كورد دەتوانێت خۆی لەشەڕ بپارێزێت؟
September 17, 2011
وتار و بیروڕا
* ئەوەی پێوەندیی بە تەناهیی ناوخۆیی و سەقامگیریی سیستەمی سیاسیی لە كوردستان هەیە، دوای دەرچوونی (4) بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە28ی ئابداو باوەگۆی ئیجابییانەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن، دەكرێ بڵێین زەوینەی لێكحاڵیبوون و گەیشتن بە چارەسەرێكی مامناوەندیی گرفت و ئاریشەكانی نێوان هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە جاران لەبارتر بووەو ئەگەری دەسپێكردنەوەی زوو بە زووی كۆبوونەوە (5) قۆڵییەكان زۆرتر بووە كە تا راددەیەكی زۆر بەندە بە مەرام و ئیرادەی هەردوو بەرەكەوە و هەقە خاوە- خاوی لێ نەكەن...
* هەرچی تەناهیشە لەسەر سنوورەكان: چ لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، چ لەگەڵ ئێران و توركیا بە بڕوای من دەبێت لە چوارچێوەی ئەو بار و هەلومەرجە ئاڵۆزكاو و پڕ پشێویە بخوێندرێتەوە كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە و بمانەوێ و نەمانەوێ هاوكێشەو نەخشەی سیاسیی ناوچەكە گۆڕانی جددییان بەسەردا دێت. دواترینیان تەنگژەی نێوان ئیسرایل و توركیایە... ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا بە رەسمی و بە كردەوە پشتیوانی لە توركیا دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە و لەهەمان كاتدا چاوی لەوەشە توركیا پێش بە پەرەگرتنی نفوزی ئێران لە عێراق بە كوردستانیشەوە بگرێت...
* ئەگەر شتێ هەبێت، پێی بگوترێ دیپلۆماسیەتی كوردی لەگەڵ وڵاتانی دەرو جیراندا، ئەوە تا راددەیەك بەتایبەتی لەم 2-3 ساڵەی دواییدا، دیپلۆماسیەتێكی هێمن و دان بەخۆداگرتوو بووە بە ئاقاری هەڵكردن و كرانەوەی هەنگاو بە هەنگاو و فراوانكردنی بازنەی بەرژەوەندە هاوبەشەكان و قەناعەتپێكردنی بەرانبەر كە هەرێمی كوردستان سۆنگەو مایەی مەترسی نەبووەو نییە بۆ سەر تەناهیی نیشتمانیی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا... سەبارەت بە دۆزی كوردیش لە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا، سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان پێیوایە كە كێشەی كورد لە هەردوو وڵاتدا، كێشەیەكی سیاسییەو بە توندوتیژی و پەنابردن بۆ چەك چارەسەر نەكرێ و رێگەی دروست دیالۆگە كە پێویستی بە زەوینە خۆشكردن و پشوودرێژی هەیە. لەم پێناوەشدا، لە توركیا، كەشوهەوایەك بەو ئاراستەیە هاتبووە ئاراوە و ئۆجەلان هاتبووە ناو پرسەكەو حكومەتی توركیاش جۆرە شلییەكی لە بارەوە نیشاندابوو بەتایبەتی كە دوو ساڵ زێترە ئاق پارتی ((كرانەوەی دیموكراتی)) راگەیاندووە و لەسەروبەندی ئەوەشدایە دەستوورێكی مەدەنی بۆ توركیا دابنێت كە رێگە بۆ كرانەوەی زێتر بەڕووی كوردا بكاتەوە... سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە و دەكاتەوە، ئەگەر لەلایەن هەردوو لای كێشەكەوە، داوای لێ بكرێ ئامادەیە دەوری ناوبژیكارانە بگێڕێ و بەس نەك بژارەیەكی دی.
* ئەوەی كە لێرەدا گرنگە جەختی لەسەر بكرێتەوە پێویستە خیتابی سیاسیی كورد چ لە ناوەخۆ و چ لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، هاوئاهەنگ بێت و ئاشتی ناوماڵ بخرێتە پێش ئاشتی لەگەڵ میللەتان و وڵاتانی دەرو جیراندا كە بە داخەوە لە دوای رووداوەكانی 17ی شوبات و بەرەودوا، ئاشتی ناوماڵ لە مەحەك و لە تاقیكردنەوەیەكی جیدی دایە...
