هەرێمی كوردستان دوورگەیەكی ئارامە لە ناوچەیەكی شڵەژاودا

هەرێمی كوردستان دوورگەیەكی ئارامە لە ناوچەیەكی شڵەژاودا
هەر لە دروستبوونی ناوچەی دژەفڕینەوە لە باكووری عێراقدا كە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دوای جەنگی كەنداوی فارسی و لە سەرەتاكانی نەوەتەكاندا دایانمەزراند، توركیا بێ پەروا دوژمنایەتی هەرێمی كوردستانی عێراقی كردووە. ئەو پارێزگارییە وایكرد كوردەكان و هەردوو پارتە سیاسییە سەرەكیەكە( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) خۆیان لە ڕكێفی ڕژێمی سەددام حوسێن لە بەغدا ڕزگاربكەن و هەرێمێكی خۆبەڕێوەبەر دابمەزرێنن. ڕوخاندنی سەددام بە سەركردایەتی ئەمەریكا لە 2003دا ئەو توانایەی دووپاتكردەوە و بەهێزی كرد.
هەر لەسەرەتاوە، تێڕوانینی ئەنقەرە ئەوەبوو هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردستانی عێراق دەبێتە پردێك بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. لەوەش زیاتر باوەڕی زاڵ لە نێو سەركردە توركەكاندا ئەوەبوو كە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردستانی عێراق، چ جای دەوڵەتی سەربەخۆ، هێزێكی كێشكردنی بێ ئەندازەیی دەبێت لەسەر كەمینەی كوردی ناڕازی و نائومێد لە توركیادا. بە دەربڕینێكی دیكە، باوەڕیان وابوو، هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردی لە باكووری عێراق هەڕەشەیەكی گەورەبوو لەسەر یەكێتی خاكی توركیا.
گرتنەبەری چەندین ڕێ و شوێنێك لەلایەن ئەنقەرەوە و لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێنەوە ئەو دوژمنایەتیەی دەرخست لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستاندا. ئەو سیاسەتەی ئەولەویەتی یەكەمی هەبوو بریتی بوو لە ڕێگرتن لە گەڕانەوەی كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت و ناوچەكەكانی دەروبەری بۆ چوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، بە چاوپۆشین لەوەی دانیشتووانی كەركوك تەفزیڵی چی دەكەن. هەروەها ئەنقەرە هەرێمی كوردستانی تۆمەتباركرد بەوەی ڕێگەیان بە چەكدارە یاخیبووە جوداخوازەكانی توركیا( پەكەكە) داوە بۆ ئەوەی خاكی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەكە بەكاربهێنن و لەوێوە هێرشبكەنە سەر ئامانجەكان لە ناو خاكی توركیادا. لە چەندین بۆنەدا، سوپای توركیا هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدا بۆ ڕاوەدوونانی گەریلاكانی پەكەكە. بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئاماژەی شاردراوە دەبینین لەبارەی گۆڕان لە بیركردنەوەی نوخبە سەربازی و سیاسیەكانی توركیادا لە پەیوەندیدا بە كوردستانی عێراقەوە. هەندێ لە سەركردەكانی توركیا سەرنجی ئەو ڕاستیەیان داوە كە باكووری عێراق دورگەیەكی ئارامە لە ناوچەیەكدا كە تا دێت زیاتر دەشڵەژێت و مەترسیدارتر دەبێت. ئەگەرچی ئەو گومانە لە ئەنقەرە هەیە كە ڕەنگە بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستان هانی جیبابوونەوەی كوردەكان لە توركیا بدەن، بەڵام تا ڕاددەیەك ئەو گومانانە ڕەویونەتەوە. لە هەمان كاتدا، نیگەرانی توركیا لەبارەی بەرەوپێشچونەكانی بەشەكانی دیكەی عێراق-هەروەها بەرەوپێشچونەكانی سوریا و ئێران-بە شێوەیەكی دراماتیكی زیادیان كردووە. ئەو شیكردنەوە ژیرانەی لە ناو توركیادا دەكرێت سەرنجی ئەوەیانداوە كە هەرێمی كوردستانی عێراق تا ڕاددەیەكی گەورە هەرێمێكی سەقامگیر و دیموكراتیە- بە بەراورد بە بەشەكانی دیكەی وڵاتەكەو گەشەی ئابووری تەندروست لەو هەرێمەدا دەرفەتی سەرنجڕاكێشی بۆ بزنسكارانی توركیا خوڵقاندووە.
