ژن لەناو گەمەی سیاسی كوردستاندا، ژن لە كابینەی نوێدا

ژن لەناو گەمەی سیاسی كوردستاندا،  ژن لە كابینەی نوێدا
لەوتاری پێشووماندا باسم لە مەسەلەی كە گوایا ژن بە عەقڵی پیاو بیردەكاتەوە كردبوو، ئاماژەم بەوەدابوو كە نەك لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بەڵكوو لە ژیانی سیاسیشدا ئەو حاڵەتە رەنگی داوەتەوەو ژنانێك هەن بەعەقڵی پیاو بیردەكەنەوە و كەئەمەش دواجار كاریگەری لەسەر هەڵوێست و رادەربڕینیان دادەنێت و دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆدەستنیشانكردنی ئەو پێگەیەی كە ژن لەسەر ئاستی تایبەتی بۆخۆی بەدەستی ئەهێنێت و هەروەها لەسەر ئاستی گشتی و بەتایبەت بەشداری سیاسی بەباشی رەنگ دەداتەوە.
زۆرمان رەخنە لەوە گرت كە نابێت ژن بەهۆی نزیكی و خزمایەتی لەگەڵ پیاوێكی بەرپرس یان پیاوێكی شەهید ببرێتە بواری سیاسەتەوە، تەنیا وەكوو دەربڕینی وەفایەك بۆ ئەو شەهیدە یان موجامەلەكردنێكی بەتاڵی سەركردەیەك یان ناوی بەرپرسێكی سیاسی و حزبی كە ڕەنگە چەند ساڵێكی تر سوپایەك لە ژنی سست و پاسیڤ پێگەو پایە حزبی و حكومیەكان داگیربكەن و دەرئەنجامیش هیچ سوودێك نەبەكۆمەڵگا دەگات و نە پێگەی ژن لەو بوارانەدا هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا دێت.
هەموومان ئەزانین ئەو گەمە سیاسیەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە كە تەنیا دوو حزب باڵیان بەسەریدا كێشاوە و زۆربەی زۆری ڕۆڵە گەورەكان خۆیان بەرجەستەی دەكەن و، لەولاوە كیانە ئۆپۆزیسیۆنەكان هەتا كاتی نووسینی ئەم وتارە تەنیا ڕۆڵی چاودێریكار و رەخنەگر بەرجەستە ئەكەن، كە ئەمە دواجار كاریگەری گەورەی لەسەر ئەو چەمك و پرسانە داناوە كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین و داوای گۆڕینیان دەكەین، لەهەموو ئەم گەمەیەدا غیابێكی سەختی ژن هەیە، دەبینیت تەنیا پیاوەكانن بەر مایكرۆفۆنەكانیان، تەنیا ئەوانن قسە زلەكان ئەكەن، تەنها پیاون پێشنیاردەكەن و وتووێژدەكەن و دواجار بڕیاردەدەن.
ئەگەرچی كە قسە لە ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات دەكەین تەنیا مەبەستمان لەوە نییە رێگە بدرێت دەنگ و رەنگی جیاواز لەوەی لە گۆڕەپانەكەدا هەیە بچنە پێشەوە و رۆڵی خۆیان كاراتر بكەن، تەنیا مەبەستمان لەوەش نییە خوێنی گەنج بكرێتە شادەماری جەستەی سیاسی كوردستانەوە، بەڵكوو مەبەستی سەرەكیمان لەوەیە ژن كە تەنها شەریكی پیاوە لە كۆمەڵگادا پێگەی شیاو و راستەقینەی خۆی هەبێت لەو میكانیزمی بەڕێوەبردن و بەشداریە سیاسیە و ببێتە شەریكی پیاو لەناو بازنەكانی بڕیاردا.
