كوردی سوریا لەگێژەنگی ستراتیجە دژ بەیەكەكاندا

كوردی سوریا لەگێژەنگی ستراتیجە دژ بەیەكەكاندا
توركەكان وا دەڕواننە قەیرانەكەی سوریا كەئەوەی لەسوریا روودەدا راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان هەیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە نیگەران بوون وخێرا فریای دیمەشق كەوتن ونەخشە رێگایەكیان بۆ دەربازبوون بۆ دانا. بەلای ئەنكەرەوە، رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەسوریاو هەرەس هێنانی دەوڵەت تێیدا بەو جۆرەی كە لەعیراق روویدا، كوردی سوریا دەكاتە فاكتەرێكی دیار لە سیاسەتی ناوخۆیی داهاتووی سوریا، ئەمەش كاریگەری لەسەر كوردی توركیا بەجێ دێڵێت، بەتایبەتی كەسنووری ناوچەی كوردنشینی هەر یەك لەسوریاو توركیا دوو ئەوەندەی سنووری كوردنشینی هەر یەك لەعیراق وتوركیا دەبێ وپێوەندییە كەلتوری وكۆمەڵایەتییەكانی كوردی سوریاو كوردی توركیا زۆر لەپێوەندییە كەلتوری وكۆمەڵایەتییەكانی كوردی عیراق وكوردی توركیا پێشكەوتووترن.
بەڵام پاش ئەوەی توركیا لەفریاكەوتنی دیمەشق بێ ئومێد بوو، دیمەشقیش توركیای هاوپەیمانی ستراتیجیی خۆی شەرمەزاركردو هیچ بوارێكی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی نەهێشتەوە، هەردوولا كەوتنە دژایەتی كردنی یەكتری. توركیا پێوەندیی بە ئۆپۆزیسیۆنی سوریاوە كردو رێگای پێدا لەئەستەمبول ودواتر لە مارسین، كۆنفرەنسی خۆی ببەستێ. دیمەشقیش پێوەندیی بەپەكەكەوە كردو هاوپەیمانییە دێرینەكەی سەردەمی حافز ئەسەدی لەگەڵدا زیندوو كردەوە.
گۆڕانی ستراتیجی توركیا لەفریاكەوتنی رژێمی ئەسەدەوە بۆ دژایەتی كردنی، یەكێ لەو گۆڕانە دراماتیكییانەیە كەمەگەر هەر لەناوچەیەكی ئاڵۆزی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روو بدا. ستراتیجی بەرایی توركیا، رێگرتن بوو لەڕووخانی رژێمی ئەسەدو هەرەس هێنانی دەوڵەت لەسوریا، چونكە پێی وابوو ئەم رووداوە بەقازانج بۆ پەكەكەو كوردی سوریا دەشكێتەوە. ئێستا پاش هاوپەیمانێتی نێوان دیمەشق وپەكەكە، ستراتیجی توركیا بۆتە بەشداری كردن لەڕووخاندنی رژێمی ئەسەد بۆ رێگرتن لەهاتنە كایەی بارودۆخێك كە رەنگە بەقازانج بۆ پەكەكەو كوردی سوریا بشكێتەوە.
بەڵام توركیا ناتوانێ بایەخی فاكتەری كورد لەسوریا فەرامۆش بكاو لەم سەروبەندەدا ناتوانێ رۆڵی كورد وەك بەشێكی ئۆپۆزیسیۆن پشت گوێ بخا، ئەمە هانی دەدا نەكەوێتە خانەی دژایەتی كردنی كوردی سوریاوە وپێی وایە رۆڵی لەپشتگیری كردنی ئۆپۆزیسیۆن وئەگەری ئەوەی كەڕۆڵێكی گەورەتری لەئایندەدا لەناو سوریا پێ بسپێردرێ، دەشێ ببێ بەمایەی ئەوەی كەبتوانێ زیانەكانی روخانی رژێمی ئەسەد كەم بكاتەوەو سنورێك بۆ گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئایندە دابنێ، بەچەشنێك كەنەبنە مایەی هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی. بەم مانایە، توركیا ئومێد لەسەر ئەوە هەڵدەچنێ كەڕێگای پێ بدرێ رۆڵێكی دیاریكراو لەپێكهێنانی رژێمی داهاتووی سوریا بگێڕێ.
