ئەركە چاوەڕوانكراوەكانی كابینە حكومیەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی

ئەركە چاوەڕوانكراوەكانی كابینە حكومیەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی
لەساڵی 1992 تا ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا شەش كابینەی حكومی دامەزرێنراوە، ئێستاش كە بۆ سێیەمین جارێتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ دامەزراندنی كابینەی حەوتەم ڕادەسپێردرێت، لەدوای ئەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ دوو ساڵ كاروباری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی لەئەستۆ گرتبوو، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێكەوتنە ستراتیژییەی كە لەساڵی 2005 لەنێوان هەردوو پارتە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی)یەوە مۆر كرابوو، لەو كاتەوە ئیتر ئەم دوو پارتە لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە حكومەتی كوردستان بەڕێوە دەبەن، لێرەوە ئەو پرسیارەی بەتایبەتی ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی كوردستانیی دەبێتەوەو بەلای هەموو كۆمەڵگەی عێراقییەوەیش گرنگە ئەمەیە، ئەو ئەركانە چین كە لەم خولە نوێیەی دامەزراندنەوەی كابینەی نوێدا چاوەڕێی حكومەتەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەن؟
سەرەتا ئاماژە بەشتێك دەدەم، ئەویش نادیاری و نائاشكرایی ئەو ماوە زەمەنیەیە كە سەرۆك وەزیرانی تازە لەسەرۆكایەتی حكومەتدا تێیدا دەمێنێتەوە، هەروەها وەزیرەكانیش بەهەمان شێوە، ئایا بۆ دوو ساڵەو بەپێی ڕێكەوتننامە ستراتیژییەكەیە یان تا چوار ساڵ درێژ دەبێتەوە، وەك چۆن لەنووسینێكی تریشمدا كە لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی یەكگرتووی پێشووتردا، بەتەواوی ڕوونم كردبۆوە، كە دوو ساڵ تەمەن بەشی هیچ حكومەتێك ناكات تا بەتێروتەسەلی ئەرك و بەرنامە وەزارییەكانی تەواو و تێر و تەسەل بكات، تا ئێستاش ئەم پێشنیازە پێویستە بەجددییەوە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و پەرلەمانەوە بیرێكی لێ بكرێتەوە، بێئەوەی پرسیار لەوە بكرێت داخۆ چ كەسێك بەرپرسیارێتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەئەستۆ دەگرێت..
بێگومان هەرێمی كوردستان لەو ساڵانەی دواییدا لەڕووی ئاوەدانیەوەو پاش ڕووخانی ڕژێمی عێراقی وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەك شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەچاو ئەوسایاندا ناناسرێنەوە، ئێستا هەولێر شارێكی هاوچەرخە لەڕووی شەقام و پارك و بازاڕی نوێوە و هەوڵی زۆریش لەئارایە بۆ چاككردنی بازاڕە كۆنینەو دێرینەكانی، هەروەها نۆژەنكردنەوەی قەڵا مێژووییەكەشی كە بەبەردەوامی كاری لەسەر دەكرێت، بەشێوەیەكی وا تا ببێتە مەزارگەیەكی گەشتیاری، ئەویش بەهاریكاری ڕێكخراوی یۆنسكۆ، بەشێوەیەكی گشتی دەزگا نێودەوڵەتییەكانیش لەپاراستن و نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنەوارانەدا بەرپرسیارن، بەهۆی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەكەو وەرگرتنی ڕێژەیەكی گونجاو لەداهاتی گشتی عێراق بۆ كوردستان كە بەنزیكەی ڕێژەی %17 دەخەمڵێنرێت، ئاستی بژێوی دانیشتوانی هەرێم بەشێوەیەكی ڕێژەیی لەچاو جاراندا باشتر بووە، دامودەزگاكانی دەوڵەتیش بەپڕۆژەكانی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێكارەكانەوە خەریكن و كوردستانیش بووەتە پێگەیەك بۆ پێشوازی لێكردنی زۆربەی زۆری عێراقییەكانی ناوچەكانی تری ئەو وڵاتە كە بەهۆی ناسەقامگیری پارێزگاكانی ترەوەو لەتاو جەبەرووتی تیرۆریستان پەنایان بۆ هەولێر هێناوە، چ دیانەكان یان سابیئەی مەندایی یان یەزیدییەكانی كە خراونەتە سەر ناوچە كارگێڕییەكانی موسڵ و دیالاو سەڵاحەدین، دواتریش هەموو ئەو كۆنگرانەی كە لەهەرێم دەبەسترێن، بۆخۆیان گەواهیدەرن بۆئەوەی كە لەهەرێم سڵ لەتیرۆریستان ناكرێتەوەو ئاسایش و سەقامگیری بەرقەرارن..
