هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم پێویستە كوردستان ببێتە دەوڵەت

هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم پێویستە كوردستان ببێتە دەوڵەت
پرۆفیسۆر ئەنتۆنی داماتۆ ئوستادی یاسایە لە زانكۆی نۆرس ویسترن لە شیكاگۆ، یەكێكە لەو دادوەرانەی كە دادگایی سلبۆدان میلۆسۆڤیچی سەرۆكی پێشووی یوگسلافیای لەسەر تاوانی كۆمەڵكوژی كردووەو هەروەها راوێژكاری یاسایی كۆسۆڤۆ بووە بۆ دامەزراندنی بنەما یاساییەكانی دەوڵەتی كۆسۆڤۆ، پرۆفیسۆر دۆماتۆ لە لــــــەمانگی ئابی 2008 وتارێكی لە گۆڤاری (JURIST) بە ناونیشانی (ئـــــــــــایا كوردتـــــــان لە بیركردووە؟- ?Are We Forgetting the Kurds) بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق زیانی بۆ كوردەكانی عێراق دەبێت، بۆیە ئەركی ئەخلاقی ئەمریكایە كە پێش ئەوەی بكشێتەوە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێنیت، ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان لە كاتی خۆی دیمانەمان لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ داماتۆ كرد و ئەویش وەك ئەمجارە وەڵامی داینەوە و تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە پێویستە ئێوە وەك كورد لەڕووی یاساییەوە بنەماكانی دەوڵەت تەواو بكەن، بۆ ئەوەی كاتێك دەوڵەت رادەگەیەنن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادەتان بگرێت، بۆ ئەم ژمارەیە جارێكی دیكە پەیوەندیمان بە پرۆفیسۆر داماتۆ كرد و سەبارەت بە پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا قسەمان لەگەڵدا كرد، بەڵام پرۆفیسۆر داماتۆ وای بە باش زانی كە بە چەند دیڕێك و وەك وتاریكی كورت لە گوڵان بۆچوونەكانی خۆی وەك جارانی دیكە بڵاو بكاتەوە، بۆیە وێرای سوپاسمان بۆ پرۆفیسۆر داماتۆ ئەوا دەقی وتارەكەی بە كوردی لە گوڵان و بە ئینگلیزی لە سایتی گوڵان میدیا بڵاو دەكەینەوە، ئەمەش وتارەكەیەتی.
شەرەفمەندم كە لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە بیروبۆچوونەكانی خۆم لەبارەی كوردستانەوە دەخەمەڕوو و درێژە بە ستوونەكانی پێشووم دەدەن. من هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم كە پێویستە كوردستان ببێتە دەوڵەت. ئەو كاتە سنوورەكانی پێشێل ناكرێت، كە ئەمە هۆكاری سەرەكی بوونی دەوڵەتە. لەگەڵ ئەوەشدا، جاڕدانی دەوڵەت یاخود داوای بوونە دەوڵەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵەیە. لەبەر ئەوەی ئەمە وەك یاخیبوون دەردەكەوێت و ڕەنگە كاردانەوەی حكومەتی عێراق ڕەوانەكردنی سوپا بێت. بۆی هەیە ئەمە ببێتەهۆی لە ناوبردنی هەر شێوە خۆحكومڕانی كردنێك لەلایەن كوردەكانەوە. لەبری ئەوە، پێویستە كوردەكان هۆشیار بن بە مۆدێلەكانی دیكەی بە دەوڵەت بوون.
تایوان نزیكترین مۆدێلە. تایوان بەردەوام بەرپرسی باڵیۆزئاسا بۆ وڵاتانی دیكە دەنێرێت بێ ئەوەی بە باڵیۆز ناویان ببات. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، گرنگترین پێوەری بە دەوڵەت بوون ژمارەی ئەو «شاندانەیە-بعثات»یە كە قەوارەكە هەیەتی. لە هەندێ حاڵەتدا، ئەگەر ژمارەی ئەو شاندانە زۆر بوون و لە وڵاتە گەورەكانیشدا بوونیان هەبوو، ئەوا بەو شاندانانە دەوترێت«باڵێوز»و وەرچەرخانی بێدەنگیش بە ئاڕاستەی پێوەندی باڵێوزئاسا لەگەڵ دەوڵەتەكانی دیكەدا دەبێتەهۆی ئەوەی قەوارەكە بۆ دەوڵەت بگۆڕێت. نابێت لە هیچ كاتێكدا كوردستان جاڕی ئەوە بدات و ڕایبگەیەنێت، یاخود گوزارشت لە خواستی بە دەوڵەت بوون بكات، لەبەر ئەوەی ڕەنگە ئەم جاڕدانە وا لە عێراق بكات سوپا بنێرێت بۆ «سەركوت كردنی یاخیبوونێك كە سەریهەڵداوە»
ستراتیجیەتی دووەم بریتیە لە نموونەی مۆناكۆ، كە دەوڵەتێكی بچووكە و كەوتۆتەسەر كەنارەكانی فەڕەنسا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، مۆناكۆ دەستی لە هەموو سیاسەتی دەرەكی خۆی بۆ فەڕەنسا هەڵگرتووە. ئەمەش گەورەترین نیگەرانی فەڕەنسا دەڕەوێنێتەوە- نیگەرانی ئەوەی مۆناكۆ فەڕەنسا ڕاكێشێتە شەڕێكی نەخوازراوەوە، بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی كە مایەی هەڕەشەیەكی زۆر بێت. مۆدێلی سێیەم: بریتیە لە بەرزكردنەوەی داواكاری بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی لە كۆمەڵەی گشتیدا. لەم ڕووەوە فەلەستین سابقەیە.
لەوەش زیاتر، پێداگیری بكەن لەسەر پاراستنی مافی كەمینەی ئاشووری. چەند زیاتر كۆشش بكەن بە ئاڕاستەی پاراستنی ئەو گرووپانەی لە ئێوە بچوكترن، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر پارێزگاریتان لێدەكات. ڕای گشتی ئەمەریكا خۆشحاڵ نییە بە دەستێوەردان لە عێراقدا و جارێكی دیكە بوار بە«دووبارە گەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتە» نادات. ئەگەر دووچاری هێڕشی سەربازی بوونەوە، ڕاستەوخۆ داوای هاوكاری لە ناتۆ بكەن.
شەشەم، لە چینیەكانەوە ئەو دەرسە فێربن با هاووڵاتیەكانتان ببنە خاوەنی زێر. خواستی ئەوەتان هەبێت خەڵكی ئێوە دەوڵەمەندو خاوەن سەروەت بن، بەو شێوەیە بەرژەوەندیەكی گەورەیان دەبێت لە پاراستنی سەروەت و گەشەكردنی خودی دەوڵەتەكە. من پێشنیاری ئەوە دەكەم كە بە نیوە قیمەت زێر بە خەڵك بفرۆشن. ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی داوایەكی زۆر لەسەر كڕینی زێر هەبێت، كە دەكرێت ئەم داواكاریەش بەهۆی تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی نەوتەوە بۆ كڕینی زێر لە بازاڕدا پڕبكرێتەوە.
***
بە هیوای خۆشبەختی بۆ خەڵكی كوردستان
Top