گرێ كوێرەی سوریا

گرێ كوێرەی سوریا
نزیكەی شەش مانگە، بەشار ئەسەد بەهۆی ئەنجامدانی كوشت و كوشتارەوە لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتەكەیدایە لە سوریا، ئەمە هەمان ڕەفتاری سەركردە هاوشێوە لیبیاكەیەتی، موعەممەر قەزافی، كە كەسێكی ستەمكار و دڵرەقە و دووچاری شەڕو ناكۆكی بۆتەوە. دەبێت چەند كەسی دیكە بكوژرێن پێش ئەوەی ئەم دوو ستەمكارە بڕووخێنرێن؟ ئەمە قسەی سەركردەی ناسراوی ئینگلیز «ئولیڤەر كرۆمویڵ»مان بیردەخاتەوە كە بە لوتبەرزییەوە لە بەردەم پەرلەمانداو لەسەردەمی شەڕی ناوخۆیی نێوان ئینگلیزەكان لە ساڵانی چلەكانی سەدەی حەڤدەدا كردی. «ئێوە بۆ ماوەیەكی زۆر لێرە دانیشتوون بێ ئەوەی هیچ كارێكی باش ئەنجام بدەن، من پێتان دەڵێم بڕۆن، با ڕزگارمان بێت لە ئێوە، بۆ خاتری خوا بڕۆن!»
بە دڵنیاییەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەتوانێت لە ڕێی بەكارهێنانی هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەكانیەوە بۆ ڕێكخستن و چەكداركردنی موعارەزەی سوری و خوڵقاندنی زۆرترین گرفت و سەرئێشە بۆ ئەسەد، ئەسەد ناچار بكات لە دەسەڵات دووربكەوێتەوە. ڕۆژگاری ئەمەریكا بە كوێ دەگەیشت ئەگەر فەڕەنسیەكان هاوكاری شۆرشی ئەمەریكیان نەكردایە؟ تەنانەت نموونەیەكی نزیكتر هەیە لەم ڕووەوە، پێدەچێت توركیا ئامادەبێت پشت لە ئەسەد بكات و تەنانەت نزیك بۆوە لەوەی هەڕەشەی دەستێوەردان بكات بۆ لادانی لە دەسەڵات. لەگەڵ ئەوەشدا، مەسەلەكان ئەوەندە سادە نین وەك ئەوەی دەردەكەون، بە تایبەتی بۆ كورد!

پێش ئەوەی سەددام حوسێن بڕووخێنرێت و لە ساڵانی هەشتاكاندا، حافز ئەسەد، بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەندامانی موعارەزەی عێراق داڵدەدا، لە نێویاندا گرووپە كوردییەكان.
هەروەها لە ساڵی 1979-1998 سوریا پەناگەیەكی ئارامی بۆ پەكەكە دابین كرد.
بێ ئەم هاوكارییە ڕەنگە هەرگیز بێداربوونەوە و هۆشیاربوونەوەی كوردەكانی توركیا ڕووی نەدایە. ڕەنگە بتوانرێت هەمان شت لەبارەی كوردەكانی عێراقیشەوە بووترێت، بەڵام بە ڕاددەیەكی كەمتر. بە هەمان شێوە، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق نوری مالیكی چەندین ساڵی مەنفای لەسوریا بەسەربرد. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە سەركردە كوردەكان ئەوەندە بەلایانەوە زەحمەتە بە تەواوی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەسەدا كۆتای پێبهێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەم كارە بكەن و ئەگەر ئەسەدیش بڕووخێت، ئەمە بە زەرورەت نابێتە زامنی بەدیهێنانی دیموكراسی لە سوریادا. ڕەنگە زۆر بە ئاسانی ڕژێمێكی دیكەی سەركوتكار جێی حكومەتەكەی ئەسەد بگرێتەوە. لە كۆتاییدا، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ناتۆ نەیانتوانیبێت كەسێكی لاوازتری وەك قەزافی لە لیبیا بڕووخێنن دوای ئەوەی بۆ نزیكەی شەش مانگە لە هەوڵدان، ئەوا دەبێت بیر لەوە بكەینەوە ئایا دەكرێت ئەسەد كە بەهێزترە لە دەسەڵات دووربخرێتەوە؟ لە ڕاستیدا هێنانەدی ئەم ئامانجە زیاتر پێویستی بە خەباتی ناوخۆییە بەچەشنی ئەوەی لە میسردا ڕوویدا كاتێك لە 11ی شوباتدا بارگەیان بە حوسنی موبارەك پێچایەوە. تونسیش، كە شوێنی لەدایك بوونی بەهاری عەرەبە، هەمان ڕێگەی گرتەبەر.
ئەوەی پێوەندی بە قەزافی لە لیبیاوە هەبێت، زۆربەی كورد ئەو ڕاستییە دەزانن ئەو تاكە سەركردەی عەرەبە بە بەردەوامی داوای پێدانی مافی بڕیاردانی چارەنووس و تەنانەت سەربەخۆییشی بۆ كورد كردووە. هیچ سەركردەیەكی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم دڵسۆزییەوە داكۆكی لە مافی كوردەكان نەكردووە. لەم ڕوانگەیەوە قورسە لەم ساتەوەختەدا كوردەكان دژی قەزافی بوەستنەوە كە دووچاری گیروگرفت بۆتەوە.
سیاسەت ئاڵۆزە. بەهاری عەرەب بەشێوەیەكی گشتی و ڕووداوەكانی سوریا و لیبیا نمونەگەلێكی تایبەتن. هەرچۆنێك بێت، نووسەری ئەم دێڕانە باوەڕی وایە ڕەوتی ڕووداوەكان سنوورێكی ئەوەندە دووریان بڕیوە كە ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو. ڕۆژەكانی ئەسەدو قەزافی دیاری كراون. بەلەبەرچاوگرتنی نزیكیی سوریا لە هەرێمی كوردستانەوە، دەبێت كوردەكان پلانیان هەبێت بۆ جیهانی دوای ئەسەد.
Top