ئەردۆگان، بۆ پرۆتۆكۆڵەكەی ئیمزانەكرد؟

ئەردۆگان، بۆ پرۆتۆكۆڵەكەی ئیمزانەكرد؟
سێ حەفتە لەمەوبەر لەسەر سایتێكی ئینتەرنێت، دەقی تۆماركراوی وتوێژی نێوان كاربەدەستە هەرە باڵاكانی دەزگای هەواڵگریی توركی «MIT »: «هاكان فیدان- سەرۆكی ئێستەی میت، ئافەت گونەش- جێگری سەرۆك» و شاندێكی PKK: «زوبێر ئایدار، مستەفا قەرەسوو، زەكی ئۆك» بڵاوكرایەوە. پێش ئەو جارە، چوار جاری دیكەش هەردوو لا كۆببوونەوە. بەقسان ئەو وتووێژە بەنهێنی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بە ناوبژیوانی و هەماهەنگیی لایەنێكی سێیەم لە ناوەڕاستی نیسان- ئایاری 2010 بەڕێوەچووەو بەقسەی شەرەفەدین ئاڵچی، سیاسەتوان و پەرلەمەنتاری سەربەخۆی كورد، ئەو وتووێژانە تا ناوەڕاستی 2011ش بەردەوامبوون «وتووێژی ناوبراو لەگەڵ نەشە توزەل-ی رۆژنامەی تەرەف-ی توركی».. لێ دیار نییە جارەكانی تر لە كوێ و چۆن و بە ناوبژیوانیی كێ بەڕێوەچوون.
«حەفتەنامەی رووداو» دەقی وتووێژەكەی بە كوردی بڵاوكردەوە. خویایە «هاكان فیدان» بە ئاگاداری سەرۆكوەزیرانی توركیا، ئامادەی وتووێژێكی وەها بووەو بەناوی سەرۆكوەزیرانیشەوە دواوەو وتویەتی: «حكوومەت لەم پرسەدا زۆر جیدییە». پاش ئەوە ئەوجا هاكان فیدان بووە بە سەرۆكی دەزگای میت. هەروا دەزگای میت، هەم راوبۆچوونی ئۆجەلان-ی بە شاندەكەی PKK گەیاندووەو هەم راوبۆچوونی شاندەكەی PKKشی بۆ ئۆجەلان گواستۆتەوە. بەو مانایە میت، لەنێوان ئۆجەلان و PKK دا، پێناو بووە.
بڵاوبوونەوەی ئەو تێپە تۆماركراوە، هەراو پیلەكەیەكی زۆری لەناو لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن «CHP، MHP»، لەناو میدیاكار، نووسەرو سەنتەرەكانی لێتوژینەوە نایەوە. هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن، زێتر وەكو دەرفەتێكی سیاسی هەوڵیاندا لە دژی حكوومەت و ئەردۆگان و AKP بیقۆزنەوە كە ئەردۆگان لە ساتەوەختی هەڵمەتی هەڵبژاردندا راستی نەگوتووەو ئەو وتووێژانەی لە خەڵك شاردۆتەوە. هەروا زۆر قسە لەسەر ئەوەش كرا كە داخوا كێ ئەو تۆمارە دەنگییەی دزە پێكردووە: میت، PKK، ئیسرائیل...
هەندەی من سەرنجم دابێت، بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە، كاردانەوەیەكی نەرێنیی ئەوتۆی لەناو رای گشتیی تورك لێنەكەوتەوە كە ئەردۆگان و حكوومەتەكەی پێ سەغڵەت بن. بەپێچەوانەوە بەرپرسانی توركیا، لە عەبدوڵڵا گویل-ی سەركۆمارەوە بگرە تا بولەنت ئارینچ-ی جێگری سەرۆكوەزیران و جەمیل چیچەك-ی سەرۆكی پەرلەمان، پاساویان بە دانوستاندنی نێوان بەریتانیا و سوپای كۆماریخوازی ئێرلەندا IRA و دانوستاندنی حكوومەتی ئیسپانیا و ئیتا ETA، بۆ ئەو وتووێژە نهێنییانەی خۆیان هێنایەوەو بەكارێكی زۆر خواساییان دانا كە وتووێژ لەگەڵ PKK دا بكرێ، مادام مەبەست كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و تیرۆرە بە قەولی خۆیان.. لەبەرانبەردا، BDP بوونی ئەو وتووێژانەیان، بە راست و دروستی بۆچوونی خۆیان لێكدایەوە كە ئەوان هەردەم پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە كە بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژی، پێویستە حكوومەت دانوستاندن لەگەڵ PKK و ئۆجەلان دا بكات..
