كوردستانی عیراق لەنێوان باشووری سۆدان و دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینیدا

كوردستانی عیراق لەنێوان باشووری سۆدان و دەوڵەتی داهاتووی فەلەستینیدا
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین؛ یەكێكە لە دیارترین ناوچە تەنگژاوییەكانی جیهان، هەروەها لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە مەترسیدارترینیانە، ئەوەش بەهۆی پێگە ستراتیژییە پڕ بایەخەكەیەوە، چونكە ئەم ناوچەیە كۆمەڵێك دەوڵەتی تازە دامەزراو لە خۆ دەگرێت و، تا ئێستاش سنووری سیاسییانەی ئەو دەوڵەتانە دواشێوازی كۆتایی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەو سامانە سروشتی و مرۆییەی كە پڕبایەخە لەو ناوچەیەدا بۆ جیهان، بە بەڵگەی ئەوەی بۆ ماوەیەكی مێژوویی دوورو درێژ مەیدانێكی ململانێ بووە لە نێوان دەوڵەتانی زلهێزی دنیادا.
وڵاتانی هاوپەیمان دوا بە دوای یەكەمین جەنگی جیهانی، ئەو دەوڵەتانەیان دابەشكردەوە كە لە ژێر قەڵمڕەوی عوسمانییدا بوون، عیراق و ئەردەن و فەلەستین پشكی بەریتانیای مەزن بوون، سوریا و لوبنان بەشە پشكی فەڕەنسییەكان بووە، بەڵام نیشتمانی كورد بەسەرچەندین دەوڵەتی ناوچەكەوە تەخشان و پەخشان كرا..
بەو شێوەیە زەمەن لە چارەنووسی گەلی كوردی نووسی كە خاك و ئاوو نیشتمانی پەرت پەرت بكرێت، هاوشێوەی گەلی فەلەستین ئەم موعاناتی پەرتەوازەبوون و دەربەدەربوونەی چێشت، ئەوەش كە دوای ئەوەی لە ساڵی 1948 دەوڵەتی ئیسرائیلی دامەزرێنرا بێ ئەوەی لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هاوسۆزییەكی وا بدۆزرێتەوە كە لەگەڵ قەبارەی كارەساتەكە بگونجێت، بەم شێوەیە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو كاروانی هەردوو گەلی كورد و فەلەستینی گران و قورس بوون، بە قوربانی و گیانفیدایی زۆرو زەبەند تژی بوون..
زەمەن هێشتا لاپەڕەكانی خۆی قەپات نەكردووە بە تایبەت لە هەردوو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین و باشووری ئەفەریقادا كە ئێستا هەڵچوونێكی سیاسی گەرم و گوڕ بە خۆوە دەبینن، ئەو جەماوەرە پێشڕەوێتی دەكات كە لە ڕژێمە تۆتالیتاریی و دەسەڵاتە تاك حزبییەكان بێزاربوون و ڕاپەڕیون، بۆیە داوای ڕەوای خەڵكی لە مافی بڕیاردانی چارەنووسدایە، دیارترین ئاماژەش بۆ ئەم حاڵەتە دەركەوتنی دەوڵەتی نوێ و سیستمی سیاسییانەی ئەلتەرناتیڤە لە ماوەی تەنیا ئەمساڵدا..
لە باكووری ئەفریقیا گەلی باشووری سۆدان توانییان كورسییەك لە ناو كورسییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، لە بیابانی خۆرئاواش (باشووری مەغریب) گەلی پۆلیزاریۆ لە هەوڵی بەردەوامدان و دیوارەكانی نیۆیۆرك دەكوتن تا بگەنە داڵانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤینیش فەلەستینیەكان كاروباری خۆیان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێك یەكلایی كردۆتەوە تا لەم مانگەوە واتە ئەیلول هاوكات لەگەڵ بەستنی خولی تازەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە ئەم مافەیان ڕابگەیەنن، هاوشێوە گەلی كوردیش لە عیراقدا لە هەوڵدان تا ئامانجە نەتەوەییە ڕەواكانیان بهێننە دی، لەوانەش دیاریكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆیانە..