بەپێی زانیارییەكانم، وەزارەتی پلاندانان بەردەوام ڕووپێوی گشتی سامان و بەروبوومی هەرێم دەكات و ئەمەش لەخزمەتی پەرەپێداندایە، وەك چۆن دەزگای ئاماری هەرێمیش بەهەمان كار هەڵدەستێت، ئەوانەش هەنگاوی گرنگن بۆ خستنەگەڕی ئەو سامانە مرۆیی و ماددییانە كە لەخزمەتی پرۆسەی پەرەپێدانی نیشتمانیدایە، ئێستاو بۆ ساڵانی داهاتووش ژێرخانی ئابووری پێویستی زیاتری بە وەبەرهێنان هەیە، ئەو پرسیارەی كە لەیەكەمین و دووەمین چاوپێكەوتنمدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هاتە زەینم و ئاڕاستەیم دەكرد بریتی بوون لەوەی چۆن چۆنی هەرێمی كوردستان بتوانێت لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ژینگە پارێزییەوە پێشبخرێت و چۆن بتوانرێت هەژارێتی و بێكاری داپۆشراو و ئاشكرا نەهێڵرێت، ئەو گەندەڵییەش لەناو ببرێت كە تواناو سامانی نیشتمانی بەهەدەر دەدات و وڵاتەكەش دەخاتە بەر مەرحەمەتی ناڕەزایی و بێزاری دەربڕین و مانگرتن و پشێوییەوە؟
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەڕووی توانای بۆ بەرهەمهێنانی زۆر و بازاڕە هاوچەرخەكانییەوە ئاستێكی باشی هەیە بۆ وەدیهێنانی پێشكەوتنی ئابووری و كۆمەڵایەتی، هاوكات دەشتوانێت لەگەڵ بەشەكانی تری عێراقدا بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بۆ هەمووان مسۆگەر بكات، دوور لەو سیاسەتی تەهمیش كردنەی كە لەساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ستەمكاریی مەركەزییەتەوە هەمووان پێوەی گرفتار بوون بەتایبەتیش كوردستان، بەڵام بەپێی بەدواداچوون و سەردانە بەردەوامەكانم بۆ ئەو هەرێمەی كوردستان ئەوەم بۆ ڕوون بۆتەوە كە پارێزگاكانی هەرێم دیدێكی ستراتیژیانەیان بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی نیشتمانی گشتگیر نییە، لەكاتێكدا هەرێمەكە ئەوپەڕی پێویستی بەو دیدە پلانڕێژی و ستراتیژییە هەیە، بۆ داهاتووی وەچەكانی، هەروەها بۆئەوەی ئاوەدانكردنەوەی خۆڕسك، بەپێی گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان بێ پەروایانە نەچێتە پێشەوە، بەڵكو بەپێی ئەم بنەما سەرەكییانەی خوارەوە ئەنجام بدرێت، لەوانە:
1ــ هەرێم پێویستی زۆری بە پەرەسەندنی ڕاستەقینەیە لەهەموو بوارە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ژینگەیی و پارێزگاری كردنەكانیەوە لەسامانە سروشتییەكەی، پاش ئەوەی لەڕابردوودا لەزۆر ڕووەوە كەوتبووە ژێر باڵی چەوسانەوەو جەنگی یەك لەدوا یەكتر و تەعداكردنی بەردەوام لە گەل و خاك و سامانە سروشتیەكانی..
2ــ ڕێژەی گەشەكردنی ساڵانەی دانیشتووان لەڕووی ژمارەوە گەلێك بەرزە، ئەوەش بۆ پەرەپێدان و خستنە كاری هێزی مرۆیی سوودی زۆرە، بەتایبەتی نەك تەنیا لەبوارەكانی دروستكردنی خانوو شەقامەكان، بەڵكو لەچاككردنی بوارەكانی ئاودێری و وزەشدا..تاد.