لەهەمبەردا، پەكەكە ستراتیجی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتووە كەروخانی رژێمی ئەسەد بەزیان بۆ بەرژەوەندییەكانی وبۆ رەوتی مەسەلەی كورد لەتوركیا دەشكێتەوەو لەم سەروبەندەدا پشتیوانی لەو تیۆرییە دەكا كەپێی وایە توركیا لەكورد زۆرتر قازانج لەڕوخانی رژێمی ئەسەد دەكاو بەم پێیە هاوكێشە پەسندكراوەكەی ئەوەیە كەپشتگیری كردن لەمانەوەی رژێمی ئەسەد، گورزێكی كاریگەر لەبەرژەوەندییەكانی توركیا دەدا.
ئەم تێڕوانینەی پەكەكە زۆر خۆپەرستانەیە. تەماشاكردنی ئەم مەسەلەیە بەچاویلكەی ململانێی نێوان توركیاو پەكەكە، لایەنێكی گرنگی مەسەلەكە پشت گوێ دەخا كەبەرژەوەندیی كوردی سوریایە كەبەرژەوەندییان لەڕوخانی رژێمی ئەسەددایەو پێیان وایە سوریا بەبێ روخانی رژێمی ئەسەد هیچ ئومێدێكی لەسەر هەڵناچنرێ.
لەوەتەی پەكەكە هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ دیمەشق دەمەزەرد كردۆتەوە، هەست دەكرێ رۆڵی كورد لەشەقامی سیاسیدا بەرەو كزی چووە. میلیشیاكانی پەكەكە كوردەكان هان دەدەن پابەند بن بەخۆ دورخستنەوە لەناڕەزایی دەربڕین وراپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كەهەندێ لەو تیرۆرانەی لەدژی كورد ئەنجام دراون، لەوانە تیرۆركردنی مشعەل تەمۆ، دەستی پەكەكەی تێدایە، بەتایبەتی كەتەمۆ مقۆمقۆی ئەوەی لەسەر بوو كەگوایە نۆكەری ئەردۆغانە.
كوردەكانی سوریا لەپاڵ باسكردنی شەبیحەی بەعس، باسی شەبیحەی كوردیش دەكەن كە بەجلی مەدەنییەوە، بەچەكەوە، پەلاماری كورد دەدەن، بەتایبەتی لەحەلەب ودەڵێن یەكێ لەهۆیەكانی ئارامیی حەلەب، رۆڵی تۆقێنەرانەی شەبیحەی كوردو عەرەبە كەگومان دەكرێ شەبیحە كوردەكان سەر بەپەكەكە بن.
رۆڵی پەكەكە لەدژی كوردە بەرهەڵستكارەكان لەلوبنانیش كاریگەرە. لەم هەلومەرجەی ئێستا كوردە سورییە بەرهەڵستكارەكانی دانیشتووی لوبنان فشاری سێ گرووپی چەكداریان لەسەرە كەهەرسێكیان دۆستی سوریان وبریتین لەپەكەكەو حزبوڵڵای لوبنان وحزبی تاشناقی ئەرمەنی. ئەمە بەم مانایە دێ كەپەكەكە مەسەلەكەی وەك مەسەلەی مان ونەمان وەرگرتووەو هیچ ئامادەییەكی وای نیشان نەداوە كەبەستراتیجەكەیدا بچێتەوە، بەواتایەكی تر، ئەمە بەم مانایە دێت كەستراتیجە دژ بەیەكەكان هەموویان لەناو سوریا رووبەڕووی یەكتری دەبنەوەو ئەوەی كە لەهەمووان زیاتر لەم پێكدادانەی ستراتیجە دژ بەیەكەكان زیانی بەر دەكەوێ، كوردی سوریایە.
Top