هەڵبەتە هەموومان لەو گەمە سیاسیەی كەلە كوردستاندا لەگۆڕێیە تێگەیشتووین، بەتایبەت ئەو میكانیزمەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی پێدەكرێت. لەم گەمەیەدا بەداخەوە ژن قوربانیە گەورەكەی داوە، چونكە لەنێوان ئەو دوو حزبەدا هەندێ سەوابت واتا خاڵی چەسپێنراو و لەیەكچوو هەن وەك بەشێك لە ستراتیژی حزبیان كە كاری پێدەكرێت وەكوو بەشكردنی پلە و پێگە حكومیەكان، كە لێرەدا ژن بووەتە ئامرازێك لە ئامرازەكانی جوانكردنی حزبەكان و لەوە زیاتر نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو هەموو خاڵی جیاوازیانەی نێوان حزبەكان، كەچی بەهێزترین خاڵی لەیكچوونیانە.
هەڵبەتە ئەو ململانێ ئەزەلیەی نێوان ژن و پیاو لەسەر دەسەڵات كە لە كوردستاندا هەیە لە هەموو جێگەیەكی تری دنیا هەیە، بەڵام جیاوازیە گەورەكە ئەوەیە لە كوردستان ململانێكە یەكلایەنە و ململانێیەكی ناهاوسەنگە، بەڵام لەدونیای دەرەوە ململانێیەكی هاوسەنگ و دوولایەنەیە و چەند پیاو پاڵەوانە ئەوەندە ژن پاڵەوانە. لەكوردستانی ئێمەدا تەنها پیاوە كەشەڕ بۆ دەسەڵات دەكات و ژن هێشتا رۆڵی چاوەڕوانكەر دەبینێت، لەدەروە ژن وەكوو پیاو هێزە لە كۆمەڵگادا، لەكوردستانی ئێمە هێز تەنها لای پیاوە. ئیدی هێشتا هیچ ژنێكمان نیە ئەگەر كەسایەتیەك یان حزبێك نەیبردبێتە پێشەوە خۆی شەڕی بۆ كردبێت، بەپێچەوانەی وڵاتە پێشكەوتوەكان كە هەردوو ژن پیاو لەیەك ئاستدا شەڕ بۆ دەسەڵات دەكەن، لەبەر ئەوەی لەو وڵاتانە یاسای راستەقینە هەیە كە هەموو رێزی لێدەگرن و هەموو مافەكانی ژنی رێكخستوە. لەكاتێكدا هەتا ئیستا لەوڵاتی ئێمە داوای ماف لە پیاو دەكرێت و پیاو خۆی یاسایە و بەبڕیاری پیاو ژن ئەبرێتە پێشەوە.
هەموومان بینیمان ساڵی 2005 لە كوێت دەنگدەری كوێتی بوو كەبڕیاری لە چارەنوسی بەشداری سیاسی ژن دا و ژن چوە ئەنجومەنی نوێنەرانی كوێتیەوە، هەر دەنگدەری كوێتیش بوو كە سەرەتای ئەمساڵ 2012 ژنی تووشی نشوستیەكی گەورەكرد و ئەو بەشداریەی لێسەندەوە. هەڵبەتە قسە لەوە نیە كە كۆمەڵگای كوێتی هەتا سەر ئێسقان كۆمەڵگایەكی پیاوسالارە، بەهانە بۆ ئەوەش ژنەكان بەخۆیان دابەزینە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و كێبڕكێی هەڵبژاردنەكان لەبەرانبەر عەقڵیەتی پیاوسالاردا و، ئەو سەروەریە گەورەیەیان بۆمێژوو بۆخۆیان تۆماركرد و، ساڵی 2005 هیچ ژنێك نەبوو بە بڕیاری پیاوێك چووبێتە ناو پەرلەمانەوە. ئەوە جیاوازیەكەیە. بەڵام لە كوردستان ئەو شێوازە لە مامەڵە پیاوانەیەی كە لەگەڵ كەسایەتی ژن دەكرێت و ئەو بردنە پێشەوەیە بەو شێوەیە ئەوەیە كە ژنی سستكردوە و هەڵیخەڵەتاندوە و دەڵێن ئەوەتا پیاوەكان و حزبەكانمان پێشكەوتووخوازن، بەڵام ئەوە تەواو حاڵەتە ناشارستانی و ناتەندروستەكەیە. دەبێت ئەو حزبانە و ئەو جۆرە لە پیاوان واز لەو شێوازە لە ژن بردنە پێشەوە بهێنن، هەروەك ژن بەخۆی دەبێت بەرەنگار و رووبەڕووی ئەو مومارەساتە پیاوسالارانەیەی حزبەكان بێتەوە و شۆڕشی خۆی هەڵگیرسێنێت.