3ـ سامانە نەوتییەكان، وێڕای ئەوەی بایەخی خۆیان هەیە، بەڵام نابێت ببێتە سامانی سەرەكی بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی هەرێمەكە، پێویستە سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەمەجۆر بكرێن، نەك تەنیا بۆ ئەم وەچەیەو ئەوەی دوای ئەمان، بەڵكە بۆ وەچەكانی داهاتووتریش كە مافی خۆیانە لەئێستاوە خەم لەوانیش بخورێت..
4ـ هەرێم بەكۆمەڵێك دراوسێ دەورەدراوە كە دراوسێتی و هاوڕێیەتی نازانن، بەڵكو سەرچاوەی هەڕەشەو مەترسین، بارودۆخی حكوماتەكانی عێراقیش بەو سیاسەتانەی پیادەی دەكەن لەبەرانبەر هەرێمدا لەدوای كەوتنی ڕژێمی دیكتاتۆرییەوە هیچ دڵخۆشكار نین، چونكە بەپێی بنەماكانی دەستووری داڕێژراوی عێراقی هەڵسوكەوت ناكەن و پەنا وەبەر چارەسازی ئاشتیخوازی و دیموكراتیی نابەن.
5ـ هەركەسێك بەوردی لەبارودۆخی هەرێم بڕوانێت سێ مەسەلەی گرنگ درك پێدەكات ئەوانەش بریتین لە:
* زۆربوونی خەڵكانێكی ملیۆنێر و ملیاردێر بەبێ سەرپۆشێكی شەرعی، زۆربەی جاریش بەهۆی گەندەڵێتی لەسامان و كارگێڕیییەوە دروست دەبن.
* بەردەوام هەبوونی ژمارەیەكی زۆری هەژاران كە لەناوچە میللییەكان و دواكەوتووەكاندا ژیان بەسەردەبەن، كە بەدەست گرفتەكانی ژیانەوە دەناڵێنن و هۆكاری نانەوەی كێشەو ئاریشەشن، هەروەها هەبوونی بێكاری بەهەردوو دیوی ڕووپۆشكراو و ئاشكرایەوە..
* گەورەبوونی كەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران كە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی لێ دەكەوێتەوە..
6ــ ئەو بەرینبوون و فراوانبوونەی بواری خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆیی لەهەرێم هەنگاوی گرنگیان ناوە لەو حەوت ساڵەی دواییدا، پێموایە وەرچەرخانەكە بەئاڕاستەی ئێستای بەدواداچوونی وردی دەوێت بۆ جۆری خوێندنەكەو ئاستی خوێندن و دەرئەنجامەكانی، ئەوەش پێویستییەكی گرنگە و بەتایبەتی لەمەسەلەی بەستنەوەی خوێندن بە پەرەپێدانی گشتگیرەوە بۆ ئابووری هەرێم و دروستكردنی سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی.
7ــ لەڕێی ئەم تێبینیانەوە دەردەكەوێت كە بیركردنەوەی ستراتیژی و كردارەكی بەپێی ستراتیژیەتی پەرەپێدانی گشتگیر بۆ هەرێم چەند پڕبایەخ بێت هێشتا كەمە، ئەمەش چەندین ئاماژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ئاسایشی لەخۆ دەگرێت بەو شێوازەی ئەو زەمینەیە تۆكمە بكات كە هەرێم بەسەرییەوە دەوەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێداویستییەكان و تەحەددیاتەكانی داهاتوو..
زامن بوونی سەرەكی بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لەهەر وڵاتێكدا یان هەرێمێكدا یەكێتی گەل و سروشتی پێوەندییەكانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانە، چ ئەوانەی لەدەسەڵاتدان یان ئەوانەی لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنن، بەڕێوەبردنی ململانێی ناوخۆ، زانست و هونەرە لەیەك كاتدا، مەرجە لەسەر هەمووان بناغەی ئەو بەرنامانە ڕێك بخەین كە پارتە سیاسییەكان پێشكەشی دەكەن و بەسەرخستنی ئەو بەڵێنانەی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكان كە بەهاووڵاتیانیان دەدرێت مەیسەر دەكرێت، بێگومان بارودۆخی هەرێمی كوردستانی عێراق و مەترسی بەردەوامی هێزە دەرەكییەكانی كە بەچوار دەورییەوەن، پێویستی بەدۆزینەوەی زمانێكی هاوبەش دەكات لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن تا لەدەرئەنجامە خراپەكانی ململانێ و لێك بەربوون دوور بكەونەوە، ئەو زمانە هاوبەشە بەشێوەیەك سەردەخرێت كە هەمووان پابەندی دەستوور بكرێن لەپێوەندییەكانیاندا، بۆیە ناكرێت چارەسەرە كردارەكییەكان تەنیا لەسەر حەماسەتی نیشتمانی یان بەڵێن و بەكارهێنانی ڕێگەچارەی ئەمنی بوەستێن، بەڵكو پێویستە لەسەر بناغەی كرداری سیاسیانەو كۆمەڵایەتیانە ڕاگیر بكرێن، چونكە یەكخستنی سیاسەت و هەڵوێست هاوكارە لەسەرخستنی بەرنامەی هاوبەش كە لەئاكامدا تواناو ئاواتەكان ئەكتیڤ دەكات بۆ سەرخستنی كارە بەرهەمدارە سوودبەخشەكان.
