کوردستان لە مەترسی پەیماننامەیەکی نهێنیدایە، یەکدەنگییەکی بە پەلەی کوردستانی پێویستە

کوردستان لە مەترسی پەیماننامەیەکی نهێنیدایە، یەکدەنگییەکی بە پەلەی کوردستانی پێویستە
هەرچەندساڵ جارێک گەلەکەمان کەوتووەتە داوی پەیمانامەیەکی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە، بە تایبەت ٤ وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان. بۆ هەرکام لەو هاوپەیمانییە زیانبەخشانە بە گەلی کورد، کۆمەڵێک فاکتەری زیندووی مێژووی ماوە کە ڕاستییەکان و هۆکارەکانی ئەو پلانانە بۆ لە بەیندانی جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان و، ویستەکانی کورد و لاوازییەکان و یەکنەبوونی کوردیش لەو سەردەمانەمان پێشاندەدات. کە چی مخابن بەشی زۆری ئەو رووداوە مێژووییانە ڕۆژانە لە نێو گەلەکەماندا نوێ دەبنەوە.

ئەگەر بە وردی ئاورێک لەم هەموو پەلامارە ناحەقانەی ئەم دواییەی ئەو٣ وڵاتەداگیرکارەی کوردستان بدەینەوە، و بێدەنگی زلهێزەکانیش لە لایەکدابوەستێ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە وڵات و خاک و خەڵکەکەمان لە مەترسی پەیماننامەیەکی نهێنی چەند لایەنە دایە. کە بەشی زۆر ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە بۆ نەهێشتنی ئەم دەستکەوتە مێژوویەی کوردە کە لە باشوری وڵاتەکەماندا بەدەستهاتووە.

بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە پێچەوانەی پەیماننامە شوومەکانی پێشووتر، لەبەر ئەوەی کە سەردەمانی پێشوو کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەی ئیستا ئاستی ئاگایی و تێگەیشتنی لە جیهاندا نەبووە. بەڵام ئەوەی کە لە ئیستادا و لە هەزارەی سێیەم ڕوودەدا چاوەروانی هۆشیارییەکی زیاتر لە یەکریزی مالی کوردی دەکات. کە بۆ ئەوەی ڕێگربین ونەهێڵین وڵاتانی نەیارمان ئەمجارەش وەک جارانی پێشوو لە پلان و پەیماننامە نهێنییەکانیان سەرکەوتوو بە دەست بێنن.