تێڕوانینێكی جیاواز و نوێخواز لە توركیادا دروست بووە كە بەو شێوەیە لە كوردستانی عێراق دەڕوانێت كە ببێتە حاجزێك لە نێوان توركیا و ئەو ناسەقامگیرییە نیگەرانكەرەی لە ناوچەی شیعە و سوننەنشینەكانی عێراقدا هەیە. ئەگەرچی ئەو كەسانەی ئەم تێڕوانینەیان هەیە كەمینەن، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە گەشە و بڵاوبوونەوەدایە. هەرچۆنێك بێت، بۆ ئەوەی ئەو تێڕوانینە زاڵبێت، دەبێت كوردستان پتر پابەندبێت بە دیموكراسی و ڕیشەكێشكردنی گەندەڵیەوە. لە ڕابردوودا، مشتومڕ و ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی گرژی توندی دەخوڵقاند و تەنانەت هەندێ جار دەتەقیەوە و توندوتیژی لێدەكەوتەوە. ئەو ڕكابەرییە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەكی سەقامگیر- تەنانەت بۆ شەراكەت- لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام ئەو كەسانەی لە دەرەوەی دوو پارتە باڵادەستەكەن قەناعەتیان وایە كە ئەو ڕێكەوتنە بۆتە شەراكەتێكی سیاسی لە نێو هەردوو پارتەكەدا.
گرنگە كە یەكێتی و پارتی كۆتایی بەم ڕەفتارانە بهێنن و كوردستانی عێراق بكەنە مۆدێلی دیموكراسی. گواستنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لە یەكێتیەوە بۆ پارتی دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ جەختكردنەوە و جێبەجێكردنی بەها دیموكراتیەكان. گواستنەوەیەكی ئاشتیانە و ڕێكی دەسەڵات وانەیەكی گرنگە بۆ باقی بەشەكانی عێراق و هەموو وڵاتانی دراوسێی كوردستانی عێراق. كاركردن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و تەئكیدكردنەوە لەسەر مافەكانی هاوڵاتیانی كوردستان بۆ ئەوەی ئاشتیانە ڕەخنە لە دەسەڵات و سیاسەتەكانی حكومەتە بگرێت بە سوود و قازانجێكی زیاتر دەشكێتەوە.
جیاوازییەكی نوێ- ئەم هەلومەرجەی كوردستان- هەیە لەگەڵ ڕوداوەكانی بەغدا، كە سەرۆك وەزیران نوری مالیكی بە شێوەیەكی ڕوو لە زیاد ڕكابەرە سیاسیەكانی هەراسان دەكات و حاڵی حازر هەڕەشەی دادگاییكردنی جێگری سەرۆك كۆمار- كە سوننەیە- دەكات بە تۆمەتی خیانەتكردن. هەروەها جیاوازییەكی دیكەی هەیە لەگەڵ ئەو تاوانانەی كە لە سوریا ڕوودەدەن.
كوردستانی عێراق وەك مۆدێلێكی دیموكراسی و بوارێك بۆ دەرفەتی ئابووری هەڵوێستی ئەو كەسانە بەهێز دەكەن كە هەڵگری ئەم تێڕوانینە جیاوازەن لە توركیا، ئەو كەسانەی وەك ناوچەیەكی جیاكەرەوەی-توركیا لە ناوچە پڕ لە كێشە و گرفتەكان جیادەكاتەوە- سوودبەخش بۆ توركیا لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری كوردستان دەڕوانن، نەك وەك دوژمنێكی مەترسیدار. گرنگە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن.
*توێژەری باڵایە لە ئەنستیوتی كاتۆ لە واشنتۆن دی.سی، نووسەری هەشت كتێبە لەبارەی كاروبارە نێودەوڵەتیەكانەوە و ئەندامی بۆردی گۆڤاری وەرزی مێدێرترینیانە.
Top