ئەگەر لێم بپرسن ئاخۆ چارەنووس و پێگەی ژن لەم كابینەیەی كە بەڕێوەیە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی چۆن دەبینیت؟ لەوەڵامدا دەڵێم نە لەوەی پێش خۆی و نەلەهیچ لە كابینەكانی تری پێشتریش باشتری نابینم، چونكە هێشتا هیچ ئاماژەیەك بۆ هیچ شەڕێكی كۆمەڵایەتی نابینم و هیچ بزووتنەوەیەك لەلایەن ژنانەوە نابینم كە بتوانێت بەخۆی بڕیاربدات و شەڕبكات و داوای دەسەڵات بكات، چونكە لانیكەم ژن نەبوەتە ئەو هێزە كاریگەرە پەروەردەیی و بڕیاردەرەی ناو كۆمەڵگا. جگەلەوەی ئەو شێوازەی كەدەسەڵاتی لەكوردستاندا پێ ئاڵوگۆڕدەكرێت هیچ هیوایەكم بەهیچ داهاتوویەكی گەش ناداتێ، بەهانەش ئەوەتا پیاوەكان سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەكەن و ژنەكان چاوەڕێن. پیاوەكان مشتومڕدەكەن و رۆژانە لێمان دەپرسن داخوا چ ژنێكی تر دەكرێتە میدالیایەك و دەكرێت بە كلیلی چ حزبێكەوە كەدەرگای بەسەر ژندا داخستوە. خۆ لە كوردستاندا ناڵێن ژنان مەیەنە پێشەوە، بەڵام هیچ ژنێكیش بەتوانای خۆی نەچۆتە پێشەوە، خۆ لە كوردستاندا ژنێكی زۆر لەناو پەرلەماندا هەیە، بەڵام كامەی دەنگی بیستراوە و كامەی شەڕی خۆی بۆ ئەو پێگەیە كردووە؟ ئەی ئەوە نەبوو پیاوی كاندید هەبوو بەدەیان هەزار دەنگی هێنابوو لابرا و بەسیستەمی كۆتا ژنی خرایە جێگە تەنیا بۆ ئەوەی دەنگی رێكخراوەكانی ژنان داخەن؟ بەباوەڕی من جوانترین و راستگۆترین سەركەوتن و نشوستی بینیبێتم سەركەوتنی ساڵی 2005 و نشوستی 2012ی ژنانی كوێت بوو. لانیكەم پیاوەكان درۆناكەن و بەدرۆوە ژنەكانیان نەبردۆتە پێشەوەو لانیكەمیش ژنەكان بەپشتبەستن بە توانا و هەڵوێستی خۆیان ئامادەگیان هەیە.
هەڵبەتە كارەساتەكە ئەوەیە لە كوردستاندا چ وەزیرێكی پیاو بەبێ تەزكیەی حزب ئەبێتە وەزیر هەتا ژنێك تەنیا پشت بە توانا و كارامەیی خۆی ببێتە وەزیر لە كوردستاندا، كام ئەندام پەرلەمانێكی پیاو ئەتوانێت دوور لە حزبەكەی قسەیەك بكات، هەتا ژنێك بتوانێت ئامادەگی خۆی بسەلمێنێت. ئیدی ئەمە ئەسڵی مەسەلەكەیە.
Top