدا.
هۆكارەكانی قەیرانە بونیادییەكە فرەلایەنە، رۆژ لە دوای رۆژ لە زۆربووندایە ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا گۆڕانی بەسەردا نەیەت ئەنجامی باشی لێ ناكەوێتەوە، دەكرێت لێرەدا بەم شێوەیە لێی بدوێین: كاتێك هێشتا هێزە ئەمریكیەكان لە ناو عیراقدا بوون، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنەكانی دوایی ئەمەریكاو ئێران رۆڵی خۆیان كردبووە دوو بەشەوە بۆ كاریگەریكردن لەسەر سیاسەتی عیراق، لەو میانەدا ئێران رۆڵ و كاریگەری زیاتری بەركەوتبوو، توانی ڕاو هەیبەتی خۆی زاڵ بكات بەسەر جەمسەرە هاوپەیمانەكانی كە لە حوكمكردنی ئێستای عیراقدا رۆڵیان هەیە بە تایبەتی دەستڕۆیشتووان لە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش لەو پێكهاتە خواروو خێچەی تایەفەگەرێتی و لە ژێر سایەی سەركردایەتی مالیكی كە لە كۆبوونەوەكانی تەهرانەوە رەنگی بۆ داڕێژابوو نەك لە بەغداو واشنتۆنەوە، ئەو پێكهاتەیە بێ توانایە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتەكانی وڵات، لەو نێوەندەشدا كاریگەرێتی ئەمەریكاو سعودیەو وڵاتانی كەنداو لەسەر سیاسەتی عیراقی نیمچە بزربووە، تای تەرازووی هەرێمایەتی بە بەرژەوەندی ئێراندا داشكاوە، هاوسەنگی ناوخۆش لەق بووە، لایەنە پێكناكۆكەكان لە هەڵپەی ئەوەدا بوون پەنا بۆ وڵاتانی دەوروبەر ببەن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانیان، لەم واقیعە ناڕێكەدا رۆڵی لیستی عیراقیە داكەوتووە لە بەرژەوەندی ماڵی شیعەكاندایە، هەر لەو كاتەوەی كە دكتۆر ئیبراهیم جەعفەری هاوپەیمانی شیعی ڕێكخست:
ئەو گۆڕانكارییانەی لە تەرازووی هێزە نوێیەكانی ناو عیراق دروست بوون لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی چەندین دیاردەی سلبی لێ دروست بوو كە بەم ئەنجامانە گەیشت:
1ـ زاڵدەست بوونی لیستی دەوڵەتی یاسا بە ناوی هاوپەیمانی نیشتمانییەوە، وێڕای ئەو ناڕێكییەی لە ناوخۆیدا هەیبوو كە ترسی ئەوەی لێ دەكرا بگاتە ئاستی نەمانی ماڵی شیعەگەرایی، لەم بارەیەوە هەندێك بڕیار دران كە بوونە هۆی ئەوەی پێگەی حزبی دەعوەو كەسایەتی مالیكی توندو تۆڵ بكات لە ناو دامودەزگا گرنگەكانی پۆلیس و سوپاو ئەمنی ناوخۆو سەركردایەتی كارە سەربازییەكانی ناو بەغدا هەروەها باڵی كێشایە ناو زۆر بواری تریشەوەو دەسەڵاتی تێدا قۆرخ كردو لە ڕووی مەبدەئیەوە لەو هێزە عەدەمیە نزیك كەوتۆتەوە كە سەدام حوسێن لە دامودەزگا سەربازییەكانیدا پیادەی دەكرد، هەروەها هەوڵی زۆر دەدات بۆ لاوازكردنی ڕۆڵی كورد لەو دەزگا ستراتیجیانەدا بەپێی پلان و بەرنامەی وردو ڕێكخراوو مەبەستدارەوە.
