چەند بیرۆكەیەك بۆ ئەو كەسەی دووبارە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە
February 6, 2012
وتار و بیروڕا
بەم زووانە دووبارە نیچیرڤان بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەڕێز بارزانی لە ساتەوەختێكی مەترسیداردا ئەم پۆستە باڵایە وەردەگرێت، لەبەرئەوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی ڕابردودا بووەتە هۆی خوڵقاندنی قەیرانێكی تائیقی و ئیتنی لە عێراقدا.
زۆر كەس پێیان وایە تاوەكو بوونی ئەمەریكا كەمتر بێت (لە عێراقدا) ئەوا ئاژاوەو پشێوی زیاتر دەبێت. دووبارە شارەزایان باس لەو پرسە دەكەنەوە كە ئاماژەی پێناكرێت، ئەویش دابەشبوونی عێراقە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەوا هەرێمی كوردستان ئەتوانێت هەنگاو بەرەو خەونی لە مێژینەی هەڵبگرێت، كە سەربەخۆییە.
هەرچۆنێك بێت، ئەمەی ئێستا كارێكی ژیرانەیە بۆ قەوارەیەك كە هیچ دەروازەیەكی دەریایی نییەو بە دوژمن دەورە دراوەو لە ئێستادا بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكاوە پشتیوانییەكی چەكداری گەورەی نییە؟ چارەسەری فیدراڵی بۆ كێشەی كورد لە ڕووی عەمەلیەوە هەموو دەستكەوتێكی بۆ كوردەكان دەستەبەر كرد، لەڕووی ئەوەی خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن بێ ئەوەی دووچاری ئەو گرفت و كێشانە ببنەوە كە لە سەربەخۆییەوە دەكەونەوە.
لەوەش زیاتر، كێشەی بەردەوامی چاوتێبڕینی توركیا و ئێران لە باكووری عێراق درێژەی هەیەو بەرفراوان دەبێت. بوونی پەكەكە و پژاك لە چیاكانی قەندیل بوونەتە بیانویەك لە دەستی ئەم دوو سوپەرپاوەرە ئیقلیمیەدا بۆ ئەوەی هەر كاتێك بیانەوێت دەستێوەردان لە كاروباری هەرێمدا بكەن. هەروەها ئەو قەیرانەی حاڵی حازر سەریهەڵداوە بەهۆی ئەگەری بوونی ئێران بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و كاردانەوەی ئەمەریكا بە وەشاندنی گورزێكی پێشوەختە لە دژی ئێران ڕەنگە هەرێمی كوردستان پەلكێش بكات بۆ قەیرانێكی نەخوازراوە بە چەشنێك كە تەنانەت ببێتە تەحەددا بۆ ژیرترین سەركردەی كورد. هەروەها ئەوەی مایەی گرفتە ئەوەیە بۆی هەیە كێشەی كوردی توركیا بە ئاسانی بپەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ببێتە مایەی لە ناوچوونی هەموو ئەو دەستكەوتە ئابووری و تەنانەت سیاسیانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیادا بنیاتی ناوە.
لە كۆتاییدا، بەڕێز بارزانی ناچار دەبێت مامەڵە لەگەڵ داواكارییە بەردەوامەكانی ئەوەی پێی دەوترێت بەهاری كوردیدا بكات. گەڕانەوەی نیچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دووبارە سەرنجەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ كێشەی بەردەوامی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت، گەندەڵی. ئاشكرایە سەرۆكی وەزیرانی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگایەكی سەخت و دژواری لە پێشە.