بیركردنەوە
February 5, 2012
وتار و بیروڕا
هەڵبەتە بەو پێیەی «بیركردنەوە» لای ئادەمیزاد چ وەكو پرۆسەو چ وەكو چەمك هێند فراوان و فرەلایەن و ئاڵۆزە هێشتا هەوڵێكی ئەوتۆ سەری نەگرتووە بۆ تێگەیشتن لێی، كە بەباوەڕی من بریتیە لە پرۆسەیەك كە رەهەندی پەروەردەیی و ئەخلاقی و فەرهەنگی لەخۆگرتووە و ئاكام و ئەنجامی كۆمەڵێ ئەزموونی كەڵەكەبووی دنیابینی و فیكری و قووڵبوونەوە و قاڵبوونەوەیەو، دواتر گواستنەوەی ئەم ئەزموونە لەسەر شێوەی پرۆسەیەكی پەروەردەیی كە قەبووڵی چەمكی گۆڕانی سەردەمیانەو واقیعیانە بكات. هەڵبەتە ئەم چەند دێڕە بیركردنەوە سەرەتاییەكە ناگرێتەوە كە ئادەمیزاد و ئاژەڵ ئەخاتە یەك خانەوە، بەڵكوو بیركردنەوە باڵاكە ئەگرێتەوە كە مەبەستی هەنگاونان و گۆڕین و تێپەڕاندنی ئەزموون و كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە.
یەكێ لە جۆرەكانی بیركردنەوە، بیركردنەوەی سیاسیانەیە كە گرێدراوی هەردوو پرۆسەی پەروەردەی كۆمەڵایەتی و زانستی و دنیابینیە. ئەگەر مەبەست لەبیركردنەوە خودی بیركردنەوە بێت ئەوا بەومانایە بیركردنەوە بریتیە لە بینینی واقیع بە هەستەكان لەرێگەی دەماغەوە و بەستنەوەی بە دراوەكانی رابردوو و گرێدانی بە دراوە هەنووكەییەكان و وردكردنەوەیان و لێكدانەوەیان و دەركردنی حوكم لەبارەیەوە یان بڕیاردان لێی، بەڵام بیركردنەوەی سیاسیانە زۆر لەوە فراوانترە، كە لەتوانایدایە گۆڕان لەو ئەزموونانەدا دروستبكات كە باوەڕێكی چەقبەستووی هەیە بەوەی كە قابیلی گۆڕان نییە.
بیركردنەوە بریتیە لە سێ جۆری گرنگ: رووكەش و قووڵ و دووربین. كەئەمەش دەوروبەر و رووبەرە فراوانە كەونیەكەی دەوروبەرمان و ژیانی ئینسان ئەگرێتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بیربكەینەوە، ئەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئێمە لە رێگەی بیركردنەوەمان تاكێكی گەردوونین و هاووڵاتی تەنیا شارێك و هەڵگری یەك بیری حزبی سنووردارنین و كێشەكانمان لەو دوو پەنجەرەیەوە نابینین و هەر لەو دوو گۆشەیەشەوە بیر لە چارەسەرەكانەوە ناكەینەوە بۆ كێشەكان.
ئەودەمی دیكارت وتی:»من بیردەكەمەوە.. كەواتە من هەم» مەبەستی ئەوەنەبوو كە كەسێك هەرچۆنێك بیری كردەوە ئیتر ئەمە مانای ئەوەیە بوونی هەیەو نەمردووە، دیكارت بەو وتە بەناوبانگەی مەبەستی ئەوەبوو خۆرئاوا هانبدات لە تاریكی دەربچن و بیر لە گۆڕینی ژیانیان بكەنەوە، ئەو وتەیە بانگهێشتێكە بۆ ئەوەی ئینسان بەبیركردنەوەو هەڵوێستەكانی خۆی لە دەبەنگەكان جیابكاتەوەو بگەڕێت بەدوای حەقیقەتداو، گومان بكات و هەوڵی گۆڕینی خۆی و دەوروبەری بدات، خۆ ئەگەر ئەمە نەكات كەواتە بۆچی هەیە.
بەوپێیە بوون و نەبوونی مرۆڤ نەبەستراوەتەوە بەوەی ئایا بیردەكاتەوە یان نا، بەڵكوو بەوەوە بەستراوەتەوە ئایا چەند و چۆن بیردەكاتەوە و سنوور و مەودای بیركردنەوەی چەندە؟ ئایا بنمیچی بیركردنەوەی لەكوێدا ئەوەستێ و لە كوێدا ئەڕووخێت؟ ئایا ئەو شتانە چین ئەتەوێت لە ئەنجامی بیركردنەوەكانت بیانگۆڕیت و چۆنیان ئەگۆڕین و دەستكاری چی ئەكەیت و بۆچی دەستكاری دەكەیت و كێ لێی سوودمەند دەبێت و چۆن لێی سوودمەند ئەبێت.
ئێمە لە كۆمەڵگایەكدا هاتووینەتە دنیاوە پرۆسەی پەروەردە تیایدا بە فەلەسەفەیەك بۆ بیركردنەوە نەبەستراوەتەوە، لەو شوێنەی منداڵی لێ پەروەردە ئەبێت، بیركردنەوە جۆرێكە لە تابۆو و جۆرێكە لە بێهوودەییەكان. فێرنەكراوین بیربكەینەوە، هەمیشە سیستەمێكی دەستەجەمعی بەكۆمەڵ و مەركەزی لە حوكم و بڕیاردا لەجیاتی ئێمە بیریكردۆتەوە، كە ئەنجامەكان پۆزەتیڤ بوون دەستخۆشی لە عەشیرەت و مەركەز كراوە، تاكیش هەمیشە بەرپرس بووە لە ئاكام و ئەنجامە نەگەتیڤەكان. هەمیشە دین و كۆمەڵگا بیریان بۆ كردوینەتەوە و پێشوەخت بڕیار و حوكمە لەقوتوونراوەكانمان بۆ ئامادەبوون، هەرگیز دنیامان نەدراوەتەدەست بۆ ئەوەی بۆخۆمانی بینابكەین.
هەر لەمڕۆماندا دین و حزب، بیر بۆ تاكەكان دەكەنەوەو دواجار پرسیاركردن و وروژاندنی چەمكە تابۆوەكان جۆرێكن لە بێهوودەیی، هەتا جۆرێك لە خەڵك ئەبینیت لەبیركردنەوە ئەترسێت، كەئەمەش بەرەو ترسێكی گەورەتری ئەبات لەگۆڕان، كەتۆ نەتتوانی بیربكەیتەوە، ناتوانیت هیچ بگۆڕیت. خەڵكانێك هەن بیركردنەوە لایان وەكوو رۆشتنە بەنا توونێلێكی تاریكدا، كە نازانن سەری ئەوسەری چییە، لەبەر ئەوە گەمژەیی بەلاوە ئاسانترە لەوەی بیربكاتەوەو داوای گۆڕینكاری بكات.
باوك بۆ منداڵەكەی بیردەكاتەوە، پیاو بۆ ژنەكەی بیردەكاتەوە، حزب بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا بیردەكاتەوە، سەرۆكی حزبێك لە جیاتی هەموو ئەندامانی حزبەكەی بیردەكاتەوە. تاد. بەم شێوەیە ئەوانەی لە وڵاتی ئێمەدا بیردەكەنەوە چەند كەسێكن، بەڵام ئایا ئەوان چۆن بیردەكەنەوەو بیر لەچی دەكەنەوە و، ئایا تەندروست بیردەكەنەوە یان نا؟ ئەمە قەیرانە ڕاستەقینەكەیە.