پاش بیست ساڵی ڕزگاربوونی هەرێم لەفەرمانڕەوایەتی ستەمكاری ناوەندیی بەغدا، كۆمەڵێك ئەرك بۆ پەرەپێدان دەكەوێتە سەرشانی هەرێمی كوردستان ئەمانەش تەنیا پێشنیازن و قابیل بەگفتوگۆن بەو ئومێدی ئەوەی سوودبەخش بن بۆ ڕۆژانی داهاتوو بەهەندی وەربگرن كە بەگشتی دواجار لەبەرژەوەندی وڵاتی عێراقیشدا دەبێت:
1ــ دانانی بەرنامەیەكی واقیعی پشتبەستوو بەسەرچاوە سروشتییەكانی كوردستان بۆ دامەزراندنی كۆمەڵێك پرۆژەی پیشەسازی ورد و هاوچەرخ و ژینگە پارێز، بە بەكارهێنانی تەكنیكی نوێ، هەروەها پەرەپێدانی پیشەسازی پترۆكیمیایی و كشتوكاڵی و كەرەسەی دروستكردنی خانووبەرە و...تاد.
2ــ پەرەپێدانی وزەی كارەبایی و بەكارهێنانی وزەی ئەلتەرناتیڤ، كە كوردستان لەتوانایدایە بەرهەمی بهێنێت، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر و با، چونكە وزەی ئەلەتریكی بناغەیەكە بۆ تازەكردنەوەو پەرەپێدانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و ژیانی كەلتووری و كۆمەڵایەتی.
3ــ وێڕای ئەو زەحمەتییانەی ڕووبەڕووی پەرەپێدانی كشتوكاڵی دەبێتەوە، پێویستە هەرێم وەبەرهێنانەكانی بەشێوەیەك ئاڕاستە بكات كە لەبەرژەوەندی كەرتی كشتوكاڵ و پێداویستییەكانی خۆراكی خەڵكیدا بێت، هەروەها ئاسایشی خۆراك زامن بكات بە وەرگرتنی ئەزموون لەساڵانی ڕابردوو بوونیان بەپەندێك بۆ ساڵانی داهاتوو، هەروەها بەكارهێنانی تەكنیكی هاوچەرخ بۆ ئاودێری بەهۆی كەمی ئاو و كەمی كارگەر لەگوندەكانی كوردستان كە لەبەر كۆچكردنی خەڵكی بە بەردەوامی لەدێ بەرەو شار ئەم دیاردەیە دروست بووە.
4ــ لەكوردستان تەقالیدێك ماوەتەوە كە بۆ داپۆشینی هەندێك پێداویستی و بەرهەمی پیشەوەری و بچووكی لۆكاڵی پشت دەبەسترێت بەپیشەسازی و پیشەوەری دەستی، پێویستە كەلوپەل و كەرەسەی پێویستیان بخرێتە بەردەست و كەسانی پیشەوەرزان هان بدرێن تا لەڕووی جۆرییەوە بەرهەمەكانیان بكەوێتە ئەستێڵكی دەوڵەمەندكردنی ئابووری وڵاتەكەوە..
5ـ پێویست بوونێكی زۆر بۆ سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی بازرگانی دەرەكی هەیە، سیاسەتی بازرگانێتی ئێستا خزمەت بە پەرەسەندنی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناگەیەنێت، بەڵكە ڕێگرە لەبەردەم بەرهەمهێنانی لۆكاڵی و قڕتێكەرێتی، بۆیە پێویستە نەخشە داڕێژرێت بۆ لێكبەستنەوەی بازرگانی دەرەكی هەناردەكردن و پەرەپێدانی پیشەسازی و كشتیاری لۆكاڵ بەو شێوەیەی كە دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان بەئاڕاستەی پیشەسازی هاوچەرخ و كشتوكاڵی تازە.
