رێگایەكی دوور و درێژ لەبەردەم یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتە باڵاكان

رێگایەكی دوور و درێژ لەبەردەم یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتە باڵاكان
خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتە باڵاكان لەئەنجومەنی نوێنەران لە 11ی ئەم مانگە، نیشانیدا كەهێشتا لایەنەكان دیدی جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی، دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران سێ بۆچوونی لێ كەوتەوە. یەكەمیان دامەزراندنی ئەنجومەنەكە بەپێویست دەزانێ و پێیوایە بەبێ دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە، دەربازكردنی پرۆسەی سیاسی لەو قەیرانەی تێی كەوتووە نایەتە دی. بۆچونی دووەم وای بۆ دەچێ كەئەم ئەنجومەنە زیادەو پێویست بەدامەزراندنی ناكاو پڕۆژە یاساكەش كەموكوڕیی زۆر تێدایە. بۆچوونی سێیەم، هەردوو بۆچوونی پێشوو كۆ دەكاتەوەو پشتگیریی دامەزراندنی ئەنجومەنەكە دەكاو بەپێویستی دەزانێ، بەڵام لەهەمان كاتدا دان بەوەدا دەنێ كەپڕۆژەكە هەندێ كەموكوڕیی تێدایە كەپێویستی بەچارەسەر كردنە.

گەورەترین بەرهەڵستكاری ئەنجومەنەكە، لیستی دەوڵەتی یاسایە، بەڵام لەبەر ئەوەی لیستی دەوڵەتی یاسا لەڕێككەوتنی هەولێر رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی نیشان داوە، شێوەی بەرهەڵستكاری كردنەكە راشكاو و راستەوخۆ نییە. مالیكی لەچاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریە نیوز وای دەربڕی كەئەم ئەنجومەنە هیچ رۆڵێكی لەچارەسەركردنی گرفتەكانی پرۆسەی سیاسیدا نییەو وەك زیادە وایە، جگە لەوەی كەئەگەر داشبمەزرێ، دەبێ ئەركێكی راوێژكارانەی هەبێ. بەم پێیە، ئەوەی مالیكی دەیەوێ، ئەنجومەنێكی بێ دەسەڵاتە. جەمال گەیلانی، پەرلەمانتار لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا، روونتر بۆچوونەكە دەردەبڕێ و دەڵێ ((لیستی دەوڵەتی یاسا هەر لەبنەڕەتدا پشتگیریی ئەم یاسایەی نەكردووە، تەنانەت لەكۆبوونەوەی سەرانی فراكسیۆنە سیاسییەكانیش لەماڵی سەرۆك تاڵەبانی پشتگیریی نەكردووە. لەو كۆبوونەوەیە تەنیا لەسەر ئەوە رێككەوتین كەمەسەلەكە بەئەنجومەنی نوێنەران بسپێردرێ)).
پرۆژەی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتە باڵاكان سێ دەقی هەیە. یەكێكیان لیستی عیراقیە خۆی دایناوەو تێیدا زۆرترین دەسەڵاتی بەئەنجومەنەكە داوە. دەقەكەی تر زۆربەی دەسەڵاتەكانی لێ داماڵیوەو ئەنجومەنەكەی وەك ئەنجومەنێكی راوێژكار هێشتۆتەوە، بەڵام ئەو دەقەی كەسەرۆك تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووە، ئەو دەقەیە كە دكتۆر رۆژ نوری شاوەیش جێگری سەرەك وەزیران بۆی ناردووەو لایەنەكان پێكەوە دایانڕشتووە. ئەم دەقە بە بەراورد لەگەڵ دوو دەقەكەی تر، مامناوەنجیترەو هەوڵی داوە بۆچوونە دژەكان لێك نزیك بكاتەوە، بەڵام تەنانەت ئەم دەقەش كەموكوڕیی تێدایەو تێبینییەكی زۆر لەسەر ئەوە هەیە كەبەشێكی گرنگی ماددەكانی لەگەڵ دەستوور و یاساكاندا وێك نایەنەوە.
بەرهەڵستكارانی پڕۆژەكە بۆ چڕكردنی هێرشەكانیان بۆ سەر پڕۆژەكە، زۆر جەخت دەكەنە سەر ئەو ماددانەی كەپێیانوایە لەگەڵ دەستوور و یاساكاندا وێك نایەنەوە. پەرلەمانتار عەبدولئیلاه نائلی دەڵێ ماددە پێشنیاركراوەكان دەست لەكاروباری هەر سێ دەسەڵات دەدەن. پەرلەمانتار عەباس بەیاتی پێیوایە ئەنجومەنی پێشنیاركراو دامودەزگا دەستوورییەكان لاواز دەكاو خۆی لەقەرەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەدا. بەمجۆرە، دەردەكەوێ كەبەشێكی زۆری شیعەكان دەترسن ئەنجومەنەكە ببێتە مایەی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرەك وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران.
لەگەڵ ئەوەشدا میانڕەوەكان، تەنانەت لەناو شیعەكانیش، رۆڵێكی كارایان لەهێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكان هەیەو لەم رووەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كەئەم ئەنجومەنە تەنیا بۆ یەك خولەو زۆرتر بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ فریاكەوتنی پرۆسەی سیاسی هانای بۆ دەبرێ. ئەوانە نایشارنەوە كەئامانجی سەرەكیی پێكهێنانی ئەنجومەنەكە، رازی كردنی سوننەكانە. بەڵام لەم روەوە ئەوە بەپاساو دێننەوە كەبەبێ رازیكردنی سوننە، پرۆسەی سیاسی بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە ناچێ.
بۆ كورد، لەم هەلومەرجەی ئێستادا، رەنگە پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنە شتێكی سوودبەخش بێ، چونكە دەشێ ببێ بەمایەی دابین كردنی میكانیزمێكی تر بۆ كەم كردنەوەی تاكڕەوی لەبڕیاردانداو زیادكردنی هەلی بەشداربوونی هەموو لایەنەكان لەداڕشتنی سیاسەتە باڵاكاندا.
بەڵام هێشتا زۆر خاڵ دەربارەی ئەم ئەنجومەنە بەتەمومژی ماوەتەوە لەوانە دەسەڵاتەكانی، میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكەكەی، شێوەی پێكهێنانی، ئاستی نوێنەرایەتی كردن تێیداو میكانیزمی دەنگدان لەسەر بڕیارەكانی. جگە لەوەی كە لەم دواییەدا هەندێ كێشەی تریش هاتە ئاراوە، لەوانە ئەو پێشنیارەی كەپارێزگاری بەغدا سەڵاح عەبدولڕەزاق پێشكەشی كردووەو داوای كردووە پارێزگاكانیش نوێنەریان لەئەنجومەنەكەدا هەبێ.
شیعەكان، زۆرتر بەهەوڵ و كۆششی ئیبراهیم جەعفەری و عەممار حەكیم، نەرمییەكی باشیان لەم رووەوە نواند. پاش سێ رۆژ لەخوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەی یاساكە، هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان لەبەیاننامەیەكدا رەزامەندیی لەسەر دەركردنی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتە باڵاكان دەربڕی بەو مەرجەی كەماددەكانی دژی دەستوور نەبن. ئەمەش یەكەم هەنگاوی كارایە بەرەو كۆتایی هاتنی ئەم مەسەلەیە. پاش جەژنیش نیاز وایە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساكە بكرێ.
Top