قەت گەلی كورد خواپەرستی و رۆژ و گرتنی بەمەبەستی سیاسی نەكردووە

قەت گەلی كورد خواپەرستی و رۆژ و گرتنی بەمەبەستی سیاسی نەكردووە
مانگی رەمەزانی پیرۆز یەكێكە لەو مانگانەی كە كۆمەڵێك شت لە ناوخۆی لە یەكتر كۆدەكاتەوە، مانگێكە خواپەرستی و رێزێكی تایبەتی تێدا ئەنجام دەدرێت و پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان لە نێوان خەڵكدا باشتر و زیاتر دەبێت و هاووڵاتیان زیاتر بەخشین و هاوكاری و یارمەتی یەكتر دەدەن و لەم مانگەدا مرۆڤ دەروونی خۆی بەرامبەر بەخودای پەروەردەگار پاك دەكاتەوە، بۆیە مانگی رەمەزانی پیرۆز یەكێكە لەو مانگانەی كە تایبەتمەندی خۆی لە مێژووی ئیسلامدا هەیە و ئێمە وەكو كورد لە دێر زەمانەوە تا ئەمڕۆ رێزێكی زۆری ئەم مانگەمان گرتووە،لە كاتێكدا ئەگەر خەڵك بەرۆژیش نەبووبێت وایكردووە پێیوەدیار نەبێت كە بە ڕۆژو نییە، لەم مانگەداخەڵك زۆر بەباشی و چڕی و ووردی ڕووی لە مزگەوت و خواپەرستی كردووە و پێی شەرم بووە بەرۆژ و نەبێت و كەمتەرخەم بێت بەرامبەر ئایینی ئیسلام و خواپەرستی، لە كاتێكدا كورد لەبەر ناڵەی تۆپ و تەیارەكانی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان بووە هەوڵیداوە بەرۆژو بێـت، ئەگەر كۆچ ڕەوەكەی ساڵی 1991 وەكو نموونە بینینە بەرچاوی خۆمان دەبینین خەڵكی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەموو كوردستان كە بەرە و توركیا و ئێران ئاوارە بوون، بەڵام لەم كات وساتە ناخۆشە زۆربەی خەڵكە كە بەرۆژ و بوو، ئەمەش گەواهی ئەوە دەدات كە بەرۆژوبوون لای كورد نەریتێك نییە، بەڵكو خوا پەرستیە و رێزگرتنی ئەو مانگە پیرۆزەیە، هەروەها برا پێشمەرگەكانمان لە چیا لە كاتێكدا كە دووچاری شەڕێك بووینەوە لەگەڵ دوژمنانی كوردستان ئەگەر مانگی رەمەزان بووایە ئەوە زۆربەیان بەرۆژو دەبوون، لە كاتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن كە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی ئابووری هەبووە و نەمانزانیووە كە پێشمەرگە و خەڵكەكە پێشێل مانگی رەمەزانی كردبێت، كەواتە گەلی كورد لە كاتی هەبوونی و نەبوون، دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتی كاریگەری سلبی نەبووە لە سەر بەرۆژ وبوون، قەت گەلی كورد خواپەرستی و رۆژ و گرتنی بەمەبەستی سیاسی نەكردووە، بەڵكو رۆژوگرتن و خواپەرستییەكەی بەشێكە لە بیرو باوەڕی نەتەوەی، هەروەها لە كوردستان بە گشتی مانگی رمەزان تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام لە هەولێر تایبەتمەندیەكە زیاترە، ئەگەر بێتو تەماشا بكەیت دانیشتووانی شاری هەولێر وەكو جەژنێك و سەردەمانێك و كاتێكی گرنگ و خۆش سەیری مانگی رمەزانی پیرۆز دەكەن و ڕێز وحورمەتێكی زۆر لە مانگی رمەزان دەنێن، بۆ نموونە زیندووكردنەوەی شەوەكانی لیلەت و قەدر دەبینین بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی شاری هەولێر تا بەیانی ناخەون و ماڵی دووەمیان مزگەوتە، كە زیاتر لە(300) مەزگەوتی گەورە لە ناو شاری هەولێر هەیە پڕ دەبێت لە خەڵك و خەریكی خواپەرستیین، بۆیە دەتوانم بڵێم لە كەم شاری عەرەبی و توركی و فارسی و ئیسلامی تر وەكو شاری هەولێر خواپەرستی و رۆژ و مەراسیمەكانی ئایینی ئیسلام زیندوو دەكەونەوە و بەڕێز و پیرۆزیەوە تەماشای دەكەن، هەروەها لە مانگی رەمەزان لە ناو شاری هەولێر لەلایەن كۆمەڵێك خەڵك هاوكاری و یارمەتی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەدرێت، جگە لە هاوكاری دارایی خەڵكی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشت و سەردانی ماڵە هەژار و نەخۆشەكان دەكەن، هەروەها لە زەكات و سەرفترە زۆر دەست كراوەن بۆ هەژار و كەمدەرامەتان بەتایبەتی چەند رۆژێكی پێش جەژن بۆ ئەوەی خێزانە هەژارەكانیش بتوانن لە رۆژی جەژن دلشاد و بەختەوەربن و منداڵەكانیان هەست بە ئاسوودەی بكەن، ئەمە نەریتێكی باشیە كە خەڵكی شاری هەولێر فێربووینە كە ئاوەڕ لە خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەدەنەوە، بەڵام ئومێد دەخوازم خەڵك فێر لەم خێرخوازانە نەكەن و ئەو خەڵكە دەوڵەمەندە خۆی دەتوانێ لە دەرگای ماڵە هەژارەكان بدات و یارمەتییەكەی پێ بدات یا لە ڕێگای دەزگایەكی ئایینی ئەم یارمەتییە بە خەڵكە هەژارەكە بگەیەنێت یا لە ڕێگای مامۆستایانی ئایینی گەڕەكەكانەوە دەكرێن بەتایبەتی مەسەلەی زەكات و سەر فترە، چونكە ئەم دوولایەنە بەشێكە لە خواپەرستی،بۆیە پێویستە بەدەستێكی ئەمین بگاتە لای خەڵكە هەژار و كەمدەرامەتەكە.