لێ ئەوەی كە زۆر سەرنجڕاكێش بوو و تا ئێستا كەمتر قسەی لەسەر كراوە، دیمانەكەی رۆژنامەی تەرەف-ی توركی بوو لەگەڵ شەرەفەدین ئاڵچی كە دەڵێ: «لە دیماهی ئەو وتووێژانەدا، پرۆتۆكۆڵێك ئامادەكراوەو ئەوو چەند پەرلەمەنتارێكی هەرە باڵای BDP دیویانەو عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێی رازیبووەو پاشان میت بۆ PKK « قەندیل »ی بردووەو ئەوانیش پەسندیان كردووە. ئەوجا پرۆتۆكۆڵەكە بە رەجەب تەیب ئەردۆگان دراوە، بەڵام ئەو نەپێی رازیبووەو نە ئیمزاشی لەسەر كردووەو لە سۆنگەی ئەمەشەوە، توندوتیژی دەستی پێكردەوە كە رۆژانە لە هەردوو لادا قوربانی لێدەكەوێتەوە». پرسیار ئەوەیە، ئۆردۆگان بۆ پەسندی نەكرد؟ هەڵبەت لە دوای ئەوەوە، BDP، یەكتەرەفە تێزی ئۆتۆنۆمیی دیموكراتی راگەیاند. تۆ بڵێی بیرۆكەی حكوومەتی خۆجێی و ئۆتۆنۆمی لەناو پرۆتۆكۆڵەكەدا ئاماژەیان بۆ نەكرابێت و بۆ ئەردۆگان لەسایەی دەستووری ئێستادا، ئاسان نەبێت قبوڵی بكات؟
لێرەدا من باس لە رۆڵی PKK ناكەم كە داخوا بە كارو چالاكییەكانی خۆی لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە چەندە رێخۆشكەر بووە بۆ ئەو بنبەستەی كە شەرەفەدین ئاڵچی باسی لێدەكات. زێتر سەرنج دەخەمە سەر ئەردۆگان و حكوومەتەكەی AKP وەكو ئەو تەرەفەی كە وەڵام و بەرپرسیارەتیی سەرەكی لای ئەوانە...ئایا بەلای ئۆردوگان-ەوە، پرۆسەی كرانەوە بە رووی كورد، یان پرۆسەی ئاشتی و برایەتی كە لە 2009-ەوە حكوومەت رایگەیاندووە، پرۆسەیەكی كاتی و تاكتیكی بووە و هیچ پرۆژەیەكی جیددی نەبووە بۆ چارەسەری كێشەی لەمێژینەی كورد لە توركیا؟ ئایا ئەردۆگان ئەو وتووێژانەی بۆ كاتكوشتن بووە تا پەكەكە ئاگربڕ دوای ئاگربڕ رابگەیەنێ و هەڵبژاردنە گشتییەكەی 12ی حوزەیران، لە كەشێكی هێمن و ئارام و بێ قڕەو بڕە دا بەڕێوەبچێ و ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنێ كە هێنای؟ یان بەدەستهێنانی 49.95%ی دەنگەكان بوو، ئەردۆگانی بە ئاقاری لە خۆبایی بوون و نەسازان لەگەڵ كورددا گۆڕی؟
ئایا بەهاری عەرەبی هیچ كاریگەرییەكی نیگەتیڤی هەبووە لە گۆڕینی ئاراستەكانی سیاسەتی ئەردۆگاندا، بەو مانایەی زێتر ئەردۆگان پشتئەستوور بێت بەو رۆڵە هەرێمایەتییەی لە توركیا چاوەڕوان دەكرێ وەكو نموونەی وڵاتێكی سوننەمەزەبی میانڕۆ و جێ پەسندی ئەمریكاو رۆژئاوا لە ناوچەكەدا لە بەرانبەر ئیسلامی توندڕەو و نفووزی شیعەو ئێراندا، نەك پشتئەستوور بە ریفۆرمی ناوخۆیی و چارەسەری كێشەی كورد و كرانەوەی زێتر بە رووی دیموكراسی...بەبڕوای خۆم، دەكرێ ئەو دووانە تەواوكەری یەكدی بن.. هیچ وڵاتێكی هەرێمەكە ناتوانێ رۆڵێكی گەورە لە ناوچەكەدا بگێرێ ئەگەر لە وڵاتەكەی خۆیدا، گرفت و كێشە تەشەنەسەندووەكانی خۆی چارەسەر نەكات... چونكە توندوتیژی و خوێنڕشتن و گرتن و بڕین كە لەم سێ مانگەی دواییدا لە ناوچە كوردنشینەكانی توركیا پەرەی گرتووە، بنەماكانی دیموكراسی و بوژانەوەو نموونەی دڵخوازی رۆژئاوا لە ناوچەكە، تەڵخ و بێناوەڕۆك دەكات...