بێگومان ئەو ددانپیانانە فراوان و زۆرەی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە دەوڵەتی فەلەستینی دەنرێت و ئەو ڕۆڵەی نوێنەرانی گەلی فەلەستینی لەسەر زەمینی واقیع دەیگێڕن هەمووی لە ئاكامی قوربانیدان و خۆڕاگری و ئارامگرتنی بەردەوامی ئەو گەلەوە بووە، ساڵی 1974 كاتێك خوالێخۆشبوو یاسر عەرەفات لە دەرگای نەتەوە یەكگرتووەكانی دەدا، ئەم لە دەرگادانە بۆ مێژووی دەركەوتنی ئەو دەوڵەتە خاڵێكی وەرچەرخان بووە، چونكە توانی بە سیفەتی چاودێر كورسییەك وەدەست بهێنێت، لەو مێژووەوە گەلی فەلەستینی بە بێ ڕاوەستان خشت لە دوای خشت دەخاتە سەر یەكتر تا دامودەزگای دەوڵەتی ئامادەبكات، تا ئەو ئاستەی كە توانراوە بەسەرپەرشتی نێو دەوڵەتیی و لە چوارچێوەی ڕێكەوتنەكانی مەدرید و ئۆسلۆ ببێتە نەیارێكی هاوبەرابەر بۆ ئیسرائیل، بە تایبەتیش لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە..
وێڕای ئەو فشارو پەستانە زۆرەی دەكرایە سەر گەلی فەلەستینی، چ لە دراوسێ و هاوڕێ و هاوسۆزەكانیەوە!، چ بەهۆی ئەو موعاناتانەوە كەلەلایەن دوژمنانیەوە دوچاری دەبوونەوە، بەڵام هەر كاروانی ئەم گەلە نەپچڕاوە، دوایەمین ئاماژەش بەردەوامیی خەباتی بوو بە هەموو ئاڕاستەكانیەوە بەرەو دامەزراندنی كیان و راگەیاندنی دەوڵەتەكەیان..ئەویش دەركەوتنی ناوی فەلەستینە لە چوارچێوەی تیپەكانی مۆندیالی 2014 كە لە بەرازیل سازدەكرێت..
كاروانی ئەم گەلە بەردەوامەو هەروەها گیان بەخشینیشی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، ئەوەش لە هەڵوێستی یاسر عەرەفاتی سەركردەی فەلەستینیدا رەنگی دایەوە كاتێك لە ساڵی 1997 وەڵامی هۆشدارییەكانی ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە بە ڕاگەیاندنی یەكلایەنەی دەوڵەتی فەلەستینی كاتێك پێی وت ((ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینی بڕیارێكی فەلەستینی و عارەبی و نێودەوڵەتییە نەك بڕیارێكی ئیسرائیلی)).
پێویستە لەسەر هەرێمی كوردستانی عیراق كە تا ئێستاش كاروانی خەبات رانەوەستاوەو بەردەوامە؛ سوود لە هەردوو ئەزموونی باشووری سۆدان و گەلی فەلەستینی وەربگرن، باشوورییەكانی سۆدان بۆ دواجار بە دامەزراندنی دەوڵەت و ددانپیانانی ئەو دەوڵەتە لە لایەن سۆدانەوە ئاواتیان هاتە دی و گەلی فەلەستینیش بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی ڕەزامەندبوونی ئیسرائیل بكەن؛ بە نیازن لە ناو هۆڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دامەزرانی دەوڵەتەكەی فەلەستین ڕابگەیەنن، لە نێوان ئەم دوو ئەزموونەدا جووڵانەوەیەكی سیاسییانەی فراوانی گەلی كورد هەیە بۆ وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەییەكەی.
Top