تۆپبارانەکانی ئێران.
بێجگە لەبەردەوامی تۆپباران و لەشکرکێشی هێزەکانی ئیرانی بۆ سەرخاکی کوردستان لە ساڵانی پێشووتر، بەڵام لە مانگی٧ ی ئەمساڵەوە تا ئیستا بەردەوام تۆپخانەکانی ئێران ئاگر و ئاسن بە سەر خەڵکی کوردستاندا دەبارێنن، درێغیان لە کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی کوردستانی نەکردوە. چەند حەفتە بە سەر شەهیدبوونی ٣ هاوڵاتی و بریندار بوونی دەیانی دیکە تێپەڕیبوو، یا هێشتا سەرەخۆشی٧ شەهیدەکەی قەندیڵ تەواو نەبووە، واتە ئەو بنەماڵە بێتاوانەی کورد کە لە مناڵی ٦ مانگانەوە تا گەورە ساڵانی تێدابوو هەموویان بوونە قوربانی ئامانجەکانی هێرشە هەواییەکەی تورکیا. کەچی لەم حەفتەدا چەند هاوڵاتییەکی دیکە شەهید بوون، یەکیان گەنجێکی تەمەن ١٦ساڵان کە شوانی مەرو ماڵاتی بنەماڵەکەی بوو، واتە بەخێۆکەری ئەو گیانلەبەرانە کە سەرچاوەی ژیانی ئابوری بنەماڵەکەی بوو. ئەو کەسانەی کە لە سەر تۆپخانەکانی ئێرانن، بێگومان بە کامیرای دووربینی مۆدێرینی شەر، باش دەبینن کە ئەو گەنجە کورد شوانەو بە سەدان مەریش بە دووربینەکانیان دەبینن وبێجگە لە گۆچان هیچ جۆرە جەكێک بەولاوە کوردەوە نابینن. کە چی ڕاستەوخۆ ئەو شۆێنە دەکەن ئامانجی تۆپەکانیان، هەم گیانی کاک فەرمان دەستێنن و هاوکات بە دەیان لە مەرەکانیشیان دەکوژن، بۆ ئەوەی بواری ئابوریان لاوازبێت وبریاری گوازتنەوە لە گوندەوە بۆ ناو شار بدەن. ئەمە باشترین فاکتەرە کە ئیران چی مەبەستێکی هەیە، ئەمە فاکتەرە کە مەبەستەکە پژاک و پێکاکا نییە، بگرە مەبەستی پێچٶڵکردنی گوندەکانە بە گوندنشینان لە ڕێگاو تەکتیکی جیاوازەوە. بۆ ئەوەی هێزەکانی خۆیان بۆ هەمیشە لەو ناوچانە بگیرسێنەوە و دەسەڵاتێکی هەمیشەییان بە سەر هەرێمی کوردستان وبە وتەی خۆیان سنووری ئێراقیشدا هەبێت. ئاشکراشە کە ئێران لەگەل هەموو وڵاتە دراوسێکانی دۆستایەتییەکی سالمی نییە، وبگرە مەبەستی دەستبەسەردا گرتنی سنور و سەرمایەکانێتی. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە دیمانەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزۆێنی (شەبەکی خەبەری ئێران) لەگەڵ کارناسێکی کابلی کە شارەزایی لەسەر سیاسەتەکانی ئێران هەیە. ناوبراو لەو بوارەوە ئاماژە بە مەبەستەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان دەکات، بەڵام دوای ٢ خولەک و چەند سانیە پێوەندییەکەی لێدەپچڕێنن، چۆن ناوبراو زیرەکانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران چی نییەتێکی لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، بەڵام رۆژنامە نووسەکەی شەبەی خەبەری ئێران تووشی شۆک دەبێت و خێرا وتووێژەکەی پێدەبرێت و ڕەنگی تێکدەچێت.
بۆ بیستنی ئەو دیمانە دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە کەڵکوەرگرن. http://www.lenziran.com/2011/09/02/afghan-analyst-fasl-ol-rahman-tell-the-story-of-unfinished-interview-to-german-radio/
هاوسنوری ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکەش هەروابووە، هیچ وڵاتێکی دراوسێی نەیتوانیوە بە ئاسانی بحەسێتەوە. هەمیشە کێشەی بۆ دراوسێکانی دروستکردوە و بەردەوامیش دروستی دەکات.
جەلەولا و سەعدییە و ناوچەکانی دیکەی کێشە لە سەر.
پێشتر ئاماژە بە پەیماننامەی نهینی چەند وڵاتی کرا، شاراوە نییە کە بەشێک لە حکومەتی نۆیی ئێراقیش لە ناو ئەم پەیماننامەیەدا هەن و بەشدارن. بۆ ئەمەش دەبینین کە پلانەکانیان هاوکات لە چەندین لاوە دەستی پێکردوە، دیتمان ئێران بە تۆپ و هێزەوە، تورکیا بە فرۆکەوە. ئێراقیش بە تیروری کوردەکانەوە.
ماوەیەکە بە شێوەی قەتل و عام و جینوساید بەربوونەتە گیانی کوردستانیانی شارەکانی جەلەولا و سەعدیەو ناوچەکانی دیکەی کێشە لە سەر. رۆژ نیە لە گەرەک و ماڵە کوردنشینێک تەقینەوە روو نەدات، یا کەسێک نەبێت بە نێچیری ڕاوچیانی دژە کوردەوە. لە پاش پرۆسەی ئازادی ئیراق لە باتی ئەوەی کوردە دوورخراوەکان بگەڕێنەوە بۆ شۆینی باوباپیرانیان، کە چی پێچەوانەکەی زیاتر ئاوارەو دەربەدەردەکرێن. بە هەوڵی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی هەوڵی زۆردراوە کە لە ڕێگەی یاساییەوە ئەو کێشە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەمەش مادەیەکیان لە یاسای ئێراقی نۆیدا گونجاند، لە ژێر ناوی مادەی ١٤٠. بەڵام زۆر بە تووندی کاردەکرێت بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە سەر ئەو مادەیە. هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیاش کاریگەری سەرەکیان هەیە لە هاندانی سیاسی ئێراقییەکان بۆ خنکاندنی ئەو مادەیە. ئەمەش خۆی پێناسەیەکی نەشاراوەیە بۆ بەشداری بەشێک لە دەوڵەتەکەی مالکی لە ناو ئەم هاوپەیمانییەوە.