* ئەگەر بۆ چارەكردنی كێشەو ئاریشەكان لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادیدا، كورد كە خۆی شەریكە بەشی ئەو حكومەتەیە، پابەندبوون بە دەستوور بە بنەما بگرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، رەنگە لە چەند رۆژێكی تردا، وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، ئەوا بۆ دابینكردنی تەناهی لەسەر سنوورەكان لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا، بێ لە دەسگرتن بە بەرژەوەندیی هاوبەش و پرەنسیپەكانی چارەسەركردنی بەئاشتییانەی كێشەكان، دراوسێیەتی باش و دەست نەخستنە ناو كاروباری یەكتر چارێكی تری نییە، بەڵام ئەوە تەنیا دیوێكی پرسی تەناهییە لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا، دیوەكەی تر پێوەندیی بە بوونی بنكەو بارەگای پەكەكەو پژاكە لەسەر ئەو سنوورانە بە هەردوو دیوی كوردستاندا، لەكاتێكدا سەركردایەتی چەندین جار دوپاتی كردۆتەوە كە شەڕی كورد- كورد حەرامە.. بەڵام بێ لە كوردبوون، ئێمەی كورد لەم بەشەدا، چ بە پەكەكەو پژاك دەبەستێتەوە، بەشێوەیەك كە نە ئەوان زیانیان بۆ تەناهی هەرێمی كوردستان هەبێت، نە ئێمەش لەسەر حیسابی دۆزی رەوای كورد لەگەڵ ئەو وڵاتانە پێوەندییەكان دابمەزرێنین... لەهەمان كاتدا كاتی ئەوەش بەسەرچووە و كارێكی راستیش نییە كە كوردستانی عێراق بكرێتە سەنتەر و ناوەند بۆ بزووتنەوەكانی كورد لە پارچەكانی تری كوردستاندا، بەڵام هەقیقەتێك هەیە، كە لەم بەشەی كوردستاندا، نیمچە كیانێكی سەربەخۆ بۆ كورد هاتۆتەئاراوەو چەند مەنزل و قۆناخێكیشی بڕیوە و بەتەنیاش خێری بۆ كوردی عێراق نەبووەو نییە.. لە سەرینی ئەمەوە، راستە پاراستنی ئەو ستاتۆ سیاسییە-قانوونییەی كورد كە تا راددەیەك بەم یان بەو شێوەیە جۆرێ لە دانپیانانی نێودەوڵەتی و ئەقلیمیشی وەرگرتووە، بە پلەی یەكەم وەئەستۆی كوردی عێراق و دەسەڵاتی سیاسییەوەیە، لێ بە بڕوای من، بەشێكی ئەو بەرپرسیارەتییە ئەخلاقی و سیاسییە دەكەوێتە ئەستۆی تەواوی نەتەوەی كوردو لایەنە سیاسییەكانییەوە، ئەوجار كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی... لە سۆنگەی ئەمەوە، گوێڕاگرتن و بەهەندوەرگرتنی پرسی تەناهیی هەرێمی كوردستان لەلایەن (پژاك و پەكەكە)وە، وازهێنان لە دۆزی كوردو مافە رەواكانی نییە لە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا، بەرپرسیارەتییەكی مێژووییە...
* وەك ئێران و توركیا، بوونی پژاك و پەكەكە لەسەر سنوورەكان، دەكەنە بیانوو بۆ هێرش و پەلاماردانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی مەدەنیی ئەو ناوچانانە.. لە سەرەتای تەمموزەوە تا ئێستا، هێرش و پەلامار، ئەگەر ناوە-ناوە بۆ دوو تا سێ رۆژیش وەستابێت، بەردەوامەو (13) هاووڵاتی شەهیدو چەندانی دیكەیش برینداربوون، ئەوە بێ لە زەرەروزیانی ماددی و ئاوارەو دەربەدەربوونی سەدان ماڵە كورد لەو ناوچانە...ئەوە سەرباری دروستبوونی كێشەو گرفتی زۆر بۆ خەڵك و حكومەت و بڵاوبوونەوەی نیگەرانی لە دەسپێكردنی لەشكركێشی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ئەمدیوەی سنوور كە رەنگە لە باری رووداندا، كوردستان ببێتە شەڕگەو مەیدانی ساغكردنەوەی ململانەی نفووزی ئەملاو ئەولا...لە بارێكی واشدا، بە داخەوە، هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت... كەواتە پێویستە لە هەموو ئاستەكان هەوڵ و تەقەڵا بخرێتەگەڕ كە بەر بەو شەڕە نەخوازراوە بگیرێ. لێ ئەوەی پێوەندیی بە كورد خۆیەوە هەیە پێویستە بە رۆحێكی نەتەوەیی بەرپرسیارانەوە هەنگاوی جددی بۆ هەڵبهێنرێتەوە و نەهێڵدرێ شەڕ بكەوێتە ئەمدیوەی سنوورەوە...
* بەبڕوای من، لە جێی خۆیەتی پەكەكە لەم هەلومەرجەدا، كە توركیا تەنگژەیەكی جددی لەگەڵ ئیسرایلدا هەیە، یەكجێ ئاگربەست رابگەیەنێت و هیچ كردارێكی سەربازی لە قوڵایی خاكی توركیا ئەنجام نەدات و بكەوێتە باری بێ چالاكییەوە و خۆپارێزی بكات. لەهەمانكاتدا، (بەدەپە)ش بەتایبەتی پەرلەمانتارەكانی، بگەڕێنەوە ناو پەرلەمان و كارێك نەكەن، لەلایەن رای گشتیی توركیاوە، كورد بخرێتە سەنگەری ئیسرایلەوە... هەرچی پژاك-یشە، راستە دیسان یەك-دوو رۆژە لەگەڵ هێزەكانی ئێران بەرانگژی یەكتر بوونەتەوە، ئەوا پێویستە و تا بۆیان دەكرێ خۆ لە بەرەنگاربوونەوە بپارێزن و لەسەر سنوورەكان بكشێنەوەو نەبنە مایەی دەستڕاكێشانی ئێران بۆ ناو سنوورەكان و پاشان لەشكركێشی توركیاش... چونكە هەندێ لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، توركیا و ئێران چاویان لەوەیە لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، بۆشایی دەسەڵات پڕ بكەنەوەو بوونی پەكەكەو پژاك-یش بیانووێكی باشە، بۆ لەشكركێشی و دابەشكردنی ناوچەكانی نفووز، بەو مانایەی بوونی سەربازی لەسەر ئەرزی واقیع، زۆر شت لەسەر مێزی گفتوگۆ دەسەپێنێت...
* بەهەرحاڵ، كوردستانی عێراق دەكارێ بۆ رێگەگرتن لەو لەشكركێشییە لەلای خۆیەوە، هاوسەنگی لەنێوان ئێران و توركیا رابگرێت و نەكەوێتە بارێكەوە ئەم یان ئەویان هەڵبژێرێت..