لە ئابووری حكوومەتەوە بۆ حكوومەتی ئابووری

لە ئابووری حكوومەتەوە بۆ حكوومەتی ئابووری
لە ئابووری حكوومەتەوە بۆ حكوومەتی ئابووری
دیارە كە ئەو حكومەتەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا فەرمانڕەوایەو كاروباری هەرێم بەڕێوە دەبات، حكومەتی زۆرینەی پەرلەمانییە كە لیستی كوردستانی نوێنەرایەتی دەكات، لەبەرامبەریشدا سێ لایەنی دیكە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیان هەڵبژاردووەو بەشدارنین لەحكومەتدا .
حزبەكانی دەسەڵات گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە هەرچەندە بەشێكی باشی چاكسازیی بەخۆیان دەكرێت و لەتوانایاندایە، بەڵام دەشزانن كە چاكسازیی پرۆسەیەكی هەمەلایەنەیەو بۆ هەموو لایەنەكانیشە، بۆیە دەیانەوێت هەمووان تیایدا بەشداربن و، هەمووانیش پێی رازیی بن .
حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعاتەی كە پێویستە پێداچوونەوەیەك بەكارەكانی دوو ساڵ لەمەوبەریاندا بكەنەوەو، سەرئەنجامیش گەیشتوونەتە ئەو ڕایەی كە: ئۆپۆزیسیۆنبوون هۆكارەو، كاری كەمینەی هەڵبژاردنەو، كاتییەو بڕیارێكی حزبیی دەوێت، بەڵام پەرەپێدان بە كولتووری دەوڵەت و، بونیادنانی پایەكانی، ئامانجە و هەمووانی دەوێت و، هەمیشەییەو بڕیارێكی نیشتمانیی پێدەوێت.
وەك دەرئەنجامێك بۆ گشت ئەوانەی كە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێكردن، لەوانەیە باشترین ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستان، (لێكدان) ی گشت پڕۆژەكان و (كۆكردنەوە)ی خاڵە هاوبەشەكان و، (لێدەركردن)ی خاڵە جیاوازەكان و، (دابەشكردن)ی دەسەڵاتەكانە لەنێوان گشت شەریك و بەشداربوواندا.
هەموو ئەمانەش لەپێناو پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستانداو، لەپێناوی ئەوەی لە گرفتە سیاسییەكانەوە بەرەو چارەسەركردنی گرفتە ئابوورییەكان هەنگاو بنێین، چونكە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەی ئەمریكاو بەریتانیاو یۆنان و ئیتاڵیاو ئیسپانیاو ئیسرائیل پەیامی زۆری بە ئەودوای جیهان گەیاند، یەكێك لەوانە قسەكانی دێڤید كامیرۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو بۆ رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف، كەتیایدا دەڵێت: (هۆكاری سەرەكی ئەم ئاژاوەو تاڵان و تۆڵەیە بریتییە لە ڕاپەڕینی یەكە هەڵوەشاوو نەخۆشەكانی كۆمەڵگەیە، كە نەبوونی و هەژاریی و بێكاری بۆتە مایەی خراپ پەروەردەكردنیان و، لەدەستدانی هەستی بەرپرسیارێتیی).
بۆیە كۆبوونەوەی لوتكەش لەنێوان (مێركڵ و ساركۆزی) پاش چەندین سەعات گفتوگۆو شیكردنەوە، گەیشتنە خاڵێكی سەرەكی: كەئەوروپا پێویستیی بەحكومەتی ئابووری هەیە.
دەستلەكاركێشانەوەی هەردوو سەرۆك وەزیرانی یۆنان و ئیتاڵیا، خۆپیشاندانەكانی هەندێك وڵاتانی ئەوروپاش لەسەر كێشەی دارایی نەك سیاسیی، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم قسەیەمان.
چونكە ئابووری بەهێزو عەدالەتی كۆمەڵایەتی یەكێكە لەتایبەتمەندییەكانی هەر دەوڵەتێك كەدەیەوێت ئارامیی و سەقامگیریی سیاسیی و كۆمەڵایەتی لە شەقامدا بەرقەرار بێت، لەبەرئەوەی تەواوی چالاكیی و كارەكانی دەوڵەت لەسایەی ئارامیی و هێمنیدا بەڕێوە دەچن.
بۆیە مەسەلەی خۆپیشاندانەكان كە لەڕێڕەوی ئاسایی خۆیان لادەدەن یان لادەدرێن، جاری واش هەیە خۆپیشاندان دەگۆڕێت بۆ پەلاماردانی ماڵی هاووڵاتییان و سامانی گشتیی، ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەكی ڕیشەیی و هەمیشەیی لەسەر شەقام چارەسەر ناكرێت، چونكە كێشەكە لەنێو ماڵەكاندا سەری هەڵداوە.
چارەسەركردنی ئەم كێشانە لەسەر شەقام چارەسەرێكی كاتییەو، دەبێت ببێتە هەلێك بۆ بیركردنەوە لەچارەسەری ڕیشەیی هەڵەكان وەك:
یەكەم: ڕێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و دابینكردنی لای كەمی ژیانێكی خۆشگوزەران و بیمەی كۆمەڵایەتی و شوێنێكی نیشتەجێبوونی شایان بەمرۆڤ .
دووەم: نەهێشتن یان كەمكردنەوەی ڕادەی هەژاریی و بێكاریی لەنێو چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگەو كەناری شارەكان، چونكە هەژاریی هۆكاری سەرەكی بەرهەمهێنانی نەوەیەكی توڕەو تۆڵەسێن و توندوتیژو ڕەگەزپەرستە
هەموو ئەمانەو هی دیكەش زامنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی نێوخۆن، بۆیە زۆر گرنگە حكومەتەكان لەخەمی نان و ئازادیی خەڵكدا بن، بۆئەوەی خەڵكیش لەخەمی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ئەواندا بن .
Top