2ــ پێكداپژانی ململانێ لە نێوان جەمسەرەكانی پرۆسەی سیاسی و بە تایبەتیش لە نێوان لیستی عیراقیەو لیستی دەوڵەتی یاسا بە فیعلی و ڕاگیرانی لیستی عیراقیە لە ناو حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەروەها چوونە پاشەوەی رۆڵی هاوپەیمانی كوردستانی لە ناو حكومەتی ناوەندی كە هەمووی لە بەرژەوەندی دەوڵەتی یاسا كەوتۆتەوە.
3ـ بێتوانایی حكومەتی ناوەندی لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی لە هەموو بوارەكانەوە رووبەڕووی دەوڵەت و كۆمەڵگە دەبنەوە..
4ــ كشانەوەیەكی توند لە بواری ئازادییەكانی تاك و گشتی و ڕێكخراوەیی لەو كاتانەی كە دیكتاتۆریەت ڕووخێنرا دواتر جڵەگیری حوكم كەوتە دەستی تاكەوەو شێوازەكانی ستەمكاری لە رووبەرووبوونەوەی مانگران بەكارهێنرا بە بەكارهێنانی توندوتیژی و گرتن و ئەشكەنجەدان و هەڕەشەو كوشتن لە لایەن دەزگاكانی دەسەڵاتەوە چ بە ئاگاداری سەری هەڕەمی حكومەت یان بێ ئاگاداری ئەو..
5ـ مانەوەی گرفتەكانی كەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و بنەڕەتی لە شوێنی خۆیدا و بەرزبوونەوەی دەنگی بێزاری و نارەزایی خەڵكی..
6ــ بەردەوامی داهێزران لەو دیاردە سلبیانەی پێشوو لەوانەش بێكاری ئاشكراو ڕووپۆشكراو هەژارێتی بەرفراوان و گەندەڵێتی.
7ــ هەروەها ناردنی تیرۆر لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بەردەوامە، وێڕای هێزە عەدەمیەكانی ناوخۆش، بە شێوازێك كوشتنی هەڕەمەكیانە دژ بە كچان كوڕانی گەل بەردەوامە ئەم دیاردەیەش گوزارشتە لە واقیعی هەبوونی هاوپەیمانێتی ناوخۆیی و هەرێمی كە لە هەوڵدان بۆ دانانی بەربەست لەسەر ڕێی سەقامگیری و پێشكەوتن لەپاڵ ئەو ململانێ ناوخۆیی و جڵەوگیر بوونەی دەسەڵاتە لە لایەن دەوڵەتی یاساوە.
8ــ هەموو دەلالەتەكان ئاماژەدەرن بە دوو مەسەلەی گرنگ كە نەتوانراوە تێیانپەڕێنرێت :
اــ بەشداربوونی هەندێك هێزو لایەنی عیراقی لەگەڵ هێزە دژكارە ناڕازییەكانی عیراقی كە لە دەرەوەن ئەوەش بە كلكبەستنیان بە هێزە عارەبیەكانی وڵاتانی دەوروبەرو بە تایبەتیش بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لەناو وڵاتدا چ لە رێی كوشتنی كەسایەتییەكان یان ڕفاندنی خەڵكان یان بە هۆی گەیاندنی زانیاری بە هێزە تیرۆریزمیەكانەوە وەك هێزەكانی قاعیدەو بەعسیەكانی پێشوو بە تایبەت گرووپە تیرۆریزمیەكەی عزەت دووری و ئەنجومەنی زانایانی سووننەی ئیسلامی رەنگە تۆمەتباركردنی تاریق هاشمی و پاسەوانە شەخسیەكانی بە شێوەیەك لە شێوەكان خرابێتنە لیستەكانەوە بۆ بەرجەستەكردنی ئەم حاڵەتە.