هێرشەکانی تورکیا.
تورکیاش هەر وەک ئێران لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ئەم سەردەمەش بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر کێشەی بۆ باشوری کوردستان دروستکردوە. هاوکات لەگەڵ تۆپببارانە خەسەکەی ئێران، ئەویش وەک بەڵێندەرێک یا هاوبەشێكی پەیماننامەکە کەوتە کارو زۆر بە توندی بە فرۆکە جەنگییەکانی بەر بووە گیانی خەڵک و شاخ و دارستانەکانی کوردستان، کە مخابن لە یەکەم دەستوەشاندنیاندا ٧ کەسیان لە یەک بنەماڵەی کورد شەهیدکرد، و بە گۆێرەی چەندین سەرچاوەی جیاوازی ڕاگەیاندنیش بۆ چەندین جارە هێزە پیادەکانی تورکیا سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان بەزاندوە. بەردەوامێش هەوڵدەدا لە ژێر ناوی پشتیوانی لە چەندین هەزار تورکمەنێکی ئێراقی ئاڵۆزی لە ناوچەکانی کەرکوک و موسڵ دروستدەکات. لە حاڵێکدا لە ئیران بە ملۆێن تورکمەن دەچەوسێنەوە هەر لە رۆژنامە و میدیاکانی خۆشیان باسیان لێوە ناکات.
بێدەنگی حکومەتی ئێراق لە هەمووی سەیرتر بێدەنی مالکی وحکومەتەکەی لە ئاست ئەم جینایاتانەی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، وەک ئەوەی سەرەوە باسمکرد ئاشکرایی بەشدارییانە لەم پرۆسە دژە کوردەدا.

بێدەنگی زلهێزەکان لە ئاست ئەو سنور بەزاندنانەی وڵاتانی دراوسێێ هەرێمی کوردستان.
لە حاڵێکدا تا ئیستاش حکومەتی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر ئەرکی پاراستنی خاکی ئێراقی بە ئەستۆیە. کە چی لە پێشچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە، هێزەکانی ئێران و تورکیا، سنوورەکان دەبەزێنن و خەڵکی لێ شەهید دەکەن و بە هەزران بنەماڵە دەربەدەر دەکەن. بە هەزاران هیکتار زەوی باخ و جەنگەڵستان دەستووتێنن. بە هەزران گیانلەبەر دەکوژن، کەچی ئەمریکا هیچ هەنگاوێک نانێت.
دیارە ئەمریکا هیچ کات پێیخۆش نیە کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان تێک بچیت، و چوون مانەوەی ئەو دەستکەوتەی هەرێم بە مانای دۆستێکی خۆیان لە بەرژەوەندی ئەوانیشدایە. واتە ئەو ناوچە کوردنشینانە ناوچەگەلێک نین وەک ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە دژایەتی بوونی ئەمریکا بکەن ناوچەکە.
بەڵام ئەوەی کە ئەمرۆ ئەمریکای والێکردوە کە بێدەنی هەڵبژاردوە. دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی وڵاتی تورکیایە لەگەڵ ئەمریکا. دیارە تورکیا لە ناوچەکە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی گرنگی خۆی هەیە و بۆیەش ئەمریکا نایهەوێ لەبەر خاتری کورد ئەو هاوپەیمانە لە خۆی زیز بکات. ناچارە لەم بەینەدا باڵانسەکە بە لاسەنگی بەلای تورکیادا بپارێزێت.

وشککردنی ئاوی ئه‌ڵوه‌ند و شۆێنه‌کانی دیکه
یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی پێوەندی ڕاستەخۆی کورد بە جیهانی دەرەوە، نەبوونی دەریای مەزنە لە ناوچەکانی کوردستان. بۆیە هەموو جۆرە پێوەندییەکی کوردستان بە جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی ئاسمانی ئەو ٤ وڵاتەوەیە.
مەبەستێکی دیکەی ئەو وڵاتانە بۆ لاوازکردنی ئابوری خەڵکی کوردستان وناچارکردن و وابەستەکردنی هەمیشەیان بە پایتەختەکانی خۆیانەوە، برینی ئەو سەرچاوە ئاوییانەیە کە لە ناوچەکانی ئەوانەوە بەرەو کوردستان دێت.

