هەڵگرتنی “3” سفر لە سەر دراوی عێراقی

هەڵگرتنی “3” سفر لە سەر دراوی عێراقی
سیاسەتی هەڵگرتنی (سفر) لە سەر دراو لە زۆربەی وڵاتانی جیهان كاری پێكراوە، ئەم بابەتەش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی بانكی ناوەندییەوە باس دەكرێت و لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە. ئەگەر بەڕووكەشی سەرنج بدەینە ئەم بابەتە هەستیارە ئەوا كاریگەرییەكانی لە ماوەیەكی درێژخایەندا لەسەر ئابووری وڵات بە ئەرێنی دەگەڕێتەوە. هەرچەندە دووبارە ناو لێنانەوەی چەشنەكانی دراو گرفت نییە و ئاساییە، وەك زەنگێك بە گوێی هاووڵاتییانی بەتەمەن دەزرینگێتەوە، توانای پێشتری دراوی عێراقیان دێتەوە بەرچاو كە یەك دینار سێ دۆلار زیاتر بوو، لە ئەنجامی پەیڕەوكردنی سیاسەتی چەوت و دوور لە بنەما ئابوورییەكانەوەو دواتر سەپاندنی سزا نێو دەوڵەتییەكان هەمووی دۆخێكی وای لێكەوتەوە ئەم دراوە بە توانایە بێ هێز كرا و زیانی یەكەمیش بەر هاووڵاتی و گەلانی عێراق كەوت. ئامانج لە كرداری هەڵگرتنی سفرەكان بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی دراوی بەردەستە لە ئابووری وڵات دا، چونكە تەنها دەبێتە مایەی لابردنی وەهمی نەختینەیی.
دوای ئەنجامدانی ئەم گۆڕانكارییانە دراوی عێراقی نوێ تایبەتمەندییەكانی سەردەم لە خۆ دەگرێت و دراوی كۆنی سویسری زیندوو دەكاتەوە، ئەمەش لە بەر چەشنی بچووكی دراوەكە، بڕوا وایە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش كاریگەری ئەرینی یا نەرێی بە سەر ئابووری عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەبێت، چونكە ئەم گۆڕانكارییە بارودۆخێكی نوێ لە ژیانی ئابووری هاوڵاتیان دێنێتە كایەوە. بۆیە دەتوانین بەگشتی لایەنە ئەرێنی چاوەڕێكراو لە ئەنجامی هەڵگرتنی سفرەكانی سەردراو بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەم مەرجانەی سەرەوە كورتبكەینەوە لەم خاڵانەی خوارەوە:
1) بە شێوەیەكی گشتی باوەڕو متمانە لە لایەن هاووڵاتییان زیاد دەبێت.
2) سانایی لە ئاڵووێركردن و هەڵگرتن و گواستنەوە.
3) پاڵپشتیكردن و زیادكردنی توانای دامودەزگا دارایی و بانكییەكان.
4) جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە ژیری بە شێوەیەكی گشتی دەبێتە مایەی گەشەپێدان و چاكبوونی ئابووری وڵات و مایەی كەمكردنەوەی رێژەی هەڵاوسانی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان.
5) گرنگە وڵاتێكی وەك عێراق ئەمڕۆ دراوێك دەربكات زیاتر لە زمانێكی لەسەر بێت.
بڕیاری هەڵگرتنی سفرەكان دەبێ لە ژێر بارودۆخێكی ئارامدا بێت، سەرەڕای ئەوەی پێویستە بەهای دراو هاوسەنگ بێت بەم شێوەیەی ئێستا لە هەڵبەزین و دابەزین نەبێت، بەڵام لێرەدا ئەم تایبەتمەندیانە بەدی ناكرێت، هەروەها ماوەیەكی زۆرە و بە بەردەوامی بارودۆخی ئابووری شپرزەیی لێ بەدی دەكرێت، بۆیە هەڵگرتنی سفرەكان پێوەندی و كاریگەری لە سەر هەڵاوسان نابێت، بەڵكو جێبەجێ كردنی ئەم پرۆسەیە تەنها لە سەر لایەنی دەروونی هاووڵاتییان رەنگ دەداتەوە، لەم روانگەیەوە بڕوا وایە جێبەجێكردنی پێشنیاری هەڵگرتنی سفرەكان لایەنی نەرێی زیاتر بێت لە لایەنی ئەرێنی وە بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بەهای دراوی نوێ وەك لەم خاڵانەی خوارەوە دیاری كراوە:
1) لە بەر ئەوەی جیاوازی هەیە لە نێوان هەڵگرتنی سفرەكانی دراو دووبارە هەڵسەنگاندنی بەهاكەی، بۆیە لە كاتی هەڵگرتنی سفرەكان هاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن بە تایبەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
2) ترس هەیە كە دراوی بیانی بەرەو دەرەوە رەوانەبكرێت.
3) دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دراو بەرزكردنەوەی بەهاكەی لە میانەی چاككردنی نرخی خەرجیەكان لە بەرژەوەندی ئابووری وڵات نابێت، ئەمەش لەكاتی جێبەجێ كردنی بەكردەیی دەردەكەوێت كە زیانی زۆری لێدەكەوێتەوە، گەر هاتوو بەچاككردنی نرخی خەرجییەكان لەم رووەوە لە چەند لایەك زیانی لێدەكەوێت بۆ نموونە:
أ‌- بەهای كڕینی دراوی نیشتیمانی كەم دەبێتەوە، بەم شێوەیە دەبێت زیاتر لە پێشتر پارە تەرخان بكات بۆ مووچەخۆرانی دەوڵەت.
ب‌- نرخی كاڵاو خزمەتگوزارییەكان لە بازاڕی نێوخۆیی روو لە بەرزبوونەوە دەكات.
ت‌- بانكەكانی جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی هاوسێ هەڵدەستن بە ناردنەوەی ئەم دینارە عێراقیەی كە هەیانە بۆ عێراق.
4) هەڵگرتنی سفرەكانی سەر دراو دەرگایەك لە دەرگاكانی گەندەڵی دەكاتەوە لە بەردەم دام و دەزگاكانی میریدا، چونكە دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی خەرجییەكان.
5) لە ئەنجامی گۆڕینی شێوەو بەهای دراو لایەنی دەروونی زۆر لە هاوڵاتیان تێك دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆكاری زیادبوونی داواكاریان لە سەر كاڵا و پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتی (زەوی و خانوو بەرە و زێڕ)، راستەو خۆ كار دەكاتە سەر زیادبوونی نرخیان بە چەند جار.
6) كاتێ گۆڕانكاری سەر هەڵدەدات لە سەر دراوی نیشتیمانی، رەنگدانەوەی پێچەوانەیی دەبێت لە سەر پارێزگاریكردن لە سەر دراوی بیانی، چونكە تاك وای دەبینێ دۆلار هەرزان بووە كە پێشتر بە 1200 دینار دۆلارێكی بەدەست دەهێنا بەڵام دوای ئەم پرۆسەیە بە( 1) دینار و (200) فلس بە دەستی دەهێنی، بۆیە دیسان روو لە دۆلار دەكرێت.
7) لە ئەنجامی دابەزینی بەهای دراوی بیانی لە 1200 دینار بۆ دۆلارێك بۆ ( 1) دینار و (200) فلس، لێرەد دەبینین كاڵا و پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بە دۆلار نرخیان بەرز دەبێتەوە.
8) هەڵگرتنی سفرەكانی سەر دراو جارێكی تر هاووڵاتییانی كوردستان تووشی زیان دەكات، لە بەر ئەوەی پێش هاتنی چاپی نوێ لە دراوی (برێمەر) بانكەكان و هاووڵاتییانی كوردستان خاوەنی دیناری سویسری بوون و مامەڵەیان پێ دەكرد، لە كاتی گۆڕینەوەی دراو (1 دیناری سویسری) بە (150 دیناری بریمەر) گۆڕدرایەوە، بە مانای بۆ (1000 دینار) (6،667دینار) تەرخانكرا، وە ئێستا لە كاتێ ئەم (3 سفر هەڵبگیرێت (1000 دینار) دەبێتەوە (1 دینار) كەواتە (6،667دینار) بۆ هاوڵاتیانی كوردستان تەنها بوو بە (دینارێك) بە مانای (5،667 دینار) زەرەر كرا لە هەر (1000 دینار).
لە راستیدا هاووڵاتیانی كوردستان لە ساڵی (2003-2004) لە كاتی گۆڕینەوەی دراو زیانیان بەركەوت گەر بێت و بەراورد بكەین لەگەڵ هاووڵاتییانی شارەكانی تری عێراق. ئەركی ئەم بەرپرسیاریەتیە دەكەوێتە ئەستۆی بانكی ناوەندی عێراقی كە پێش وەرگیرانی ئەم بڕیارە پێویستە ئامادەكاریی تەواو هەبێت سەبارەت بە ئەركەكانی بانكەكان و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری ئەم گۆڕانكارییە بۆ هاووڵاتییان، پێویستە ئەم پرۆسەیە بە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
Top