ب ـ هەستانی هەندێ گرووپی شیعیی لە چوارچێوەی هاوبەندی نیشتمانی یان لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا بە هەمان كاری تیرۆریستی چ لە ڕێی دەزگاكانی ئەمن یان لە ڕێی میلیشیا چەكدارەكان یان ئەوانەی سەر بە حزبوڵڵان، ئەم واقیعە لەوپەڕی تاوسەندنیدا بوون لەپاش هەڵبژاردنەكانی 2010وە لەو كاتانەدا كە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا بوون ئەی ئێستا كە ئەو هێزانە دەرچوونەتە دەرەوە هەمان واقیع نابینینەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ لە ڕووە سلبیەكەیدا زەروورەت وای خواستووە كە بە پێچەوانەی ئەوەوە هەنگاو بهاوێژین بەڵام چۆن و كەی؟
دەكرێت هەندێك ئاماژە باس بكەین كە بەڵگەن لەسەر گۆڕانێكی هەستپێكراو لەم ڕووەوە:
!ـ سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا قەناعەتی بەوە هێناوە كە پێویستە ململانێ لەسەر دەسەڵات ڕابگیرێت بۆ خاتری بەرژەوەندی خۆی و لیستەكەی و هاوپەیمانی شیعی یەكلایی ببێتەوە، هەروەها بۆ خاتری ئەو هاوپەیمانێتیەی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەند بە ئێرانیەوەی دەبەستێتەوە، لەو بڕوایەدام سەرۆك وەزیران زۆر پەلەی لەم مەسەلەیەدا كردووە و نایەوێت لێی پاشەگەزبێتەوە بەڵكو هەر لە هەڵپەی چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتێتی لە ڕووی سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی چ لە ناو دەوڵەتدا چ بە هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ ئێران كە هاریكاری دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕیارە خیرایانەی لە دژی هەندێك هێزی ناو هاوبەندی نیشتمانی داوێتی، بە زانینی ئەوەش كە هەندێك لەو هێزانە لە كردەوەی تیرۆریستی بە درێژایی ساڵانی رابردوو تێوەگلاون، لەو بڕوایەشدام كە هاوبەندی نیشتمانی لە هەڵوێستەكانیاندا یەك نین و بۆیە تا ئێستاش نووری مالیكی خەمی لەدەستدانی ماڵی شییعەیی هەیە.
2ـ وەرچەرخانێكی هێمنانەو خاوو لە كۆمەڵگەی عیراقیدا دروست بووە دژ بە لێكدابڕانی ئایین و سیاسەت، دواتر لە نێوان ئایین و دەوڵەت كە ئەمەش كاریگەرێتی ئیجابییە..
3ـ دروست بوونی ناڕێكی لە نێوان هەموو هاوپەیمانیەكاندا، ئەمەش رێ خۆش دەكات بۆ هاوپەیمانێتی نوێ كە خۆی لە هاوپەیمانێتیە تایەفەگەرییەكان بە دوور دەخاتەوە گەر بێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێتەوە..
4ــ پاشەكشێیەكی توندی توانای ئەمەریكا لە كاریگەرێتی بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی سیاسی حكومەتی عیراقی لە بەرانبەر كاریگەرێتی بڵندی ئێرانی كە لە چەندین كەناڵی جیاوازەوە هەڵیكوتاوەتە ناو بارودۆخی ناوخۆی عیراق كە پێویست دەكات ئەو ڕایەڵانەی بپسێنرێت
5ـ سەرلەبەری ئەم واقیعە شەقامی عیراقی توڕەكردووە رەنگە ئەمەش رێخۆشكەر بێت بۆ لیستی عیراقیە تا پاڵپشتی بكرێت هاوكات هێزە تیرۆریستە خوێنڕێژەكانیش وەخەبەر دێنێتەوە، هەر ئەمەشە وای كردووە كە ماوەیەكە بە شێوازو جۆری تیرۆری جیاواز جیاوازەوە بارودۆخی ئەمنی عیراق بەرەو خراپی چووە.
