شكستهێنانی سیاسەتی ناوخۆی حكومەتی نوری مالیكی

شكستهێنانی سیاسەتی ناوخۆی حكومەتی نوری مالیكی
لەسەروبەندی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق و لەسەروبەندی نزیكبوونەوەی ساڵ لەكۆتایی، تا دێ زۆرتر بەڵگە لەسەر شكست هێنانی سیاسەتی ناوخۆی حكومەتی سەرەك وەزیران نوری مالیكی كەڵەكە دەبێ. شكستی حكومەت یەك بواری نەگرتۆتەوە. لەپێوەندیدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كێشە هەڵپەسێردراوەكان هەر بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو هیچ هەنگاوێكی واش نەنراوە كەئومێدی نزیكبوونەوەی چارەسەری لەسەر هەڵچنرێ. هیچ كاتێكیش بەقەد ئەمساڵ، پێوەندیی نێوان سوننەو حكومەت گرژیی بەخۆوە نەدیوە. حكومەت تەنانەت كێشەكانی لەگەڵ ركابەرە سەرەكییەی خۆی كەلیستی عیراقیەی ئەیاد عەللاوییە، هەر بەهەڵپەسێردراوی هێشتۆتەوەو هێشتا رێككەوتنی هەولێر بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە. مالیكی سەرەڕای ئەوەی كەپێكهێنانی حكومەتی پێ سپێردراوە، هێشتا دوو وەزارەتی بەبێ وەزیر هێشتۆتەوەو نایەوێ یەكێ لەم دوو وەزارەتە بدا بەلیستی عیراقیە. سەرباری هەموو ئەمانە، هێشتا هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نییە كەئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەمساڵ لەوەی پار باشترە.
لەهەمبەر شكستهێنانی سیاسەتی ناوخۆی حكومەتی مالیكی، عیراق گیرۆدەی شاڵاوی پرۆژەكان بووە. لەم هەلومەرجەی ئێستادا دوو رەوتی هاوتەریب لەعیراقدا لەئارادان، یەكێكیان هەموو قورسایی خۆی خستۆتە سەر پێكهێنانی هەرێمی تازەو ئەوی تر هەموو قورسایی خۆی خستۆتە سەر پێكهێنانی پارێزگای تازە. زۆریی ئەم پرۆژانە بەڵگەی كەموكوڕییەكانی سیاسەتی ناوخۆیە.
رەوتی پشتیوان لەدروست كردنی هەرێمی تازە زۆرتر لەسەڵاحەددین و ئەنبار گەرم و گوڕە. بەڵام پارێزگا شیعییەكانیش لەژێر كاریگەریی ئەم ڕەوتەدان. تەوژمێكی گشتی لەو پارێزگایانەی كەلیستی سەرەك وەزیران لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا سەركەوتنی یەكلاكەرەوەی تێدا نەهێناوە، بەلای دروست كردنی هەرێمدا دادەشكێنێ.
لەبەرامبەردا، هەندێ گرووپی تر سەرقاڵی بانگەشەن بۆ پێویستیی دروست كردنی پارێزگای تازە لەعیراقداو زۆرتر جەخت دەكەنە سەر جیاكردنەوەی هەر یەك لەزوبێرو گورنە لەبەسرە بۆ پێكهێنانی دوو پارێزگا بۆ سوننەكان، جیاكردنەوەی تەلەعفەر لەموسڵ و دوزخورماتو لەسەڵاحەددین بۆ پێكهێنانی دوو پارێزگا بۆ توركمانەكان و جیاكردنەوەی دەشتی نەینەوا لەموسڵ بۆ پێكهێنانی پارێزگایەك بۆ مەسیحییەكان.
بەدرێژایی ئەمساڵ حكومەتی مالیكی هەنگاوی وای نەناوە كە شتێكی وای هەڵكڕێندرێ كە ئەم حكومەتە بەتەنگ چارەسەركردنی كێشەكانە. ئەوەی كە بەئاسانی هەستی پێ دەكرێ ئەوەیە كەئەم حكومەتە باكی بەزیادبوونی دووبەرەكی و تەنگژەكان نییە و بەجۆرێك هەڵسوكەوت دەكات وەك ئەوەی گرفتێكی ئەوتۆی لەگەڵ لایەنەكاندا نەبێ.
رەتكردنەوەی پرۆژەی پێكهێنانی هەرێمی سەڵاحەددین، مالیكی رووبەڕووی دەستور دەكاتەوە چونكە دەستور دەسەڵاتی رەتكردنەوەی پێكهێنانی هەرێمی بەهیچ لایەنێك نەداوە. لەمانۆڕەكانیدا بۆ پەشیمان كردنەوەی سەڵاحەددین لەداواكردنی هەرێم، مالیكی شیعەكانی هەردوو قەزای دوجێل و بەلەدی سەر بەسەڵاحەددینی هاندا داوای جیابوونەوە لەسەڵاحەددین بكەن. مالیكی خۆی لەهیچ لێدوانێكدا پشتگیریی جیابوونەوەی دوجێل و بەلەدی نەكردووە بەڵام پەرلەمانتارەكانی لیستی دەوڵەتی یاسا قسەی خۆیان كرد. پەرلەمانتار لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا عەبدولسەلام مالیكی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نینا وتی «هەموو ئەنجومەنێكی خۆماڵی مافی ئەوەی هەیە داوا بكا بچێتە سەر پارێزگایەكی ترو تەنانەت مافی ئەوەشی هەیە كەداوای جیابوونەوە بكاو پارێزگایەكی سەبەخۆ پێكەوە بنێ، بۆیە داوای هەردوو ئەنجومەنی دوجێل و بەلەد دژی دەستور نین و داواكەش دەرچوون نییە لەدەسەڵاتەكانیان».
لەسایەی حكومەتی مالیكیدا عیراق وڵاتێكی بێ دەستورە چونكە جێبەجێ نەكردنی دەستور هیچ جیاواز نییە لەنەبونی. مالیكی و ئەندامانی حزبەكەی، ئەمە بە شتێكی ئاسایی دەزانن. سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەران خالید عەتیە دەڵێ «لیستی دەوڵەتی یاسا.. دان بەوەدا دەنێ كەیاسای ژمارە 13 كەتایبەتە بەپێكهێنانی هەرێمەكان لەگەڵ دەستوردا وێك دێتەوە...بەڵام وای دەبینێ كە ڕەتكردنەوەی پێكهێنانی هەرێمەكان لەم هەلومەرجەی ئێستادا سەرپێچی نییە لەدەستور». ئەم وەڵامەی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەراندا، بەناوەڕۆك هۆكایەنی بەردەوامبونی تەنگژەی عیراق بەچاكترین شێوە ڕوون دەكاتەوە.
Top