كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان.. پردێك لە نێوان واشنتۆن و هەولێر
July 24, 2011
وتار و بیروڕا
لە كۆتایی و ئەنجامدا، هەفتەی ڕابردوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كونسوڵخانەیەكی لە هەولێر كردەوە. هەروەها پێش چەند ڕۆژێكی كەم كونسوڵخانەیەكی دیكەی لە بەسرە كردەوە. بۆچی ئەو ماوە زۆرەی پێچوو تاوەكو ئەمەریكا ئەم كونسوڵخانەیە بكاتەوە و ئایا ئاكامەكانی كردنەوەی كونسوڵخانە چین؟
پێدەچێت وەڵامدانەوەی پرسیاری یەكەم تا ڕاددەیەكی باش لە وەڵامدانەوەی پرسیاری دووەم ئاسانتر بێت. پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەو كونسوڵخانەیەی نەكردەوە، لەبەر ئەوەی پێویستی پێی نەبوو. نووسینگەكانی تيمی ئاوەدانكردنەوەو سەنتەرەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها لەناوچەكانی دیكەی عێراق، دەرفەت و پێگەی ئەوەی بۆ دروستكردبوون تاوەكو لەگەڵ گرووپە جیاوازەكانی عێراقدا پێوەندی گرێبدەن و پەرە بە كارەكانیان بدەن. كەواتە لە كاتێكدا ماوەیەك پێش ئێستا، ئێرانییەكان، ڕووسییەكان، هۆڵەندییەكان، دانیماركییەكان، ئەڵمانییەكان، بەریتانییەكان، بەرازیلیەكان، كرواتیەكان، فەرەنسیەكان، ئەردەنییەكان، میسریەكان، كوەیتیەكان، نەرویجیەكان و تەنانەت (لەكۆتاییدا) توركەكانیش بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەیان لە كوردستان دەركرد، ئەمەریكیەكان تەنیا لە حوزەیرانی 2011دا ئەم كارەیان كرد.
كونسڵخانەكان تەركیز لەسەر پێوەندییە ئابووری، كەلتوری و بارزگانییەكان دەكەنەوە و ئاسانكاری بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی پێوەندی ڕۆژانەی نێوان وڵاتی میوان و وڵاتی خۆیان و ئەو ناوچەیەی تێیدا بارەگای لێدەكەنەوە، دەكەن. ئێستا كوردستانییەكان دەتوانن ئاسانتر داواكاری بۆ بەدەستهێنانی ڤیزەی ئەمەریكی پێشكەش بكەن و ئاسانتر دەتوانن پێوەندی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پتەوبكەن، هەروەها وەبەرهێنانی ئەمەریكی(بۆ هەرێمەكەیان)كێشبكەن و بەشێوەیەكی گشتی پێوەندی لەگەڵ ئەمەریكیەكاندا گرێبدەن.
ئەوان چیتر پێویستیان بەوە نەماوە بۆ ئەو شتانە سەفەری بەغدا بكەن.
لە هەمان كاتدا كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكی بایەخی سیاسیشی هەیە. لەسەر ئاستێكی بنچینەیی، بوونی پێوەندی كونسوڵگەرایی ئاماژەیە بەوەی هەرێمەكە و وڵاتی خاوەن كونسوڵخانەكە لە هەردوو سەرەوە ئیعتیراف بە یەكتری دەكەن. زۆرجار ئیعتیرافنەكردنیش ڕوودەدات- لێرەدا دەتوانین تەنیا ئەو ڕاستیە بیربخەینەوە كە هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا باڵیۆزخانە یان كونسوڵخانەی لەوڵاتێكی وەك ئێراندا نییە. هەروەها كردنەوەی كونسوڵخانەكە بەرجەستەبوونی ئەو زنجیرە پێوەندییە ئاڵوگۆڕەیە كە ڕوودەدات و بریتیە لە گۆڕانی بوون و ئامادەیی سەربازی ئەمەریكی لە عێراقدا بۆ دروستكردن و گرێدانی پێوەندی لەگەڵ وڵاتەكەدا لەسەر بناغەی مەدەنی. لەكاتێكدا كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، ئەوا ئەم بوونە سەربازییە دەگۆڕن بۆ گرێدانی پێوەندی لە ڕێی دیبلۆماتییەوە، یان لە ڕێی بەڵێندەر و بەرپرسە مەدەنییەكانی دیكەی ئەمەریكیەوە. لە هەمووشی گرنگتر، ئەم ئاڵوگۆڕە ئاماژەیە بە بایەخ و بەشداربوونی ئەمەریكا لە ئایندەی عێراقدا. لەبری» پێچانەوەی بارەگا و بنكە و گەڕانەوە بۆ وڵات» بە چەشنی ئەوەی لە ئەفغانستاندا كردیان دوای كشانەوەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەت لە كۆتایی هەشتاكاندا.