یان ئەوەتا ئەم ستۆپگرتنەی ئەردۆگان، تەنیا كاتی بووەو بۆ ئەوە بووە لە پێگەیەكی بەهێزترەوە دانوستاندن لەگەڵ PKK دا بكات و ناچاری بكات دەسبەرداری هەندێ لە داخوازییەكانی ناو پرۆتۆكۆڵەكە ببێت؟ ئایا ئەردۆگان، لەوە ترسا، نەبادا ئەو پرۆتۆكۆڵەو ئیمزاكردنی، ماكانەی چوونەوەی یەك- دووو ساڵ لەمەوبەری چەند چەكدارێكی PKK بە جلی كوردی لە دەروازەی خابوورەوە بۆ توركیا، ببێت بە سەركەوتنێكی تر بۆ PKK و ئۆجەلان، بەتایبەتی كە ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە رایگەیاند كە لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە و ئەنجوومەنێكی ئاشتی بۆ ئەم مەبەستە پێكدێ؟ ئیدی باشتر وایە حكوومەتەكەی AKP لە هەلومەرجێكی گونجاوتردا، هەنگاو بە هەنگاو و یەكتەرەفەو بەبێ هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ پەكەكەو ئۆجەلان، بڕگەكانی ناو پرۆتۆكۆڵەكە جێبەجێ بكات؟
یان لێدانی هێزەكانی PJAK لە سەرەتای تەمووزەوە لەلایەن ئێران و بوونی رێككەوتنێكی كاتی لەو ماوەیەدا، ئەو پرۆژەیەی بەدواخست، بەڵام سەرنەكەوتنی ئێران، بەمانا سەربازییەكەی جارێكی تر توركیای لە كەوتنە داوەوە ئاگادار كردەوە؟
یان هەر لەبنەڕەتدا، حكوومەتەكەی AKP هیچ پرۆژەیەكی بۆ كورد پێ نییە، چونكە یەك-دوو جار ئەردۆگان لە زاری دەرچووە كە لە توركیا كێشەیەك بە ناوی كێشەی كورد نییە. ئەی نەرمنواندنی ئەردۆگان پاش دیتنی ئەمدواییەی باراك ئۆباما و هاتنەوە لە ئەمریكا و تەنگژەی بەرەو ژوور هەڵكشاوی نێوان توركیا و ئیسرایل، سەبارەت بە داواكردن لە BDP و گەڕانەوەیان بۆ ناو پەرلەمان و وتووێژكردن لەگەڵیان، دیسان هەوڵدان و مانۆرێكی ترە بۆ دوورخستنەوەی BDP لە پەكەكەو لێكجیاكردنەوەیان كە لەبنەڕەتدا نەشیاو ئەستەمە؟ یان AKP دەیەوێ، ئەگەر پرۆژەیەكی پێ بێت بۆ چارەسەری كێشەی كورد، هاودەم لەگەڵ نووسینەوەی دەستووردا تێهەڵكێشی بكات، یان دەیەوێ بیكاتە كارتێكی ساتوسەوداش لەنێوان خۆی و لایەنەكانی تردا، بەتایبەتی كە پەرلەمەنتارانی BDP لە ژێر گوشاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێنوێنی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان بڕیاریان دا بچنەوە ناو پەرلەمان و لەوێ خەبات و ململانەی خۆیان بكەن. تەنانەت سەرۆكی CHPش، پێیوایە كە پەرلەمان، ئەو جێگەیەیە كە چارەسەری كێشەكانی تێدا دەدۆزرێتەوەو ئەردۆگان-یش، لەدوا قسەی خۆیدا، گوتی: « دەمەوێ راست و رەوان قسە بكەم كە ئێمە لەگەڵ تیرۆریزم دەجەنگین و لەگەڵ سیاسەتوانانیش دانوستاندن دەكەین.. ». كەواتە، BDP موخاتبێكی گوێلێگیراو دەبێت سەبارەت بە مافەكانی كورد، ئەوە لە كاتێكدا پێشتر، BDP بە دیڤەلانك و درێژكراوەی PKK دادەنرا.
هەقە پەكەكە هەڵوێست و پێگەی BDP و پەرلەمەنتارەكانی لەناو ئەنجوومەنی گەورەی میللیی توركیا لاواز نەكات و تا بۆی دەكرێ خۆی لە لێدانی خەڵك و ئارمانجی مەدەنی بپارێزێ و دەرفەتێك لەبەردەم BDP و كەسانی لیبراڵ و دیموكرات بكاتەوە كە چالاكانە تێكەڵاوی ئەو كۆمیسیۆنە ببن كە بۆ نووسینەوەی دەستوور سازدەكرێ و، تا بۆی دەكرێ خۆی لە پەلامارو رووبەرووبوونەوەو هێرشبردن بپارێزێ.
Top