هەروەها شەوانی هەولێر بە زیندووكردنەوەی چەند یاریەكی كلتووری و فولكلۆری بەڕێوەدەچێت و ئەمەش زیندووكردنەوەی دابونەریت و كلتووری خەڵك و شارەكەیە و پاراستنی كلتورەكەیانە، ئەو یاری و كارانەش پشوودانێكە بۆ ئەو كەسانەی كە بەرۆژوبووینە و ماندوو بووینە، هاوكات رۆڵی مامۆستایانی ئایینی شاری هەولێرمان لە بیر نەچێت كە لە مانگی رەمەزاندا رۆڵێكی بەرچاویان هەیە و شەونخونی دەكەن و لە بەیانیەوە تا درەنگانی شەوە لە مزگەوتەكانی خۆیان لەگەڵ خەڵك دەمێنەوە و شەو نوێژ و خواپەرستی دەكەن، هەروەها دابونەریتێكی تر لە شاری هەولێر هەیە كە بە دەهۆل و تەپل و زكر و بانگدان ئاگاداری خەڵك دەكەنەوە كە لە خەو هەستن و پارشێو و نوێژی بەیانی بكەن، لەلایەكی تر هەوڵدراوە نەوەی نوێ یەك لە دوای یەك لە شاری هەولێر تایبەتمەندیەكەی خۆیان بپارێزن و بەزیندووی بیهێلنەوە.

هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەم بە گشتی و بە هەماهەنگی و هاوكاریان بۆ زیندووكردنەوە هەر چاڵاكیەكی ئایینی كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێت بەتایبەتی لە شاری هەولێر كە پارێزگاری هەولێر ئەوپەڕی هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەیە و هەماهەنگیان بە هەمان شێوە لەگەڵ لقی هەولێری یەكێتی زانایانی كردووە و هەوڵیشدراوە هەموو ڕێورەسم و بۆنە ئاینییەكان لە شاری هەولێر زیندوو بكرێتەوە بەتایبەتی لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا دامودەزگاكانی حكومەت زۆر هاوكارن و ڕێنمایی و داواكاری لەلایەن حكومەت و لایەنی پەیوەندار دەردەكرێت كە بێ رێزی بەرامبەر مانگی رمەزان نەكرێت و ئەوانەی بەرۆژوش نیینە خۆیان وانیشان نادات كە بەرۆژ و نییە و برا مەسیحییەكانیش وەكو ئێمە رێز لە رۆژوگرتن و مانگی رەمەزان دەگرن ئەمەش شایانی باسە و ساڵانە پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵێك ڕێنمایی بۆ مانگی رەمەزان دەركردووە تاوەكو زیاتر خەڵك رێز لەم مانگە پیرۆزە بگرێت. هەروەها ئێمە وەكوو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هەوڵمانداوە لە رێگای ڕاگەیاندنی خۆمان و مامۆستایانی ئایینی ڕێنماییەكان بۆ خەڵك روون بكرێتەوە و داواكاریشین هاووڵاتیانیش بەم ڕێنماییانە پابەندبن، هاوكات ئێمە داوا لە هەموو هاووڵاتیان و بەتایبەتی لە برا شۆفێرەكان دەكەین كە هەندێ كارو شت هەیە نەیكەن وەكو ئەمانە.

1- بەهیچ شێوەیەك لە ئێواران لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان پەلە نەكەن و لە ترافیك و شەقامەكان هێمن و لەسەر خۆبن و رێز لە پۆلیسی هاتوچۆ و یاسا بگرن، چونكە مانگی رەمەزان خۆی مانای رێز و هێمن و لەسەرخۆیە.
2- مرۆڤ بە گشتی بەتایبەتی كاسبكاران و شۆفێران لە مانگی رەمەزان بەهۆی بەرۆژ و بوون و كارەكەی زۆر ماندو و دەبێت كە ماندوو دەبێت بۆی هەیە هەڵچوونی تووش بێت،بۆیە دەبێ ئاگاداربن ئەم حاڵەتە نێتە دی، لەبەر ئەوەی مانگی رەمەزان مانگی نەرمی و ئاسوودەیە بۆ ئەوەی رۆژوەكەشی قبول بێـت دەبێ گیانی لێبوردەی هەبێت و دوور بێـت لە كێشە و چەند لە كێشەش دووربێت ئەوەندە زیاتر خواپەرستیەكەی لەلای خودای دلۆڤان وەردەگیرێت.
3- ئەركە لەسەر هەموو هاووڵاتیان ئەوەی بەرۆژوە و ئەوەی بێ رۆژوە پاكو خاوێنی شارە و كۆڵان و گەڕەكەكەی بپارێزی.
4- داواكارم لە برایانی شۆفێری تاكسیەكان كە لە مانگی رەمەزان هەوڵندە نرخی هاتوچۆ بەرزبكەنەوە.
5- داوا دەكەین لە برا دوكاندارەكان نرخی كەلوپەڵ و كاڵاكان بەرزنەكەنەوە، بەڵكو پێویستە لەم مانگەدا زیاتر خزمەتی میللەتی خۆیان بكەن و داواكاریشین لە حكومەت و لایەنی بەرپرسی بەدواداچوون لەسەر نرخ و كەلوپەڵی ماوە بەسەرچوو بكەن، چونكە ئەم مانگە مانگی بەزیی و برایەتی و پێكەوە ژیان و لێبوردەیە،.
6- داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا هەوڵدەن لەم مانگەدا ماوەیەكی باش رۆژانە كارەبا بە هاووڵاتیان بدرێت و هەماهەنگی لەگەڵ موەلیدە ئەهلییەكان بكرێت لە كاتی نەبوونی كارەبایی نیشتمانی، چونكە رەمەزانی ئەمساڵ لە وەرزی گەرمایە و هاووڵاتیان زیاتر پێویستیان بە كارەبا دەبێت .