ئەمەش هەواڵێكی خۆشە بۆ كوردەكان، كە لەگەڵ واشنتۆن پەرەیان بە پێوەندییەكی باشی سەركەوتوو داوەو لە ئیلتیزامی بەردەوامی ئەمەریكا بەرامبەر وڵاتەكەیان سوود وەردەگرن. بوونی دیبلۆماتكارە ئەمەریكیەكان لە هەولێر بەشێوەیەكی سروشتی دەبێتەهۆی پەرەپێدان بە ئاشنایەتی لەگەڵ كوردستان و بایەخ و نیگەرانیەكانی كورددا، كە دەكرێت ئەمە ببێتە پارسەنگێكی گرنگ بۆ ئاشنابوونی دیبلۆماتكارە ئەمەریكیەكان بە پرس و باسەكانی بەغدا لە پایتەختدا. هێڵی پێوەندی نێوان هەولێر و واشنتۆن دەبێت ئاسانتر و ئاساییتر هەڵبسوڕێت.
ئەوە شتێكی نهێنی نییە كە كوردستانی عێراق، چەشنی زۆرێك لە ناوچە ئۆتۆنۆمیەكان، خوازیاری بەدەستهێنانی پشتیوانیە بۆ ئیعتیرافكردن بە دەوڵەتی كوردی، ئەمە ئەگەر پێویستی بە كارێكی وا بكات. سەرەڕای ئیعترافێكی سنووردار، بایەخی ڕەمزیی و بەشداربوونی گەشەكردووی كونسوڵخانەكان لە هەرێمێكدا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنن كە بە ئاسانی بگۆڕدرێن بۆ باڵیۆزخانە. ئەگەر عێراق وەك دەوڵەتێك شكست بهێنێت، ئەوا بوونی تۆڕێكی گەشەكردووی كونسوڵخانە نێودەوڵەتییەكان لە هەولێر پێگەیەكی سوودبەخش بە دەوڵەتێكی كوردی دەبەخشێت كە هەوڵی بەدەستهێنانی ئیعیترافی نێودەوڵەتی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، پێش ئەوەی خوێندنەوەیەكی زۆر بۆ گرنگی دامەزراندنی كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەین، ڕەنگە كارێكی سوودبەخش بێت بەراوردێك لە نێوان لێدوانی ئەمەریكیەكان لە بارەی كردنەوەی كۆنسوڵخانەی هەولێر بە لێدوانەكانیان لە بارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی نوێ لە بەسرە بكەین. ئەوەی پێوەندی بە كونسوڵخانەی بەسرەوە هەبێت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك جێفری دی. فێلتمان ڕایگەیاند «ئێمە بەڵێنی پشتیوانی بەردەوام بۆ خەڵكی عێراق لە دامەزراندنی وڵاتێكی خاوەن سەروەری و سەقامگیر كە پشت بەخۆی ببەستێت، دەدەین. وەك وڵاتێكی دیموكراسی دۆست، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تەقدیری ئەو تەحەددیاتانە دەكات كە دیموكراسیەتی نوێ لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەك كە هەمووان لەخۆبگرێت. بە شەراكەتكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا، ئێمە بەردەوام دەبین لەپشتیوانی بەرەوپێشچوونی عێراق بەشێوەیەك كە ڕەنگدانەوەی بەها هاوبەشەكانمان بێت لە لێبوردەیی و هەمەڕەنگی.» لە كردنەوەی كونسوڵخانەی بەسرە» باڵێوزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جێفری باسی لە ئیلتزامی هاوبەشی نێوان عێراقییەكان و ئەمەریكیەكان كرد لە پێناوی هێنانەدی ئازادی و دیموكراسیدا.» (1)