ڕاگرتنی زمانی زبر و ڕاگەیاندنی تووند بەرامبەر بە یەک
ئەوەی جێگەی داخ و نگرانییە کە لەم کاتە حەساسەدا هەر ٢ وڵاتی ئێران و تورکیا و بە پشتیوانی نهێنی مالکێش کەوتوونەتە زەربەدان لە دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حیزب و لایەنەکانی کوردستان لە باتی ئەوەی بانگێشەی یەکێتی و تەبایی ڕیزەکانی گەل بکەن، کە گۆی لە کاناڵە تەلەفزۆێنییەکانیان دەگری، بە پێچەوانەی ویستی ئەمرۆیی دەدوێن، نابینی نە لە ئاست کێشەکانی جەلەولاو سەعدیە و نە لە ئاست تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران خاوەنی هەڵویستی نەتەوەیی بن، ئەوەی لێیان دەبینین کە هەمو ئەو کارانە دەخەنە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵات، وەک ئەوەی وابێت کە ئەگەر ئەوان دەسکەوتەکانی هەرێم تێکبدەن و ئەو٢ لایەنەی دەسەڵات نەمێنن ئیدی وڵاتانی داگیرکەر واز لە کوردستان دێنن. بەڵام وەک لە سەرەوە باسمکرد و لێراش دووپاتی دەکەمەوە، ئەو هێرش و پلانانە بۆ هیچ لایەنێکی تایبەتی کوردیی نییە، بگرە بۆ تێکدانی دەسکەوتەکانی گشتی کوردستانە. من پێموایە لەم کاتە ناسکانەدا پێویستە ڕاگەیاندن ڕۆڵی سەرەکی لە پێگەیاندنی فکری یەکێتی و تەبایی و لێکنزیکبوونەوەی کورد بگەیەنێت، بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەم کاتانە سەرقاڵی یەکتر نەبن، و هەموو تواناکانیان پێکەوە یەکخەن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن لە ئاست ڕاگەیاندن و دیپلوماتیەتەوە بەرامبەر ئەم پلانە چەند دەوڵەتییە بوەستنەوە.


چارەسەریی !
گەلۆ هەموومان دەبیسین و دەبینین کە چی بە سەر خەڵک و گەلەکەماندا دێت، بەڵام لە ئاست ئەم رووداوانە ئەو هەنگاوەی پێویستە بنریت واتە گردبوونەوەیەکی زۆر بە پەلەیەو کەسیش خۆی لێ بە خاوەن ناکات. یەکێتی و برایەتییەکی بە هێزە لە نێۆ گەلی کورددا.
وەک هەنگاونانی بە پەلە بۆ کۆبوونەوەی گشت هێزە سیاسییەکانی کوردستانی مەزن، کەسایەتیەکان، پسپۆرانی بوارە جیاوازییەکان، مامۆستایانی ئایینی. کە هەموو لە دەوری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە بەشی ڕزگارکراوی باشوری کوردستان، دەتوانێ ئاسانکارییەک بێت بۆ دۆزینەوە چارەسەرییەکان. دەتوانێ پزشکێک بێت بۆ ئەو نەخۆشییەی کە پێێ دەگوترێت ( کورد یەکگرتوو نین ) و سەدان ساڵە کورد بە دەستییەوە دەناڵێنێت.
هەر لەو کۆنگرەدا دەتوانرێت مەجلیسێکی گشتی کوردستانی دیاریبکات بۆ بریاردان لە ئاست هەر جۆرە پلانێکی بەو شێوە بۆ سەر گەلی کورد. کە ئەو مەجلیسە بتوانێ بە شێوەیەکی زانستییانە و یەکدانگانەی گەلی کورد، نۆێنەرایەتی کوردی بۆ ئەم شێوە پلانانە بکات و ئاڵۆزی وڵاتانی نەیاریش بەرامبەر بە کوردستان کەمکاتەوە.
گەلۆ: ئەم نەخۆشییە تا کۆنتر بێت ئازارو ژانەکانی زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە لە پاش ئەو هەموو ساڵە ناکۆکییە و لە پاش ئەو هەموو ڕووداوە مێژوویانەی کە زیانیان بە کورد گەیاندوە، هەموو لایەکمان بە ڕۆحێکی نەتەوەییەوە بۆ ئەم چارەسەرییە هەنگاو هەڵگرین و دڵسۆزانە بۆی بێینە پێشەوە.
بە هیوای ئەوەی کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ئەرکە گرنگە زووتر دەستبەکاربێت، و گشت لایەنەکانی کوردستانیش بە ڕۆحیەتێکی کوردانەوە هاوکاریی بکەن و بەشداری تێدا بکەن.
Top