هەروەها بۆ ئەمساڵ ئێمە لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەزارەت هەوڵمانداوە خشتەیەكی كاتی بانگەكان دابنین، ئەم خشتەیەش كارو ئیشەكی زۆری لەسەر كراوە و هەوڵمانداوە جیاوازی كاتی بانگەكانی شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیشی لەسەر دەستنیشان بكەین، چونكە كاتی بانگەكانی شاری هەولێر لەگەڵ سلێمانی یا دهۆك یا كەركووك یا گەرمیان چەند دەقیقەیەك جیاوازی هەیە، هاوكات هەوڵمانداوە هەر پارێزگایەك پابەندبێت بەو خشتەی كاتی بانگدانەی كە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەرچووە و ئەم خشتەیە لەسەر هەموو مزگەوتەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و ڕێنمایی بە مامۆستایان ئایینی و بانگدەرەكانی دەدرێت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كۆبووەوە لەگەڵ هەموو بانگدەرەكان ئەنجام دەدرێت و پێیان ڕادەگەیەنرێت كە پێویستە پابەندی ئەو خشتەی بانگدان بن، ئەگەر هاتوو پابەند نەبوون ئیجرائاتیان لەگەڵ دەكرێت، لە هەمانكاتە هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن حكومی یان حزبی بۆی نییە لە كاتێكی تر بانگبدات، جگە لەوەی كە دەبێ بەپێی ئەو خشتەیەی دەرچووە بانگ بدرێت، ئەگەر هەر دەزگایەكی ڕاگەیاندن لە دەرەوەی ئەم خشتەیە بانگی دا ئەوە وەزارەتی پەیوەندار وەكو لایەنێكی بەرپرسی ئیداری دەتوانی و مافی خۆیەتی لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنە و كەناڵە بكات. كاتی بانگەكانی ئێمە دیاریكراوە و چەندین دەقیقەمان لەگەڵ وڵاتی سعودیا جیاوازە كاتی هەندێ نوێژ هەیە لە هەولێر نزیكەی نیو كاتژمێر لەگەڵ شاری مەكە جیاوازی هەیە، بۆیە پێویستە ئێمە پابەندی ئەو خشتەی كاتی بانگدانەكان بین كە بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز دەردەچێت و راوبۆچوونی ژمارەیكی زۆری مامۆستایانی ئایینی شارەكانی كوردستان لەسەر ئەم خشتەیە وەرگیراوە، چونكە ئێمە نامانەوێت كارێك بكەین ببێتە جێگای ناڕەزایی مامۆستایانی ئایینی، لەبەر ئەوەی ئێمە وەكو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەوڵدەدەن خۆمان بە خاوەنی ئایین لە هەرێمی كوردستان بزانین و بە تەئكید دەبێ خاوەنی ئایینیش بین و كەسێك و لایەنێك ناتونێ تەنیا خۆی بە خاوەنی ئایین بزانێ، بچێت لە كاتێكی تر بانگ بدات و پابەندی خشتەی كاتی بانگدانەكان نەبێت، چونكە ئەو لایەنە تایبەتە بۆ ئایدیۆلۆژیایەكی تایبەتی خۆی و بۆچوونی خۆی كار دەكات.

بۆیە تەنیا وەزارەتی پەیوەندار وەكو لایەنی ئیداری و یەكێتی زانایانی ئایینی وەكو دەزگایەكی پیشەیی بەیەكەوە دەتوانن دەستنیشانی كاتی بانگدانەكان دیاری بكەن.


*سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
Top