هەرچۆنێك بێت، لەهەولێر، لێدوانەكانی باڵێوز جێفری لەكردنەوەی كونسوڵخانەدا لەوێدا بریتیی بوو لە « خواستی پڕ پەرۆشی ئێمە ئەوەیە لە مێژووی كارەساتباری ناوچەكەوە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و پڕشنگدار لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتدا سەرهەڵبدات. ئامانجی ئێمە بنیاتنانی عێراقێكە بۆ تێكڕای هاووڵاتیانی....عەرەب و كورد، شیعە و سوننە، مەسیحی و موسڵمان، یەزیدی و شەبەك، عێراقێك ڕێز لە تێكڕای هاووڵاتیانی بگرێت و عێراقێك یاسا سەروەر بێت تێیدا....ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەڵێنی پشتیوانی بەردەوام بۆ عێراقێكی یەكگرتوو دیموكرات، فرەیی و فیدراڵ بە هەموو خەڵكی عێراق دەدات.»(2) پێدەچێت ئەمەریكا تەركیزی لەسەر پرسی جیاواز كردبێت لە بەسرەو هەولێردا. لە باشوور، ئەوان زیاتر نیگەرانن لە بارەی میلیشیا شیعەكان و دەستڕۆییشتوویی ئێرانەوە («وڵاتێكی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و پشت بەخۆبەستوو..) هەروەها لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە («كۆمەڵگەیەك هەمووان لەخۆبگرێت» و «بەهای هاوبەشی لێبوردەیی و هەمەڕەنگی») بە پێچەوانەوە، لەكوردستان، پێناچێت ئەمەریكیەكان بتوانن تاكە بەیاننامەیەكی ڕەسمی دەربكەن، بێ ئەوەی تەئكید لە مەسەلەی»هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵدا» و «عێراقێكی یەكگرتوو، دیموكرات، فرەیی و فیدراڵ»نەكەنەوە. بە دڵنیاییەوە ئاماژەكردن بە»دیموكرات»،»فرەیی»،»یەكگرتوو» لەبەرچاوگرتنی نیگەرانی و خەمی كوردەكانە، بەڵام هەرگیز ئەم ئاماژەكردنە بێ دووپاتكردنەوەی» عێراقێكی یەكگرتوو» تێناپەڕێت. كەواتە لەكاتێكدایە دیبلۆماتە ئەمەریكیەكان هەست بەپێویستی جەختكردنەوە لە» عێراقێكی یەكگرتوو» لە بەسرە ناكەن، ئەوا هەمیشە ئەوەیان لە یادە كە دەبێت لە كوردستان كارێكی وا بكەن.
مەبەستەكە ئاشكرایە: نابێت كوردەكانی عێراق پێشبینی پشتیوانی ئەمەریكا بكەن بۆ پرسی دەوڵەتێكی سەربەخۆ. ڕەنگە باشتر بێت ئەو ڕاستییە وەبیربهێنینەوە كەزۆرێك لە دیبلۆماتكارە ئەمریكیەكان، لە نێویاندا باڵیۆز جێفری، لە شوێنگەلێكی وەك ئەنقەردا خزمەتیان كردووە پێش ئەوەی بێن بۆ عێراق، بەو پێیە زۆر هۆشیارن و بە نیگەرانییەوە دەڕواننە پرسە هەستیارەكانی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا.
***
1 .http://iraq.usembassy.gov/press2011/openingof-usconsulategeneral.html
2. http://iraq.usembassy.gov/press2011/openingconsulategeneral.html and http://www.iraq-businessnews.com/2011/07/12/us-consulate-general-opens-in-erbil/
* پرۆفیسۆرە لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی میزۆری و مانگانە بابەتێك بۆ گوڵان دەنووسێت