6ــ سڵ كردنەوەو ترس لە پەرەسەندنی ناوخۆییانەی ململانێیەكان لە نێوان جەمسەرەكانی كە لە پرۆسەی حوكمدا هاوبەشن، ئەمەش وای كردووە كە خەڵكانێكی زۆر ڕەوبكەن بەرەو دەرەوە بۆ مەیسەربوونی ژیانێكی ئارام لە ترسی ئەگەری دووبارەجەنگی تایەفەگەری و زیاتر بوونی كاری تیرۆریستی..
7ــ مالیكی لە پێشبینی ئەوەدایە ئەو ململانێیەی ئێستا لە بەرژەوەندی خۆیدا یەكلابكاتەوە، بەمەش هەڵەیەكی كوشندە دەكات، چونكە باری ناوخۆی بونیادی دانیشتووانیی عیراقی و وڵاتانی دەوروبەریش رێ بەم سەركێشیانەی نادەن تا ئەو قەناعەتەش بە خۆی دێنێت دواجارگەلی عیراق قوربانی زۆرو زەوەند دەبەخشن، لەوەش ناقۆڵاتر سووربوونی حزبی دەعوەیە لەسەر بەردەوامبوونی حوكم بە دەست مالكیەوە بۆ خولی سێیەمیش.
8ــ زۆربەی زۆری گەلی عیراقی هەمان موعاناتی پێشووی ڕژێمەكانی تریان ڕووبەڕووبۆتەوە، هەندێ موعانات توندتر بوونەتەوە، ئەوەش لە نەبوونی پەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و بەربەستە بیرۆكراتیەكان و گەندەڵی و بە تاڵانبردنی پارەو قوتی گەلدایە كە ئازارەكانیانی زیاتر كردووە، گەرچی مانگرتن و خۆنیشاندانەكان لە كەمییان داوە بەڵام گەڕانەوەیان بە هێزێكی لە جاران زیاترەوە مسۆگەرە، باشترین چارەش بۆ ئەوە، توندو تۆڵكردنی ریزەكانی دیموكراتخوازانە تا ئەو خەباتە بچێتە ئەستێڵكی دیموكراتی و بە ئاشتیانە مافەكانی هاووڵاتیان بسەندرێن..
بارودۆخی ئێستای عیراق بەرجەستەی قەیرانێكی بونیادیانەیە كە پێویستە لەو فاكتەرانە ڕزگار بكرێت كە سەرلەنوێ سیستمی سیاسی دەكاتەوە بە ناو گەرووی تایەفەگەریی و بوونی پارتی مەزهەبی كە كاغەزەكان تێكەڵ بە یەكتر دەكەن تا بزاڤ و یەكێتی كۆمەڵ نەهێڵن، رازی بوون لەسەر سەرلەنوێ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە كارێكی بەسوودە و دەكارێت تەرازووی هێزەكان بگۆڕێت بە ئاڕاستەی چارەسەری قەیرانەكەدا كە ماندووبوونی زیاتری پێویستە..
یەكێتی ریزەكانی دیموكراتخوازان كە لە ناویاندا هاوپەیمانی كوردستانی و هێزە دیموكراتیەكانی تری كوردستانی تێدایە وا دەخوازێت قەناعەت بەو هێزانە بهێنرێت كە گەڕانەوە بۆ پێگە كاریگەرییەكانی خۆیان چەندە زەروورن بۆ شەپۆلی دیموكراتیەت و پاڵپشتی كردنی عیراقێكی مەدەنی، بۆیە مانەوەی ئەمان لە نزیك و لە ناو پێگەی دەسەڵاتەوە لە بەرژەوەندی گەلانی عیراقدایە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، هەروەها لە بەرژەوەندی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ قەیرانە بونیادییەكەی ئێستا كە بە قورسی لەسەر گەلی عیراق زیانی مرۆیی و مادی و شارستانی لێ كەوتۆتەوە، ئەمەش ئەگەرێكی گرنگ و قورس و باشە بۆ هاتنەوە ناو پێگەی ئەكتیڤی جاران..