6ــ هەرێمی كوردستان پێویستی بەتەكنیكاریی نوێیە، بارودۆخی ئێستای و دەوروبەرەكەشی وادەخوازێت، تا سەر گرەوی بازرگانی و ئابووری لەسەر سەبەتەی دەوڵەتانی دەوروبەری نەكات، بەڵكو پێویستە، مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی دنیادا بكات بۆ بەرزكردنەوی ئاست و توانای كارگەران و ئامێرەكانی كە بەكاریان دێنن، پێویستە هێزی دەستی كاری ناوخۆ بۆ كارپێكردن هەڵسوڕێنرێن لەبری هێنانی كۆمپانیای بیانی كە كاریان هێنانی كرێكاری بێگانەیە بۆ كارپێكردن..
7ــ لەهەرێمی كوردستاندا توانا هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار بەهەرسێ لایەنەكەیەوە: گەشتیاری و سەیران و ئایین و شوێنەوارە دێرینەكان، وێڕای تواناكانی لەم بوارەدا خراونەتە گەڕ هێشتا پێویستە پلان و كاری هاوبەش بكرێت بۆ ڕێكخستن و بەرفراوانكردن و فەراهەمبوونی پێداویستی مرۆیی و خانووبەرەی گەشتیاری و كەرەسەی لۆجیستی تری ئەم بوارە..
8ـ بۆ دابین كردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی پێویستە هێزی كار وەگەڕبخرێن چەندین پێداویستی كۆمەڵایەتی دابین بكرێت تا ڕێگە بگیرێت لەهەژارێتی و بێكارێتی لەكۆمەڵگەدا بەبنەمایەكی پتەوی دوور لەگەندەڵی سامان و كارگێڕی كە كەس نكۆڵی لەهەبوونی ناكات لەهەرێمی كوردستاندا( بێگومان عێراق بەدەست ئەم دوو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت).
9ـ پێموایە بایەخدان بە بەڕێوەبردنی ئابووری و بەڕێوەبردنی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و هەڵبژاردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی گونجاو و دوورخستنەوەی دامەزراندن لەسەر مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خۆڕزگاركردن لەگەندەڵی و گەندەڵكاران پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەكێكن لەپێویستیەكان ئەویش بەڕێكخستنی كاری چاودێری و بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیران و خودی وەزیرەكانەوە، بەبێ ئەم كارانە بەڕەڵڵایی و بێ توانایی و نابەرپرسیارێتی دەبنە گەورەی هەمووان.
10- زەرورەتی سەرلەنوێ دووبارە پێداچوونەوەی هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختینەیی و چالاكی بانكەكان و كۆمپانیاكانی دڵنیایی و ئاراستەكردنی چالاكیەكان و چاودێری خستنەسەر نرخەكان و ئاگاداربوون لەڕێژەی هەڵاوسان لەهەرێمدا كە تێكڕا ئەمانە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو هاووڵاتیانە هەیە كە بەوە ناسراون داهاتیان دیاریكراوە یا لەچینی هەژارانن.
11- پیادەكردنی دیموكراتیەت لەژیانی ڕۆژانەو كاری حكومەت لەناو خودی پێوەندیەكانیان چ لەگەڵ كۆمەڵگاو چ لەگەڵ دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و توێژی ڕۆشنبیران كە دواجار بەردێكی بناغەن بۆ زامنكردنی هاوبەشیكردن لەبەرژەوەندی پەرەپێدان و وەدیهێنانی بەرنامەی واقیعی لەجێبەجێكردندا.
12- دوا پێشنیازم بەستنی كۆنگرەیەكی ئابووری تایبەتمەندە لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی پەرەپێدان، بەئامانجی گوێگرتن لەبیروڕاو پسپۆران لەمبوارەوە، دواتر وەزارەتی پلاندانان بەهاوكاری وەزارەتە پێوەندارەكانی تر پوختەی پێشنیازەكانی كۆنگرە تاوتوێ بكات هەروەها لەپێناوی پرۆسەی پەرەپێدانی گشتگیر لەهەرێمی كوردستاندا سوودی لێببینێت..
Top